"an independent online kurdish website

(حیزبی دیمۆکرات) کێڵگەی بەپیت و بەرەکەتی باوڕە شۆڕشگێڕانە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکمانە. ئەو کێڵگەیە کێڵگەیەکی بەراوی بەپیت و بەرەکەتە و ئەکرێ توۆ و ناووکی زۆر ئامانجی باڵا و بەنرخ لە سینگیدا بچێنرێ و بە بەھا مودێڕنەکانی رۆژی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی کورد و ئاو بدرێ و پەروەردە بکرێ.


 

 لەو کێڵگەیەدا ئەکرێ ھەموو ئامانج و قازانجە باڵاکانی نەتەوە و نیشتیمانێ پەروەردە، بەخێو و ئاراستە بکرێن. ئەو حیزبە لەو چاندن و پەروەردە کردنەدا کۆڵێکی دەوڵەمەن و  پڕئەزمونی ھەیە و ئەگەر چڕببینەوە سەر ئەو وانە و ئەزمونانەی رابردووانی ئەو حیزبە، ئەبینین زۆر دەوڵەمەنین، شاییمان بەخۆ دێ و باوڕو ھیوامان وەبەر دێتەوە. دەبێ بشزانین کە ئەو کێڵگەیە بە خوێن و خۆشەویستیی ھەزاران رۆڵەی فیداکار، وەفادار بە حیزب و ئامانجەکانی نەتەوە و نیشتمانەکانی ئاو دراوە و بەئەمەگ و دڵسۆزی و نیشتیمان پەروەری پارێزراوە.

 

لەو کێڵگەیەدا ئەکرێ دەغڵ و دانی کامرانی و بەختیاریی نەتەوە و نیشتیمان بەرھەم بھێنرێ و ئەشکرێ ببێتە بێشەڵانی چەقڵ و چەقەڵ و شێخەڵێکی پڕ دڕک و داڵ و پژوپۆ و ھەرز و بژار. ئەشکرێ دەشتەجاڕی گەنم و جۆ و کێڵگەی ھیوا و ئۆمێد بێ، ئەشتوانێ ببێتە دەیمێکی بایر.

 

 ئەکرێ ببێتە نەمامگەی ئامانج و ھیواکان، ئەشتوانێ ببێتە رەوگەی قواڕوی لافاوی باران و کەنداڵی بێ ھیوا و ئۆمێدی. ئەمانە ھەر ھەمووی بە کشتیار و جوتیار و وەرزێرەکانمانەوە بەستراونەتەوە. بەڵێ ئەوانن دەستنیشانی ئەکەن چی بچێنرێ و چی بەرھەم بێ.

 

جوتیارەکان، کشتیارەکان، وەرزێرەکانمان لەو کێڵگەیە، بەرپرسیارن بەرامبەر بە نەتەوە و نیشتمانەکەمان. ئەو کێڵگەیە بە ئەمانەت دراوەتە دەستی ئەوان، بەڵام چاوی نەتەوە و نیشتیمانیان لە سەر و دەستی پەروەردە و بەرھەم ھێنانە.

 

لەو کێڵگەیەش دا وەک ھەر کێڵگەیەکی دیکەی سروشت، ئەگەر کشتیار و جوتیار و وەرزێرەکان دەروەست نەبن، کەمتەرخەم و غافڵ ببن، لە پەنا دەغڵ و دانا، دڕک و دەڵ و گیای ھەرز و گلە سەردەردێنێ و ھەندێ لەو گیا ھەرز و گلانە، وەکوو مێوڵە، وەکو مێمڵ، وەک گیای پێچەک گەشە ئەکا و ریشە بە قووڵی دائەکوتێ و رەگ لە رەگی دەخڵ و دانی ئامانج ئەپێچێنێ و قەد لە قەدیان دەئاڵێنێ ھەتا ویشکیان نەکات لێیان نابێتەوە و کە ویشکیش بوو پاش دەغڵ و دان ویشک دەبێ، توۆ دەکات و ھەڵئەوەرێ و دیسانەوە بەرفراوانتر شین دەبێتەوە و گەشە ئەکاتەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە دغڵ و دانەکەی پێشتر، پێش ئەوەی توۆ بکەن و پێبگەن، ویشک کردووە کە بە ئاسانی شین نەبێتەوە و بەم چەشنەش گیای ھەرز و بژار و دڕک و داڵ سەراسەری کێڵگەکە دائەگرێ و ئەوجا ئیدی کێڵگە دەبێتە دەیمێکی بەرەھووتی پڕ دڕکو داڵی بەتاڵ و خاڵی لە توانا بۆ گەییشتن ئامانج.

 

جا ئەمەش ھەر راست ئەوەستێتەوە سەر وەرزێر و کشتیار و جوتیاری دەروەست و زانا و شارەزا کە تا چەندە ئاگای لە کێڵگەکەیە، تا چەندە شارەزای ئەرک و کاری خۆیە، تا چەندە دڵسۆزی بنەماڵە و خێزانیەتی(نەتەوە و نیشتمان)، تا چەندە بایەخ بە داھاتووی کێڵگە و ئامانجەکانی ئەدا.

 

ناوچەگەرایی و ھەندێ دیاردەی دیکە کە نە تەنیا لە حیزبی دیمۆکراتا، بەڵکوو لە سەرجەم حیزب و رێکخراوەکانی دیکەی نیشتمانەکەمانا بە زقی خۆ ئەنوێنن و ناو دەستوپا و رێگای بەرەو ئامانج رۆیشتنیان لێ گرتووین، راست ئەو گیا ھەرز و گلانەن کە کشتیار و جوتیاری نادەروەست یان ناشارەزا یان کەمتەرخەم خۆی لێ بێخەم کردوون و ئێستا تا رادەیەکی باش گەشەیان کردووە و ھەندێکیان وەک مێوڵەو پێچەک، لە ریشە و قەدی ئامانج ئاڵاون و خەریکە ئامانجە باڵاکانمان بخنکێنن و ویشک بکەن!

 

کشتیار و جوتیارەکانمان بەرپرسن، ئەبێ وەڵامدەر بن، چونکی چاوەڕوانییان لەسەرە. ئێستا کێڵگە بە دەست ئەوانەوەیە. ئەشێ لەخۆ بپرسن ئایا کە کێڵگەکەمان وەرگرت وەک ئێستا بوو!؟ ئەبێ لەخۆ بپرسن کە بۆچی ئێستا ئاوای لێ ھاتووە؟! ئەبێ لە خۆ بپرسن چیمان بە ھەڵە کردووە، چیمان نەکردووە کە دەبوا کردبامان؟!

 

لەکورتی دا کێڵگەکەمان لەبار و بەپیت و بەرەکەتە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە رەوا نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان، بەڵام تەنیا بژار و پێڕاگەییشتنی دەوێ و ئەوەش سەرەڕای ئەوەی ئەرکی ھەرەوەزانەی ھەموومانە، ئەرکی سەرەکیی کشتیار و جوتیارە سەرەکییەکانمانە.

بەو ھیوایەی رۆژێ دابێ تەنیا دەغڵ و دانی نەتەوەیی و نیشتمانی لە کێڵگەی دیمۆکرات دا بچێنرێ و بەرھەم بھێنرێ.

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی