"an independent online kurdish website

 { ئازادی ئەمڕۆمان هیج نییە،جگە لە ئازادی تێکۆشان لە پێناوی ئازدی دا} ج. پ. سارتەر


ھەر لەگەڵ ماڵئاوایی زانا و بیرمەندی گەورە جەمال نەبەزدا، گوتەیەکی مامۆستا« ئازادی لە سەربەخۆیی بەنرخترە» بووە جێی باسێکی گەرمی میدیا و گەلێ لە دۆستان و نەیارانی مامۆستا. ھەندێک لەمانە لێکدانەوەی نادروستیان بۆ ئەم گوتەیە کرد و بۆ مەبەستی سیاسی بەکاریان ھێنا. گەلێکیش وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر بەم قسەیە کەوتنە خۆ. بەشێکی زۆریش لە خوێنەران لە مانا و دەلالەتی ئەم دروشمە و ناوەڕۆکەکەی حاڵی نەبوون، بڕەکیشیان بۆ چەواشەکاریی و دیماگۆگی پەنایان بردە بەر ئەم قسەیە.

ئەگەرچی مێژووی تێکۆشان و ھەوڵی مرۆڤ بۆ بەدەستھێنانی ئازادی زۆر  دوورودرێژە، گەلێ زانا و ھزرڤانی گەورەی جیھانی وەک ئەبرەھام لینکۆلن و ژان ژاک رۆسۆ و ئەلبرێت شڤایسەر و… هتد قسەیان لەسەر ئازادی کردووە و بەرز نرخاندوویانە. لەوەش زیاتر ھەر یەک لە ئێمە ئەم قسە بەناوبانگەی بیستووە: مرۆڤ بە ئازادی لەدایک بووە. ھەڵبەت لەم دەرفەتە تەسکەدا جێی ئەوە نابێتەوە خۆمان بە قوڵایی مێژوودا شۆڕ بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی سەرھەڵدانی بەھای « ئازادی» لای مرۆڤ. بەڵام بۆ ئەوەی دەسپێکێکی نووسراو و دیاری بکەینە وەک سەرەتایەک تا بچینە نێو باسەکەوە، ئاماژە بە شۆرشی فەرەنسی بەر لە دوو سەدە لەمەوبەر دەدەین. بە دروشمەکانی” ئازادی، یەکسانی برایەتی” بەرپا بوو.  ئەم شۆرشە و گەلێ لە بزاڤ و شۆرشەکانی تریش لەمێژووی مرۆڤایەتی دا، لە پێناوی ئازادی دا بوون،  یاخود دروشمی ئازادی کرۆک و گەوهەری داواکارییە  سەرەکییەکانی بووە. ئازادی  دوا وێستگەی حەسانەوە و ئاسوودەیی مرۆڤە. ئازادی ئەو ھەوار و مەنزڵگایەیە، کە کۆتایی بە چەوسانەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە دێنێت. ئەمە مانای بەرز و گەوهەری بەهاداری ئازادییە.  ئازادی ئەو ژینگەیە و سەکۆیەیە، مرۆڤ بێ کۆت و زنجیر دەتوانێ، گوزارشت لە ھەبوونی خۆیی و خەون و ئاواتەکانی بکات

لە باشووری کوردستانیش لەناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابووردوودا، بزاڤ و ڕێبازێکی نوێ سەری ھەڵدا،کە بە دید و تێڕوانینێکی نوێوە بۆ پرسی نەتەوەیی کورد هاتە کایەوە و لە ڕوانگەیەکی گەشەوە، بایەخی دا بە  «چەمکی ئازادی» لە چوارچێوەی مانیفێستێکی سیاسی فەلسەفی دا.  ئەم چەمک و جیهانیبینییە، سەرەتا لەچوارچێوەی قەوارەیەکی وەک کاژیک « کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد» لە ١٤/٤/١٩٥٩ ،ئازادی دروشمی سەرەکیییەتی و دواتر لە دامەزراندنی پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک دا لە ١١/٩/١٩٧٥ دا، بە دروشمی « کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان » خۆی بەرجەستە دەکات.

دروشم و ئامانجی ئازادی چ بۆ کاژیک چ بۆ پاسۆک شاکۆڵەکە و شاڕێ و شائامانجی هەرە بەرز و ستراتیژی گرنگ و پیرۆزی،  بیروباوەڕ و ڕێبازی خەبات و تێکۆشان بووە و لە ئایندەش دا هەروا دەمێنێتەوە، تاوەکو نەتەوەی کورد بە باڵاترین و پیرۆزترین مافی سروشتی خۆی لە ئازادی دا شاد دەبێت. ھاوبیرانی نەتەوەیی بەدرێژایی خەباتی ھزریی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی، تێکۆشاون بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و لە ھیچ کات و سەردەمێک دا، دەستبەرداری ئەم پرنسیپ و دروشمە ناوەندییەی  بیرکردنەوەی نەبوون و هەرگیزاو و هەرگیزیش نابن. دیارە لە ڕوانگەی هاوبیرانەوە، ئازادی بێ یەکسانی،  جگە لەوەی مەحاڵە بێتە دی، هاوکات ناتەواویشە و نابێتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ بەختەوەری مرۆڤ و ژینگەیەکی لەبار بۆ پێڕەوکردنی حەز و خواستەکانی مرۆڤ.  کەواتە بیری نەتەوایەتی ، بەچاوێکی بەنرخ و ھێژاوە لە چەمکی ” ئازادی و یەکسانی” ڕوانیوە و کردوویەتە پێڕەووپڕۆگرام و ئەگێندای ژیانی ھزریی و سیاسی و رۆشنبیریی  و دادپەروەریی خۆی  و بژێوی بەنرخ و گرنگی پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد.

ئەم کورتە پێشەکییە بۆ ئەوە بوو، وەک پاشخانێکی مێژوویی و ھزریی و سیاسی بیکەینە دەروازەیەک بۆ چوونەوە بۆ لای گووتەکەی مامۆستا نەبەز ” ئازادی لەسەربەخۆیی بەنرخترە “. جەمال نەبەز، ھاوبیرێکی ئەم قوتابخانە ھزرییە و بەم بیروباوەڕە گۆشت بووە و سەرچاوەی بیرکردنەوە و هێز و وزەی چالاکی لە دروشمی ئازادی و یەکسانییەوە وەرگرتووە.  دواتریش خۆی وەک بیرمەندێک دەستی بەکارکردن لەم کایەدا کردووە، بە ئامانجی دەوڵەمەندکردنی ئەم چەمکانە بەشدارییەکی چالاکانەی بەپێزی لەڕێی نووسینەکانییەوە کردووە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی تێگەیشتنیان.

مامۆستا نەبەز لە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و کۆنتێکسێکی ھزریی و فەلسەفی دا، دێت و دەیەوێ شیکار و شرۆڤەی زیاتر بۆ چەمکی ئازادی و یەکسانی بکات و ڕەھەندی دیکەش بەم چەمک و دروشمانە ببەخشێ و لە دروشمێکی سیاسییەوە بیگوێزێتەوە بۆ قاڵبێکی تیۆریزەکردن ھەر بۆیە دەبینین باسێکی سەربەخۆ بۆ ئازادی تەرخان دەکات و پێی وایە: ” یەکسانی لەئامی خستنەکاری، واتە کارپێکردنی تایبەتکاریی ئازادیی لە کۆمەڵ / نەتەوە دا دێتە دی.

جێ پەنجەی مامۆستا لەم بوارەدا لەوێدا دەگەشێتەوە، کاتێ دێت و دەبینێ خودی ئازادیش سنووردارە. یاخود ئازادی وەک چەمێکی ڕووت، بێ بوونی میکانیزمێکی گونجاو و کارا، نە بەهایەکی تەواو سەنگین و نە ڕۆڵێکی گەورە گرنگ دەتوانێ بگێڕێ. کاتێ ئازادی تاکێک لەلایەن ئازادی ئەوی ترەوە دیاری کراو بێت. یاخود مرۆڤ با وای دابنێین ،  مرۆڤ  تەواو ئازادە، کەچی دەسەڵاتی نییە سوود لە ئازادییەکەی وەگرێ. مامۆستا نەبەز دەڵێ : ئازادی بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو پێویستە تەواوکەرێکی ھەبێت، ئەویش مافی دەسەڵاتە. واتە ئازادی بێ بوونی مافی دەسەڵات ناتەواوە و کێماسی تێدایە. بەواتایەکی دیکە، گەر بێت و خاوەنی ئازادیش بێت، لێ مافی دەسەڵاتی بەکارھێنانی ئەو ئازادییەی نەبێت، ئەوە ئازادییەکی ناتەواو و نوقسانە. کاتێکیش کێماسی لەئازادی بوو،واتە مرۆڤ ھێشتا بە قۆناخی حەسانەوە و بەختەوەری نەگەشتووە و ئاسوودیی ژیانی زامن نەبووە. کەواتە لێرەدا مرۆڤ ناتوانێ بەتەواوی باس لە ئازادی بکات.  بۆ نموونە گریمان سبەینێ کوردستان سەربەخۆ دەبێت. ئەمە مانای ئەوە نییە تاکی کورد بەتەوای ئازادن. چونکە خەبات بۆ دادی کۆمەڵایەتی و ئازادی ڕێگا و ئەرکێکی سەخت و دوورودرێژە و زۆری ماوە پێی بگەین بەم جۆرە دەبینین لە ڕوانگەی جەمال نەبەزەوە، ھەر ئازادییەک مافی دەسەڵاتێکی لە پشتەوە نەبێت، نیوە ئازادییە. دەرئەنجام دەگەینە ئەوەی بڵێین ئازادی و یەکسانی دوو دیوی یەک مەدالیان. و مافی دەسەڵات میکانیزمی پراکتیزەکردنییانە.  قسەیەکی بەناوبانگ ھەیە دەڵێ : کێ دەستبەرداری ئازادی بێت لە پێناوی بەدەستھێنانی ئاسایش دا، ئەوە ھەردووکیانی لە کیس دەچێ. ئاسایشی کوردی لێرەدا، بە حوکمی ئەو واقیعە هەڵکەوتوو نالەبارەی وڵاتێکی کۆلۆنیالکراو و دابەشکراو پارچەپارچە بووە، پرسی سەربەخۆییە. واتە ئەو هەموو  قسەیەی  لەسەر ئازادی و یەکسانی کردوومانە، جارێ لە ڕووی تیۆریی و هیپۆتێزەوە کراوە. گەر بێت کوردستان سەربەخۆ نەبێت، ئێمە ناتوانین باس لە ئازادی بکەین، ئازادی لەسەر زەمینی داگیرکراوی و دابەشکراوی شین نابێ، بەڵکو نەمامێکە لە سایەی سەربەخۆیی دا،دێتە بوونەوە. بۆیەکا زۆر گرنگە ئەم دوو چەمکە و قۆناخەکانیان تێکەڵ نەکەین و جێگۆڕکێ بە سەردەمەکانیان نەکەین. وەک گەلێ کەس و لایەن بۆ مەرامێکی نادروستی سیاسی دەیانەوێ کەڵکی لێ وەرگرن.

 بەڵێ تا کوردستان سەربەخۆ نەبێت، هەر قسەیەک لە ئازادی بکەین، لە ڕاستی و ئامانج دوور دەکەوینە و زۆر ناواقیعی دەبین. چونکە ئەزموونە مێژوویەکان پێمان دەڵێ: لە ژێر چەپۆکی داگیرکاری دا، کورد هەرچی هەبێت و خاوەنی هەر دەسەڵات و ئازادییەکیش بێت، هی خۆی نییە و تەواو کاتییە، لەبەرئەوەی جارێ هێشتا هەڕەشە و مەترسی دوژمنانی لەسەرە. کاتێ سەرنج دەدەین لە پرۆسەی سەربەخۆیی و گرنگی و هەستیارییەکەی، وەک قۆناغێک پێش گەیشتن بە ئازادی، ئەوسا دەزانین یەکەم ئامانج و وێستگە سەربەخۆییە. بۆیەکا پێویستە خەباتی کورد تا سەربەخۆیی دابین دەبێت، هەر بۆ سەربەخۆیی بێت. پێویستە و پێویستییەکی ژیاریی و ئەقلانیشە، دروشمی سەربەخۆیی ئامانجی سەنتڕاڵی گشت پارت و کۆمەڵە و سازی و هێزی ڕۆشنبیر و جەماوەری هۆشیار بێت. لە سەربەخۆیی بەولاوە، داواکردنی هەر مافێکی دیکە بۆ کورد، ڕاست و دروست نییە. لێ ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە ئەوەیە بۆچی هەندێ کەس و لایەن بەوە خۆشحاڵن، کە چەمکی سەربەخۆیی داپاچن و تاوانەکەش بخەنە ئەستۆی جەمال نەبەز! لە کاتێکدا ئەو بەدرێژایی تەمەنی بۆ سەربەخۆیی تێکۆشاوە!!.

شایانی وەبیرهێنانەوە، پرسی سەربەخۆیی قۆناخێکی سیاسیی و ئامانجێکی کاتییە. مامۆستا نەبەزیش پێی وایە : سەربەخۆیی بەشێکە لە ئازادی،لێ ئازادی،ئازادی و سەربەخۆیشی لە خۆ گرتووە. لەم سەرەڕێیەی خەباتی سەربەخۆیی دا تێکۆشان و کارکردن بۆ گەیشتن بەئازادیش هاوشان بەڕێوە دەچێت. بەڵام  دوای سەربەخۆ بوون خەبات بۆ ئازادی ھەر درێژە دەکێشێ و  هەر بەردەوامە. چونکە کە سەربەخۆ بوویت مانای وا نییە ئازادیشی، بەڵام کە ئازاد بوویت واتە سەربەخۆیشت. ئەم خاڵە هەستیارە پێویستە وەک خۆی لێی حاڵی بین و خۆمان بە هەڵەدا نەبەین. بەڵێ دوای گەیشتنە سەربەخۆیی، کورد دەتوانێ باشتر قسە لەسەر ئازادی و مافەکانی تر بکات. لەم بارودۆخەی نەتەوەی کورددا، نابێت هیچ ئامانج و دروشم و ئایدۆلۆژی و ستراتیژێک پێش لە سەربەخۆیی بگرێت. هەر تەنیا  سەربەخۆیی، دەبێتە بەردەبازی ئازادی.  کاتێک پاسۆک دەڵێ کوردستانێکی ئازاد. واتە کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو و ئازاد. بەڵێ لەبەر ئەمەیە، بەلای مامۆستا نەبەز و گشت هاوبیرانی کوردایەتییەوە، کە مانا و ناوەڕۆک و بەھای ئازادی لە سەربەخۆیی گرنگترە، بەو پێداویستیانەی گرێ دراون بە چارەنووس و هەڵکەوتی بارودۆخی نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستانەوە. نەک پێچەوانەکەی.

پوختەی باس: ئازادی تایبەتمەندیەکی خۆڕسک و سروشتی مرۆڤە،لەگەڵ لەدایکبوونی دا ئەم تایبەتمەندێتییە دێتە مەیدانەوە. ئازادی نە کەس دەیدات و نەکەس مافی لێسەندنەوەی ئەم تایبەتکارییەی لە کەسێکی تر هەیە. ئازادیش بە تەنها بەهایەکی ڕووت و نیوەناچڵە، تەواوکەرەکەی یەکسانییە. یەکسانیش بریتییە لە پراکتیزەکردنی ئازادی، واتە خستنەکار و بەکارهێنانی ئازادی لە ڕووی پراکتیکییەوە. ئەم دوو چەمکەش بێ میکانیزمێکی کارا،شیاوی هاتنەدی و سوود لێوەرگرتنێکی تەندروست نییە، گەر بێت و مرۆڤ مافی دەسەڵاتی بەکارهێنانی ئازادی نەبێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ یاخود نەتەوەکانی پێ یەکسان بکات. یەکسانی لەدەسەڵات دا، کە دایکی هەموو یەکسانییەکانی تری نێوان مرۆڤەکانە. واتە مرۆڤەکان  مافی دەسەڵاتیان وەک یەکی لێ دێت. بەشی مرۆڤەکان لەدەسەڵات ئەوە نابێت، کەسێک  زۆر  و کەسێک کەم. ئەم نموونەیەش بەسەر نەتەوەکان دا جێبەجێ دەبێت. واتە نەتەوەکانیش دەبێت لە ئازادی و یەکسانی و مافی دەسەڵات دا هاوشێوەی یەک بن.  نابێت تورک و عەرەب و فارس دەوڵەتیان هەبێت و کورد بێ دەوڵەت بێت.  یاخود ئەوان باڵا و سەردەست بن و کورد بندەست بێت. گەرەکە لای مرۆڤی ژیر و نەتەوەی هۆشیار، هەموو وەک یەک مافی یەکسانیان هەبێت. کەواتە ئەو نەتەوانە نابێ خۆیان خاوەن دەوڵەت بن و بە ئێمە بڵێن بە مافی کولتووری و ئۆتۆنۆمی ڕازی بن. یاخود ئێمە خاوەن دەوڵەتین و ئێوە نابێ ببنە دەوڵەت. جگە لەمەش ئەوەی ژیان نیشانی دەدات، مافی دەسەڵات بۆ پراکتیزەکردنی ئازادی ،لەسەر زەمینی واقیع دا تەنها دەزگای دەوڵەتە کە بتوانێ ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنێ. بێ دەوڵەت مەحاڵە مافی دەسەڵاتت هەبێت و ئامادەگیت لە ڕووداو و پێشهاتەکان دا هەبێت و بتوانی پراکتیزەی دەسەڵاتی خۆی بکەیت. کەواتە کوردیش دەبێت وەک گەلانی جیهان بێتە خاوەنی ئۆرگانی گرنگ و هەستیاری  دەوڵەت ، بۆ ئەوەی کار بۆ ئامانجەکان بکات.

 ئالێرەدا کورد جگە لە داگیرکراویی و دابەشکراوییەکەی،هاوکات مافی ئازادی سروشتی و یەکسانی هاومانا و دەسەڵاتی وەک ئەوان نییە. بۆیەکا دەبینین کورد خەبات دەکات بۆ بەدەست هێنانی ئەم ماف و ئامانجانە. دیارە تا کوردیش بەهەمان مافی ڕەوای خۆی نەگات، وا ئەوانیش ناتوانین بە کامی دڵی خۆیان  ژیانێکی ئاسوودە و ئارام بەسەر بەرن. ئاخر دەستبەرداربوونی مافی سەربەخۆیی و ئازادی، دەکاتەوە کەمبوونەوەی هەموو مافەکان لە بەرامبەر ئەوانی دیکەدا. ئەمەش ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی بیری ئازادی و یەکسانییە لای هاوبیرانی نەتەوەیی. هەر بەم پێداویستی و ڕوانگەیەوە، هاوبیران تا سەربەخۆبوونی کورد و کوردستان، بۆ سەربەخۆیی بەشێوەیەکی سەرەکی خەبات دەکەن، دوای سەربەخۆیش تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانی هەر بەرقەرار دەبێت. کۆتایی باسەکە بە گوتەیەکی ژان ژاک ڕۆسۆ دەھێنم لەمەڕ ئازادییەوە دەڵێ:  ئازادی مرۆڤ لەوەدا نییە، ئەوەی حەزی لێیەتی دەتوانێ بیکات، بەڵکو لەوەدایە پێویست نەبێت ئەوە بکات کە نایەوێ بیکات. کەواتە لێرەشدا مافی دەسەڵات پرسێکی جەوھەری گرنگە وەک میکانیزمێک بۆ بەکارھێنانی ئازادی.

ـ سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا جەمال نەبەز و گشت ئازادیخوازانی کورد و کوردستان و جیهان.

 سەرنج: ئەم وتارە لە  2019/01/17 لە چلەی مامۆستا ج. نەبەزدا لە بەرلین خوێندراوەتەوە

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی