"an independent online kurdish website

 نزیک بە یەک سەدە لەوە پێش، پیاوێک ھەستا و لێفەتەڕەی خەوی غوفڵەتی لەسەر میلەتەکەی ھەڵدایەوە و پەردە تایکەکانی لە پێش پەنجەرە و دلاقەکان لادا و دووتایی پەنجەرەی ژوورە داخراوەکانی نەتەوە خەواڵوەکەی بە رووی جیھانا کردەوە و


تیشکە خەیاڵێکی واقێعیانەی خۆشی پێ نیشان دان کە تا ئەو دەم تەجرۆبەیان ھیچ نەکردبووە، بەڵکوو پێشیان قورس بوو خەوی پێوە ببینن.

بەڵێ، بەڕێز جەنابی سەرۆک کۆماری کوردستان (پێشەوا قازی محەممەد) لە رۆژی دووی رێبەندانا کۆماری کوردستانی بۆ نەتەوەکەی بونیات نا.

لەراستیدا ھونەرەکە لەوەدا نەبوو کە حیزبی دیمۆکراتی لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزراندبوو و بە رێبەریی ئەو حیزبە یەکەم کۆماری بەکردەوە دیمۆکراتیکی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بونیات ناوە، بەڵکوو ھونەرەکە لە کەسایەتیی بەڕێز سەرۆک کۆماری کوردستانا و سوێندە یاساییەکەی و پابەندبوونی بە ناوەرۆکی سوێندەکەی و بەڵێنەکانیەتی.

 واتە ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە ئەخلاق و بەھا ئینسانییەکان لە حیزبی دیمۆکرات و یەکەم سکرتێرەکەی واتە جەنابی پێشەوادا بڕبڕەی پشت بووە و قامەتی ئەوانی تا ئێستاش قورس و قاییم راگرتووە. تەوەری سەرەکیی سیاسەتکردن، شۆڕشگێڕی، خەباتخوازی و بەرەوپێشچوون بووە، ھەیە و دەبێ.

 بۆ نمونە دەبینین جەنابی پێشەوا ، وەک سەرۆک کۆماری کوردستان ئاوا سوێند ئەخوات:

ئەمن بە خودا، بە کەلامی عەزیمی خودا، بە نیشتمان، بە شەرافەتی ملی کورد، بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخر هەناسەی ژیانم و رژاندنی ئاخر تنوکی خوینم، بە گیان ، بە ماڵ لە رێی راگرتنی سەربەخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستاندا تێکۆشم.”

 پاش یازدە مانگیش ئەبینین کە کوردستان و کۆمارەکەی ئەکەوێتە بەر ھەرەشەیەکی قورس کە خۆلادان لێی یان سەرکەوتن بەسەریدا بە کۆمەڵێ ھۆکار کە گرینگترینیان خەیانەتی ناوخۆیی بوو نامومکێن دەبێ، بۆیە جەنابی پێشەوا وەک ناوەرۆکی سوێندەکەی، بڕیار ئەدا لە گیانبازی و فیداکاریشا ھەر پێشەوا و پێشڕەو بێ. بۆیە بەجێی ئەوەی وەک جەعفەری پیشەوەری، سەرۆک کۆماریی فیرقەی میللی دیمۆکراتی ئازەربایجانی جیرانی، سواری جیبە سەربازییەکانی سۆڤێیەت بێ و بەرەو باکو تێتەقێنێ و شارەکەی بداتە دەم سەربازانی دڕندە و گورگ سیفەتی دەوڵەتی ناوەندەوە، خۆی روبەڕوی نوێنەری دەوڵەتی رەزاخان کە فەرماندەھانی سەربازی بوون ئەوەستێ و نەتەوە و نیشتمانەکەی لە بەرپرسایەتی ئەو رووداوە سیاسییە بێبەری ئەکات و خۆی وەک پێشەوا و پێشڕەوی کۆمار و نەتەوەکەی ئەناسێنێ.

گەرچی بەڕێزیان لەم رێگایەدا گیانی خۆی کردە فیدای نەتەوە و نیشتمانەکەی، بەڵام بەو کارە وانەیەکی پێشەوایانەی بە گەلەکەی دا کە لە مێژوومانا وەک گەوھەرێکی شەوچرا، تا ھەتایە ئەدرەوشێتەوە و نەوە دوای نەوە وەک سەمبۆلی راستگۆیی و پێشەوایەتی بە رێز، ئەمەگ و شانازییەوە یادی ئەکەینەوە.

 

سڵاو لە گیانی ھەرگیز نەمری پێشەوای شەھیدی کوردستان جەنابی (قازی محەممەد) و کاروانی پێشەوایەتی و پێشڕەوایەتیی شەھیدانمان.

پیرۆزە دووی رێبەندان ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی