"an independent online kurdish website

 بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلی کورد بۆ وەدەست هێنانی مافە نەتەوایەتیەکانی، نیشاندانی بەڵگە و سەنەدی بوونی خەبات و ڕەوایی ئەو خەباتە، کێشەی سەرەکی هەموو جووڵانەوەکانی کورد بووە.


وەنەبێ کورد لەو پێناوەدا، دەستەوستان دانیشتبێ و هیچ هەوڵی نەدابێ، بەڵام توانایی دوژمنەکانی ئەو گەلە، بۆ نیشاندانی لایەنە خراپەکان یان سازکردنی درۆ و بوختان بۆ ئەو جوڵانەوانە، زۆر لە هی کورد خۆی زیاتر بووە. بە داخەوە وڵاتانی دەرەوەش زۆرتر دەوڵەتەکان و ئارشیوی ئەو بەڵگە و سەنەدانەی لە لایان کەسانی سەر بەوان دابین کراون، وەک سەرچاوەی جێگای متمانە چاو لێکردووە. ئەوەندە بەڵگەش کە کورد توانیویەتی نیشانی بدا، بەشی نەکردووە. تەنانەت بەشێک لە مێژوونووسە کوردەکان و ئەوانەی هاتووچۆی کوردستانیان کردووە، زۆرتر بە پێی مەسڵەحەتی وڵاتی خانەخوێ یان ئەو بەڵگەنامانەی دەستیان پێڕاگەیشووە، نووسیویانە. بە هاتنە پێشی دەرفەت بۆ کورد و هاتنە مەیدانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاندا، نووسین و خستنەڕووی ڕاستیەکان لە بارەی کوردیشەوە زۆرتر لە ڕاستیەوە نیزیک بۆتەوە.

ئەوەی لەو نێوەدا و بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر لە مێژ نییە جێگای خۆی کردۆتەوە، بە کار هێنانی کامێڕا بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکانە. هەر چەند کامێرای ویدئۆ زۆر درەنگ گەیشتە نێو حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵام کەسانێک لە نێو ئەو حیزبانەدا زوو هەستیان بە پێویستی هەبوونی کامێڕا، نەک تەنیا لە سەرکردایەتی، بەڵکو لە نێو بەشەکانی دیکەی حیزبیشدا، کرد. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە، ئەو بەشەش، بە پێی ئیمکان ئاوڕی لێدرایەوە و بە هەوڵی بێوچانی کەسانی شارەزای وەک ” تەیفور بەتعایی” و چەند کەسێکی دیکە، لە ڕێگای فیلمەکانی وەک؛ ” نان و ئازادی” و ” ژیان و شۆڕش” و ژمارەیەک کورتە فیلمی بەڵگەنامەیی”مستند” هەوڵی تۆمارکردنی ڕووداوە گرینگەکانی سەرەتای شۆڕش درا. بە داخەوە ئەو ڕەوتە زۆر بەردەوام نەبوو و بە گیرانەوەی ناوچەکانیش لە لایان ڕێژیمەوە ئەو دەرفەتە هێدی هێدی لە دەست دەچوو.

کاتێک حیزب یەکەم دووربینەکانی فیلمبەردای بە سەر هێزەکاندا دابەشکرد، ئەزمونێکی ئەوتۆ لە بە کارهێنانی ئەو دووربینانەدا نەبوو. ئەوەی دەکرا زۆرتر وەک پشتبەستن بە ویستی ئەو کەسانە بۆ فێربوون و دڵسۆزی بۆ تۆمارکردنی قارەمانەتی پێشمەرگە و ئاوڕدانەوە لە ژیانی خەڵکی کوردستان بوو. دەورەیەکی ئەوتۆ نەبوو، کە ئەو کەسانە تەنانەت فێری سەرەتاکانی هونەری فیلم هەڵگرتن بکرێن.

یەکەمجار کە من فێری سەرەتاکانی فیلم هەڵگرتن بووم، بەهاری ساڵی ۱۳٦٦ لە عەمەلیاتی “خدراوێ”، لە سەر ڕێگای پیرانشار- سەردەشت بوو. ئەو کاتە (ح.پ) فیلم هەڵگر بوو. ئەو بە هۆی بەرپرسایەتی نیزامی خۆی، نەیدەتوانی ئەو ئەرکەش بەڕێوە بەرێت. هەموو دەورەی فیلم هەڵگری من ئەوجارە بوو و لەمەودوا من هاوکات لە گەڵ ئەرکی هەواڵنێری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، وەک فیلم هەڵگری کۆمیتەی شارستانی سەردەشتیش دەست بە کار بووم. هەوڵێکی زۆرمان دەدا، تا بتوانین کتێب و نووسراوی تایبەت لە بابەت هونەری فیلم هەڵگرتنەوە وەدەست بخەین، بەڵام ئەوەی بە دەستمان دەگەیشت، ئەوە نەبوو کە ئێمە دەمانەویست.

ویستی تۆمارکردنی فیلمێکی باش لە کاتی قارەمانەتی پێشمەرگەدا، هەستێکی تایبەتی دەدا بە فیلم هەڵگرەکان. ئەوان لە پێناو تۆمارکردنی فیلمێکی باشدا، زۆرجار گیانیان بە جۆرێک دەکەوتە مەترسیەوە، کە ڕەنگە تیمی هێرشی پێشمەرگەش حاڵی لەوان باشتر بووبێت. ئەوانەی لە کاتی شەڕدا فیلمیان هەڵگرتووە یان ئەوانەی لە نیزیکەوە وەک پارێزەر لە گەڵ فیلم هەڵگرەکان بوون زۆر باش ئەو کاتانەیان دێتەوە بەرچاو، کە بە چەندان جار بوونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی ڕێژیم و جارجاریش بەردەم و دەورووبەری فیلم هەڵگر بە گوللە کۆڵدراوە. بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆی دەست هەڵگرتنی فیلم هەڵگر لە کارەکەی و بەوپەڕی تواناوە ئەرکەکەی خۆی بە جێ گەیاندووە.

شتێک کە لەو نێوەدا جێگای سەرسووڕمان بوو، بێ ئاگایی هێزەکانی ڕێژیم بوو. پێیانوانەبوو حیزب دووربینی فیلم بەرداری داوە بە هێزەکان و هەموو چالاکی پێشمەرگە فیلمی لێ هەڵدەگیرێتەوە. ئەوان پێیان وانەبوو حیزب بەو قەناعەتە گەیشتبێت یان ئەو توانایەی هەبێت لە عەمەلیاتی پێشمەرگە فیلم هەڵبگرێت. زۆرجار خەڵکیش بۆی باس دەکردن کە پێشمەرگە دووربینی فیلمبەرداریان پێبووە و فیلمیان لە شەڕ یان ناوچەیەک هەڵگرتۆتەوە، بەڵام ئەوان باوەڕیان نەدەکرد.

ئەوەی من وەبیرم بێت، یەکەمجار کە هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سەردەشت بە تەواوی لەوە دڵنیا بوونەوە پێشمەرگە دووربینی فیلم بەرداریان پێیە، ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی لە کاتی دەست بە سەرداگرتنی دوو مۆڵگەی گوندی “زێوەی” ناوچەی بوڵفەتی سەردەشتدا بوو. بە پێچەوانەی جارانی پێشوو لەوێ دوو فیلم هەڵگریش بووین. ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن بوو بۆ هێزی گیاڕەنگ. یادی بەخێر “حەسەن کتابی”٭، لە دەفتەری سیاسی بوو و بە مەبەستی لە نیزیکەوە بەشداریکردن لە مەئمورییەتەکانی پێشمەرگە لە ناوچەدا هاتبووە کومیتەی شارستانی سەردەشت و بۆ ئەو عەمەلیاتە لە گەڵ بوو.

بە دوای ئەو عەمەلیاتەدا بوو، کە گەڕان بە دوای فیلم هەڵگردا ئامانجی لە پێشینەی هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر مۆڵگەکانیاندا بوو.

هەر لە گوندی زێوە بوو، کە دوای دەست بەسەرداگیرانی مۆڵگەکان، چەند جاشێکی خەڵکی گوندی زێوە کە خۆیان لە نێو ماڵاندا شاردبۆوە، یەکەم فیشەکیان بە مەبەستی لە کارخستنی دووربینی دەستی من هاویشت. بە خۆشیەوە نە هیچ کەس و نە دووربینەکەش کە بە دەستمەوە بوو، نەپێکران.

درێژەی هەیە….

٭حەسەن کتابی کوڕێکی زۆر دڵسۆز و زەحمەکێشی حیزب بوو و زۆر هەوڵی خۆ پێگەیاندنی دەدا. لە بواری فیلم هەڵگرتنەوە زۆر شارەزا ببوو و بەردەوام پەرەی بە زانیارییەکانی لەو بوارەدا دەدا. بە داخەوە لە کاتی کۆڕەوەکەی ساڵی ۱۹۹۱ی خەڵکی باشوری کوردستان دا، هەر لە کاتی فیلم هەڵگرتنەوەدا، بێ سەروشوێن بوو.

 ….

بەشی دووهەم!

زۆرجار دەبیندرا کە دیلەکان نایانەوێ لە کاتی خۆ تەسلیمکردندا فیلمیان لێ هەڵبگیرێت، نەکا ئەوە لە تەلەویزیۆن پێشان بدرێت و ئەوان بناسرێنەوە. هێزەکانی ڕێژیم پێش هاتنیان بۆ کوردستان زۆر تەبلیغاتی ژاراویان لە سەر گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە بۆ کرابوو. وا گۆش کرابوون کە هەر کەس بە دەست پێشمەرگەی دێمۆکڕات بە دیل بگیرێت، دەکوژرێت یان نا، تەحویلی ئەرتەشی ئێراق دەدرێت. ئەگەر فیلمیان لێ هەڵبگیرێتەوە ئەوا لە تەلەویزیۆنی ئێراق پێشان دەدرێت و دایک و باوکیان بە بینینیان ناڕەحەت دەبن. ئەودەم لە بەغدا، تەلەویزیۆنی ئێراق بەرنامەی بە زمانی فارسی بڵاو دەکردەوە.

زۆری پێدەچوو، تا ئەوانەی بە دیل دەگیران بەو قەناعەتە بگەن، کە نە بۆ خۆیان تەحویلی ئەرتەشی ئێراق دەدرێن، نە فیلمەکەشیان لە تەلەویزیۆنی ئێراق پێشان دەدرێت. بەشێکیان هەر زوو دڵنیا دەبوونەوە کە ئەوەی پێشمەرگە بۆیان باس دەکات ڕاستە. بەشێکی دیکەیان تەنانەت تا چەند مانگ دواتریش کە ئازاد دەکران و دەنێردرانەوە، هەر لە سەر ئەو باوەڕە بوون، ڕۆژێک دێت ئەوان وەک زیندانی تەحویلی حکومەتی ئێراق دەدرێن و بۆ چەند ساڵ دەبێ چاوەڕوان بن تا بە دیداری دایک و بابیان شاد بنەوە.

یەکەم وەجبەی دیلی شەڕ کە من فیلمم لێ هەڵگرتبوون دیلەکانی مۆڵگەی “زێوە” ی ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت بوون. ڕۆژی دوای عەمەلیاتەکە، لە شوێنی مانەوە، فەرماندەری هێزی گیاڕەنگ “مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی”، بە دوورودرێژی لە سەر سیاسەتەکانی حیزب و ئامانجەکانی جوڵانەوە، بە فارسی و تورکی قسەی بۆ دیلەکان کرد، کە هەمووی فیلمی لێ هەڵگیراوەتەوە. تەنانەت دوای ئەو هەموو قسە بۆکردنەش هێشتا باوەڕیان بەوە نەبوو ئەوان دوای ماوەیەک ئازاد بکرێن. شتێکی جێگای سرنج بۆ دیلەکانی ئەمجارە. لە گەڵ خۆناساندنی دیلەکان دەرکەوت زۆربەیان ئازەری زمانن، لە بەر ئەوە فەرماندەری هێز بە زمانی ئازەریش زۆر قسەی بۆ کردن. دیلەکان تا ڕادەیەک ئاگاداری ئەوە بوون، کە بەشێکی زۆری پێشمەرگەکان فارسی دەزانن، بەڵام ئەوەی بۆ ئەوان جێگای سەرسوڕمان بوو، توانایی مامۆستا حەسەن شیوەڵی لە قسەکردن بە زمانی ئازەری بوو. ئەوان زۆر بە تاسەوە گوێیان بۆ ڕاگرتبوو.

———

ئەو کاتە کە دەبووایە دیلەکانی سەرەوە بەرەو زیندانی حیزب بەڕێ بکرێن، بەشێکیان تەواو لە سەر ئەو بڕوایە بوون ئەوە ئەو کاتەیە کە ئەوان لێی دەترسان. ئێستا ئیدی ئەوان تەحویلی ئەرتەشی ئێراق دەدرێن. وادیار بوو ئەو هەموو قسە بۆکردنە هێشتا گاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە.

———–

دوای چەند مانگێک لە مانەوە لە زیندانی حیزبدا، هەموو ئەو دیلانە بە سەریەکەوە ئازادکران و گەڕێندرانەوە کۆمیتەی شارستانی سەردەشت، تا لەوێڕا بەرەو سنور بنێردرێنەوە. لەوێ چاومان بە یەکتر کەوتەوە و دوای بە خێر هاتنەوەیان ئەو پرسیارەم لێکردن کە؛ ئەوەی لێی دەترسان وابوو؟ پێتانوابوو حیزب تەحویلی ئەرتەشی ئێراقتان دەدات؟. گوتیان؛ “وایان لە ئێمە گەیاندبوو کە حیزب ئاوا دەکات، بەڵام ئێستا هەموو شتێکمان بۆ ڕوون بۆتەوە و هەوڵدەدەین خەڵکی دیکەش تێبگەیەنین کە باوەڕ بەو تەبلیغاتانە نەکەن و شەڕ لە گەڵ پێشمەرگەی حیزب نەکەن. هێشتا حیزب سیاسەتی گرتن و ئازادکردنی دیلەکانی لە مەیدانی شەڕدا نەگرتبۆ پێش.

یەکەم پرسیاری ئەوان چارەنووسی ئەو فیلمە بوو کە لێیان هەڵگیرابۆوە.

“فیلم رو چکار کردی؟”

“فیلم رو فرستادیم دفتر سیاسی حزب”، وڵامم دانەوە. “آها، پس فیلم تو تلویزیون عراق پخش نمیشە؟”

هێشتا پێیانوابوو فیلمەکە لە تەلەویزیۆن پێشان دەدرێ و ئەوان دەناسرێنەوە. “خودتون رو تحویل ارتش عراق ندادیم و پیش حزب موندین. مطمئن باشید فیلم هم پیش حزب میمونە”.

هەڕەشەی دوای ئازادکران!

ئەو دیلانە سەرەڕای ئازادکرانیان لە لایان حیزبەوە، هێشتا هەڕەشەی گیرانیان لە لایان کۆماری ئیسلامیەوە لێدەکرا. زۆرجار ئەوانە بە مانگ دەگیران و لێپرسینەوەیان لە گەڵ دەکرا کە بۆچی شەڕیان نەکردووە و خۆیان بە دەستەوە داوە. دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە جەریمە دەکرێن، زیاتر لە ماوەی دیاریکراو دەیانهێڵنەوە، “اضافە خدمت” یان بۆ دیاری دەکەن و ناگەڕێندرێنەوە شوێنی پێشوویان. ئەوە بەو مەبەستە بوو تا لای هێزەکانی دیکەی ڕێژیم باسی گیرانی خۆیان و هەڵس و کەوتی مرۆڤدۆستانەی پێشمەرگە لە گەڵیاندا نەکەن.

بە دوای گۆڕینی سیاسەتی حیزب لە مەڕ ئازادکردنی دیلەکانی شەڕ، تەنیا دوای چەند سەعاتێک مانەوە، بە مەبەستی شیکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزب و جوڵانەوە بۆیان، دڕدۆنگی بەشێک لەو هێزانە چەند قات زیادی کردبوو. بەڵام لە سەریەک ئەو سیاسەتە زۆر کاریگەری ئەرێنی کردبووە سەر توانای شەڕکردنی هێزەکانی حکومەت بە دژی پێشمەرگە. بەشێکی زۆریان، هەر زوو خۆیان بە دەستەوە دەدا، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا بەو باوەڕە نەگەیشتبوون، کە زوو خۆیان بە دەستەوە بدەن و لە مردن ڕزگاریان بێت.

ئەرکی قورسی فیلمهەڵگر!

فیلمهەڵگر نەک تەنیا لە مەیدانی عەمەلیاتدا، جێبەجێکاری سیاسەتەکانی حیزب بوو، بەڵکو بە فیلمەکەی بیەوێت یان نا دەبوو بە نوێنەری حیزب بەرەو دەرەوەش. هەموو ئەو فیلمانە کە هەڵدەگیران دەنێردرانە دەفتەری سیاسی و لەوێش ڕا دەنێردرانە دەرەوەی وڵات و وەک بەڵگە گەڵکیان لێوەردەگیرا.

ئەرکی فیلمهەڵگر لەو نێوەدا زۆر قورس بوو. دەبووایە ئەو فێلمە ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی حیزب بێت. شێوەی هەڵس و کەوتی پێشمەرگە لە گەڵ دیلی شەڕ. نیزیک نەکردنەوە، Zoom in، نەکردنی ڕوخساری کوژراو و برینداری دوژمن و بێ حورمەتی نەکردن بە هێماکانی وڵاتی ئێران وەک؛ ئاڵا. مەبەستی حیزب لە فیلم هەڵگرتن لە کوژراو و بریندار تەنیا بۆ سەلماندنی بوونی کوژراو و بریندار لە نێو هێزەکانی دوژمندا بوو. زووم کردن، نیزیک کردنەوەی ڕوخساری کوژراوان هیچ پێویست نەبوو. هەر وەک شەهید دوکتۆر قاسملو لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ بەشدارانی دەورەیەکی فیلمهەڵگرتن، پێی لە سەر داگرتەوە کە ” ئێمە شانازی بە کوشتنی کەسەوە ناکەین. گەورەکردنەوەی ڕوخساری کەسانی کوژراو وەک شێوەیەک لە خۆ هەڵکێشان لە مەیدانی شەڕدا چاو لێدەکەین. ئەوەی بۆ حیزبی ئێمە جێگای شانازییە، جێبەجێ کردنی سیاسەتی حیزب لە لایان پێشمەرگە لە مەیدانی شەڕ دایە”.

لە کاتی بەڕێوەچوونی عەمەلیاتدا، زۆرجار پێشمەرگە دەیدی هاوڕێکەی لە تەنیشتیەوە شەهید دەبوو. ئەوە ڕەنگە زۆرجار ببووایە هۆی خوێن گەرم بوون و زاڵبوونی هەستی تۆڵەسەندنەوە بە سەر پێشمەرگەدا. مەبەستی شەهید دوکتۆر ئەوە بوو کە پێشمەرگە لەو کاتانەدا لە بیری بێت کە پێشمەرگەی حیزبە و دەبێ لە بیری جێبەجێکردنی سیاسەتی حیزب دا بێت، نەک وەک چەکدارێکی بێ پڕەنسیپ بجوڵێتەوە.

ئەرکی لە پێشینەی هەر پێشمەرگەیەک لە کاتی شەڕدا داوای خۆ بە دەستەوەدانی لایەنی بەرامبەر بوو کە دەبووایە لە ئاستەمترین هەل و مەرجەکانیش دا ڕەچاو بکرێت. تەقە لێکردین وەک دوا بژاردەی پێشمەرگە بوو و ئەویش ئەو کاتە بوو کە لایەنی بەرامبەر بە تەمای تەقەکردن لە پێشمەرگە بوو. تەنانەت ئەوانەش کە تا دوا فیشەک شەڕیان کردبوو و دواتر لە ڕووی ناچارییەوە خۆیان تەسلیم دەکرد هەر بەو جۆرە هەڵس و کەوتیان ڵە گەڵ دەکرا.

شەهید دوکتۆر قاسملو جارێک لەوبارەوە دەڵێ؛ “بەرخوردی ئینسانی لە گەڵ ئەو دیلە شەرتە کە شەڕی کردووە و بە ناچاری خۆی بە دەستەوە داوە، نەک ئەو کەسەی کە هەروا خۆی بە دەستەوەداوە، چونکو ئەو ئەکەسەی زوو خۆی بە دەستەوەداوە زانیویەتی پێشمەرگە بە باشی لە گەڵی دەجوڵێتەوە”.

هەڵسەنگاندنێکی باش!

ڕاستە ئێمە زۆر لە گەڵ ڕەخنە لێگرتن ڕانەهاتووین. ئەویش لە کۆبوونەوەیەکی چەند کەسیدا و لە لایان سکرتێری گشتی حیزبەوە. دیارە لە لایەک ناخۆش بوو، کە دوای ئەو هەموو خەتەرانەی بۆ هەڵگرتنی فیلمێک تووشی فیلمهەڵگر دەبوون، ئاوا ڕەخنەی لێدەگیرا. بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەستێکی خۆش باڵی بە سەر فیلمهەڵگردا دەکێشا کە ئەو کارەی دەیکەن ئاوا بە وردی چاوی لێدەکرێ و هێندە گرینگی پێدەدرێت. وانەبوو تەنیا ڕەخنە بگیرێ و لایەنە باشەکانی فیلمەکان لە بەرچاو نەگیرێن. شەهید دوکتۆر هەموو لایەنەکانی لێکدەدایەوە و لە گەڵی باس دەکردین. لەو کۆبوونەوەدا، یەکەم پرسیار ڕووی لە ناوچەی سەردەشت کرد، دوو فیلمی گیرانی مۆڵگەی گوندەکانی “زێوە” و “بووبانە”، لە ناوچەی بڵفەتی سەردەشت بوون. پرسیارەکە ئەوە بوو، کە کێ فیلمهەڵگر بووە؟ من فیلم هەڵگر بووم، وڵامم دایەوە. “بەرپرسایەتی دیکەت جگە لە کاری فیلم هەڵگرتن؟” ئەندامی کۆمیتەی شارستان، وڵامم دایەوە. “تۆ دەبێ زیاتر هەوڵ بدەی ئەرکی خۆشت وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستان بە جێ بگەیەنی”. مەبەستی شەهید دوکتۆر ئەوە بوو کە تا پلەی تەشکلاتی فیلمهەڵگر لە سەرتر بێت، ئەرکیشی قورستر دەبێت.

لە فیلمی دەست بەسەرداگرتنی مۆڵگەی گوندی زێوەدا، ڕەخنەکە لە بارەی نیزیک کردنەوەی کوژراوان و ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە نێو مۆڵگەکەدا بوو. ئاڵاکە کەوتبۆ سەر ئەرز. باقی لایەنەکانی دیکەی فیلمەکە لە ڕوانگەی شەهید دوکتۆرەوە باشبوون و دەستخۆشی لێکردم.

ڕەخنە لە سەر فیلمی بووبانەی، لە سەر چەند لاشەیەک بوو کە بە هەڵکەوت لە نیزیکەوە لە فیلمەکەدا هاتبوون. لەو فیلمەدا ئاڵای ئێران بە باشی هەڵگیرابوو. وەک لە بیرم بێت شەهید ڕەسوڵ عەزیزی زۆر بە باشی هێنایە خوار و قەدی کرد، کە فیلمی لێ هەڵگیراوەتەوە. هیچ ڕەخنەیەک ئاراستەی فیلم هەڵگر نەکرایەوە.

……. 

بەشی سێهەم!

بە دوای بڵاوبوونەوەی بەشی دووهەمدا، کۆمێنتێکی زۆر لەو بارەوە نووسرابوون. سەرەڕای دەستخۆشی بۆ نووسینی ئەو بیرەوەرییە، بیرەوەری خۆیان لە سەر دروستی سیاسەتی حیزب لە مەڕ بە دیل گرتن و ڕوونکردنەوەی ئەوان لە سەر ئامانجەکانی حیزب و جوڵانەوە گێڕابۆوە. هاوکات لە گەڵ ئەوە، بیرەوەرییەکی خۆشم لە سەر کاریگەری ئەو سیاسەتە و فیلمێکی کورت کە بە داخەوە نازانم فیلمهەڵگرکێیە و ئەمڕۆژانە بەڕێزێک داینابۆوە، دەکەمە نێوئاخنی بەشی سێهەم. پێموابوو ئەو بیرەوەرییانە لە نووسینەکانمدا، دەبێتە هۆی سەلماندنی زیاتری ڕاستی و دروستی ئەو سیاسەتەی حیزب.

ئەوە بیرەوەری کاک خەلیل ئەسپەندار. ناوبراو کەمئەندامی حیزب بوو، کە بە ناچاری چۆوە ئێران، بێ دەستکاری؛

” بوبەڵگە شتێکی حاشاهەڵ نەگر لەسەر بەرخورد دەگەڵ دیلەکانی شەر من خۆم ساڵی 1395لە تاران بەمەبەستی نوێ کردنەوەی لاقی مەسنووعی لەشەقامی شەریعەتی پرسیاری شوێنی دوکتورم لەکوریکی کرد کەلە پڕ کابراێکی بەساڵداچوودەستی منی گرت لێ پرسیم بە فارسی توکردی منیش کەوەک حادەتی خۆم هەر بە جلکی کوردی سەفەرم دەکردوبە جلکەکانم زانی کوردم گوتم ارە کردم دستی گرتم و ماچی کردم و گوتی کوردمە ردن و هەرکار ێکت هەبێ لە خزمتتدام منیش دەست خۆشیم لێکردو وتم خاڵە بۆ واکوردت خۆش دەوێ بە زمان ولەجەی خۆی زۆرلە ئاخوندەکان تۆڕە بوو گوتی کوریکی من ساڵی 1367بە دیل گیراوەو بەڵام خەبەری بەسەربڕاوی لەلایەن حیزبی دیموکرات بۆمان هات ئیمە بەو خەبەرە زۆرلەکوردکان وکوردستان بیزاربووین و دەم هەویست خۆم بچمە شەر و تۆڵە لەکورد بکەمەوە بەڵام پاش شەش مانگ کورکەم هاتەوەو هەموو ئەوخەبەرانەی سەبارەت بەکورد بەگویی ئێمە داچرپاببو کورەکەم وابە تامووچێژبەرخوردو خزمەتپکردنەکەی بوباسکردێن هەمووی سیرنەوەو دڵی ئێمەی سەبارت بەکوردستان هەزار دەرەجەگۆری وەک ئەوپیاوە گوتی نوکر دمکرات و کرد هەستم منیش دووبارە پیاوەکەم لەباوەش گرتوو ماچم کردنەترسانە گوتم منیش لاقم لە ناو ریزی حیزب دیموکرات پەریوەو لە خزمەتت دام وماڵم لە سەردەشتە و هەر کاتیک هاتیە کوردستان وەک ماڵی خۆت لە خزمه تت دایە دەستی لە گیرفانا پوڵم بداتی کە زۆردەس خۆشیم لیکردو گوتم پوڵم لازم نیەبەڵام ئەوشتانەی کە باسی دەکەی بۆ خەڵکتیرش باسیبکە چاوی پربوون لە ئاووهەتا شوێنی کارەکەم لە گەم هات من بەغروورێکی کوردانەوە ماڵ ئاوایم لێکرد بە ڵێ فەر موودەکانی رێبەری زانامان ئاشتی خوازانەو مرۆڤ دۆستانەو بەیەکەوە ژیان بوون”.

بیرەوەری دووهەم؛

ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی، ڕاوەدوونانی کاروانچییەکان لە ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت لە لایان هێزەکانی ڕێژیمەوە زۆر پەرەی ستاندبوو. دیارە ڕێگاوبانەکان وەک ئێستا نەتەندرابوون و کاروانچیەکان برێک بە ئازادی هاتووچۆی ئەو دیو سنووریان دەکرد. ئەو هێزانە بێ ترس لە بوونی پێشمەرگە شیو ودۆڵی ئەو ناوچەیان بە دوای ئەو بارانەدا دەپشکنی و دەیانگرتن.

هەر بە هەوای ڕۆژانی ڕابردوو، ئەو ڕۆژەش تیمێک لەو هێزانە بە دۆڵی ” بنەوخەڵێف” و “وەردێ” و “کانی زەرد” دا بە دوای کاروانچیەکاندا گەڕابوون ژمارەیەک ئەسپ و هێستریان بە بارەوە گرتبوو. بە تەما بوون بەرەو مۆڵگەکانیان بەرن. لەوێ دەستیان بە سەر بارەکاندا، کە زۆرتر سیگاری گران قیمەت بوون.

بێ خەبەر لەوەی ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە لەو ناوەدا ماونەوە. پێشمەرگەکان کە ئاگاداری هاتنی ئەو هێزە بوون، لێیان وەدەست هاتن. دوای شەڕێکی کورت خایەن، ژمارەیەکیان لەو هێزانە بە دیل گرتن. چەند کەسێک لەوان کە هێشتا زەبری پێشمەرگەیان نەدیبوو بڕێک بەرگرییان کردبوو و کوژرابوون یان بریندار ببوون. یەکێک لە بریندارەکانیش بە دیل گیرابوو.

لە نێو دیلەکاندا یەکێکیان هەر کە گوێی لە پێشمەرگەکان ببوو کە پێشمەرگەی حیزبن، یەکسەر دەستی بە نیشانەی خۆ بە دەستەوەدان بەرز کردبۆوە. دواتر دەرکەوت کە ئەو نەک هەر تەقەی نەکردبوو، بەڵکو تفەنگەکەشی فیشەکی لە بەر نەبوو!!! لە هەموو دیلەکانی دیکەش کەیف خۆشتر بوو کە بە دیل گیرابوو. کاتێ پێشمەرگەکان بە مەبەستی نان خواردن لە نێو گوندی “دۆڵێ خانوان” بە سەر ماڵاندا دابەش دەبوون. دیلەکانیش یەک یەک لە گەڵ دوو پێشمەرگە دەناردرانە ماڵێک. جگە لە ناوبراو هەموویان ماڵئاوایی و تەنانەت گەردن ئازادیشیان لە یەکتر کرد. پێیانوابوو بەوجۆرە دەبرێن بۆ ئێعدام کردن.

لە بیرمە ئێمە چەند کەسێک بە لای خانوویەکی نیوەتەواودا تێپەڕین. ئەو دیلانەی لە گەڵ ئێمەدا بوون پێیانوابوو ئەوە شوێنی ئێعدامی ئەوانە و دەستیان بە پاڕانەوە کرد، کە نەیان کوژین، ژن و منداڵیان هەیە و منداڵیان وردە. ڕەنگبێ بەشێکیان هەر بە خەیاڵیش ژن و منداڵیان هەبووبێت. هەرچی دەمانگوت ئێوە ناکوژین، ئەگەر مەبەستمان کوشتنی ئێوە بایە، پێشمەرگەکان هەر لە شوێنی شەڕەکە دەیانکوشتن، هیچ دادی نەدەدا.

وا بڕیاردرا کە دوای نانخواردنی شەوێ، کۆ بکرێنەوە و قسەیان بۆ بکرێ و پاشان تەحویلی شوڕای دێ بدرێن تا بەیانی بەرەو شاری سەردەشت بیان نێرنەوە. ئەرکی قسە بۆکردنەکە لە لایان بەرپرسی کومیتەی شارستان، کاک “م. م” ەوە، بە من سپێردرا. هەموو دیلەکان لەو ماڵەی ئێمە نانمان لێ خواردبوو، کۆ کرانەوە.

شەهید قاسم ڕەحمانی ئەو کات فیلمهەڵگری کومیتەی شارستان بوو و فیلمی هەڵدەگرت. کاتی خۆ ناساندنی دیلەکان ئەو پرسیارەیان لێکرا، کە پێیانوایە ئازاد دەکرێن؟ چەند کەسێکیان هەر دڵنیا نەبوون. ئەوەی کە نە فیشەکی لەبەر تفەنگەکەی بووبوو و بە داخیش بوو لە بە دیل گیرانەکەی گوتی؛

“من همین کە شنیدم دمکرات هەستین خودمو تحویل دادم، حتی تفنگم هم مسلح نبود”. لێم پرسی خەڵکی کوێیە و چۆن زانیویێتی پێشمەرگەی دێموکڕات نایکوژن؟. گوتی؛ ” من اهل آمل در شمال ایران هستم. تا سطح دیپلم ناقص درس خواندەام. عضو تیم ملی امید ایران بودەام. وقتی پدر و مادرم با خبر شدند کە من بە کردستان اعزام شدەام، بە من توصیە کردند کە هر وقت با دمکرات درگیر شدی خودت را تسلیم کن. آنها با اسرا خوب رفتار میکنند و شما را آزاد میکنند”.

ئەوە کە بریندار بوو، لە لایان کادری دەرمانی پێشمەگەوە دەرمان کرابوو. هەموو سەروچاوی پاندی پێوە بوو. لەوێ ڕاکشابوو. ئەو تەنانەت دوای قسەکانی سەربازە ئامولیەکە و ڕوونکردنەوەکانی کادری حیزبیش هەر دڵنیا نەبوو، کە ئازاد دەکرێ. دیارە ئەو بە هۆی برینەکانیەوە هێندرابوو، تا شەو لە شوێنی شەڕەکە نەمێنێتەوە، ئەگینا بریندارەکان زووتر ئازاد دەکران. ئەوانی دیکەش تێیان دابوو کە دڵنیا نەبوون، ئەویش هەروا زوو ئازاد بکرێن. کاتێک دوای تەواوبوونی قسە بۆکردنەکە، ناردمان بە دوای شۆڕای گۆنددا، تا دیلەکانیان تەحویل بدەین، پێیوابوو کەسی لە دەورە نەماوە، لە سەرخۆ پرسیاری کرد؛ “برادر؟” گوتم چیە؟ گوتی؛ ” تو جون زن و بچەات بگین ما رو آزاد میکنین یا با خودتون میبرین؟” دووپارە بۆم دووپات کردەوە کە ئێوە ئازاد دەکەین. ئەوجاریش گوتی؛” وللە مشکوکم”. دواتر کە تەحویلی شۆڕای دێمان دان، یەکێک لەوان گوتی؛ ما رو آزاد میکنین، بعد میرین جای دیگە کمین میزارین”. گوتم این دیگە بە خودمون و برنامەی بعدیمون مربوط میشە.

سێهەم؛

لە کورتە فیلمەکەدا کە بە داخەوە نازانم فیلمهەڵگرەکەی کێیە و دیلەکان لە کوێ بە دیل گیراون، دیلەکان بۆ خۆیان باس لە بێ بنەمابوونی تەبلیغاتی ژاراوی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. دەکرێ ئەوەی لە ویدئۆیەکەدا زۆر بە پێشمەرگە هەڵدەڵێن واوێبچێ بیانەوێ بەوجۆرە سیلەی ڕوحمی پێشمەرگە بجوڵێنن تا ئازادیان بکەن، بەڵام زۆرجاریش هەبووە کە دیلەکان تەنیا نێوی خویان و شوێنی خزمەت و بەدیل گیرانیان باسکردووە. لەوە زیاتر تەنیا بە بەڵێ یان نەخێر وڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە. کەسیش لەو بارەوە زۆری لێ نەکردوون تا قسە بکەن.

……. 

بەشی چوارەم!

ئەرکی فیلمهەڵگر، تەنیا کاتی فیلمهەڵگرتنەوەکە قورس نەبوو، بەڵکو کاتی دیکەش زۆر سانا نەبوو. وەک هەموو پێسمەرگەیەکی دیکە دەبووایە نان و توێشووی خۆت هەڵگری و چەک و چۆڵی خۆشت پێبێت. سەرەڕای ئەوانەش دووربینەکە بە هەموو شتێکەوە نیزیک بە پێنج کیلۆ دەبوو کە بەو شتانەوە زیاد دەبوو. بەڵام کێشەکە تەنیا لە قورسی دووربینەکەدا نەبوو، بەڵکو لە ناسکی و زەریفی ئەو ئەمانەتەشدا بوو. نە وەک چەکی شانی پێشمەرگە تەپ و تۆزی لاپەسەند تا دواتر خاوێنی بکەیەوە، نە هێندەش کەیفی بە تەڕبوون دەهات و بڵێت خۆ دواتر خاوێن دەکرێمەوە. دەبووایە زۆر بە باشی بپێچرێتەوە تا هیچ زەربەیەکی وێنەکەوێ. دووربینەکان لە باری نرخەوە گرانترین و هاوکات ناسکترین کەلوپەلی دەستی پێشمەرگەکان بوون. من ئەو لایەم بە کۆڵەپشتی دەرمانی و بڕێکی زۆر لۆکە، پەمۆ، چارەسەر کردبوو. لە کاتی چوونەوە بۆ ناوچە، زۆر پێشمەرگە داوایان دەکرد هاوکاری بکەن، تا بە ڕواڵەت فیلمهەڵگر کۆڵەکەی سوکتر بێت، بەڵام ئەوانیش لە لایەک بۆ خۆیان باریان سوک نەبوو، لە لایەکی دیکەشەوە بەشێکیش ئەو لە سەر خۆییەیان نەبوو کە بۆ پاراستنی دووربینەکە پێویست بوو.

لە بیرمە جارێک پێشمەرگەیەک زۆر داوای کرد، یارمەتیم بکات، تا بڕێک کۆڵەکەم سوکتر بێت و تۆزێک بحەسێمەوە. چەند سەد میترێک نەڕۆیشتبووین، کە ناوبراو وەک پێشوو دەستی بە شۆخی کردن لە گەڵ هاوڕێکانی کرد. لە ناکاو لە بلینداییەک ڕا بازیدایە خوارەوە. هەر کە بازیدا وەبیری هاتەوە کە دووربینەکەی بە کۆڵەوەیە. بە هۆی ئەو بازدانە شوێنیێکی چکۆڵەی دووربینەکە شکابوو. ئەو پێشمەرگەیە زۆر داوای لێبوردنی کرد. ئەو مەبەستی چاکە و هاوکاری بوو، بەڵام تا ئەوکات نەیزانیبوو هەڵگرتنی دووربین تا چەند گاریگەری تەنانەت لە سەر شێوەی ڕۆیشتنی ئەو کەسەش دەکات.

———

پاییزی ۱۳٦٦ی هەتاوی، بەرنامە داڕێژرابوو کە دەست بە سەر مۆڵگەی “گوێزیلێ” ی بەری “نەڵێن”، لە سەر جادەی سەردەشت- پیرانشاردا بگیرێ. بۆ ئەو مەبەستە لە بنکەکان ڕا بەرەو “قەندیل” وەڕێ کەوتین. یەکەم ڕۆژ لە قەندیل ماینەوە. ئاسمان هەوری پڕ بوو و بایەکی ساردیش ڕۆژەکەی ساردتر کردبوو. پێش بینی بارینی بەفرێکی زۆر دەکرا. ئەگەر ناچار نەبایەی ئەو دەمانە هی چوونە قەندیلی نەبوون. لە گەڵ تاریک داهاتنی هەوا بەرەو قوڵایی ناوچە وەڕێکەوتین، کە دەبووایە بە “دەشتی وەزنێ” دا تێپەڕ بین. شوێنێک بۆ مانەوەی کاتی دیاریکرابوو، کە لە لا دۆڵێکدا هەڵکەوتبوو. هێندەی پێنەچوو، بارانبارین دەستی پێکرد. هیچ جێگایەکیش نەبوو تا بتوانین خۆمان لە تەڕبوون بپارێزین. هەر چۆنێک بوو ئاورێک کرابۆوە، تا بەڵکو باران لێ بکاتەوە و درێژە بە جەولەکەمان بدەین. باران هێندە بە لێزمە دەباری کە پاش ماوەیەکی کورت پێشمەرگەکەکان بە تەواوی تەڕ بووبوون. ئەوە مانەوە و سەرکەوتنی عەمەلیاتەکەشی دەخستە ژێر پرسیارەوە. سەرەڕای بارینی بە خوڕ، شەوێکی زۆر تاریک و بە قسەی پێشینان؛ ئەنگوستەچاویش بوو. لای سەعات ۱ی نیوەشەو بوو، فەرماندەکان واساغبوونەوە کە بەرنامەکە هەڵ بوەشێننەوە و بەرەو گوندی “گردێنە”، وەڕێ بکەوین. باشبوو هەر کە لە بنکە ڕا وەڕێکەوتین هێندێک نایلۆنم لە گەڵ خۆم هێنابوو، تا دووربینەکەی پێ لە تەڕبوون بپارێزم.

ئەوانەی بە ڕۆژ بە “کوێستانی گۆمێ” دا هاتووچۆیان کردووە، دەزانن ئێش و ئازاری چقڵ ،قەڵەم،ی کیفار چەندە بە ژانە. تەنانەت بە ڕۆژی ڕووناکیش ئەستەمە خۆت لە چقڵە تیژەکانی کیفار بپارێزی، چ بگا بە شەوی تاریک. باران هەروا دەبارێ و ئێمە ڕێگا دەبڕین. ئەو هێزەی پێشمەرگە بە شەوێکی تاریک و تەڵەم لە ژێر لێزمەی بارانێکی بەردەوام و بەفرو شۆدا، چەند کاتژمێرێک، بە کوێرەڕێییەکاندا بەرەو دۆزینەوەی بەرنوایەک بەڕێوەن. سەرما، برسیایەتی و تاریکی لە ڕادەبەدەر، هەموو دەستیان خستبۆ دەستی یەک تا جوڵەی پێشمەرگەکان ئاستەمتر بکەن. هیلاکی و ماندوویی و سەرما، ئێشی قەڵەمە تیژەکانی کیفاری لە بیر هەمووان بردۆتەوە. ڕێگا تەلان و قوڕ و پێڵاوی ئادیداس و لاستیکی دەپێدا، هەموو کات دەبێ چاوەڕوانی کەوتن بکەی. بۆ خۆ ڕاگرتن بە پێوە دەست بۆ هەر شتێک درێژ دەکەی، کە بتوانێ لە کەوتن بە سەر چقڵە کیفارەکاندا ڕزگارت بکات. جاری وایە چقڵە کیفارێکت بە دەستەوە دێ، هێندە ئازارت دەدا بە مەجبوری بەرهەڵدای دەکەی و کەوتن و خلیسکان بە نێو قوڕ و قاڵت پێ لە دڕکە تیژەکانی کیفار خۆشترە. زۆریش بەختت هەبێ، ئەوە چڵی “تیروێ” یان “گوێنیەک” بە هاوارتەوە دێن. لە وەها شەوێکدا، هەڵگرتنی دووربینێکی فیلمهەڵگرتنیش هێندەی دیکە ئەرکەکەت قورستر دەکات. دەبێ لە کەوتنەکانیش دا بە تێ بینیەوە بکەوی و لە گەڵ کەوتنەکان پشتت وەعەزر نەکەوێت، نەکا دووربینەکە شتێکی لێبێت. ماندوویەتی تینی هێناوە، بەڵام هێشتا کار نەگەیشتۆتە جێی باریک و هێز و توانای ئەوەندە ماوە لە پێشمەرگەکانی دیکە بەجێ نەمێنی. چەند پێشمەرگەیەک بڕستیان لێ بڕاوە و توانای ڕۆیشتنیان نیە. ژمارەیەک پێشمەرگە سەرەڕای ماندووبوونی لە ڕادەبەدەری خۆیان، بەڵام نایانەوێ هاوڕێکانیان بەجێ بمێنن. چەکەکانیان بۆ هەڵدەگرن و تەنانەت یەکێک لەوان، کە بوراوەتەوە، بە کۆڵ هەڵدەگڕن.

——–

دوای پێوانی ڕێگایەکی کەمتر لە دوو سەعاتی، بە هەشت سەعات، سەرەنجام پێشمەرگەکان یەک یەک و دوو دوو گەیشتینە گوندی گردێنە. دوای بڕینی ئەو ڕێگا دوورودرێژە و پێدا بارینی باران و بەفرێکی زۆر، هێشتا دڵنیا نەبووم ئاخۆ دووربینەکە لە تەڕبوون پارێزرابێت. دووربینەکەم لە کۆڵەپشتیەکە دەرهێنا و دیتم کە تەنانەت یەک دڵۆپە ئاویش نەگەیشتبۆ دووربینەکە و پێچانەوەکەم سەرکەوتوو بووبوو. سەرەڕای ماندووبوونێکی زۆر، هەناسەیەکی دڵنیاییم هەڵکێشا، بەڵام لەپی دەستی ڕاستم پڕ بوو لە چقڵی کیفار و گوێنی و چقڵ و چاڵی دیکەی سەر ڕێگا، کە هەرکات لە ڕێگادا کەوتبووم دەستی ڕاستم لە عەرز دابوو، تا بە سەر کۆڵە پسشتیەکەدا نەکەوم و ودووربینەکە نەشکێت.

بێ شک ئەو کوێرەوەرییانە زۆر لە هی پێشمەرگەکانی دیکە، بە تایبەت بەشە دەرمانییەکان زیاتر نەبووە. بەڵام ئەرکی فیلمهەڵگر سەرەڕای قورسی کارەکەی لە ماوەی گەڕانەکاندا، بە دۆکۆمێنت کردنی لە خۆبوردوویی پێشمەرگە و ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی حیزبیش لەو فیلمانەدا دابوو. ئەگەر دووربینەکە زۆر بە دڵسۆزییەوە نەپارێزرابایە، شانسی فیلمهەڵگرتنیش لە گۆڕێدا نەدەبوو. بە بڕوای من ئەوە دەرد و ئازاری هەموو ئەو کەسانەیە، کە ئەرکی فیلمهەڵگریان وەئەستۆ گرتبوو. ڕەنگە کەسانی دیکە زۆر لەوەش زیاتر لەو پێناوەدا دەرد و ئازاریان کێشابێت، بەڵام ئەوان دەبێ بۆ خۆیان لەو بارەوە بدوێن.

زۆرجار ویزەی گوللەی تفەنگ هاوێژی کۆڵییە لە تەنیشت فیلمهەڵگر قەدی دارێکی کۆڵیوە یان کۆڵێک گڵ و خۆڵی بە سەروچاوی فیلمهەڵگر هەپڕژاندووە، بەڵام نەبۆتە هۆی دەست هەڵگرتنی فیلمهەڵگر لە ئەرکەکەی. لە کاتی گیرانی گوردانی “بێژوێ” لە ناوچەی ئالانی سەردەشت دابوو، کە لە ناکاو چوار تا پێنج فیشەک لە بەردەمی من عەرزیان کۆڵی. من تەنیا ئەو چەند دانەیەم لە ڕێگای لێنزی کامێڕاکەمەوە دیتن، بەڵام ئەوانەی لەو کاتەدا لەوێ بوون باسی دەستڕێژێک دەکەن، کە باقی فیشەکەکان بە دەورووبەری مندا تێپەڕیبوون. بە پێچەوانەی هەموو جارێک لەوێ پێشمەرگەیەک بە ناوی “جەلال بێتوشی”، ڕوحی شاد، تەنیا بۆ پارێزگاری لە فیلمهەڵگر داندرابوو. تا ئەو لەوێ بوو و تەقەی دەکرد، هیچ باس نەبوو. دیارە تا لەوێ بوو هێندەی هاوارکرد، کە لە فیلمەکەدا بە ڕوونی دیارە. هەرکە چەکی ناوبراو گیری کرد ئەو ڕەگبارەش ئاراستەی ئەو شوێنەی من کرا. تا ئەو جێیەی من ئاگادار بم، لەو کەسانەی کاری فیلمهەڵگریان لە ئەستۆ بووە، کاک “حەمە ڕەسوڵ کەریمی” ، لە کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت، لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکەیدا بریندار بووە و دووربینەکەشی خراپ بوو.

—–

ئەوەی من مەبەستمە لەو بەشەدا پێی لە سەر داگرمەوە پاراستنی ئەو فیلمانەیە کە بەو جۆرە لە قارەمانەتی پێشمەرگە هەڵدەگیرێن. دیارە بەشێکی زۆری ئەو فیلمانە هەر ڕێک دوای بەڕێوەچوونی عەمەلیاتەکە بە زووترین کات بۆ کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب بەڕێ دەکران. هەموو جارێ گلەیی و گازندەی پێشمەرگە بەرز دەبۆوە کە بۆچی ئێمە ناتوانین فیلمی شەڕەکان ببینینەوە. لە هەل و مەرجی ئەودەمی خەباتیش دا ئیمکانی هەڵگرتنەوەی کۆپی بۆ کۆمیتەی شارستان زۆر زەحمەت بوو و دەفتەری سیاسیش پێیانوابوو پێویست بە ناردنەوەی کۆپیەکی فیلمەکان بۆ کۆمیتەی شارستان ناکات. دووجار پێشمەرگەکان توانیویانە دواتر فیلمی چاڵاکیەکانی خۆیان ببیننەوە. یەکیان هی گرتنی مۆڵگەی ئاغەڵان بوو، کە پێش ناردنی بۆ دەفتەری سیاسی لە جێژنی ۲٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبدا، پێشاندرا. دووهەمیان فیلمی گرتنی گوردانی بێژوێ بوو، کە من کۆپیەکم بۆ کۆمیتەی شارستانی سەردەشت لێ هەڵگرتبۆوە.

درێژەی هەیە….

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی