"an independent online kurdish website

قسە لەسەر کوژرانی (مارشیمۆن) و ھەڵە و دروستبوونی زۆرە، زۆرێ لە سەرچاوەکان دژبەرانە و بێ رەحمانە لەسەر ئەو رووداوەیان نووسیوە و زۆرێکیان تەنانەت راستەوخۆ


راو بۆچوونی چاوساغی حکومەتی ناوەندی و شۆڤینیزمی نەتەوەی حاکمیان گواستوەتەوە و بەداخەوە ئەمانەش سەرجەم ئەمڕۆ بوونەتە بەڵگە بۆ رۆشنبیران، نووسەران، سیاسەتوانان و خوێنەرانی نەتەوەکەمان، ھەر بۆیە بە ئاماژە بەم سەرچاوانە، زۆرجار بە ھەمان لەحنی دوژمنەوە ھەڵویست لەسەر کردەوەکانی سمکۆ ئەگرن، بێ ئاگا لەوەی کە سمکۆی شکاک لە راستیدا ئەو سەرکردە نەتەوەخوازەی کورد بووە کە داگیرکەرانی کوردستان و زلھێزانیش باشتر لە کورد ناسیویانە و ترسیشیان لەگەشەکردن و پێشخستی رامانجەکانی ھەبووە.

بۆیە منیش لێرەدا وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو، پێم باش بوو ھەندێ سەرنجی وردی دوکتۆر (سادق شەرەفکەندی)تان بۆ بخەمەڕوو.

دوکتۆر سادق ئەنووسێ:

ئاشوورییەکان کە ئەوترێ پاشماوەی کلدانی و ئاشوورییەکانی بەینۆلنەھرەینن، مەسێحین و رێبەرەکەشیان ئەو کات مارشیمۆن بوو و لە ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس نیشتەجێ بوون.

 

پاش شەڕی جیھانیی یەکەم و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لە لایەن تورکە عوسمانییەکانەوە، ٢٥.٠٠٠ ئەرمەنی کە بە جیلو(ژلۆس) ناسراون و لە ناوچەی وان و حەکاری نیشتەجێ بوون، بە رێبەریی مارشیۆن رێبەریی مەزھەبییان، بەرەو ئێران کۆچیان کردو لە ھاوینی ١٩١٥ دا لە ناوچەی ورمێ و دەوروبەری نیشتەجێ بوون و بەم جۆرەش حەشیمەتی ئاشووریی ناوچەکەیان دوو بەرابەر کردەوە.

 

جیلوەکان خەڵکێکی شەڕانی و جەنگاوەر بوون. لە درێژەی کۆچەکەشیانا ھەم شەڕ و ھەم سەختی دیکەیان زۆر دیتبوو. بەڵام لەۆ ناوچانە خورد و خۆراک و پێداویستیی ژیانیان بە گوشار لە سەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە دابین ئەکرد و ئەمەش ببووە ھۆی زێدەڕۆیی ھەڵسوکەوتی خراپی ئەوان لە گەڵ خەڵکی ناوچەکە کە کورد بوون.

 

ئەوان لە بەر دۆخی ئەوکات و لەبەر باری ئایینییان لە لایەن مسیونێرە رۆژئاوایی، بریتانی، روسی و ئەمریکاییەکانەوە کە لەشەڕ لەگەڵ عوسمانیدا بوون، پاڵپشتی ئەکران.

 

زێدەڕۆیی ئەوان ئەوەندە زیادی کردبوو کە لە ھەوڵی ئەوەدا بوون ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس کە لە بنەڕەتدا کوردنشینن، بکەنە ھی خۆیان و بە نیشتمانی خۆیان ناویان دەبرد.

 

سمکۆش وەک ناسیونالیستێ کە زۆر جار دروشمی سەربەخۆیی کوردی ھەڵدەگرت ، ئەمەی پێ قەبوڵ نەدەکرا. بەتایبەت کە خەڵک و ناوچەکانی عەشیرەتی ھەرکی کە ھاوپەیمانی ئەو بوون چەندین جار لە لایەن ئاشوورییەکانەوە ببووە ئامانجی ھێرش و کوژرا بوون و تاڵان کرابوون.

 

بۆیە لە سەردانێکدا کە مارشیمۆن 150 سوار و جەنگاوەری لەگەڵ بوو، لە لایەن سمکۆەوە کوژران(دیارە بە فێڵ).

                                          *******

تێبینی: ئاشوورییەکان کە مەسێحی بوون و ئەو کاتیش ئایین تەوەری سیاسەت و دەسەڵات بوو، لە لایەن رۆژئاواوە ھەم دژی ئێرانی شێعە و ھەمیش تورکیای عوسمانی و سوننی بەکار دەھێنران لە سەر حیسابی کورد.

 تا ئەوکاتیش باجی تەواوی گوشار و ھەڕەشەکان ھەر کورد ئەیدا و سمکۆش ژیرانە ئەیزانی کە ئەمە عاقیبەتەکەی لە ناوچوونی کورد لە ورمێ و خۆی و سەڵماس و تەنانەت سەردەشت و پیرانشار و مھاباد و بۆکان و شنۆ و…. دەبوو، بۆیە ئەم رێگایەی بە گونجاوترین رێگا ئەزانی. ئەویش ئەیزانی مارشیمۆن سەری مارەکەیە. کە لەسەری مارەکەی دا ، ئەوان سەرشێتانە و بە مەبەستی تۆڵە، ھێرشێکی پڕلە تووڕەییان دەست پێکرد کە ئەگەرچی لەسەرەتادا وەک ئاگری پووش و پەڵاش پەرەیان ستاند و پاشەکشەیان بە سمکۆ کرد و زیانیان بە کوردەکان گەیاند،  بەڵام لە ئەنجام دا ھەم ئێران و ھەمیش عوسمانییان بە دژی خۆیان ھاندا کە ئەمە بۆ مێژوو سەری خواردن.

 

سەرچاوە: کورتە مێژووی شۆڕشە نەتەوەییەکانی کورد. لە سەدەی نۆزدەھەمەوە تا کۆتایی جەنگی جیھانیی دووھەم. سعید بدل(دوکتۆر شەرەفکەندی). لاپەڕە ٨٥_٨٤

بابەتی پەیوەندی دار

 


سمکۆی شکاک و بیرەوەری تاڵی کوژرانی مارشیمۆنی ئاسووری، وانەیەک بۆ پەند وەرگرتن لە ڕاستییەکانی مێژوو.

محەممەدساڵح قادری

 

وەک دەزانین مێژوو زانستێکی گرینگە که بەهۆی ئەو زانستەوە دەتوانین تیشک بخەینە سەر ڕووداوەکانی ڕابردوو و بە دیتنەوەی لایەنە کارتێکەرکانی پێوەندیدار بە هەرکام لەم ڕووداوانه، شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی واقعبینانەیان لە سەر بکەین و بە کەڵک وەرگرتن لە دەرئەنجامی ئەم هەڵسەنگاندنە، نەخشه ڕێگای داهاتووش دیاری بکەین.

 

هەروەها ئەوەش دەزانین که هەر یەک لە ڕووداوەکان بە بەراورد لەگەڵ هەل‌ومەرجی تایبەت بە خۆیان بە جۆرێک پێوەندییان بە هۆکاری جیاجیاوە هەيه کە کاریگەریی هەرکامیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ شوێندانەرى لە دروستکردنی ئەو ڕووداوانە دادەنێ.

 

کەوایە مێژوو غەدر لە کەس ناکات، بەڵکوو ئەوە ئەو خەڵکانەن کە غەدر لە مێژووی خۆیان دەکەن کە نەیانتوانیوە بە مەنتقی سەردەم کەڵک لەو زانستە گرنگە وەرگرن و لایەنە بەهێز و لاوازەکانی ڕابردووی خۆیان بکەنە سەرمەشقی ڕێڕەو‌ی بەرەوپێشچوونی داهاتوویان و ڕێگای دروست پێشانی جیلی تازە بدەن. بەداخەوە زۆر جار بینراوە کە خەڵکانێک بە ڕەچاونەکردنی پێوەرە زانستییەکانی مێژوو و بەپشت بەستن بە سۆز و دەمارگرژیی ئایینی، یان نەتەوەیی و … بوونەتە هۆی کارەساتی گەورە لە سەر چارەنووسی خۆیان و دەوروبەریان.

 

یەکێک لەو ڕووداوە هەستیار و کێشەخۆلقێنەره کە لە مێژووی هاوچەرخی جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کاریگەری نێگەتیڤی بۆ پێوەندی نێوان کورد و ئاسووری دروست کردووە و بەداخەوە ئێستاش خەڵکانێکی دەمارگرژ بە مەبەستی سیاسی و ئامانجدار وەک تەشی هەروا دەیڕێسن، کوژرانی ڕێبەری ئایینیی ئاسوورییەکان بە ناوی بونیامین مارشیمۆن‌ لە لایەن سمکۆی شکاکەوە کە پێویستی بە خسارناسی و شیکردن و پەند لێ وەرگرتنە تاکو لە لایەک ڕێژەی ئەو زەرەر و زیانانە کەم بکەینەوە کە بە هۆی بەردەوامی ئەو پەیوەندیە ناتەندروستە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە کورد و ئاسووریەکان کەوتووە، لە لایەکی دیکەشەوە ئیتر پێش بەو ڕەوتە نالەبارە بگرین و پێکەوە لە پێناو پێوەندی ساخڵەمی نێوان جیلەکانی داهاتوو و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەنگاوی بەرپرسانە هەڵگرین.

 

بۆ ئەوەی بتوانین لە سەر ئەم بابەتە بەرچاو ڕوونییەک بخەینە بەر دیدی خوێنەران، پێویستیمان بە شۆربوونەوە بە قووڵایی نزیک بە سەد ساڵ لە مەوبەر و لێکدانەوەی هەل‌ومەرجی ئەوکات هەیە کە بە ڕۆشنایی بەڵگەنامە مێژووییەکان ببینین لە کۆتایی‌یەکانى سەدەى نۆزدەوە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بیرۆکەی ناردنەوەی مسیۆنێره ڕۆژئاوایی‌یەکان بۆ ناوچەی میزۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن وڵاتانی وەک بریتانیا، فەرنسە، ڕووسیە، ئامریکا و ئیتالیاوە، بە مەبەستی پەل هاوێشتن و خۆخزاندن لەو ناوچانە کە لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان و ئێرانییەکاندا بوون چی ڕوویداوە و چارەنووسی ئاسوورییەکان و مەسیحییەکان بە مەبەستی سیاسی و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی بیانی چۆن وەکوو کارتێک بەکار هاتووە و ئاسووریەکان چۆن کەوتووەتە ناو تەمومژێکی تاریک و تووشی گەلێک کوێرەوەری و چەوساندنەوەی ئایینی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بوون؟ و گوندەکان و دێرەکانیان کاول و وێران کراون و بە کۆمەڵ خەڵکیان لێ کوژراون و دەربەدەر بوون و لەگەڵ نەتەوە جیاوازەکانی ناوچە وەکوو تورک و کورد و ئازەری بناغەی دووبەرەکی و شەڕ و دوژمنایەتییان لە نێوانیاندا داڕێژڕاوە. کە بەداخەوە ئەو دژایەتیکردنەی ئاسوورییەکان کە بە هاندانی مسیۆنێرەکان لە دژی پێکهاتە نەتەوەییەکانی ناوچەکە و بە تایبەت کوردەکان، هەر لە شۆڕشی بەدرخانییەکان لە ساڵی ١٨٤٣ڕا دەست پێ دەکات و لە شۆڕشی سمکۆی شکاک و کوژرانی مارشیمۆنی ڕێبەری ئایینی ئاسوورییەکان لە ساڵی ١٩١٨دا کۆتایی پێ دێت، کەچی هێشاش ئاسەوارە تاڵەکانی ئەو ڕابردووە بەداخەوە هەروا لە سایکۆلۆژی برا ئاسووریەکاندا بەرامبەر بە کوردەکان درێژەی هەیە.

 

لای هەموومان ڕوونە کە پێش‌ هاتنی مسیۆنێرە ئورووپاییەکان، پێوەندیی نێوان کورد و ئاسووری وەک دوو نەتەوەى ژێردەست و هاوسێ کە خاوەنی مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژى پێکەوەژیان له ناوچەکەدا بوون‌، بە ڕادەیەک باش بووە کە سەرەڕای جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی لەگەڵ یەکتر، زۆر جاران لە دژی پەلاماردەرانی بێگانە لە یەک بەرەدا جەنگاون و بەردەوام لە پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە و هاوکاری کردنی یەکتریدا بوون. بۆ نموونە پەنادانی زۆرێک لە ئاسوورییەکان لە لایەن کوردەکانەوە لە کاتی هێرشی تورکەکان و بەپێچەوانەوە پەنادانی شێخ عەبدوڵسەلامی بارزانی لە لایەن ئاسوورییەکانەوە کە بەهۆی هێرشی تورکەکانەوە ناوچەی بارزانی بەجێ هێشتبوو و لە ناو ئاسووریەکاندا گیرسابووەوە. بەڵام دوای هاتنی ئەو مسیۆنێرە ئورووپایی‌یانە، لە سەروبەندی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، کە بە ڕواڵەت بۆ کاری چاکە و گەیاندنی پەیامی پیرۆزی مەسیح و خواپەرەستی نێردرابوون، کەچی لە ژێرەوە بە مەبەستی سیاسی خەریکی سازدانی دووبەرەکى و بەگژ یەکترداکردنی گەلانی ناوچەکە بە کورد و ئاسووری و تورکەوە بوون. مەبەستی ئورووپایی‌یەکان لەو کارەیان داڕشتنەوەی نەقشە ڕێگای دابەشکاری دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتوریی عوسمانییەکان و لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێرانییەکان و خۆشکردنی جێ‌پێی خۆیان لە ناوچەکەدا بوو کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی ئاکام و بەرهەمی ئەو سیاسەتەیان لە پەیمانی سایکس ـ پیکۆدا دەرکەوت و هەم کورد و هەمیش ئاسووریەکان لە هەموو لایەک زیاتر زیانبار و دەستبەتال مانەوە.

 

ئەو وڵاتانە بۆ ئەو مەبەستەیان لە ڕێگای مسیۆنێرەکانەوە کەوتوونەتە دنەدانی ئاسوورییەکان و ئەرمەنییەکان و تامەزرۆیی ئاسوورییەکان و ئەرمەنییەکانیش کە کەمینە ئایینەکانی غیرە موسلمانی ناوچەکە بوون، بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوو دەسەڵاتی موسڵمانی سوننەى تورک و شیعەی ئێران و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە سەر خاکی کوردستان بە پشتیوانى ڕووسەکان کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە ساڵی ١٩١٥ دوای سەفەری مارشیمۆن بۆ تفلیس و وەرگرتنی بەڵێنیی ڕووسەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ئاسوورییەکان لەبەرامبەر هاوکاریی ئاسوورییەکان لەگەڵ بەرەی هاوپەیمان لە دژی عوسمانییەکان کە ڕووسەکان مەبەستیان ئەوە بوو لە ئاسوورییەکان و ئەرمەنییەکان وەکوو قەڵغانی شەڕ لە دژی عوسمانییەکان کەڵک وەرگرن، لەو کاتە بەدواوە ئیتر بە کردەوە دەبینین کە ئاسوورییەکان چارەنووسی خۆیان دەبەستنەوه به ڕووسەکان و دەبنە کارتی گەمەی پیلان و بەژەوەندیی زلهێزەکان و بەو هۆیەوە لە ساڵانى دواتردا چۆن تووشی مەینەتی و ڕۆژەڕەشیی قەرەبوونەکراو هاتوون و لە کۆتاییشدا رووسەکان هیچیان بۆ نەکردوون و پشتی بەرداون.

 

لە ساڵی ١٩١٥دا پاش ئەوەی سپای ڕووسی بە ناو کوردستانی دیوی تورکیەدا پێشڕەویان کرد، ئاسوورییەکانی ناوچەی هەکاری لە تورکەکان ڕاپەڕین و پاش شکستیان بە دەستی تورکەکان بە شپرزەیی زۆرەوە پەنایان بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕووسەکان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێران هێنا و لەشارەکانی: خۆی، سەڵماس و ورمێ نیشتەجێ بوون و سەرەڕای قات و قڕی و بێ دەرەتانی خەڵکی ناوچەکە کە بەهۆی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە بەرۆکیانى گرتبوو‌، ئاسوورییەکانیش بە حەشیمەتێکی زیاتر لە سەد هەزار کەس و برسیەتیی خۆیانەوە بوونەتە سەرباری کوردی هەژاری ئەو ناوچەیە و دواتر بە هەزاران کەس لەو ئاسوورییە پەنابەرانە چوونەته ڕێزی لەشکەری ڕووسی و مەشقی سەربازییان بینیوه و چەکیان هەڵگرتووه و بە فەرماندەیی ئاغا پترۆس لە جەریانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا وێڕای ڕووسەکان زەبر و زەنگ و کوشتارێکی بێ بەزەیی‌یانەیان لە خەڵکی ناوچەکانى: ئەر‌زڕووم، بتلیس، بایەزید، وان، ورمێ، سەڵماس و سابلاخیان کردووه و کوردستانیان تووشی وێرانکاری و مەینەتێکی گەورە کردووه و به سەندنەوەی تۆڵەی قەتڵی‌عامی ئەرمنییەکان بە دەست عوسمانییەکان، لە لایەن ئاسوورییەکان تۆلە لە کوردی ڕۆژهەڵات و ئازەرییەکانی شیعە مەزهەبی دانیشتووی ئەو دەڤەرە دەکرێتەوە و بە دەیان هەزار ئازەری و کوردیان کوشتووە.

 

بۆ دڵنیابوون لە مەبەستى سیاسى ئاسوورییەکان لەو کردەوانە، بڕواننە مەرامنامەی کۆمیتەی ئازادی ئاسوورییەکان کە لە ساڵی ١٩١٧ و لە کاتی پێکهێنانی یەکینە چەکدارەکانی ئاسووری لە ورمێ بڵاو کراوەتەوە و لە بەندی یەکەمیدا هاتووە، کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆمیتەیە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ ئاسوورییەکان لە هەرێمەکانی ورمێ، هەکاری، مووسڵ و جزیرە ، کە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەموو تواناکانى خۆیان بۆ جۆشدانى کینە و کوشتار لە دژى خەڵکى ئەو ناوچەیە بە کاریان هێناوە.

 

بەدوای ئەو بڵاکراوەیەدا ئیتر مارشیمۆن بە ئاشکرا ئاسوورییەکانی هان داوە بۆ چەک هەڵگرتن و پاکتاوکردنی کوردەکان و ئازەرییەکان لە سەر زێدی خۆیان و ڕێگە خۆشکردن بۆ وەدیهێنانی خەونەکەی. فەرماندەی سەربازیی ئاسوورییەکانیش کە ناوی ئاغا پترۆس بووە، لە ساڵی ١٩١٨دا بەر له کوژرانی مارشیمۆن هانی ئاسوورییه چەکدارەکانی داوە کە بە هیچ شێوەیەک بەزەیی بە کوردەکان نەکەن و دەستیان لێ بووەشێنن. بە دوای ئەو بڕیارەدا دەبینین کە بە هەزاران چەکداری ئاسووری کە لە لایەن ڕووسەکانەوە چەکدار کرابوون، لە بەرەی ئەواندا لە دژی کورد دەکەونە شەڕ و ئیتر ئەم دوو لایەنە واتە کورد و ئاسووری ئەوەی لە دەستیان هاتبێ بۆ قڕکردن و کۆمەڵکوژى یەکتر درێغیان نەکردووە.

 

هەڵبەت شەڕی کورد و ئاسووری شەڕێکی ئایینی نەبووە کە وەک زۆر لە لایەنە ناتەباکان لایەنی ئایینی هەبێ، بەڵکوو شەڕێک بووە کە لایەنی سیاسی، نەتەوەیی و نیشتمانی هەبووە. هەروەک دەزانین کوردەکان بە درێژایی مێژوو نە هێرشبەر و نە داگیرکەری سەر خاک و خەڵکی دیکە نەبوونە، بەڵکوو تەنیا و تەنیا بەرگریان لە خاک و کەرامەتی خۆیان کردووە. ئەوەش مافێکى رەوا و پارێزراوە بۆ هەموو لایەنێک کە بکەوێتە بەر پەلەمار و داگیرکاریی لایەنى بەرامبەر.

 

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئوکتوبری ١٩١٧ کە لێنین لە پێناو بەرژەوەندیی ستراتژیی سۆڤیەتدا بۆ پاراستنی پشتێنی ئەمنی و ناوچەی نفووزی خۆی، پەیامی بۆ تورکیە و ئێران نارد که خاکی ئەوانی چۆڵ دەکات و یەکینە چەکدارەکانی ئاسوورییەکانیش هەڵدەوەشێنێتەوە و درێژە بە سیاسەتی ڕووسیەی تزاری لە دژی ئەو وڵاتانە نادات. ئیتر کۆشکی ئاواتی ئاسوورییەکان هەرەس دێنێ و بەو حاڵەش دەبینین ئاسوورییەکان بەبێ لێکدانەوەی هەڵومەرجی دوای شۆڕشی ئوکتوبر کە گۆڕانکارى بنەڕەتى بەسەر سیاسەتى ناوچەدا هاتبوو، دیسانیش درێژەیان بە بەرنامەی پێشوو و دژایەتی کردن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەیان داوه.

 

لەو سەردەمەدا سمکۆی شکاک کە میراتگری چەند پشت لە خەباتی نەتەوەیی کورد و خاوەنی ستراتیژی ڕزگارکەری بۆ بست بە بستی خاکی کوردستان لەژێر دەستی داگیرکەران و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بووە، سەرەڕای ئەوەیکە لە نێو تۆفانی پیلان و لێکەوتەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و زەختی ڕووسەکان و عوسمانییەکان و دوژمنایەتی و هێرشی دەسەڵاتی ئێرانییەکان بۆ سەر هێزەکانی لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە کەوتووەتە بەر مەترسی پیلانە ئامانجدارەکانی ئاسووریەکان بۆ لەباربردنی هەموو خەونەکانی و چەندە هەوڵی خۆدەربازکردن لەم قەیرانانە و پاراستنی سەروەریی کورد لە سەر خاکی کوردستان داوە، بەو حاڵەشەوە بەدەر لە ویستی خۆی، دەکەوێتە ناو بازنەی پیلانی ڕووس و بریتانیاوە کە بە هۆی ئاسوورییەکانەوە ئاراستەی کرابوو، ئەو پیلانە زەنگی خەتەرێکی گەورە و جیددی بوو بۆ لەباربردنی هەموو خەون و پلانی سمکۆی شکاک بۆ ئازادکردنی خاکی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد. هەر بۆیه ‌سمکۆ ڕازی نەبووە بە هەر نرخێک بێ ڕێگا بدا تاکوو پیلانی ڕووسەکان و ئاسوورییەکان کە دامەزراندنی دەوڵەتی ئاسوورییەکان ‌لەسەر خاکی کوردستانه، سەر بگرێ.

 

لە ساڵی ١٩١٨ لە بارۆدوخێکی لەم چەشنە‌دا بووە کە لە سەر داواى مارشیمۆن، سمکۆی شکاک و مارشیمۆن لە کۆنە شاری سەڵماس یەکتر دەبینن و مارشیمۆن هەوڵی بە تەفرە بردنی سمکۆی داوە و گفتی هاوخەباتی لە دژی ئێران و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی هاوبەش داوە.

 

کەچی سمکۆش نیگەرانی لە لەدەست دانی خاکی کوردستان و دامەرزاندنی دەوڵەتی ئاسووری لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکووری ڕۆژهەلاتی کوردستان بووە، که ئێستاش بۆ کورد وەک کەرکووکى دووەمى کوردستان وایە. لەو ساتەدا کە ‌مارشیمۆن و پارێزەرەکانی خەریکی بەرێکردن و مالئاوایی لە سمکۆ بوونە، دەنگی تەقەيەکى گوماناوی دەبیسترێ و ئیتر سمکۆ و پارێزەرانی بە گومانی ئەوە کە ئاسووریەکانیش هەر وەک ئازەریە قاجارەکان چۆن لە کاتی دیداری جەوەر ئاخای برا گەورەی سمکۆ و هاورێیانی لە سالی ١٩٠٥ لەشاری تەورێزدا کەوتنە بەر تەقەی قاجاریەکان و شەهید بوون، داویان بۆ داناوە، بە مەبەستی خۆ ڕزگارکردن تەقە لە مارشیمۆن و هەڤاڵانى دەکەن و لە ئاکامدا مارشیمون و هەڤاڵانی دەکوژرێن. بەداخەوە ئەو سوو تەوەهومە سەرەڕای لێکەوتنی ئەو ڕووداوە تاڵە، بووە هۆی تەقینی ڕقی پەنگخواردووی ئاسووریەکان لە دژی کوردەکان و لە ئاکامدا شە‌ڕێکی خوێناویی یەکجار گەورە و کارەساتێکی مرۆڤی دیکه کە لە لایەن ئاسوورییەکانەوە بەسەر کورد هێنرا کە بە کارەساتی جێلۆلخ ناسراوە و بەو هۆیەوە خوشکى مارشیمۆن بە ناوى سرمە خانم بە هەزاران چەکدارى ئاسوورییەوە بە تۆڵەى کوژرانى مارشیمۆن هێرشیان کردە سەر بارەگاى سمکۆ لە قەڵاى چهریق و ناوچەکانى دەوروبەرى سەڵماس و ورمێ و لە ماوەى چەند ڕۆژدا بە هەزاران ژن و منداڵ و پیر و گەنجى بێ تاوانى کورد بە دڕندانەترین شێوە قەتڵی‌عام کران و یەکێک لەو کوژراوانە دایکى سمکۆ به ناوى \’\’درێ خانم\’\’ بووه. ئێستاش پاش نزیک بە سەد ساڵ پاشماوەى ئێسک و پرووسک و پرچى قوربانییانى ئەو کارەساتە لە مەیدانەکانى ئەو کاتى شەڕدا شاهیدى بۆ قووڵایى ئەو تراژدیا و کارەساتە دژی مرۆڤیە دەدەن. لە لایەکى دیکەشەوە ئەو ڕووداوە دژایەتیی هاوپەیمانانی لە دژی جووڵانەوەی کورد لەو سەردەمە هەستیارەدا زیاتر کرد و دەرفەتێکی گەورەى مێژوویی بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى لە لایەن سمکۆی شکاکەوە، لەبار برد.

 

لەوانەیە برا ئاسوورییەکانیش ئێستا پێیان وابێ کە ئەمە سمکۆی شکاک بووە کە بە کوشتنی مارشیمۆن، هەرەسی بە خەونى ئەوان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئاسووری هێناوە. هەرچەند ڕۆڵی مارشیمۆن بۆ ئەم مەبەستە کاریگەریش بوو بێ، بەڵام ڕاستیی مەسەلەکە ئەوە نییە و نابێ ئەو ڕووداوە بەرچاویان بگرێت تاکوو ڕاستی کێشەکە لەوەدا نەبینین کە چۆن چارەنووسی خۆیان دایە دەست ڕووسەکان و ڕووسەکانیش دوای تەواوبوونی کاریان بە ئاسوریەکان، ئیتر پشتی ئاسوورییەکانیان بەردا و ئەو جار بە هۆى هێرشى تورکەکانەوە ئاسوورییەکان تووشی ئەو بەسەرهاتە تراژیدییه بوون کە نەدەبوو بەسەریاندا هاتبایە.

 

ئێستاش دوای تێپەرینی ٩٨ سال بە سەر ئەو ڕووداوە و هەروەها ٨٧مین ساڵڤەگەری شەهیدبوونی سمکۆی شکاک بە فێل و پیلانی ڕەزاشای گۆر بەگۆر لە ٢١/٧/ ١٩٣٠ لە شاری شنۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان، ئەگەر چی حەولی ئاسوورییەکان بۆ دژایەتیکردنی سمکۆی شکاک و نووسینی چەندین کتێب و بێریزیکردن لە دژی سمکۆ، بە ڕەواڵەت تەعبیر لە ڕق و ناڕەزایەتیی ئەوان لە ڕووداوی کوژرانی مارشیمۆن لە لایەن سمکۆی شکاکەوەیە. بەڵام نەفسی ئەم بیرۆکەیە هەم دوورە لە مەنتیقی سەردەمییانە و هەمیش ناڕەوایە که کەمینەیەکی ئاسووری له هەرێمی کوردستان، لە جیاتی پێزانین بەرامبەر ئەو ڕێز و حورمەتەی کە گەلی کورد و حکوومەتی هەرێم لێیان دەگرن و لە باوەشی دەسەڵاتی کوردیدا بە ئاسوودەیی و ئارامی دەژین، حەولی تەحریک ئامێز لە دژی سەرکردەیەکى نەتەویی کورد بدەن کە نەک هەر هیچ قازانجێکیان لەو کارەدا نیە، بەڵکوو پەیڕەوکردنی ئەو بیرۆکەیە مەترسی دەخاتە سەر ژیانى هێمنانەی کورد و ئاسوورییەکان و جارێکی دیکە کێشەی ڕابردوو بۆ داهاتوو دەگوازێتەوە. هەروەها لەوەش دڵنیاین کە بەگرتنەبەری وەها هەڵوێستێک لە لایەن برا ئاسوورییەکانەوە و بگرە جێبەجێ‌کرانی مەبەستەکانیشیان، ناتوانرێ قەرەبووی ئەو ڕووداوانه بکرێت کە له ڕابردوودا ڕوویان داوه. لە لایەکی‌ترەوە پێویستە برا ئاسوورییەکان ئەو ڕاستییە بزانن کە چەندە کەسایەتی مارشیمۆن لای ئەوان جێگای ڕێز و خۆشەویستی بێ، ئەوندەش کەسایەتیی سمکۆی شکاک وەکوو هێما و سەرکردەیەکی شۆڕشگێر و تێکۆشەری نەتەوەی کورد جێگای ڕێز و خۆشەویستیی گەلی کورده و بەهەزران ڕۆڵەی کورد بە خۆشەویستیی ئەوەوە، ناوی سمکۆیان لێ نراوە و دەیان شوێنى گشتى و قۆتابخانە و … بەهەمان شێوە. کەواتە بەدەر لە لایەنی سایکولۆژی، ئەو دژایەتییە نە کارێکی دروستە و نە چارەسەرى کێشەکانە.

 

هەر بۆیە لە جیاتی بریندارکردنی هەستی یەکتر، باشتر وایە چ کورد یان ئاسووری لە جیاتیی دنەدان و بریندارکردنی هەستی یەکتر و دژایەتی کردنمان لەگەڵ هێما نەتەوەیی و ئایینییەکانى یەکتر، کە نەک هەر دەرمانی ئەم دەردە تاڵە ناکات کە لە ڕابردوودا تووشیان بووه،‌ بگره خراپتریش دەکات، لە پێناو پێکەوەژیانێکی بە تەبایی و درێژخایەن لە نێوان کورد و ئاسووریدا، بە گیانێکی لێبوردەیی و ڕۆحی یەکتر قبووڵ کردن، بەرە و داهاتوو هەنگاو هەڵگرین و بەو کاره هاوبەشەمان بەرژەوەندییە گشتی و درێژخایەنە‌کانمان ‌مسۆگەر بکەین و بگەڕێنەوە بۆ مەنتیقی لێبوردەیی و یەکتر قەبوول کردن و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە بکەینە بەدیلی ئەو نەهامەتیانەی کە بە پیلانی بێگانەکان و بەدەستی خۆمان تووشی خۆمان کردووە.

 

بۆ ئەو مەبەستە پێویستیمان بە دروستکردنی ژینگە و کەشێکی برایانە ‌لەگەڵ یەکتر هەیە تاکوو بە پەند وەرگرتن لە ڕابردوو، ئەو نەهامەتییانە بە مێژوو بسپێرین و ڕێگە نەدەین ئەم بارگرژییە بۆ جیلی ئێستا و داهاتوو بگوازرێتەوە. لە کۆتایی بابەتەکەدا بە پێویستی دەزانم ‌ئەو وتەیەی ئاغا پترۆسی فەرماندەی هێزەکانی ئاسووری وەبیر برا ئاسوورییەکان بێنمەوە کە دوای ئەو هەموو شەڕ و کوشتار و وێرانکارییانەی که بۆخۆی ڕۆڵی سەرەکیی تێدا هەبووە، داوای لە لایەنەکانی کورد و ئاسوورى کردووە و گووتوویەتی: براینە داواتان لێ دەکەم لە پێناو مرۆڤایەتیدا هەرچی زووتر ڕۆژگاری ئاشتبوونەوە مسۆگەر بکەن تاکوو لە داهاتوودا پێویستیمان بە خواردنی گوشتی نەوەی خۆمان نەبێت\’\’.

 

سەرچاوەکان:

 

تاریخچە‌ی جنبش‌های ملی کرد، نووسینی: د.سادق شەرەفکەندی(سعید بدل)

کوردو عەجەم، نووسینی کاک نەوشیروان مستەفا

کوردستان و کورد، نووسینی د.قاسملوو

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی