"an independent online kurdish website"

یاسای نێونەتەوەیی لەمێژە هەندێک دوکتورین و ستانداردی بۆ پارێزگاری لە دەستەوتاقمە ئینسانیەکانی وەک کۆیلەکان، کەمایەتیەکان، خەڵکە بومی یەکان و سەربازانی نەخۆش و بریندار لە مەیدانی شەڕدا، پەسند کردوون.


بە جۆرێک کە ئەو ستانداردو دامەزراوە قانونیانە ئێستا بوونەتە بناخەی یاسای نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ لە دەورانی تازەدا. لەوەش زیاتر بەشێک لەو ستاندارد و دوکتورین و دامەزراوە قانونی یە قەدیمیانە توانیویانە، شانبەشانی یاسا مۆدێڕنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ درێژە بەژیانی خۆیان بدەن، یا ببنە بەشێکی گرنگ لەوان. لە ڕاستیدا بە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر چۆنیەتی مێژووی گەشەکردنی یاسای مافەکانی مرۆڤدا، بۆمان دەردەکەوێ کە پرنسیپ و ستانداردە سونەتیەکانی حقووقی نێونەتەوەی کاریگەری و شوێنەوارێکی زۆریان لەسەر پەرەسەندنی ئەو یاسایە هەبووە.(P.G. Lauren,The Evolution of International Human Rights: 1998)

بەڵام ئەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو یاسای هاوچەرخی مافە نێونەتەوەییەکانی مرۆڤ، لە یاسا و ستاندارد و دامەزراوەکانی دیکەی پێش خۆیان جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ئێستا ئینسانەکان، وەک تاک، تەنیا بەهۆی ئینسان بوونیان، نەک لەبەر ئەوەی کە هاوڵاتی دەوڵەتێکن، ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانیان لە پەیماننامەو کۆنڤانسێۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤدا بۆ بەڕسمی ناسراوە.

هەر ئێستا لە ئاستی دونیادا گەلێک دامەزراو و نیهادی نێونەتەوییمان هەن کە لەباری قانونیەوە سەڵاحیەت و دەستەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لەو دەوڵەتانە بکەن کە ماف و ئازادیەکانی هاووڵاتیانی خۆیان بە شێوەیەکی بەرین پێشێل دەکەن. یا هەر دەوڵەتێکی دیکە کە یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرؤڤ وەبەر چاو ناگرێ، بخەنە ژێر پرسیار و تەنانەت سزاشی بدەن.

گومان لەوەدا نیە کە ئەو دامەزراوە نێونەتەوەیانە وەک پێویست و بەگوێرەی ئەو چاوەڕوانیانەی لێ یان دەکرێ، کارانین. نە لە سزادانی ئەو دەوڵەتانەدا کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن هەمیشە بەوەخت و کارا دەجوڵێنەوە.نە لە قەرەبوکردنەوە و بە هاناوە چونی قوربانیەکانی پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ دا هەمیشە سەرکەوتوون. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئێستا ژمارەیەکی زۆر پەیماننامەو کۆنڤانسێونی جۆراوجۆرمان لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەن کە هەموویان پێکەوە بەشێکن لە یاسای نێونەتەوەیی و دەوڵەتەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر دابین و دەستەبەرکردنیان رێک کەوتون. لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی زۆر دامەزراوە ی نێونەتەوەیی بۆ پیادەکردن و بردنەپێش و چاودێری چۆنیەتی بەرێوەچونیان پێکهاتوون و دەستەڵاتی قانوونی و مەشروعیەتی نێونەتەوییان بۆ کار و ئیقداماتی پێویست هەیە. هەموو ئەوانەش پێکەوە مەسەلەی رێزگرتن و وەبەر چاوگرتن و برنەپێشی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤیان کردۆتە دسکۆرسی زەمانەو لە ئاستی دونیادا چاوەڕوانیەکی بەرینیان لەو پێوەندیەدا لە نێو گەلان و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا پێکهیناوە.

بەوجۆرە چوونەپێش و پەرەسەندنی مافەکانی مرۆڤ لەو ئاستە بەرینەدا، فەزا و ئەتمۆسفیرێکی ساسی ئەوتۆی خوڵقاندوە کە ئیدی ئێستا داخوازی بۆ پاراستن و دابین و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ و کەمایەتیەکان بۆتە بەشێکی ئەساسی لە ئەجێندای سیاسەت و دیسکۆرسی ساسەتی نێونەتەوەیی و لە پێوەنیەکانی نێوان دەوڵەتەکان و رێکخراوە دەوڵەتی و نێودەوڵەتیەکاندا. لەوەش ڕایەڵکەیەکی بەرین لە ئاستی نێونەتەوەییدا لە رێکخراوە غەیرە دەوڵەتیەکان بۆ دیفاع لە ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ پێک هاتوە کە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر وەزعی سیاسی دونیا هەیەو هییچ هێزو لایەنێک ناتوانێ حاشالە کاریگەریەکانی بکات و نەیبینێ.

بەتەواوبوونی شەڕی سارد لە سەرەتاکانی دەیەی ئاخری قەڕنی ڕابردوودا، کۆمەڵگای نێونەتەەیی لەو بارەوە هەنگاوێکی دیکەش بەرەو پێشەوە چوو. کۆتایی شەڕی سارد ئەو فەزایەی خوڵقاند کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەشێوەیەکی بەرین ئەو ڕاستیە قبووڵ بکات کە دابین بوونی دێموکڕاسی بە پێشمەرجی دابین و دەستەبەرکرانی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ بە حیساب دێت. (Carothers,Democracy and Human rights: policy allies or Rivals? 1994)

ئەو ئاڵوگۆڕانە بوون بە هۆی ئەوەی کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا دێموکراسی و مافی هەڵبژاردن و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی دا وەک شەرتی بنەڕەتی بۆ پیادە کردنی مافەکانی مرۆڤ بناسرێ. پرنسیپێک کە هەلومەرجی لەبار بۆ دابین کردنی مافەکانی مرۆڤ دەخولقێنێ و ئەو دەرفەتەش بە هاوولاتی دەدات تا بە شێوەیەکی پڕمانا لە پرۆسەی بڕیاردان و سیاسەت سازیدا بەشداربیت وبەو جۆرە نەخشی بەرچاو لە شکڵ پێدان و بەرزکردنەوەی کەیفیەتی ژیانی خۆی و کۆمەڵگادا بگێڕێ.( Frank, legitimacy and the Democratic entitlement, in G.Fox &B. Rothe, Democratic Law and international law 2000, also Fox “ The Right to political participation”)

ئەوەی لەوبارەوە لە پێوەندی دەگەڵ پەرەسەندنی مافەکانی مرۆڤدا زۆر گرنگە ئەو ڕاستیەیە کە ئێستا لە سەرتاسەری دونیادا تادێ ژمارەیەکی زۆرتر لە ئینسانەکان، دەستەو تاقمە ئینسانیەکان، کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان، کەمایەتیە میللی و مەزهەبی و زمانی و فەرهەنگیەکان، بەو قەناعەتە دەگەن و بڕوا بەوە پەیدادەکەن کە ئەوان خاوەنی هەندێک ماف و ئازادی بنەڕەتین کە بەشەریەت بۆ ئەوانی بەرەسمی ناسیون و ئەرکی سەرشانی دەوڵەتەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەییە کە بێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک ئەو ماف و ئازادیانە بۆ ئەوان دابین و دەستەبەربکات. جا ئەوە چ مافە مەدەنی و سیاسەکان بن، یا مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان یا ئەو مافانەی دیکە کە پێ یان دەگوترێ مافە دەستە جەمعیەکان یا نەوەی سێهەمی مافەکان. وەک ئاشتی، دێموکراسی، ژینگەیەکی خاوێن، مافی نەتەوەکان بۆ دیاری کردنی چارەنوسی میللی خۆیان و هتد.

ئەو چاوەڕوانیەی کە بەوجۆرە لە ئاکامی پەرەسەندنی مافەکانی مرۆڤدا بەو ڕادە بەرینە لە نێو گەلان و میللەتاندا و لە ئاستی نێونەتەوەییدا هاتۆتە گۆرێ، بارودۆخێکی خوڵقاندوە کە ئیدی بۆ دەوڵەتەکان زۆر سەخت و دژوارە کە هەروا ئاسان هەبوون و لەگۆڕیدابوونی ئەو یاسایانە نادیدە بگرن یا حاشا یان لێبکەن. لەوەش زیاتر ئەو واقعیەتە رێگای بۆ وەبەرچاوگرتن و برنەپێش و دابین و دەستەبەرکردنی ئەو ماف و ئازادیانە لە ئاستی دونیادا خۆشتر کردوە. بەواتایەکی دیکە ئەوەی لەوبارەوە ئێمە خەریکە دەیبینین لە راستیدا بە شۆڕشی مافەکانی مرۆڤ بە حیساب دێت.

دەسکەوتەکان لەو پێوەندیەدا زۆرن، بەڵام دەبێت ئەو دەسکەوتانە باشتر و بە قودرەتێکی زۆرتروە بچەسپێنرێن و سەقامگیرتر بکرێن.

لەو پێوەندیەدا ئەو یاساو قانوونانەی کە بۆ دابین و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ پێویستن، ئێستا لە ئاستی نێونەتەوەیی دا بەشکڵی پەیماننامە و کۆنڤانسێون هەن و لە قانوونی نێونەتەوەیدا جێی خۆیان گرتووە . ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە چ لە ئاستی نێونەتەوەیی دا و چ لە ئاستی میللی وڵاتە جۆراو جۆرەکاندا، ئەو دادگا و دامەزراوە قەزاییانەی کە دەبێت ئەو ماف و ئازادیانەی لەو پەیماننامانەدا بەرەسمی ناسراون پیادەبکەن و بەرنەپێش، هێشتا لاوازن.(Buergenthal, the Evolving International Human rights System,2006)

کەواتە ئەرکی هەرە گەورە ئێستا ئەوەیە کە مرۆڤایەتی بە گشتی و بزووتنەوەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی تێکۆشین ددان بدەینە یاسای نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ. ئەوەش لە رێگای بەهێزکردن و قودرەت بەخشین بەو میکانیزم و سازوکارانەوە دەکرێ کە لە ئاستی نێونەتەوەیدا بۆ پیادەکردن و چاوەدێریکردن بەسەر بەڕێوە چوونی ئەو پەیماننامە و کۆنڤانسێۆنە نێونەتەوەییانەدا، دامەزروان کە ئەرکیان بریتیە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو کەس. بەجۆرێک کە لە هەموو گۆشەوکەنارەکانی دونیادا پیادە بکرێن.

پێوستە لێرەدا ئەوەش بڵێین کە چونەپێش و پیادەبوونی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ لە هەندێک شوێنی دونیادا دەگەڵ گیروگرفتی گەورە بەرەو ڕوووە. هەژاری و نەداری لە رادەبەدەر، بێسەوادی و نەخوێندەواری، گەندەڵی سیاسی و ئابووری، سەرکوت و جیاوازی دانان و هەڵاواردنی جۆراوجۆر کە ڵە ڕادەیەکی بەریندا بەسەر گەلان و چین وتوویژەکانی خەڵکدا سەپێنراوە. هەموو ئەوانە لە زۆر شوین وێکڕا دەستیان وێکداوە و هەلومەرجێکیان خوڵقاندوە کە نایەڵن خەڵک کەڵک لەو ماف و ئازادیانە وەرگرن کە یاسای نێونەتەوەیی مافەکانی مرؤڤ بۆئەوانی بەرەسمی ناسیون. دەبێ ئەو راستیە قبووڵ بکەین کە ئەو گیروگرفتانە، ئەو کەندوکۆسپانە تەنیا لە رێگای یاسا و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤەوە چارەسەر و ریشەکێش ناکرێن.

چارەسەری ئەو گیروگرفتانە و تەختکردنی ئەو کەندوکۆسپانە پێویستی بە هاوکاری و هاوپێوەندیی نێونەتەوەیی و بەرێوبردن و پیادەکردنی پلان و بەرنامە جۆراوجۆرەکانی پەرەسەندنی هەموولایەنە هەیە. بە جۆرێک کە پێداویستیەکانی هەر کام لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان بە شێوەیەکی تایبەتی وەبەرچاو بگیرێ. گرنگترینی ئەو بەرنامانە بریتین لە یارمەتیە ئابووریەکان بۆ ریشەکێشکردنی هەژاری، بردنەپێشی پرۆگرامەکانی لەنێوبردنی نەخوێندەواری، دامەزراندنی بنکەو بنیاتەکانی لەشساخی و بیهداشت و دەرمان، پەرەپێدانی دێموکراسی و کولتوری مافەکانی مرۆڤ. پەرەپێدانی تۆلێرانسە لە پێوەندیەکانی نێوان ئینسانەکان و لە پێوەندیەکانی نێوان دەستەوتاقمە ئینسانی و کۆروکۆمەلە ئیتنیکی و مەزهەبیەکاندا. لە هەمووی گرنگتر دامەزراندنی کۆروکۆمەڵ و رێکخراوی جۆراوجۆر لە ئاستی ناوچەیی و محەللی دا بۆ دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ و بردنەپێشی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکان بە هەنگاوێکی گەورەی خەبات لە پێناو جێبەجێ کردنی مافەکانی مرۆڤدا بە حیساب دێت.

خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و باقی حیزب و رێکخراوەکانی دیکەی کوردستان،لەئاستی کۆمەڵگای کوردستاندا، بۆ دابین کردنی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، باشترین و گونجاوترین هەوڵ و تێکۆشانە کە لە ئاستی کوردستان و ئێراندا بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بەرێوە دەچێ. هەربۆیە کار و تێکۆشان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بنەرەتڕا، کارو تێکۆشانە بۆ پیادەکردنی ئەو ماف و ئازادیانەی کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ خەڵکی کوردستانی ، وەک بەشێک لە کۆمەڵگای ئینسانی، بەڕەسمی ناسیون.

ئیبڕاهیم لاجانی

٢٣ژانۆیەی ٢٠١٩

ئۆسلۆ

نویترین هەواڵ و بابەت