"an independent online kurdish website

ستڕاتیژی نوێی ئەمریکا  ئەوەیە کە بەجۆرێك لە جۆرەکان لە ڕێگای پێك هێنانی هاوپەیمانەتیەکی بەهێزدا، نفووز و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و بازرگانی خۆی بەسەر ناوچەکەدا فەڕزبکاتەوە


 و هەر بۆیەش شالیاری هەندەرانی ئەو وڵاتە ” مایك پۆمپیۆ” لە زنجیرە سەردانێکی خێردا، توانی چاوی بە گەورە بەرپرسانی کۆمەڵێك وڵاتی دژبەری  ئێران بکەوێ سەبارەت بە  پلانی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەو بارەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕایانکردوە سەبارەت بە کۆی رووداو  و پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان .  

ڕێژیمی ئاخوندی  ئێران هەتا دێت زیاتر دەکەوێتە ژێر فشاری ئەمریکا و ئامانجی ستڕاتیژی سیاسەتی نوێی ئەو وڵاتەیش کە تێیدا باس لە پلانی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەمرٶدا، وەك بابەتێکی گرینگ هاتۆتەگۆڕێ و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی پێك هێنانی هاوپەیمانەتیەکی بەهێز لە گەڵ ئەو دەوڵەتانە دەدرێت کە لە سەر ئاستی ناوچەیدا خۆیان بەدژ بەری حکوومەتی تاران و بە هێزبوونی دەزانن.

پلانی سەقاسگیرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەك بژاردەیەکی  تازە لە لایەن کۆشکی سپییەوە هێناوەتە ئاراوە هەتا لەو رێگایەوە گوشاری ناوچەی بەهێز لەسەر دەوڵەتی ئێران دروستبکرێ و دەرفەتی ئەوەی پێنەدرێت خۆیان لەژێرکاریگەری گەمارۆی ئابووری و بازرگانیەکاندا ڕێکبخاتەوە و بە نێو دەرگای تری وڵاتانی هەڕێمایەتیدا خۆیان لە بارگرژی و ئاڵۆزییەکان ڕزگاربکەن و کاریگەری کۆی فشارە نێو خۆی و دەرەکیەکان لەسەر خۆیان و دەسەڵاتەکەیان  بەرەوکەمڕەنگبوونەوە بەرن.

بێگوومان ئامانج فشارخستنە سەر حکوومەتی ناوەندی ئێران  بەدوایی کۆمەڵێك وەرچەرخانی نوێدا دێتە ئاراوە و ئەگەرەکانی لادانی حکوومەتی ئاخوندی گەلێك بەهێزن و کۆبوونەوەی دژبەرانی ئەو وڵاتەش کە لە “لەهێستان” خەریکە بەڕێوە دەچیت هەر لەو چوار جێوەیەدا خۆی دەنوێنێت. بەرەیی تازەی دژی ئێران بەو نەتئجەیە گەیشتووون کە هەتا ڕێژیمی ئێران حوکمی وڵات بکات، ئەو ناوچەیە هەرگیز ئاسایش و ئاستی بەخۆیەوە نابینێت.

کەوابوو بژاردەی ڕوخاندنی ئەو حکوومەتە گەڵێك بەهێزە و هێرشە سەربازییەکانی حکوومەتی ئیسرایل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی تاران لە سووریە و هەتا عێراقیشدا بەشێوەیەکی بەربڵاوتر دەردەکەوێت. بێگوومان ئەو ئەو روواوانە بەتەواوی ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە ئەو دوو وڵاتە لە قۆناخی شەرێکی قورسی ڕانەگەیاندراودان و ئەو لایەنەش کە زەرەرمەند و دۆڕی مەیدانەکەیە، سیاسەتی شەرانگێزی و فرواوانخوازی ئاخوندەکانە.

ئێران بۆتە مەترسیەکی فرە جدی و بەهەمووسێوەیەك بۆ پەکخستن و لاوازکردنی ئەو ڕێژیمە هاوکاری گەورەی هاوپەیمەنی نوێ لە ئارادایە و  و ئەو بابەتەش بەدلنیایەوە کاریگەری خۆی لەسەر هاوپەیمانەتیە سێ قۆڵییەکەی  مسکۆ و تاران و ئانکارا دەبێت و دیار نیە ئەو دوو وڵاتەی تر هەتا کوێ خۆیان بە دۆستی ئێران دەزانن.

  کۆمەڵگای نیونەتەوەیی  بەجۆرێك لەسەر حکوومەتی تاران بیروڕایان گۆڕاوە کە وەك دەسەڵاتی ملهوڕ و مەترسیدار تەماشای دەکەن و لایەنگری لادانی ئەو وڵاتەدەکەن و زۆربەیان لەو بڕوایەدان کە وەختێك ئەو ئاشاتیە لە سەرئاستی ناوچەیدا بەباشی بەدی دێت کە ڕێژیمی تاران دەسەڵاتی بەتەواوی لاوازبووبێت یانیش بەتەواوی تێك ڕمابێ، ئەگینا ئەو ناوچەی  لە ژێر هەژموونی ئەو وڵاتەدایە هەرگیز ئارامی و ئاسوودەی بەخۆیەوە نابینێت.  

جگە لە حکوومەتی ئاخوندی، دەوڵەتێکی ئەتۆنیە بەڕادەیی ئەو وڵاتە ببێتە هۆکاری ناسەقامگیری و بارگرژی هەتا لە سەر ئاستی گیتیشدا، کەوابوو ڕۆژئاوا لە نیەتی تاران گەیشتووە و لەو ڕێگایەوە نەبێت ئەو دەسەلاتە سەرەڕۆیە لەغاوناکرێت.

 دیارە  رووخان یان لاوازکردنی حکوومەتی ئێران بە تەنیا ناتوانێت ئاشتی و ئۆقرەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لێبەرهەمبێت، چوونکی وەختێك لە ڕۆژهەڵاتی گەورەدا ئاشتی و سەقامگیری سیاسی و نەتەوایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەتەواوی جێگیردەبێت کە مەسەلەی گەلی کورد وەك بابەتێکی بەرچاوی هەنووکەی تەماشابکرێ و وڵاتانی وەك ئێران و تورکیە و سووریە و عیراقیش تاڕادەیەك، دەبێت ڕوانینی خۆیان سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو پرسە گرینگ و مێژوویە بگۆڕن.

بەکردەوە دەرکەوتووە کە بە هێز و سیاسەتی هەڵاوارن و لە نێوبردن، کێشەی کوردیان بۆ بنەبڕ ناکرێ  و بەڵکوو پێویستە زۆر جەوهەریانە و بەنیەتی خێر  تەماشای  ئەو ئەو پرسە سیاسی و نەتەوایەتیە بکرێت و کورد و ئەو دەوڵەتانە بە رێگای دانیشتن  و وتووێژدا دەتوانن لە سەر کۆی ناکۆکیەکان بە ئاکام بگەن کە بیان هەوێت.

یەکیەتی سیاسی و نەتەوایەتی لە هەلومەرجێکی وەك ئەمڕۆدا، بێگوومان زەروورەتێکی گرینگ و مێژوویە و ئەگەر کورد خاوەنی کۆدەنگی  سیاسی کە بەرئەنجامی ڕێککەوتن و پێکەوەکارکردنی هێزەکانی کوردستان دروست بێت، لە داهاتووشدا ئەو شانسەی هەیە کە  یەکێك لە هاوپەیمانە بە هێزەکانی ئەمریکا لە سەر ئاستی ناوچەیدا بێنێتەوە و پێگەی کورد و بزووتنەوەکەی  بە هێزتریش لەوەی  دەبێت کە لە ئێستادا خاوەنیەتی. کەوابوو هاوپەیمانی و ڕوانینی جەوهەریانەی ڕێبەری سیاسی کوردستان سەبارەت بە کۆی رووداو و پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان، زۆر گرینگە کە لەو پەیوەندییەدا هێڵەگشتیەکانی بەرژەوەندی سیاسی گەلی کوردی بە تەواوی تێدا ڕەچاو کرابێ و هەستی هاوکاری و پێکەوەکارکردنی دەرفەتی باشتری بۆ برەخسێت.  

 ئەزموونی مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری نەتەوەیی ئەو ڕاستیەی سەلماندوە کە ئەگەر کورد وەك نەتەوەیەك و بە بێ هەبوونی ستڕاتیژی سیاسی و ڕوانینێکی تازە لە بارەی ئەگەری ئاڵۆگۆڕەکان ،  خۆی لە قەیرانی ناکۆکیە نێوخۆیەکان ڕزگار نەکات و هەردەم دژی خۆی بجووڵێتەوە، ئەو دەرفەتەشی لە کیسدەچێت کە گۆڕانکاریەکانی ناوچەی لە بەرژەوەندی پرسی کوردا دەیهێنێتە ئاراوە.

ئەگەر هاتبا و ئەو وڵاتانە ڕێگای تریان هەڵبژاردبا سەبارەت بە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد، لە جیاتی  توندووتیژی سیاسی و سەربازی لە نێو وڵاتەکانیاندا، بەدڵنیایەوە لە نێوان داگیرکەران و گەلی کورددا ئاشتی کۆمەڵایەتی باشتر خۆی دەخەمڵاند و هەستی دەمارگرژی و تٶڵەکردنەوە زۆر کز و لاواز دەبوو!!

تێگەیشتنی ئەو وڵاتانە بەداخەوە هەتا ئەمرۆش ئەوەیە کە وەك مەسەلەیەکی پچووکی نێوخۆی  و لاوەکی سەیری  کێشەی سیاسی و مافی نەتەوایەتی گەلی دەکەن و بەژێری هەنگاوی چارەسەرکردنیان بۆ نەناوە و هەروا بەرەقی دژایەتی لە گەڵ دەکەن کە ئەو کردارەش بە دڵنیایەوە زیانی گەورە بە سەقامگیری سیاسی وڵاتانی وەك ئێران و تورکیە و سووریە و عێراق  گەیاندوە و زیانەکان لەوەیش زیاتر دەبن ئەگەر بێت گەلی  کورد وەك نەتەوەیەکی جیا لە خۆیان تەماشانەکەن و مافی سیاسی نەسەلمێنن.

گەلی کورد وەك گەلێك کە وڵاتەکەی پاش داگیرکران، بەسەر چوار وڵاتدا لەکێندراوە و ئەو روتە شۆڤێنیە بەداخەوە بەدژی کورد هەر درێژەی هەیە و،  بێ گوێدانە خواستی خەڵکی کوردستان ئەو دابەشکارییە ئەنجامدراوە و ئێستاش کورد لەو شۆڕش و بەرخۆدانە مێژوویە کە دەستیپێکردوە، بێگوومان کۆی  شۆڕشەکان  لە پێناوی ڕزگاری  سیاسی و نیشتیمانی و دەوڵەتی نەتەوەیدا بووە و ئەو خەباتەش هەتا بەئاکام دەگات ئیدامەی دەبێ و هەستی سەربەخۆیخوازیش زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو لە نێو کورددا گەشە دەکات.  

چاوەڕوانیش ناکرێت  باروودۆخەکە بەو زوویانە بەرەو باشتربوون بچێت و ئەو وڵاتانە دەرگای دیالۆگ و پێکەوەدانیشتن لە گەڵ گەلی کورددا ،وەك بژاردەیەكیەکی ئاقڵانی سیاسی  ڕەچاو بکەن و دەرگا داخراوەکان بۆ ئەو مەبەستە بخەنە سەر گازی پشت.

ئەگەر تۆزێك بەوردی سەرنج بخەینە سەر کۆی ئاڵوگۆرە سیاسی و سەربازییە هەرێمایەتیەکان، دەبینین کە ئەو وڵاتانەی زیاتر لە نەتەویەکیان تێدادەژیت، زەمینەی پەرەگرتنی   ئالۆزی و ناکۆکیەکان خێراتر و بەرفراوانتر دەردەکەوێت، وەك نموونەیش دەکرێ ئاماژە بە رووداوەکانی عێراق و حکوومەتی سووریە بدەین.

کورد لەو دوو وڵاتەدا زۆر بەخێرایی  خۆیان ڕێکخست و توانیان زۆربەی خاکی کوردستان لە چەنگی داگیرکەران ڕزگاربکەن و حکوومەتێکی دێمٶکراتیك و گەلی تێدا دابمەزرێنن  کە لەسەر ئاستی گێتی بۆتە نموونەی ئاشتی و پێکەوە ژیان.

 بارودۆخی گەلی کورد لە ڕۆژئاواشدا خەریکە بەرەو سەقامگیری و ئارامی دەچێت و ناوچەی ئارام کە تێیدا دابینکردنی ئاسوودەی و ئاسایشە و لەو ڕێگایەوە پشتێندەیەکی ئەمینی سنووری بۆ پاراستنی کوردەکان بێتەوە ئاراوە و ئیدی ئەو جار  دەوڵەتەکانی وەك سووریە و تورکیە چیتر ناتونن کەی دڵیان خواستی هێرش بکانە سەر کورد بەمەبستی  لە نێوبردنی ئەزموونەکەیان.

 هەتا ئەو ڕۆژەی  وەك مرۆڤی پلە دوو لە لایەن فارس و تورك و عەرەب تەماشای کورد بکرێ و لە زێدی خۆی و لەسەر خاکی خۆیدا، بەئاسوودەی ناژێت و مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی پایەماڵبکرێ، خەڵکی کوردستان جگە لە  خۆڕاگری و بەرخۆدانی نەتەوەیی شتێکی تر نیە پەنای بۆببات. گەلی کورد شەر بۆ شەڕ و داگیرکاریناکت، بەڵکوو ئامانج لە جووڵانەوەکانی کورد، بەگشتی لە پێناوی وەدی هێنانی ئامانجەکانیدا بووە کە ڕزگاری سیاسی و نیشتیمانیە.

 لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و بەتایبەتیش  بەدوای رووداوەسیاسی و سەربازییەکانی عێراق و سووریە، پرسی کورد بۆتە بابەتێکی گرینگ و، وەك میحوەری  ناکۆکی زلهێزەکان دەرکەوتووە و بەشێك لە وڵاتەکان کە بەرژەوەدندیان لە گەڵ بەهێزبوونی پرسی سیاسی گەلی کورددا هەیە پێگ دەگەیەنێت و دەبنە هاوپەیمان و دۆستی یەکدی و،  هێندێکشیان لێك دوور دەکەونەوە و کێشەیان لە نێواندا سەری هەڵداوە.

سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە بارەی قەیرانی سووریە و فشارخستنەسەر ڕێژیمی تاران و هەوڵدان بۆ لەمەیداندەرکردن و بەچۆك داهێنانی ئەو وڵاتە کە خۆی بە خاوەنداری ناوچەی دەزانێ و، لە ڕاستیشدا  دژی هەر جۆرە جمووجۆڵێکی سیاسی و سەربازی ئەمریکا و ئیسرایل دژکردەوە لە خۆی نیشاندەدات و لە نێوخۆشدا بە توندترین شێوە سەرکوتی گەلانی وڵات و یەك لەوانیش خەڵکی کوردستان دەکات. 

سیاسەتی شەرخوازانەی حکوومەتی ئێران ئەو وڵاتەی بەرەو دۆخیکی ئەوتۆ نالەباربردوە کە لەسایەی ئەو ڕێژیمەدا ژیانی ئابووری و کۆمەڵاتی بەتەواوی بەسەریەكدا ڕوخاوە و حوکمڕانی ستەمکارانەش  ژیانی ئەوەندەی تر لە خەڵك تاڵکردوە. 

بەڵام حکوومەتی تورکیە سەرباری ئەوەی ناکۆکی گەورەی لە گەڵ کۆشکی سپی لە سەر پرسی سووریە و کورد دا هەیە، دژایەتی سیاسەتی ئەو وڵاتە بەزەقی ناکات. چوونکی ئانکارا لەو ڕاستیە گەیشتووە کە ئەگەر بە تەواویش بە لای مسکۆدا بکەوێت، لە رووی ئابووری و سەربازییەوە زیانی گەورەی بەردەکەوێت و ئەمریکا وەك هاوپەیمانێکی جێگای باوەڕ دەڕوانێتە کورد، کە ئەو خاڵەش حکوومەتی تورکیەی  لە ڕادەبەدەر بێزار و هەراسانکردوە.

 بەشێکی بەرچاو لە دەوڵەتە بەهێز و دراوسێیی و  ناوچەیی پێکەوە سازاون  و هاوکاریان پێکەوە هەیە، بەڵام بنەمای ئەو لێک نزیکبوونەوەیەیی وڵاتانێکی وەك ئێران و تورکیە بە هەر هۆکار و شکڵێك هەبێت زیاتر دۆستایەتیەکی  تاکتیکی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کورت ماوە دامەزراوە و هەربۆیەش ئەگەری لێك تۆران و دوورکەوتنەوەیان زۆرە. چوونکی ئەو دۆستایەتیان تەنیا لە بەرخاتری دژایەتی گەلی کوردە و ئەگەر ئاڵۆگۆڕەکان بە مەیلی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڕواتە بەرەوە، ڕاستەوخۆ شوێنی لە سەر لێك دوور کەوتنەوەی تاران و ئانکارا دەبێت.  

 ئەو وڵاتانە بەدرێژایی مێژووی دوورو درێژیان دژایەتی گەورەیان لە گەڵ یەکدیدا هەبووە. بەڵام ئەمڕۆ قەیرانی سووریە و زەقبوونەوەی بەرچاوی پرسی کورد وەك نەتەوەیەکی گەورە و کاریگەری ناوچەیی، لانیکەم وڵاتانی داگیرکەری کوردستانی بەیەك گەیاندوە و یەکدی لە باوەش دەگرن. دیارە ئەو دۆستایەتی و لێک نزیکبوونەوانە، ناکرێت جێگای ڕوانینی ورد و ژیرانە نەبێت. لە کات و دەرفەتی ئەوتۆدا لازمە کورد وەك گەلێکی ئەو ناوچەیە، هێز و نفوزی خۆی بکاتە یەك و هێڵێکی ستڕاتیژی سیاسی و نەتەوەیی نوێ دابڕێژێت. کارێك بکات کە زیان بەو دۆستایەتیان بگەیەنێت.

حکوومەتی  تورکیە و ئێران دوو وڵاتی بەهێزی ناوچەین کە زۆر بەجدی دژی کورد و مافی ئەو گەلەن و هەر لەو پەیوەندیەشدا زۆر بەباشی پێکەوە هاوکاری و هەماهەنگیان هەیە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە  تاران و ئانکارا هەتا سەر ئێسقان دژی هەژموونی یەکدی دەکەن لە سەر ئاستی ناوچەیدا.  لە ئێستادا پرسی کورد و بەرۆژەڤ بوونی  لە سەر ئاستی ناوچەیی و گێتیدا، ئەو دوو وڵاتەی بەیەك گەیاندوە و لە زۆر بواری جیاجیادا بە دژی ئەو بابەتە پێکەوە کاردەکەن و لە هەر جێگایەكدا هەست بە بەرەوپیشچوونی مەسەلەی کورد بکەن و  لەسەر ئاستی ڕێککەتن و کۆبوونەوە جیهانیەکاندا، خاڵێك بە قازانجی کورد تۆماربکرێ.  ئەو دوو دەوڵەتە  بە زەقی  و دیاریکراوی بەدژی هەڵوست  دەردەبڕن و دژایەتی دەکەن.

ئەگەر مەسەلەی کورد نەبوایە هەگیز رەجەب تەیب ئەردۆغان بەوگەرمیەوە خۆی لە باوەشی پۆتین سەرکۆماری رووسیە نەدەهاویشت  و حکوومەتی ئێرانی وەك دۆست و هاوپەیمانی خۆی  سەیر نەدەکرد!  چوونکی حکوومەتی رووسیە لەکاتی کەوتنەخواری فرۆکە شەڕ کەرەکەیاندا گەورەترین سووکایەتیان بە ئەردۆغان و حکوومەت و تورکیەکرد.

ئاڵوگۆڕەکان لە ئێستادا بە جۆرێکن کە خەریکە کارتەکان لە بەرژەوەندی پرسی سیاسی کورددا بگٶڕێن و ململانەکان پێیان ناوتە قۆناخێکی هەستیار و هەرکەس بە دوایی یارگیری و هاوپەیمانی خۆیدا دەگەڕیت.  نزیكبوونەوەی حکوومەتی تورکیە بەوڕادەیە لە مسکۆ و دوور کەوتنەوەی لە ئەمریکا ڕاستەوخۆ پەیوندی بەپرسی کورد داهەیە.

هێرشە ئەسمانیەکانی ئیسرایل بۆ سەر هێزە ئێرانیەکان لە سووریە و خەریکە درێژدەبێتەوە بۆ عێراقیش ،  بێدەسەڵاتی تارانی  بەتەواوی دەرخستووە و هەتا ئەمڕۆش مسکۆ چاوی داخستووە و تەنانەت قسەیەك  کردەوەیەکیان لەو بارەیە ڕانەگەیاندوە.

محەممەد سلێمانی

26.01.2019

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی