"an independent online kurdish website

بە شێوەی ڕەسمی تەنیا دوو ساڵ۱۳٦٦-٫۱۳٦۸ فیلمهەڵگری کۆمیتەی شارستانی سەردەشت بووم، بەڵام هەر کە فیلمهەڵگر لەوێ نەدەبوو دووربینەکە دەگەڕایەوە لای من.


لە کاتی بەڕێوەچوونی عەمەلیاتێکدا کادرەکانی تەشکیلاتیش وەک باقی پێشمەرگەکان بەشدار دەبوون و هەر کەس شتێکی پێ دەسپێردرا، کە بەشی من دەبۆوە بە فیلمهەڵگرتن.

بەمجۆرە دۆستایەتی نێوان من و دووربین درێژەی هەبوو، تا دواین فیلمم لە ساڵی ۱۳۷۳ دا هەڵگرت، کە فیلمی عەمەلیاتی پێشمەرگە نەبوو، بەڵکو فیلمێک لە قەڵت و بڕی کاروانچیەکانی سەرسنور بوو. ساڵەکانی ۱۳٦۷-۱۳۷٤، بۆ هاتووچۆی پێشمەرگە بۆ دەربازبوون لە سنورەکان زۆر ناخۆش بوون. جار هەبووە، سێ ڕۆژ هەوڵی دەربازبوون لە سنور دەدرا و بەشی تەخریب هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخستە گەڕ تا پێشمەرگەکان بتوانن دەربازی نێو خۆی وڵات بن، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام دەبوون. ساڵی ۱۳۷۳، لە کاتی پوچەڵکردنەوەی مین بۆ دەربازکردنی پێشمەرگەکاندا، یەکێک لە ئەندامانی بەشی تەخریب بە نێوی “م. س” لاقی پەڕی.

سەرەڕای بوونی هێزێکی زۆری دوژمن لە ناوچەدا، بە تایبەت سەر سنورەکان، بەڵام نەیاندەتوانی پێش بە جموجۆڵی پێشمەرگە بگرن. حکومەت بۆ پێشگیری لە هاتووچۆی پێشمەرگە لە بیری مین ڕێژ کردنی هەموو سنورەکان کەوتبوو. پێشتریش زۆر شوێنی لە سنورەکان مینڕێژ کردبوو، بەڵام ئەو پرۆسەیە بە هاتنی تیپی “مدینەی منورە” ی سپا بۆ ناوچەی سەردەشت گەیشتبۆ ئەوپەڕی خۆی. ئەوان سەرەڕای مین ڕێژکردنی سنورەکان، هەموو شەوێش تا بەیانی گەشتیان هەبوو. ژمارەیەکی زۆری خەڵکی گوندەکانی سەر سنور بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک ناچار بوون بە نێو ئەو مەیدانە میینانەدا تێپەڕ بن. زۆر کەسیش وەسەر مین دەپەڕین، دەکوژران یان کەمئەندام دەبوون. لەو جێگایانەی کە هێشتا دەرفەتەتێک بۆ تێپەڕبوونی وڵاغی باری هەبوو، ئەوانیش دەکەوتنە نێو مەیدانی مینەوە وڵاغی کاروانچیەکان تێدا دەچوون. بە هەر شوێنێکدا تێدەپەڕی کەمتر وابوو، لاشەی وڵاخێکی کوژراو بە مین نەکەوتبێ و بۆنەکەی ئەو ناوەی دانەگرتبێت. ئاستەمترین شوێنەکانیش کە ڕێگای کۆڵبەرەکان بوو، قوربانی خۆیان دەگرت.

بۆ زاڵبوون بە سەر ئەو کێشەیەدا پێشمەرگەش دەستەوستان دانەدەنیشت. پەروەردەکردنی تیمی تەخریبی بە ئەزمون لە کارە لە پێشینەکانی حیزب بوو. ئەو تیمانە زیاتر لە پێشمەرگەکانی دیکە گیانیان لە خەتەر دابوو. یەکێک لەو کەسانە کە زۆر لە کارەکەیدا شارەزا بوو شەهید “قادر مەمۆ” بوو. پەلی تەخریب سەرەڕای خزمەتێکی زۆر بە هێزی گیاڕەنگ، ببوونە پێشڕەو بۆ هێنان و بردنی پێشمەرگەی هێزەکانی دیکەی حیزبیش. قادر، بە هۆی شارەزایی زۆر لە کارەکەیدا بە سەرپەلی پەلی تەخریبیش دیاریکرابوو. بە داخەوە، ڕۆژی ۱۳ی ڕەزبەری ۱۳۷٤ لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی حیزبیدا، لە دووئاوێ دۆڵەتوێ شەهید بوو.

بە داخەوە تیمێکی سێ کەسی دیکە لەو پەلە بە ناوەکانی “حەسەن موتتەفقی ئەدیب” ناسراو بە حەسەن چاپەز، “ساڵح محەمەد پەنا” ناسراو بە ساڵح قەلەڕەشی و “قادر حوسێن زادە”ْ ناسراو بە قادر میراوەیی، لە ڕێکەوتی ۱٦/۸/۱۳۷٦ لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکی خۆیاندا شەهید بوون. شەهید قادر کەسێکی بە توانا لە بواری شانۆ دابوو.

پاییزی ساڵی۱۳۷۳، بنکەی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت لە “دێگەڵە”، لە نێوان کۆیە و هەولێر بوو. لە سکرتاریای حیزب ڕا داوایان کردبوو فیلمێکی بەڵگەنامەییان لە سەر وەزعی سنورەکانی ناوچەی سەردەشت و ژیانی خەڵک بۆ ئامادە بکرێت. لە کۆمیتەی شارستان ڕا ئەرکەکە بە من سپێردرا. لە گەڵ سێ پێشمەرگەی شارەزا لە ناوچەدا، یەک لەوان شەهید قادر مەمۆ، وەڕێکەوتین. دەبووایە زۆر بە نهێنی بجوڵێینەوە تا هێزەکانی ڕێژیم هەست بە هاتنمان نەکەن. بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبین، زۆربەی ڕێگاکەمان بە شەو بڕی. تەنانەت کامێڕاکەشمان بە جۆرێک هەڵگرتبوو، کە هیچ کەس شک نەکات ئێمە بۆ لەو ناوچەیەدا دەگەڕێین و چمان دەوێ. هەموو ئەو شوێنانەی کە ئێمە دەمانەویست فیلم لە مەیدانی مین و تێلدڕوو هەڵگرین لە ژێر چاوەدێری مۆڵگەکانی زاڵ بە سەر ڕێگاکاندا بوو.

درەنگانی پاییزیش دارودەوەن هەموو ڕووتابوونەوە و خۆ حەشاردان لە نێو لێڕەواردا ئاستەم بوو. بەشی پۆوچەڵکردنەوەی مین پێویست بوو پێش تاریک داهاتنی هەوا کاری خۆیان جێبەجێ بکردایە. ڕووناکی ڕۆژ بۆ هەڵگرتنەوەی فیلمێکی باشیش پێوێیست بوو. بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دوو هۆکارە ئێمە دەبووایە لانیکەم چەند سەعاتێک بەر لە ڕۆژئاوا بوون لە شوێنی مەبەست بین.

ڕۆژێک کە دەبووایە ئەرکەکەمان جێبەجێ بکەین لە نیزیک ئەو شوێنە ماینەوە و ئەو ناوەمان لە ژێر چاوەدێری خۆمان گرت. چەند کاتژمێرێک بەر لە ڕۆژئاوابوون، بەرەو شوێنی مەبەست وەڕێکەوتین. ئاسمان نیوە هەوری بوو و جارجار کە هەور بەری خۆری دەگرت ئێمە دەمانتوانی زیاتر لە شوێنەکە نیزیک ببینەوە. دیارە شوێنی دیکە لەو ناوچەیە هەبوو کە ئێمە دەمانتوانی تەنانەت بە وێدا لە سنوریش دەرباز بین، بەڵام مەبەستی ئێمە فیلم هەڵگرتن لە مەیدانی مینی چێندراو، مینی تەقیو و تێلدڕو لە سەر ڕێگای هاتووچۆی کاروانچیەکان بوو. شوێنی مەبەست چەند سەد میترێک لە مۆڵگەیەکی ئەو ناوە دوور بوو، بەڵام تا ڕادەیەک لە مۆڵگەکەڕا نەدیو بوو.

شەهید قادر و یەکێکی دیکە لە پێشمەرگەکان لە پێشوەی ئێمە دەڕۆیشتن و مینە نەفەریەکانیان پوچەڵ دەکردنەوە و من فیلمم لێ هەڵدەگرتن. دەبووایە ڕێگایەکی باریک بکەنەوە، تا هێزەکانی ڕێژیم هەست بە هەڵگیرانەوەی مینەکان نەکەن. هێشتا ڕیزی پێشەوەی مینی چێندراو هەڵگیرابۆوە. کارێکی ورد و پڕ خەتەر. دەڵێن لە کاری تەخریب دا “چوکترین هەڵە گەورەترین هەڵەیە”، واتە تۆ بە هەڵە دەست لە چاشنیەک بدەی تازە ئەوەی ناتەوێ ڕوویداوە. یەک چرکە بیرت لای خۆت نەبێ، کارت تەواوە. تەقینەوەی هەر مینێکیش لەو ناوە دەکرا ببێتە هۆی تۆپ و خۆمپارە باران کردنی ئەو ناوەش، بە تایبەت ئەگەر تەقینەوەکان لە ماوەی ڕۆژیش دا بایە، کە زۆرتر شک بۆ پێشمەرگە دەچوو. بۆ ئەوەی هێزەکانی ڕێژیم هەست بە هەڵگیرانەوەی مینەکان نەکەن، دەستەی تەخریب مینە نەفەرییەکانیان بە وشیاری هەڵدەگرتن و دوای دەرهێنانی چاشنی تەقینەوەیان دووبارە لە جێگای خۆیان دایان دەنانەوە. ئەوەش دووبارە بۆ کاتی گەڕانەوەی تەنانەت پێشمەرگەکان خۆشیان خەتەر بوو. لە بیرچوونی یەکێک لەو مینانە بێ دەستکاری، کارەساتی بەدوادا بوو.

دوای تێپەڕکردنی ڕیزی یەکەمی مین، گەیشتینە دەورووبەری ئەو ڕێگایەی کە دەمانەویست. ڕێگای “دووئاوێ دۆڵەتوێ” هەمووی بە مینی تەڵەیی تەندرابوو. قالبی بە تاڵی چەندان مینی تەقیو، مینی دەست لێ نەدراو لەو ناوەدا دەبیندران. ئەو مینە تەڵەییانە هەر یەکەیان ژمارەیەکی یەکجار زۆر ساچمەی بە ئەستوری پێنج میلیمتری تێدایە. بە پێچەوانەی مینەکانی دیکە کە لە جێی خۆیان دا دەتەقنتەوە، ئەو مینانە نیزیک بە ۹۰ تا ۱۰۰سانتیمیتر بڵیند دەبن و ئەوجار دەتەقنەوە، واتە کاریگەری تەقینەوەکان بۆ بەشی سەرەوەی لەشی نەفەرەکانە. لە هەموو ڕێگاکەدا ئاسەواری تەقینەوەی ئەو مینە تەڵەییانە دەبیندرا. هەر لە ئێسک و پروسکی چەند ساڵ لەمەوبەر تا خوێنی تازەی وڵاخی کاروانچیەکان دەبیندرا. تاتە بەردە سپیەکانی ئەو ڕێگایە بە خوێنی ئەسپ و هێستری کاروانچیەکان، ڕەش و سور هەڵگەڕابوون. دارودەوەنی شوێنی تەقینەوەکان هەر کام بە قەبارەی خۆیان ژمارەیەک ساچمەی مینە تەڵەییە تەقیوەکانیان بەر کەوتبوو. هێندێک لە دارەکان بە ڕادەیەک شپرزە بوون، کە زۆری نەدەبرد، ویشک دەبوون. هێشتا دەکرا بڵێن تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو مینانە ئەوەندە پاشماوەیان لە پاش خۆیان جێ هێشتبوو، تەقیبوونەوە، کە هەر بەردەوامیش بوو. ئەگەر ژمارەیەکی زۆرتر لەو مینانە، کە دوور لە چاوەڕوانی نەبوو بتەقیبانەوە، دەبووە هۆی کارەساتی زیاتر بۆ خەڵکی سنورەکان. دیار نەبوو پێی پەڕیوی چەند کەس دەبێ لەو ناوە کەوتبێ و بۆنیان تێکەڵ بە بۆنی لاشەی وڵاخی تۆپیو و گیانلەبەری دیکەی کێوی بووبێت. مینە تەڵەیی کراوەکان بە ئاسانی دەتەقینەوە. هەر چەند وەرزی گەرما بە سەر چووبوو، بەڵام بۆنی لە ڕادەبەدەر و دیتنی ئەو دیمەنە سامناکانە بۆ کاری فیلم هەڵگرتن بووبوونە ئاستەنگ، بەڵام لەو کاتانەدا پێویستە بە سەر هەستەکانتدا زاڵ بی تا بتوانی فیلمێکی باش هەڵگری. چوونکی ئەوە دەرفەتێک بوو هەڵکەوتنەوەی زۆر زەحمەت بوو.

هەر کەسێک ئەو دیمەنانەی دیتبایە یان دیتبێ، سەری لە ئاست ئەو هەموو چەرمەسەرییەی لە پێناو پەیداکردنی ناندا، تووشی خەڵکی سنورەکان دەبێت، سوڕ دەمێنێت. کاروانچی و کۆڵبەرەکان لە ژیانی خۆیان مایە دادەنێن، تا بتوانن نانێکی حەڵاڵ بۆ ماڵ و منداڵیان پەیدا بکەن. دیتنی ئەو مەیدانە مینانە، مرۆڤ دێنێتە سەر ئەو بڕوایە، کە هەموو کاروانچی و کۆڵبەرێک دەبێ هەمووجارێ ئەو ڕۆژە وەک دواین ڕۆژی ژیانی چاو لێبکات. ماڵ و منداڵیان، تا گەڕانەوەی کاروانچیەکان، دەبێ لە چاوەڕوانی گەڕانەۆەیاندا، ئەژنۆی خەم لە باوەش گرن. هەر چی دوعا و نزای پێیان شک دێ بیکەن، بەڵکو ئەو جاریش باب بۆ نان گیان نەدات و منداڵەکانی هێندەی دیکە نەکەونە هەژارییەوە و ژیانیان لەوە کە هەیە تاڵتر نەبێت. هەڵدەکەوێ کە بابی منداڵەکان لەو ڕێگایەدا تێداچووە و ئێستا دایکی منداڵەکان لە بەر نەداری پەنای بۆ ئەو کارە مەترسیدارە بردووە. ئەگەر ئەویش تێدا بچێت،ژیانی منداڵەکان لەوەش کە هەیە تاڵتر دەبێت.

نانی خەڵکی سەرسنور بەمجۆرە دەست دەکەوێ، بەڵام هەر کات میواننێک بە تایبەت پێشمەرگە ڕوو لە ماڵەکانیان دەکات، ڕوویان گەش و باوەشیان واڵایە، دڵیان بەو کاتە خۆشە کە پێشمەرگە دەچێتەوە ناویان و دەتوانن نانێک کە بە ئارەقەی نێوچاوانیان پەیدایان کردووە لە پێش میووان دابنێن.

لە سەر یەک فیلمێکی باش کە وابزانم ٤٥ دەقیقەیەک دەبوو، لە شوێنەکە هەڵمانگرتوو و بەرەو دەرەوەی مەیدانی مینەکان گەڕاینەوە. بە گەڕانەوەمان بۆ کۆمیتەی شارستان، فیلمەکەمان برد بۆ سکرتاریای حیزب.

درێژەی هەیە….

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی