"an independent online kurdish website

تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران


بۆ

هاونیشتمانیانی کوردستان،

خەڵکی ئازادیخواز و مافویستی ئێران،

گوێی بەردەنگانی لایەنگری مافی مرۆڤ لە جیهان،

لەماوەی نزیک بە چوار دەیەی رابردوودا، کۆماری ئێسلامیی حاکم لە تاران، ئەوەی تاوان و ستەم بووە بەنیسبەت خەڵکی ئێران و نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەت نەتەوەی کوردەوە بە بیریدا هاتووە، ئەنجامی داوە و بە سەدان هەزار کەسی لەم وڵاتە ئاوارە و ماڵوێران کردووە.

لە کوردستانیش جیا لە هەموو کردەوە دزێوەکانی دیکە و ئێعدام و ئەشکەنجە و کوشتاری ئاشکرا و بەنهێنی، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش دەستی داوەتە تیرۆر و بەتایبەتی تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسی لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی و خوازیاری ماف و ئازادی. لەو نێوەشدا وەک هەمیشە پشکی زۆری ئێعدام و تیرۆر بەر کورد کەوتووە و تێکۆشەرانی دێموکرات لە هەموو زیاتر کەوتوونە بەر ستەم و تاوانەکانی کۆماری سەرکوتکەری ئیسلامیی ئێران.

لە ماوەی پێشوودا چەند ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەوڵیان داوە کە لیستێکی تیرۆرکراوەکانی دەستی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکەن و بڵاو بکرێتەوە کە وەکوو بەڵگەیەکی مێژووی لە کردەوە دزێوەکانی کۆماری ئیسلامی بکەوێتە بەر دیدی لایەنگرانی ئازادیی ئینسان.

سەبارەت بەو لیستە کە دەخرێتە بەردەستی ئێوەی هێژا، دوو شت پێویستە روون بکەینەوە:

یەکەم: ئەو لیستە تەنیا تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگرێتەوە کە بە دەستی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون و شەهید یان بریندار بوون. لیستەکە هی تێکۆشەرانی لایەنە سیاسیەکانی دیکە نیە.

دووهەم: ئەو لیستەیە بەداخەوە لەبەر هەلومەرجی دژواری خەبات، حەتمەن ناکامڵە و زۆر شت هەبووە کە زانیاریە وردەکانی لەبەردەستدا نەبووە.

لێرەوە داوا لە هەموو دڵسۆزانی خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران دەکەین کە بۆ تەکمیلکردنی ئەو لیستە هاوکارمان بن.

بەهیوای کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی دزیوی کۆماری ئیسلامی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای راگەیاندنی گشتی

٢ی رێبەندانی ١٣٩٧

٢٢ی ژانویەی ٢٠١٩

* لە دوو رووداودا، لە کردەوەی تیرۆریستیی تەقاندنەوەی مینی بووسێک کە تێکۆشەرانی دێموکراتی دەگواستەوە لە بناری قەندیل و هەروەها لە دەرمان تێکردن لە خواردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی دێموکرات بریندار بوون، کە داوای هاوکاریتان لێ دەکەین بۆ تەکمیلکردنی زانیاریەکانی تایبەت بەو دوو رووداوە و زانیاریی وردی سەبارەت بە بریندارەکانی ئەو دوو کردەوە تیرۆریستیەی کۆماری ئیسلامی

بۆ بینینی لیستەکە، لێرە کرته‌ بکه‌.

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا  

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی