"an independent online kurdish website

 ئێرە فێرگەی دیمۆکرات، قوتابخانەی کوردایەتی و کارگای نەتەوەسازییە.  


ھەر لەم قوتابخانەیە بوو، ھەر لەم کارگای نەتەوەسازییە بوو کە ھەفتاو سێ ساڵ بەر لە ئێستا یەکەم خەون، یەکەم خولیا و یەکەم ھیوای کورد رۆحی کرا بەبەردا.

 

بە ھەموو ئەو قسانەوە کە خۆشمان و نەیاران و دوژمنانیش لەسەر حیزبی دیمۆکراتی ئەکەین و بەشێکیان تۆمەت و بوختان، بەشێکیان دژایەتی و لێدان، بەشێکیان رەخنەی بونیاتنەر و دڵسۆزانەن و لە سەری واریدن، دیسانە ھەر خاوەنی نەتەوەیی ترین قوتابخانە و فێرگەی شۆڕشی نەتەوە تەوەری و نیشتمان پەروەرییە.

 

لە حیزبی دیمۆکراتدا ھەوڵ ئەدرێ قوتابی شۆڕشگێڕ و سەرکەش باربھێنرێ، سەرکەش و یاخی لە دەستەمۆکردن، سەرکەش و یاخی لە پاوانخوازی، سەرکەش و یاخی دژەبەھاکانی کورد و کوردستان.

 

لێرە قوتابی باردێ کە لە سەر بنەمای ئەخلاق پێشەوایی، نەک تەنیا لە ماڵ، بەڵکوو لە ژیان و رۆح و گیانی خۆی ببەخشێ و بیکا بە بەر نەتەوە و نیشتمان و ئامانجە باڵاکانیا، قاسملوو تەوەر رادەھێنرێ کە فێر ببێ چۆن ببێتە بەشێک لە پردێکی سیاسی دیپلۆماسیی پێشکەوتوو و نەتەوە تەوەر بۆ نەتەوە و نیشتمانە بندەستەکەی. پەروەردە ئەکرێ کە چۆن چۆنی لە کاتی پێویستا، شەرەفکەندی ئاسا  ببێتە پێشمەرگە و کادر و ھاوڕێ و ھاوسەنگەر و رێبەر و سەرکردەی پراگماتیست و کردەگەرایەک کە غورورە شۆڕشگێڕانەکەی بێجگە لە نەتەوە و نیشتمانەکەی، سەری بۆ ھیچ کەس و لایەنێ نەوێ نەکات.

 

بەڵێ لێرە قازییەکان، قاسملووەکان، شەرەفکەندییەکان، سەید سەلام عەزیزییەکان، سەرگورد عەلیارەکان، سەروان چەکوەکان مامۆستا بوون، وانەبێژ بوون. لێرە غورووری سەرکەشی شۆڕشگێڕانە پەروەردە ئەکرێ، غوروورێکی ھوشیارانە و ئاگایانە، غورووری نەتەوەیەک کە سەدان ساڵە ئەشکێنرێ، ژێرپێ ئەکرێ، بەڵام ناچەمێتەوە، کڕنۆش نابا و دەستەمۆ ناکرێ.

 لێرە ھەوڵ ئەدرێ شۆڕشگێڕێ پەروەردە بکرێ کە ببێتە کاکڵی ویست و دەخوازەکانی، کاکڵی ویست و داخوەزی نەتەوەیەکی زیندووی ، وشیاری، نەتەوەخواز و دەوڵەتخواز بێ.

 

گەرچی ناوچەگەرایی، شارگەرایی و زاراوەگەرایی زۆرجار وەک گیاگلە، گیای ھەڵیتر، بژار و ھەرێز ھەوڵی داوە و ئەدات کە ریشە و قەد لە ریشە و قەدی دەخڵ و دانی گێڵگەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بئاڵێنێ، بەڵام دیسانەوە ئەم کێڵگەیە ، ئەم دەخڵ و دانە بەپیتترە لەوەی ئەو گیاگلانە ویشک و ھیوابڕاو بکرێ.

 

ئەبینین ھەفتاو سێ ساڵ پێش ئێستا، کۆمار بە دەست عەشیرەتەوەرەکان، ناوچەگەرا و گوند و خێڵ گەراکان تێکچوو، روخا، لەبەر بەرژەوەندیخوازی و خێڵ و عەشیرەتگەرایی، سەرۆک کۆمارەکەمان، ھێما نەتەوەییەکەمان بەناچار خۆی کردە قەڵغانی پاراستنی خەڵکە بێ پشت و پەناو لانەوازەکەی، ئەو خەڵکەی کە سەرۆک خێڵ و عەشیرەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان ، لەێەر پارەستنی قازانجەکانی خێڵ و تایفەکەیان، لە بەر پاراستنی مڵک و زەوی و زارەکانیان، پشتیان تێکردن و چاوەڕوان بوون شاری بنکەی کۆمار بکرێتە گۆمی خوێن و نەیانویست خوێنیان تێکەڵ بەو گۆمەخوێنە بێ، بۆیە بۆ دەربازکردنی خۆیان و ھەرچی پێوەندیی بە ئەوان و بازنەی عەقڵی و بیرکردنەوەیی ئەوانەوە ھەبوو، پشتیان لە کۆمار و رێبەرانی و پشتیان لە نەتەوە و نیشتمان و روویان لە دوژمن کرد.

 

ئەشێ ئیدی پاش ھەفتاو سێ ساڵ یاد کردنەوەی کۆمار و تێکچوونەکەی و شەھیدکرانی سەرکردەکانی و ھۆکاری روخان و تێکشکانەکەی کۆمار، وانەیەکی لێوە فێربووبین. تۆ بڵێی ھۆکار چی بێ کە ھێشتا ھەندێکمان ھەر خەریکین رۆڵی گیاگلە ئەگێڕین، ئەبێ بەڕاستی دەستکەوتی ناوچەگەرایی چی بێ، ناوچەگەرایی چ تامێکی ھەبێ؟! بڵێی ھۆکارەکەی تام و چێژ و دەستکەوتی ناوچەگەرایی بێ یان بێشعووری و بێ ئاگایی و لاوازیی تێگەییشتن و لێگەییشتنی ناوچەگەراکان لە بیر و باوڕ و ئامانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بێ؟!

من گومانم نیە کە ئەوەی دووھەمیان بەھێزترە لە حەزی ناوچەگەرایانەی ھەندێ تاکی کورد، ئەندام، پێشمەرگە، کادر و رێبەریی ناوچەگەرای حیزب و رێکخراوەکانماندا. ئەم دەردە ھێندە قووڵە کە تەنانەت چووە بە رەگ و ریشەی حیزب و رێکخراوە ئیسلامی و نیوچە ئیسلامی و سوسیالیست و کۆمۆنیستەکانیشمانا.

 

بەکورتییەکەی چاوگی ئەم کانیاوە، سەرچاوەی ئەو رووبارە پاکە، روونە و زوڵاڵە، ئەوە ئێمەین، ئێمەی تاکەکان کە بەردی تێدەخەین، لێڵی ئەکەین، پیسی ئەکەین، ئەگینا چاوگی ئەو کانیاوە چاوگی بیرو باوڕ و شوور و شعوور و دەرک و عەقڵانیەتی نەتەوەیی و نیشتمان تەوەریی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندییە، چاوگی باوڕی رزگاریخوازانەی پێنج ھەزار شەھیدە کە بە سەخاوەتەوە گیانی خۆیان کردە بەری نەتەوە و نیشتمانا، بوونی خۆیان کردە پەردووی پردی پەڕینەوەی نەتەوە و نیشتمانەکەیان بەرەو سەرکەوتن، رزگاریی و ژیانی بەختیار و پێشکەوتوو.

 

دڵنیام بە ھیمەتی ئەم ھەوڵانە ، ئەم ھەوڵانەی کە لە ھەموو لایەکەوە بانگەشە و بانگەوازی نەتەوەیی بوون، نیشتیمانی بوون و یەکڕیزی و  یەکگرتوویی ئەکەن، زۆر لە ئامانجەکانمان نزیکین.

 

ئاوەدان بێ قوتابخانەی شۆڕش، کارگای نەتەوەیی، نیشتمانیی دیمۆکرات.

سەرکەوتن بۆ ئامانجی باڵا (رزگاریی نەتەوەییمان(

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی