"an independent online kurdish website

(میر محەمەد) ی رۆاندز کە میری ھەرە ناوداری میرنشینی سۆران بوو، کوڕی میر مستەفا دەبێ کە ئەویش ھەر میری میرنشینی سۆران بوو و ساڵی ١٨١٣ دەسەڵاتی میرایەتی ئەداتە کوڕەکەی واتە میرمحمد.


 

میرمحمد لە بواری رێبەریی و بەڕێوەبەریی دا کەسێکی شارەزا و بەتوانا دەبێ و سوپا بەشێوەی رێکوپێک رێکدەخا و کاروباری ئیداریی نەزم پێ ئەدا و وردە وردە ھەوڵ ئەدا شێوازی نوێی ئەو سەردەمەی حوکمڕانی بە سەر میرنشینەکەیدا زاڵ بکات و ھاووڵاتیانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی بۆ ئەرکەکانی ھاووڵاتی بوون و وڵاتداری رابێنێ.

 

میرمحمد بەو ناوچانەی پێشووی ژێردەسەڵاتی بابی رازی نەبوو، ئەو لەو بڕوایەدا بووە کە دەبێ ئەو ناوچانەی کوردیان لێ دەژێ، لە لایەن دەسەڵاتێکی کوردییەوە بەڕێوە ببرێن و لە دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانی رزگار بکرێن. بۆیە ھەوڵی بەرفراوان کردنی بازنەی دەسەڵاتداریی خۆ ئەدا. بۆ ئەو مەبەستەش یەکم کاری ئەوە بوو چەکدارەکانی میرنشینەکەی لە چوارچێوەی سوپایەکی رێکو پێک دا سازمان بدات. خەڵکی زۆری بۆ سەربازی لە سوپاکەیدا پێ شک ئەھات، بۆ ئەو خەڵکانەش پێویستی بە چەک و رەخت و تەقەمەنی و تفاقی جەنگی و بەرگری ھەبوو، ھەر بۆیە سێ ساڵی نەکێشا کە کارگای دروستکردنی تۆپی دامەزراند و دەستی بە دروستکردنی چەکی دامەزراند کە تێیدا (تۆپ و تەقەمەنی و شمشێر و…) بۆ سوپاکەی کرد.

 

میر لە ماوەیەک نە زۆردا سوپایەکی گەورەی ٣٠ ھەزار کەسیی پێکەوە نا و دەستی دایە رزگارکردنی خاکەکانی کوردستان لە ژێر دەستی داگیرکاران. لە ١٨٣٠ دا خاکەکانڕ ژێر دەسەڵاتی میر چەند ھێندەی میرنشینی پێش خۆی بوون. بەم جۆرەش لە باکوورەوە سنووری میرنشینەکەی ئەگەییشتە جزیرە و لە باشووریشەوە ئەگەییشتە زێی بچووک و لە لایەکی دیکەشەوە تا میرنشینی بۆتان حوکمی ئەکرد.

 

لە ١٨٣٠ دا ھاوکات دوو سوپای گەورەی ئامادە کردبوو، یەکێکی ناردە سوریە دژی سوڵتانی عوسمانی و یەکێکیشی نارد بەرەو ناوچەکوردستانییەکانی داگیرکراو لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام ئەویش وەک زۆرێ لە خەباتکارانی دیکەی کورد، بەرگەی پیلانی ھاوبەشی داگیرکەرانی نەگرت و سەرئەنجام میرنشینەکەی بە ھەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی دەبینراو بەم بۆنەیەشەوە لە ھێرش بۆ سەری بەردەوام بوون، ھەتا روخاندیان و میریشیان وەک زۆرێ لە رێبەرانی دیکەی شۆڕشەکان، بە پیلانی تیرۆریستانە کوشت.

 

میری رواندز لە میرنشینەکەی سیستمی ئیداریی تایبەت بەخۆی رێکدەخات، راست لە شێوازی حکومەتێکی بەرفرە، بۆ ھەموو ناوچەکان میری شارەزای ئەو ناوچانە دادەنێ و خۆی میری میران دەبێ و کۆنترۆڵ و چاودێریی بەسەر میرەکان و کاروباری میرنشینەکەیدا ورد و توند و تاڵ دەبێ و پێوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیدا دەبێ، بۆیە لە لایەن خەڵکەوە  رواندز لە خۆشەویستی دا ناسناوی (میر و پاشای گەورەی)پێ دراوە، بەڵام لە ناو کورداندا ئەو ناسناوە بۆ بە ھەڵە گۆڕدراوە بۆ (پاشای کۆرە) یان (پاشا کوێرە). ئێستاش ئیدی تەنانەت نووسەران، مێژوونووسەران و رۆشنبیرانی کوردیش ھەر بە (میرە کوێرە) یان(پاشا کوێرە)د ناو دەبەن. بەڵام لای ھەموان روونە کە میر نەتەنیا کوێر نەبووە، بەڵکوو تەنانەت چاو مووشەڵ یان چاو بچووکیش نەبووە کە بەو بۆنەوە پێی وترابێ پاشا کوێرە.

 

ئەدی پرسیار ساز دەبێ بۆچی ئەو ناسناوەی بەسەردا بڕاوە، لە کورتە پرسیارێکدا کە لەسەر فەیسبۆک لەم پێوەندییەدا دامنابوو، کۆمەڵێ وەڵامی ژیرانەم لە ھاوڕێیان بینی کە زۆر لام عەقڵانی و جێی پەسەند بوون. بۆ نمونە دوو ھاوڕێ باسی ئەوەیان کرد کە لە عەرەبی دا پیتی (گ) نایێتە زمان، واتە لە فۆنۆتیکی ھەر زمانێکدا کۆمەڵە پیتێ ناوترێن و دەنگیان پێ ساز ناکرێ، بۆیە لە عەرەبیشدا بە جێی (گ) بە ناچاری(ک) بەکار دێنن، وەک چۆن بە جێی(پ)(ب) و بە جێی (چ)(تشی) بەکار دێنن. بۆیەش کاتێ شتیان لەسەر میری سۆران نووسیوە، بەجێی میری گەورە (میر کورە) و بە جێی پاشای گەورە(باشا کورە)یان بەکار ھێناوە.

 

ئەمە بۆ لاوازیی و ژێر دەستەیی فیکری و رۆشنبیریی نوخبە و نووسەری ئەو کات و ئێستای کورد ئەگەڕێتەوە یان نا، ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام بەردەوام بوونی ئەو ناژناوە بە(پاشای کورە) ھەڵەیەکە و پێش پێ گرتن و راست کردنەوەی ئەرکە لەسەر ھەموو لایەک و ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسناوی ھەڵەی(پاشا کوێر⁄کۆرە) دەبێ کاری جیدیی لەسەر بکرێ.

 

ھەندێ لە نووسەرانمان ھەروا لە نووسین لەسەر ئەو ریتمە ھەڵەڕە بەردەوامن. ئاخر چۆن دەبێ مرۆڤ نووسەر و بیرمەند بێ و خۆ بە مێژوونووس بناسێنێ، کەچی پرسیار لە خۆ نەکات و نەڵێ ئەرێ ئەم ناسناوە لە کوێوە و بۆچی ھاتووە و لکێنراوە بە یەکێ لە گەورەترین میرەکانی نیشتمانەکەمەوە!؟ ئەوە بەڕاستی جێگای داخە.

 

ئەوەی جێگای دلخۆشییە ئەوەیە کە حکومەت و بەرپرسانی حیزبی و حکومەتیی ھەرێم، لەمێژە بە فەرمی ئەو ناسناوە ھەڵەیە بەکار ناھێنن و لە نامە و بەڵگە فەرمییەکان، لە ناو و ئادرەسەکان بە ناوی (پاشای گەورە) کار بەو ناسناوە ئەکەن.

 

 بۆ نمونە: (قوتابخانەی پاشای گەورە)، (تیپی موسیقای پاشای گەورە)، (تیپی شانۆی پاشای گەورە)، (باخچەی ساوایانی پاشای گەورە) و زۆری دیکە. بەم جۆرە دەکرێ ئەو ھەڵەیە راست بکرێتەوە و ناسناوە ھەڵەکە بە چەشنێ بێ نرخ بکرێ کە خەڵکی تەنانەت ئامادە نەبن ئەو پەرتوکانەش بخوێننەوە کە ئەو ناسناوە ھەڵەیان لەسەرە. چونکی نووسەرێ پرسیار لە خۆی نەکات کە ئەم ناسناوە ھەڵە لە کوێوە و بۆچی ھاتووە، ناوەرۆکی کتێبەکەشی ناتوانێ سوودبەخش بێ، بەڵکوو کۆپی کراوی کۆمەڵە زانیارییەکە کە لەوانەیە کوێرکوێرانە لە چەند کتێبێکی دیکەی وەرگرتبێ.

 

ھیوادارم نووسەر و خوێنەری کورد بە سەرنجی وشیارانەوە لە مێژوو و رابردووی خۆی بڕوانێ و رێگا بە بەردەوامیی ئەم جۆرە ھەڵە زقانە نەدات.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی