"an independent online kurdish website

هێندیک بیرەوەی هەن خۆش و ناخۆش لە ژیانی تاکەکاندا دەمەوێ جار و بار بە سەریان بکەمەوە بیان نوسم.

 

بنکەو بارەگای مەڵبەندەکانی یەک ودوو و سێی حیزبی دیموکرات لە ناوچەی بازیانی باشووری کوردستان بوون، سێ ئۆرگان لە دەوروبەری یەک و نیوانمان زۆر خۆش بووسالانە دوای گەرانەوە لە تیکٶشانی ناوچە لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی حیزبی و بنەماڵەیی پێکەوە بوین ،باوکی پێشمەگەیەکی مەڵبەندی یەک کۆچی دوایی کردوبوو ئیمەش لە مەڵبەندی دوو بەڕێ دەکەوتین بۆ بەشداری لەو پرسەی کە لەساڵۆن دایاننابوو،پێشمەرگەیکی ماندوو نەناسمان کە بڕێکیش لە تەمەن ڕۆچووبو بو ناوی لالە حەمەخان لە گەڵ بوو وتم لالە پێشمان کەوە و دەبێ خۆشت فاتیحا بخوێنی ،لالە حەمە خان کەبە خۆشیەوە لە ژیان دا ماوە و ئیستەش هەر پێشمەرگەیە،بە هۆی ئەوەی گوێچکەکانی تۆزێک گران بوە لە کاتی ئاخاوتن و قسەکردن دا بڕێک بە بەرزی قسەی دەکرد،هەر کە گەیشتینە ساڵۆن لالە حەمەخان وتی فاتیحا ،بەشدارانیش وڵامیان دایەوە و دانیشتین ،رەسم وایە کاتی هەستان و خواحافیزی فاتیحای ئاخریش دادەدرێ .من و لالە سێ چوار کەسمان لە بەین دا بوو جاری وتم لالە فاتیحایەک بخوێنە بابڕۆین ،حاڵی نەبوو ،مام برایمی ڕەحمەتی لێێ نزیک وتم پێێ بڵێ با فاتیحای ئاخر بخوێنێ دەڕۆین،مام برایم کەلێی نزیک بوو حاڵی کرد لە جێاتی فایتحا لالە حەمەخان ڕووی کردە من و وتی ئا سەی ئەحمەوە دەنکێک بەسە،(یانی فایتحای ئەوەل بەسە هی تری ناوێ*ئەوانەی گوێێان لە دەنگی لالە بوو هەموو پێکەنین،تەمەنی درێژ بۆ لالە حەمەخانی بەڕێز بە ئاوات دەخوازم، ئەو پێشمەرگەی ڕەشتی لە سەرە خۆیەتی .

 

 

تەمرینی شۆفیری

کاک حەمەدەمینی کەریمیان تێکۆشەری دیرین ولاو چاکی دیموکرات بەرپرسی کۆمیتەی حیزب بوو،بنکەمان لە بازیان بوو ،ڕۆژێک دوبە دوو لە بەردەم بنکەی مەڵبەند پیاسەمان دەکرد ،لە دورەوە چاومان لێبوو کاک بێهروزی مەنوچێهری لە ماڵ هاتەودەر و لە نزیک مەڵبەندی یەک ڕاوەستابوو، حەمەمین هەر کە کاک بێهروزی بینی ،وتی وەرە بابچین ڕانەندەگی بکەین ،کاک بێهروز کاری شۆفیری هەموو مەڵبەندو ئۆرگانەکانی جنوبی کوردستانی بەڕیوە دەبرد و خۆشی ماشینیکی بەرازیلی هەبوو تا بڵێی کەسێکی کراوەو دڵ ئاوالە و بێ فیز و تەکەبور بوو، وتم من شۆفیریم نەکردوە نازانم ، حەمەمین وتی کارت نەبێ خۆم فێرت ئەکەم،چوین بۆ لای کاک بێهروز و حەمەمین وتی ئەو سویچانەم بەرێ دەورێک ئەدەینەوە،ئەویش بێ سێ و دوو سویجی پێدا،گەرمای نێوەڕۆ بوو کەس بەدەرەوە نەبوو،سوار بوین و لە بەر دەرکی مەڵبەندی دوو هاتینە خوار من هەر تماشای دەس و فەرمانی حەمەمینم ئەکرد ،ماشینەکە زۆر ڕاست نەدەرۆی وەک واڵە بکا ئەم لاو لای ئەکرد، دوای کەمێک ڕۆشتن دەورمان داوە بە لای مالەکانی مەڵبەندی دوو دا ویستمان سەرە و ژوور بینەوە، لە بەشیکی جادەکە بە ئەندازەی کەوچکی لۆدێریک گڵ ڕۆ کرابوو،منیش وتم ئەوە بارستە بەو لادا بڕۆ وتی هیچ نیە ،هەر ئەونەم ئاگا لێ بوو بە سەر بارستایی کەوتین ،هەر دووک تەگەری پێشی ماشین لەو دیوو دران بە عەرزا تەپ و تۆز ێک پەیدا بوو هیچ کوێمان نەدەدیت،قاو و قیژی مریشک و کەلەشیر و قاز و قەل لە و ناوە پەیدا بوون هەر یەک بە لایەک دا هەڵدەفڕین ،نازانم چ شانسیکمان هێنا کەس بە دەرەوە نەبوو بە تایبەت مناڵی ئەو بنەماڵانە، ماشین پیاوەتی کرد لە قەراغیک دا راوەستاو دابەزین وتم وەرە تا کەس نەیزانیوەو ئابروامان نەچوە با هەڵێن ئینا پێشمەرگەکان بمان بینن ئەمانکەن بە فیلم، حەمەمین سویچی ماشینی دەر هێنا و بە رەو لای بێهروز بە پیادە و بە توندی رۆشتین، لە دوورەوە وتی کوا ماشینەکە، وتمان هۆ لەوێە وتی تەلاقم کەوتبێ تەسادوفتان کرودە، قسەمان پێنەبوو سویچان تەحویل داو هەر یەکە بەلایەک دا خۆمان دەرباز کرد لەو کاتەوە زیاتر لە بیست ساڵ تیپەڕ بوە ،هەر چەند من لە وڵاتی فینلەند تەسیقی ماشێنم وەرگرتوە بەڵام بۆ سەعاتیکێشم ماشین لێنەخوڕیوە و نەشم بینیوە حەمەمین رانندەگی بکات ،وێنە کاک حەمەعەلی عنایەتی، خۆم ،کاک حەمەمین، قەرەنیاغا

 

من و حەمەعەلی خۆمان بە شاری دەزانین

دەیەی شەستی هەتاوی بۆ ژیانی پێشمەرگایەتی سەخت بوو . بە تایبەت کە شەری نێوخۆییش سەرباری شەڕ لە گەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئارا دا بوو. پێویستیەکی تەواوی بە وریایی و خۆپاریزی زۆر هەبوو.دەکرێ بڵێن هەموو شوینەکان، هەم گوندەکان و هەم شاخە بەرزەکان لە لایەن ڕێژیمەوە داگیر کرابوون . ئەو شوینانەی پاێگا و مۆڵگەیان لێنە بوو لە ژێر چاوەدێری توند دا بوون ،جگە لەوانەش جاسوس و سیخوڕەکانی ڕژیم ئەوەی بۆیان بکرایە لە ڕاپورت و خەبەر کۆ کردنەوە درێغیان نەدە کرد، ئەبویایە شەوانە پێشمەگە ڕێگەی زۆر دوور و درێژی ببڕیایە تا لە پیلان و هێرشەکان دوور بکەوێتەوە ، رێگەمان لە هەر ئاواییەک بکەوتایە دەبوو نانی دوو رۆژ لە گەڵ خۆمان هەڵگرین، ئیتر ئەو ڕۆژانە بە سەر چووبو ئەسپ و هێسترمان پێبێ و باری لێبنێن،کۆلەپشتیەکانی کۆڵی پێشمەرگەکان دابینکەری تەداروکاتی خۆیان بوون . جارێک لە گەڵ سیاوەشی گودەرزی لە ئاوایی حەسەن سەلاران لە ماڵێک دا بۆ نان خواردن پێکەوە بووین ،درگای ماڵەکە زۆر گەورە نەبوو لە کاتی هاتنە دەر دا کۆڵەپشتیەکەی لە دەرگاکەوە نەدەچوو مەجبور لە پشتی دا نا و بە دەست لە درگاکەی ڕاهی کرد،

ئەو ڕۆژە سەختانە بۆ هەموان تەحەموول نەدەکرا . هەر بۆیە چەک دانان و خۆ تەحویل دانەوەکان زۆر ببون .زۆر جار باوەر نەدەکرا قارەمانی وا وازی دێنا کە لەسەر زۆرێک لە پێشمەرگەکان شوێندانەری نگەتیڤی هە بوو، لە بیرم ناچێ دۆستێکی نزیکی خۆم لە ئاواییەک پێیوتم بۆ ناگەڕینەوە ئەو دیوو بەو وەزعەوە هیچتان پێناکرێ. ئەو کەسانەی زیاتر دەمانەوە بۆ درێژەدانی پێشمەرگایەتی ئەوانە بوون کە زیاتر لە دێهاتەکان ژیابوون و کوێرەوەی زۆرتریان دیبوو، تەرکیبەکەمان وای لێهاتبوو ئەگەر لە ئاواییەک کەس یا کەسانێکی خەلکی ناوشارمان دەدیت هەوڵیان دەدا کەسێک ببنین کە لە شار رفێقیان بووبێ بە داخەوە ڕادەیان زۆر کەم بوو،هەر ئەوەش جۆرێک حەساسیەتی دروست کردبوو. هێندیک هاوڕێ کە دەتوت مناڵی شارم تووڕییان لێدەنیشت .ڕٶژێکیان لە پشتی ئاوایی قەبەغڵوو لە ناوچەی سەقز مابوینەوە. ناو شارمان لێ دیار بوو.یەکێک لە پێشمەرگەکان وتی باشە ئەو شارە بەو گەورەییە بۆ نابێ ئیستە دوو سەد کەسی لە دەرەوە پێشمەرگە بێت، منیش وتم وەلا من و حەمەعەلی خۆمان بە شاری دەزانین.مام ڕەحمانی ڕەحمەتی ڕووی تێکردم و وتی چیی- وتم من کاک حەمە عەلی خۆمان بە مناڵی شار دەزانین،سەری هەڵبڕی و وتی بە شەرەفم بە هەر دوکتان پڕ فەرخونێ گووتان لە شار دا نەکروە. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی