"an independent online kurdish website

کات: چەند رۆژێ پێش رێفراندۆمی باشووری کوردستان

شوێن: ئێستانبول


بابەت: چۆنیەتی پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی رێفراندۆم و لە ئەگەری بەڕێوەچوونیشی دا، بیرو ڕا گۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتیی لەبار بردنی.

 

لایەنەکان: وەفدەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران _ کۆماری تورکیا _ کۆماری عێراق، بەڵام بە رێبەرایەتی رژێمی ئێران.

 

لە پاش دابەشبوونیی کورد لە شەڕی چاڵدران لە نێوان دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی دا و لە سەرھەڵدانەکانی کورد دژی دەسەڵاتە داگیرکارەکانی کوردستانەوە تا ئێستا، بە شێوەی رێکوپێک ھاوکاری و ھاوئاھەنگیی پێویست لە ئاستی بەرزی پێوەندییەکان، بەتایبەت بوارەکانی سەربازی و ئەمنیەتی دا، لە نێوان داگیرکەرانی کوردستان دا ھەبووە. بڕبڕەی پشتی ئەم پێوەندییانەش چۆنیەتی سەرکوت کردن و دامرکاندنی کورد و شۆڕشەکانی بووە.

 

ئەوان بۆ ئەم مەبەستە پلانیان ھەبوو، لە پلانەکانیان دا ئەرکی ھەر وڵاتە دەستنیشان کراوە و بۆ جێبەجێ کردنەکەشی کاری ھاوئاھەنگیان لەسەر پلانەکان کردوە. ئەوەی کە زۆر جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بۆ بردنەپێش و جێبەجێکردن و سەرخستنی ئەو پلانانەیان، زیاتر لە ھەموو فاکتۆرەکان پێویستیان بە فاکتۆری خودی ھێزە کوردییەکان بووە و سەرئەنجامیش زۆربەی جارەکان ئەو خاڵە فاکتۆری سەرخستنی ئامانجی ھاوبەشی داگیرکەرانی کوردستان بووە.

 

بێ ئەوەی قامکی ئاماژەی راستەوخۆ بۆ ھیچ ھێز و لایەنێ بکێشین، ئەتوانی بێژین، لە بردنە قۆناغی کردەوە و سەرخستنی زۆربەی پیلانگێڕییەکانی دوژمنانی کوردا ، خودی کورد بەردەوام پشکی شێری بەرکەوتووە. ئەمەش وایکردووە کە بەردەوام لە پیلانڕێژییەکانی داگیرکەرانی کوردستانا، وەک فاکتۆری کاریگەر، ھەمیشە بیر لە ھێزێ یان چەند ھێزێکی کوردی وەک عاملی جێبەجێ کردن بکرێتەوە و ھێزە کوردییەکانی ھەموو جارێ بە دڵخۆشی و رەزامەندییەوە ئامادەی خزمەتگوزاریی بوون.

 

ئەوە لە پاڵ سیاسەتی تواندنەوەی رەگەزی_ نەتەوەیی(ئاسمیلاسیۆن) و شێواندنی دێمۆگرافی ناوچە کوردییەکان و ئینکارکردنی کورد و کێشەکانی لە ھەندێ جێگاو بەشی کوردستانا لە لایەن ئەو ھێزە خۆش خزمەتە کوردییانەوە بووە. ئەمەش وای لە تاکی کورد وەک یەکەی پێکھێنەری نەتەوە کردووە کە باوڕبەخۆبوونی تا ئاستی نەمان لاواز ببێ و بەردەوام ھەست و دەرکی بێ ھیوایی بە نیسبەت ھێزە سیاسییەکانیەوە بەسەریدا زاڵ ببێ.

 

ئەو پێکھاتە بەھێزە دژەکوردەی داگیرکەرانی کوردستان و ئەو ھاوکاریی و خزمەتگوزارییە دڵفراوانانەی ھێزە کوردییەکان وایکردووە کە دنیای دەرەوەش وەک دیارە و شتێکی سەێر و سەمەرە و نامۆ چاو لە کورد و خەباتەکەی بکات و بەدرێژایی مێژوو لە باشترین حاڵەتی بەختمان دا وەک ھێزێکی گوشار بۆ سەر داگیرکەرانی کوردستان بەکارمان بێنن و بەردەوام بەکارتێکی قومارمان ببینن و ھەر کاتیش پێیان خۆش بێ، بمانکەنە قوربانیی کۆمەڵێ دەستکەوتی سیاسی و بازرگانی.

 

ئەمەش سروشتی سیاسەت و گەمەی سیاسییە. لە سەر زەویی واقێع، سیاسەت لە سەر بناغەی دەسکەوت و بەرژەوەندی ئەکرێ. لە سیاسەت دا ھەست و سۆز تەنیا دەوری مەوادی موخەدێر و ئەلکۆل ئەگێڕن. واتە ئەگەر سیاسەتوانێ یان وەفدێکی سیاسی لەکاتی دانوستان دا ھەست و سۆز بەکار بێنێ، وەک ئەوەیە مەوادی موخەدێری بەکارھێنابێ و خۆی پێ نەشئە کردبێ یان خواردنەوەی ئەلکۆلیی خواردبێتەوە و خۆی پێ سەرخۆش کردبێ. ھەڵبەت گەرچی وەک داب و نەریت، لەسەر مێزی سیاسییە لیبراڵەکان یان بەگشتی دانوستانەکانی دنیای غەرب مەشروبی ئەلکۆلی باوە، بەڵام ئەوان خۆی پێ مەست ناکەن!

 

ئەوەی کە بۆچی ھەموو لایەک ، بە دوژمنیشەوە ئەتوانێ بە ھەندێ فوت و فەننی سیاسی ھێزە سیاسییەکانمان بە قازانجی خۆی بەکار بێنێ، بەڵام خۆمان ناتوانین ئەمە بکەین، چیە؟! رامانێکی سەرسووڕمێنەرە. ئەوان ئەتوانن تەنانەت بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەرەی کوردستانیشمان پێ دروست بکەن و ھێڵی زەرد و سووریشمان بۆ دانێن و بە پێی پلانەکانی خۆشیان بەرەو پێشەوەمان ببەن و سەرکردایەتیڕ ھێزەکانیشمان بەسەر یەکەوە بکەنە سیخوڕ و لەناو ھێزەکانیشمانا کەسێ یان چەند کەسێ بەسەر سەرجەم ھێزەکەوە بکەنە سیخوڕ و زۆر جاریش بەو شتانەشیان بزانین و ھیچیشمان پێ نەکرێ، بەڕاستی سەرسووڕمێنەر نیە!؟ بۆ نمونە کاتی خۆی کۆماری ئیسلامی بەرەیەکی چاکی وای لە کوردستان و عێراق دژی حکومەتی بەعس ساز کرد و سوودی چاکیشی لێ بینی.

 

خاڵی جێی رامان ئەوەیە کە من بێ پەردە بێژم، حەسوودی و بەخیلی بە سیاسەتمەداری و سیاسەتگوزاریی داگیرکەران ئەبەم. بەخیلی ئەبەم کە بۆچی ئەوان ئاوا ئاسان ئەتوانن ئێمە و ھێز و تواناییەکانمان دژی خۆمان بەکار بێنن بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو کارە بە قازانجی خۆمان بکەین!

 

بێژی گرێیەکوێرەکەمان لەکوێ بێ؟! ئایا خەتای ئەوەیە کە ھێشتا نەمانتوانیوە کاژ و پێستی خێڵەکی و عەشیرەیی فڕێدەین؟! ئایا بەڕاستی نەمانتوانیوە وەک نەتەوە خۆمان رێکبخەین، وەک نەتەوە ئامانجەکانمان لە قاڵبی حیزب و رێکخراوی مودێڕنا پلانڕێژ و خەباتیان بۆ بکەین؟! ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە خەباتی حیزب و رێکخراوەکانمان لە چەند دەھەی رابردوودا بدەینەوە، ئەو راستییە تاڵەمان بۆ ئەسەلمێ و بە داخ و کەسەرەوە ناچارین قەبوڵی بکەین.

 

دواترین نمونەی ئەو دۆخە شڕو شپرەزەیە لە گەروبەر و کاتی بەڕێوەچوونی رێفراندۆمی باشووری کوردستانا رووی دا. بیست و حەوت ساڵە دوو حیزب لەوێ ، وەک شەریک خەریکن حکومەتێ بەڕێوە دەبەن. حکومەتێ کە بەرھەمی خوێنی نزیک بە نیو ملیۆن مرۆڤ لە نیو سەدەدا و بەرھەمی بەزەییەکی جیھانییە بە کوردی کۆچیو و پەرتەوازە و بێ ماڵ و حاڵدا. چاوەڕوان ئەکرا ئەو دوو حیزبە بتوانن لەو ماوەیەدا بە دونیا نە، بە خودی خەڵکەکەیانی بسەلمێنن کە خۆیان ئەتوانن خۆبەڕێوە ببەن، تاکوو خەڵکەکەیان لە کاتی پێویستا ئیدیعای خاوەنێتی لە حکومەت و دەسەڵاتەکەی بکات. بەڵام ئەوان زیاتر لەوەی کار بۆ بەختەوەریی خەڵک و نیشتمانەکەیان بکەن، زیاتر لەوەی کار بۆ دروستکردنی حکومەتێکی دامەزراوەی ئەمڕۆییانە بکەن، پاش ٢٧ ساڵ ھەروا شارە گەورەکانی کە یەکیان پایتەختی حکومەتەکەیە، وەک پەنجا ساڵ پێش، بەشێک لە ٢٤ کاتژمێرە شەو و رۆژەکەیان بێ کارەبا دەژین.

 

 ئەگەرچی پارە و سامان و دەستکەوتێکی باش ئەھاتە خەزێنەی حیزبەکانەوە، کەچی باڵەخانە دروست ئەکرا و مارکت و مۆڵ ئەکرانەوە و بازاڕەکان دابەش کرابوون بۆ ھاوردەی ئێران و تورکیە، بەڵام کەس بیری لەوە نەئەکردەوە  ئە ئەتوانن چی لە کوردستان بکەن کە کەمتر پەیوەستی دەرەوە بن؟ تواناییەکانیان بۆ بەرھەم ھێنان چیە کە بناغەی نیشتمان و دەسەڵاتەکەیانی پێ قایمتر بکەن؟ بەڵام ئەمە نەکرا، گەندەڵیی لە ھەموو بوارەکانا بە ئاستێ گەییشت کە یەکێ لە سەرۆک وەزیرانەکان بێژێ، مافیا و سیستمی مافیایی خەریکە حکومەت و وڵات ئەخوات! ئەمەش کاتێ بە زقی خۆی نواند کە حکومەتی ناوەندی بۆ ماوەی یەک مانگ بودجەی کوردستانی نەنارد و حکومەتی ھەرێمیش وتی: ئێمە ناتوانین موچە و معاش بدەین. ئەوجا برژیار ئەکرا ئەدی حکومەت و دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە کۆمەڵێ فاکتۆر نیە کە یەک لەوانە ژێرخانی ئابوورییەکی پتەو، بەرھەم ھێنانی ناوخۆ و بەستراوە نەبوون بە ھاوردەی داگیرکەرانن؟! بە روونی دەرکەوت کە دەسەڵاتی کورد و حیزبەکانی تەنیا فاکتۆرێ شکی دەبەن و پشتیان پێ بەستووە، تاقەت و سەبر و تەحەمولی برسیەتی، نەداری بێ موچەیی، بێ کارەبایی و بێ ئیمکاناتیی خەڵکەکەیانە و ھیچێتر!

 

سەرئەنجام دەرکەوتەوە کە ئەو بیست و ھەفت ساڵە دەرفەتەش بەخەسار چوو. ئەو بیست و ھەفت ساڵەش ھەر خێڵ و عەشیرە و بنەماڵە، دەمامکی حیزبایەتی و کوردایەتی بەستبوو و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێفراندۆمیش دا ئەمە زۆر بە زقی دەرکەوت و جارێکی دیکە خودی کورد بووەوە بە فاکتۆری شێواندنی گەمە لاوازەکەی بە قازانجی داگیرکەرانی کوردستان و سەرئەنجام بە ھیمەتی بەشێکی ناپاکی ناو ھێزێکی کوردی، لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، ٥١٪ی خاکی بندەسەڵاتی پێشمەرگە لە لایەن ھێزی ملیشیای حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەرا گیرایەوە. بەم چەشنەش سەلمێنرایەوە کورد بۆ دوژمن ئاسان رێکدەخرێ و قاڵب دەگرێ و وەفادار بە بڕیار و بەڵێنەکانی بە دوژمن ئەبێ، بەڵام بۆ ئامانجەکانی خۆی ھێشتا ھەر خێڵ و عەشیرە دا ماوەتەوە و زۆری ماوە بگاتە خەونی نەتەوە و ئامانجەکانی.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی