"an independent online kurdish website

لەنیو ڕیزی پێشمەرگە دا هێندێ کەس هەڵدەکەوتن تایبەتمەندیەکی جیاوازیان هەبوو کە لە لەوانی تری جیا دەکردەوە.یەکیک لەو کەسانە کە ناسراوی زۆڕیک لە کادر و پێشمەرگاکانی حیزبی دیموکڕات بوو ،شەهید عەلی نەوزاد ناسراو بە عەلی حەسەن ئاغا بوو.


نە خۆی و نە بنەماڵەی ئاغا نەبوون بەڵکو ناسناوی حەسەن ئاغاکەی دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای شۆڕش. لە سەرەتای شۆڕشی گەڵانی ئێران حەسەن ئاغای ئاوایی قەرەچەری سەقز ، چەک و چۆڵ بە دەست دێنێ و خەڵکێک دوای خۆی دەخات و دەیەویست شتیک دروست بکات لە چەشنی سپای ڕزگاری .ئەو کات نە دیموکرات و نە کۆمەڵە و نە چریکی فیدایی لە گەڵ کارەکەی موافق نەبوون ،عەلی چوە لای حەسەن ئاغا و پاش ماوەیەک حەسەن ئاغا سەری تیا چوو و نەما ،شایەعەی تیا چوونی حەسەن ئاغا لە سەر چریکەکان و هاوکاری عەلی بوو.دەستی عەلی تێدا بوو یان نا مەعلووم نیە . بەڵام وەک گومان بەسەری دا ساخ بویەوە و ناسناوی عەلی حەسەن ئاغای بە سەر دا بڕا.

پاشان هاتە ڕیزی حیزبی دیموکڕاتەوە و درێژی بە تێکۆشانی خۆیدا.کاری عەلی زیاتر لە گەڵ هێز و کۆمیتەی شارستان بوو، عادەتی بە جۆریک بوو، بۆ ناو ڕیکخستی پەل و کۆمیتەی ناوچە و شتی وا نەدەبوو .ئەو نەزم و نیزامە بۆ ئەو نەدەپاریزرا، زیاتر بە تەنیا ئەگەڕا و چەک و چۆڵ و موهیماتی ‌هێزی دەشاردنەوە و کاری تەداروکاتی ئەکرد، جاریشواش ڕێئەکەوت خۆی لێ ئەشاردینەوە بە پەیامی ڕادۆییش بە مانگ نەمادەدۆزیەوە، هەموو جار دەمانوت گەر ئەمجارە بێبینینەوە وای لێدەکەین و وای سزا دەدەین. هەر کە دەیگەشتینێ بە دوو قسە وای لە هەموان دەکرد هیچت بۆ لە گەڵ نەدەکرا،

/ساڵی 1366 بنکەمان لە هانی گەرمەڵەی ناوچەی هەڵەبجەی هەورامان بوو.لە کۆنفرانسی مەڵبەند ڕەخنە لە عەلی گیرا کە شەش چەکی حیزبی فرۆشتوە وئەسپی پێکڕیوە.ئەز قەزا عەلی ئەو ساڵە ئەمباری شاراوەی هێزیکی کوردستانی لە ناوچەی خورخوڕە دۆزیبوەوە 26 چەکی تێدا بوو.لە وڵامی ڕەخنەگران دا هەستایە سەرپێ و وتی بەرپرسان ئاگادارن چەن چەکم بۆ حیزب دۆزیوەتەوە.کەوابوو تۆ سەری ئەو 26 تفەنگەی بۆ حیزبم پەیدا کردوە ناوی ئەو 6 چەکە مەبەن کە ئەسپم پێکڕیوە.

/هەر لە هانی گەرمەڵە من و کاک حەمەنەزیف قادری و هیوا گوڵمحەمەدی و عەلی حەسەن ئاغا هاومەنزڵ بوین .لە ماڵێکی دوو قات دابوین .سەرەوەی ماڵەکە جێێ حەوانەوەی ئێمە بوو ،ژێرەوەش تەویلەی هێسرەکان بوو، وابزانم خاوەنماڵەکەمان کاک حامید ناوێک بوو، ئیمکاناتمان کەم بوو تازە بنکە و بارەگامان لەوێ دانابوو.بۆ ئەوەی ئەسپێ و مۆریان لە کۆڵ خۆمان بکەینەوە.لە پوتیک دا ئاومان گەرم دەکرد ولیباسەکانی ژێرەوەمان تێهەڵدەکێشا هەموو سپێ و جڕو جانەوەرێکی بۆ دەکوشتین.بەیانیەک لە گەڵ کاک حەمەنەزیف دانیشتبوین وتم ئەمڕۆ ئاو گەرم ئەکەم کراس و ژێر کراس و شتەکانم سپێ کوژ ئەکەم ،وتی ئەرێ بەڕاست دوو سێ شەوە هەر خۆم هەڵدەکڕینم خەوم لێناکەوێ ئەسپێمان زۆر بووە.وتم جا عەلی حەسەن ئاغا خۆش بێ ئەبێ حاڵمان هەر وابێ .وتی عەلی بٶ ،وتم بۆ ئاگات لێی نیە نانەکەی ئەخواو ئا لەو کونەوە ئەڕواتە خوارێ شەوانە لە تەوێلەی هێسرەکان ئەخەوێ .لە کوێووە ، لە ڕارەوی دیوەکەمانەوە شوینێکی لێبوو بە چەند پلیکان ئەچویتە خوارەوە تەختەیەکی لە سەر دانرابوو بڕێک شڕەو شاڵاتی لە سەر بوو لات ئەبرد و ئەچویتە خوار ،کاک حەمەنەزیف وتی خوا شاهیدە تا ئیستە بەوەم نەزانیوە.وتی کوا عەلی ، ناردمان عەلی هاتەوە،کاک حەمە نەزیف وتی عەلی شەوانە لە کوێ ئەخەوی ،زەردەیەکی گرت و وتی کاکە گیان تەویلەی هێسرەکان هەرزاڵیکی لێێە گەرم و خۆشە ئەچمە ئەوێ ،کاک حەمە نەزیف وتی هەستە ئەو کەوشانەت لە پێکە بە شەرەفم هەتا لەم بنکە بین لاق نانێیتەوە بێرەدا، عەلی دەرپەڕی وبە رۆشیتنی سپێ کەمی کرد و ڕزگارمان بوو،

/کومیسیۆنی سیاسی نیزامی فۆڕمێکیان بۆ کادرەکان ناردبوو بێوگرافی خۆیانی تێدا بنوسن و هەر وەها دیاری بکەن پشپۆڕیان لە چیدا هەیە،عەلی حەسەن ئاغا لە وڵامدا نوسیبووی ، پسپۆڕی درۆ،

/زۆر جار گەڕانەوەمان بۆ ناوچەی تێکۆشان لە گەڵ گرفت ڕووبەڕوو ئەبوەوە،بە تایبەت ئەو ساڵانەی باران زۆر ئەباری تووشی گرفتی پەڕینەوە لە ئاوی کەڵوێ دەبوین.کاتی گەڕانەوە هات لە گەڵ کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب ئەکەوتینە ڕاو تەگبیر لە کام شوین و کام بوارەوە بپەڕێنەوە،وام دیتە بیر بەهاری ساڵی 67 بوو ،مەڵبەندی دوو ،کۆمیتەی شارستانی بۆکان و بەشێک لە پێشمەرگەکانی مەڵبەندی یەک و هێزەکانی دووی ڕێبەندان و بەیان ساخ بوینەوە پێکەوە لە سنووری ناوچەی پیرانشارەوە لە شوینیک بە ناوی تاتیدۆ بپەڕینەوە،خەبەرمان هەبوو بوار سەختە و ئاو زۆرە ،وتیان وەڵا کومیسیۆنی سیاسی نیزامی مەلەوانی پەیدا کردوە قایەقی پێێەو دەتان پەڕینێتەوە.لە گەڵ کاک حەمە نەزیف لە بنکەی دەفتەری سیاسی بووین وتی با بچین خوا حافیزی لە کاک دوکتور قاسملوو بکەین تاز نایەینەوە ئێرە، چوینە خزمەتی من ڕیشم هێشتبوەوە فەرموی لە بەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە دەنا بەو ڕیشەوە ماچم نەدەکری،فەرمووی ئاگاتان لە خۆتان و پێشمەرگەکان بێت،لە دڵی خۆمانا وتمان مەلەوانمان لە گەڵە خەممان نیە،ماوەیکی پێچوو هێزیکی چەند سەد کەسی بەرەوشوێنی پەڕینەوە لە چۆمی کەڵوێ کەوتینە ڕێ،بە هەوراز دا سەرە و ژوور ڕێچکەمان بەست،لە گەڵ شەهید وەستا ئەحمەدی کوهگەرد فەرماندەری هێزی بەیان پێکەوە بووین ،نەفەرێکمان دەبینی سەر وچاو داپۆشراو ٢٠٠ میتریک دوور لە سەفی پێشمەرگەکان هێسرێکی ڕادەکێشا،وتیان لێی نزیک مەبنەوە با شناسایی نەکرێ ئەوە مەڵەوانەکەیە، هەر بەدەم قسە کردنەوە ئەڕۆشتین و جار و بار تماشای مەلەوانی دەموچاو داپۆشراومان ئەکرد ،وەستا ئەحمەد وتی سەید کورە ئەڵیی من ئەو مەلەوانەم دیوە،وەتم لە کوێت دیوە وتی زۆر ئاشنا دێتە بەر چاو، وەستا خۆی پێنەگیرا، وردە وردە خۆی لێ نزیک کردوە ،چوە نزیکی و هاتەوە ،دەستی کرد بە پێکەنین وتی کوڕە خۆ عەلی حەسەن ئاغایە ،وتم شتی وا چۆن ئەبێ ئەو کادری مەڵبەندە ،تماشای سەفی مەڵبەندی دووم کرد عەلی تیا نەبوو.چوومە نزیکی زانیم عەلیە وتم ئەو بەزمە چیە ،وتی ئاشکرام مەکە ئەبێ هەموو ئەو هێزانەی حیزب بپەڕینمەوە حەز ناکەم کەس بزانێ، درێژەمان بە ڕێگا دا تا گەیشتینە سەر ئاوی کەڵوێ ومەڵەوان ئاشکرا بوو .عەلی شلینگێکی لە ملی خۆی ئاڵاندبوو،وتمان ئەوە چیە ،وتی ئەگەر ژێر ئاو بکەوەم نەفەسی پێدەکێشم ،هەموو دەسمان کرد بە پێکەنین وئەمجار قایەقیان لە پشتی هێسر هێنایە خوارێ ،عەلی وتی ئەوە چیە ،وتمان چۆن مەگەر خۆت نەت هێناوە ،وتی وەڵا کۆمیسیۆن فێڵیان لێکردوم ئەوە قایەقی بووک و زاوایە خەڵکی پێناپەڕیتەوە،جاوەرە بە و شەوە تاریک و تنۆکە و ماندوویەتیە دەیان و کادر و پێشمەرگە بگەڕێوە بۆ دواوە،

ئەو بەسەر هاتانەوە و دەیانی تریش لە سەر عەلی هەن لە گەل هەموو یادگاریە خۆشەکانی تا ئاخرین ڕٶژی ژیانی لە پێناو گەلەکەی بۆ ساتێکیش نەسرەوت. هەزار جار یادی بە خێر و ڕۆحی شاد.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی