"an independent online kurdish website

دەست بە سەرداگرتنی گوردانی بێژوێ!

ڕۆژی ۱۲ی ڕێبەندانی ۱۳۷۱ی هەتاوی، دوای شەوێکی زۆر تاریک و ئەنگوستە چاو، هێدی هێدی تاریکایی بەرەو کۆتایی دەچوو و جێگای خۆی بۆ ڕۆژێکی هەوری چۆل دەکرد.


 کلوە بەفرەکان، دوای وردە سەمایەک لە ئاسماندا هێدی هێدی بەرەو خوار شۆڕ دەبوونەوە و پاش ماوەیەک لە نێو قوڕ و لیتەی تەڕایی سەربان و کۆڵانەکانی گونددا بێ سەروشوێن دەبوون.

لەو دەمەدا ژمارەیەک گیان لە سەردەستی نیشتیمان، لە پەنا و پەسیوی خانووەکانی بەرامبەر مۆڵگەدا خۆیان مات کردبوو، تا ڕووناکی بەری بەیانی نەبێتە هۆی ئاشکرا بوونیان. دوای تێپەڕکردنی شەوێکی سارد، تاریک و ئەنگوستەچاو و ویشکبوونەوەی ئاڕەقەی ڕێگا، جەستەکان لە سەرماندا هەڵدەلەرزین. پەنجەکان گۆیان نەدەکرد، بەڵام بە کو کوی هەناسە گەرمەکان گەرمم دەکرانەوە. ترپەی دڵەکانیان سات بە سات خێراتر لێی دەدا و چاوەڕوانی فەرمان بوون تا یەکەم ڕۆژی دەهەی بە ناو فەجر بە شێوەی تایبەت بە خۆیان دەست پێ بکەن.

بە هاتنی فەرمان لە لایان فەرماندەری عەمەلیات، باراندنی بارانی مەرگ بە سەر” گوردانی شەمس” دا دەستی پێکرد. ئەوەی لە دوورەوە گوێی لە دەنگی تەقە بوو، پێیوابوو، هەر مۆڵگەی ناوبراوە دەستی بە تەقەی خۆشی کردووە، بەڵام تەقەی هیچ ساڵێک وا گەرم و بێ پسانەوە نەبوو. دەبێ چ ڕازێک لە پشت تەقەی زۆری ئەمساڵەوە بێت؟!!! تۆزێک وردبوونەوە دەری دەخست کە ئەوە تەقەی دوو لایەنەیە و مۆڵگەی ناوبراو، تاساو لە هێرشی پێشمەرگە لە کاتی بەرەبەیاند، لە ژێر ڕەهێڵەی ئاوری پێشمەرگەدا پەلە قاژە دەکات.

دوای شەڕێکی کەم مۆڵگەی چەند کەسی نێو ئاوایی، سەرەڕای داوای هاوکاری، دەستی بە سەرداگیرا.

شەڕی تووند کەوتە دەوروبەری گوردانی جێگیرلە کەلاوەی بە ناو قۆتابخانەی دواناوندی پشتی ماڵان و سەنگەرەکانی پێشەوەی مۆڵگە. زۆر پێناچێ سەنگەرەکانی پێشەوەی مۆڵگەکە لە لایان تیمی هێرشەوە دەستیان بە سەردا دەگیرێ. بە هۆی ئاوری پێشمەرگەکانەوە ئاور لە بەشێکی مۆڵگەکە، کە وادیاربوو نانەواخانە و شوێنی هەڵگرتنی هێندێک کەلوپەلی سەرەتایی دیکە بووبێت، بەربووە. ئاورەکە هەڕەشەیەکی ئەوتۆ بۆ سەر پێشمەرگەکان دروست ناکات.

تیمی هێرشی پێشمەرگە لای ڕۆژئاوای گوردانیان کۆنتڕۆڵ کردووە و هێزەکانی دوژمنیان ناچار بە خزانە نێو سەنگەرە سەرگیراوەکانی لای ڕۆژهەڵاتی گوردان کردووە. پێشمەرگەکان لێکدا لێکدا داوای خۆ بە دەستەوەدانیان لێ دەکەن، بەڵام لە نێو حەوزی پێش کاناڵەکەڕا هەڕەشە لە وانە دەکرێ کە نیاری خۆ بە دەستەوەدانیان هەبێ. جێگاکەی بە ڕادەیەک ئاستەمە نە نارنجۆکی تیمی هێرشبەر دەیگاتێ و نە تەقەی ئەو بەشەی تیمی هێرش دەیگرێتەوە، کە لە ناو مۆڵگەی دوژمندان.

فلمهەڵگر لەوبەری مۆڵگەی دوژمن ڕا، فیلم لە فیداکاری پێشمەرگەکان هەڵدەگرێتەوە و هەموو هەوڵی ئەوەیە ساتە گرینگەکانی ئەو فیداکارییە تۆمار بکات. سەرەڕای دیاریکرانی پێشمەرگەیەک وەک وەک پاسەوان بۆ فیلمهەڵگر، بەڵام دەستڕێژێکی لە ناکاو هەودای خەیاڵاتی دەپسێنێ و لە تۆمارکردنی ئەو ساتە دەگمەنانە بێبەشی دەکات. ئەو دەبێ لە شوێنێکی دیکە ڕا کاری تۆمارکردن دەست پێ بکاتەوە. هێدێ هێدی بەرەو ناو مۆڵگەکە دەچێ و دەگاتە لای تیمی هێرشی پێشمەرگەکان.

ماوەیەکە تەنیا چەند دەستڕێژێکی پچڕپچڕ لە نێو کاناڵی لای ڕۆژهەڵاتەوە دەیەوێ پێش بە پێشڕەوی زیاتری پێشمەرگەکان کە بۆ کپ کردنی دواین سەنگەرەکانی بەرگری هێزەکانی ڕێژیم چاوەڕێی فەرمانی کۆتایین، بگرن. بە هۆی چڕی و هەڵدێری پشتی سەنگەرەکانی ڕۆژهەڵات دەرفەتی هێرش لە پشتەوەڕا نیە. سەنگەرەکانی دوژمن هێندە قاییمن، بە چەکەکانی دەستی پێشمەرگە ئاستەم بتوندرێ کپ بکرێن. دەست بە سەرداگرتنی مۆڵگەکە زۆرتر لەوەی پێچووە، کە بەرنامەی بۆ داندرابوو. هێشتا لە دیوی فەرماندەیی مۆڵگە ڕا تەقە لە پێشمەرگە دەکرا و هەر کەس بەو دەورووبەرەدا تێپەڕبایە دەکەوتە ربەر دەستڕێژی ئەوان.

زیاتر لە کاتژمێر و نیوێکە مۆڵگە لە نێوان پێشمەرگەکان و دوژمندا دابەش بووە. پێشمەرگەکان دوو بژاردەیان لە بەردەم دابوو، یان پاشەکشە و جێ هێشتنی سەنگەرەکانیان بۆ هێزەکانی نێو کاناڵەکە، کە ڕەنگە بە چەند شەهیدیش ڕزگاریمان نەبایە. یان دواین هێرش بۆ سەر بەشی ڕۆژهەڵاتی گوردان بکەن. ئەویش تەنیا بە لێدانی ئار.پی.جی دەکرا. بە مەبەستی خوڵقاندنی دەرفەت بۆ لێدانی ئا.پی.جی چەند پێشمەرگەیەک تەقە لە کون و کەلەبەرەکانی کاناڵەکە دەکەن. بە داخەوە، پێشمەرگەیەکی زۆر ئازا و نەترس بەناوی “سمایل قوڵەسوێروی”، لەوێ دەپێکرێت و دوای ماوەیەکی کورت شەهید دەبێت. شەهید سمایل کوڕێکی زیت و وریای نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە بوو. تا قۆناغی دەبیرستان دەرسی خوێندبوو و بەردەوام لە هەوڵی بردنەسەری پلە زانیاری خۆیدا بوو. لە بنکەکاندا وەک مامۆستا کاری دەکرد و دەرسی بە ژنانی دەورووبەری کۆمیتەی شارستانی سەردەشت دەگوتەوە. ئەو زۆر باش دەیتوانی پلەکانی سەرکەوتن ببڕێت، بەڵام بە داخەوە مۆمی تەمەنی زوو لە بڵێسە کەوت. شەهید سمایل دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەی بوو.

کاتێک هێزەکانی ڕێژیم دەبینن کە زەبری خۆیان وەشاندووە، ڕژتتر لە پێشوو دەست بە تەقە لە پێشمەرگەکان دەکەن. بەم هۆیەوە خەدەمەی ئار پی جی کە ئامادەی تەقاندنی چەکەکەی بەرەو ڕووی کاناڵەکە دەبێت، خۆی نەوی دەکات و ئار پی جیەکەی لە دەست دەردەچێ. بە هۆی تەوژمی گڕی ئار پی جیەکە، چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی تیمی هێرش لە نێو قوڕ و لیتەی سەنگەرەکاندا بەم لاو لادا فڕێ دەدرێن. هەموو لا پیانوایە بە ژمارەی شەهید و بریندارەکانەوە زیاد دەبێت. ئاوری چەکەکانی دوژمنیش بێ پسانەوە هەر دێت. بە خۆشیەوە ئەو چند پێشمەرگەیە سڵامەت دەرچوون.

بە دوای ئەوەدا، پێشمەرگەیەک بە نیوی “خدر زەینی”، کە خەدەمەی ئا پی جی بوو، بە رەو ڕووی نێو مۆڵگەدێت. سەرەڕای هاواری زۆری پێشمەرگەکان، کە بە بەرامبەر ژووری فەرماندەکاندا نەیەت، بەڵام ئەو هەروا بێ سڵەمینەوە، بەرەو ئەو شوێنە دێت. لە پێش چاوی هەموو ئەو پێشمەرگانەی نێو مۆڵگە شەهید خدر بە گوللەیەکی چەکدارەکانی نێو ژووری فەرماندەیی دەیپێکرێت. خدر لەوێ کەوتە سەر عەرز. کاتێک ویستی دووبارە ڕاست بێتەوە، فیشەکێکی دیکە هێز و توانای هەستانەوە لە خدر دەبڕێ. هەر ئەو چەند کەسە پێشتریش پێشمەرگەیەکی دیکەیان بریندار کردبوو. دوو پێشمەرگەی دیکەش لە گەڵ هێرش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشەوەدا بە سوکی بریندار بووبوون.

——-

بە هەوڵی چەند پێشمەرگەیەک چەکداری نێو حەوزەکە بێدەنگ کرا. تەنیا شوێن کە مابوو، کاناڵی لای ڕۆژهەڵاتی مۆڵگە بوو. دۆشکەی سەربانی نانەواخانەی مۆڵگە دەمێک بوو سرنجی شەهید “مەنسور ڕەحیمی” بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو، بەڵام فەرماندەری عەمەلیات، شەهید “حەمە نارستی” ئیزنی پێنەدەدا. ئاخرجار پێ کێشیەکانی شەهید مەنسور کاری خۆی کرد و ئیزنی پێدرا. خەدەمەی سەر دۆشکەکە لە ڕێگای گەیشتن بە سەربان بۆ لای چەکەکەی، کەوتبۆ بەر دەستڕێژی پێشمەرگە و لەوێ کەوتبوو. بە مەبەستی ڕێ خۆشکردن بۆ گەیشتنی شەهید مەنسور بە دۆشکەی سەربان، پێشمەرگەکانی نێو مۆڵگەکە سەر و دەستڕێژیان لە کاناڵەکە کرد. هاوکات لە گەڵ شەهید مەنسور پێشمەرگەیەکیش بە ئار پی جیەوە خۆی گەیاندە نێو سەنگەری دۆشکەکە. لە گەڵ دەستڕێژی دۆشکەکە، پێشمەرگەکەی دیکەش گوللەیەکی ئار پی جی لە کاناڵەکەدا. بەمجۆرە دواین بەرگری هێزەکانی دوژمن تێک شکێندرا. هەموو ئەوانەی نێو کاناڵەکە، کە ژمارەیان ۳٥ کەس بوو، خۆیان بە دەستەوەدا. بە دوای ئەواندا نەفەرەکانی نێو ژووری فەرماندەییش خۆیان بە دەستەوە دا.

هاوکات لە گەڵ تەواوبوونی کاری گرتنی گوردانی شەمس، پوور خورشید وەک هەمیشە، بە ورە و بێ ترس و کەیف خۆش بە پاککردنەوەی ئەو گوندە لە وەیشومەیمۆڵکگەی دوژمن، داوای لە پێشمەرگەکان دەکرد کە بێن و چایەکی لە لا بخۆنەوە. پوور خورشید بە دەست پێکردنی تەقە، بەرەو لای ماڵی زاواکەی هاتبوو، تا لەو ساتە ئاستەمانەدا لە لای ئەوان بێت. دوای زیاتر لە دوو سەعات و نیو شەڕ و برسیایەتی و تینویەتی، خواردنەوەی چا و خواردنی نانێکی سەرپێیی، تام و چێژی خۆی هەیە. بە داخەوە هێزی یارمەتیدەری دوژمن بەرە بەرە لە سەنگەرەکانی هێزی پشتیوانی پێشمەرگە لە شاخی “بەردەسوری” نیزیک بووبۆوە و بریندارێکمان هەبوو.

هێشتا کاری زۆرمان لە نێو ئاوایی مابوو و فەرماندەری هێز پەیتا پەیتا داوای دەکرد بکشێنەوە. دەبووایە پەلە بکەین و لەو شوێنە دوورکەوینەوە، بەم هۆیەوەش دەرفەتی مانەوەی زیاترمان لە لای پوور خورشید نەبوو. پوور خورشید بۆ خۆشی دایکی پێشمەرگە بو. ڕوحی شاد بێت.

لە بەر مزگەوتی ئاوایی، دوو کەس لەو دیلانەی کە بریندار بوون ئازاد کران و تەحویل بە شوڕای ئاوایی دران.

باقی دیلەکان بەرەو دەرەوەی ئاوایی گواسترانەوە.

فیلمهەڵگرتن لە گوردانی بێژوێ بۆ من دەکرێ بڵێم، لە ناخۆشترین ساتەکانی دەورانی فیلمهەڵگریم بووە. سەرەڕای دەربازبوون لە دەستڕێژێکی زۆر، بە ڕادەیەکیش نەخۆش بووم، کە تەنیا خۆسەویستیم بۆ پێشمەرگە و هەست بە بەرپرسایەتیکردن لە بەرامبەر گێانبازی پێشمەرگەدا هاندەرم بوو تا بەشداری ئەو چالاکیە بم. ئەوانەی دەرزی “دیپیڕۆنیان” لە وەرزی سەرمادا لە خۆداوە دەزانن ئێش و ژانی چەندە. بۆ ئەوەی بتوانم ڵە گەڵ بم، شەوی پێشتر لانیکەم سێ دەرزی دیپیڕۆنم بۆ هێنانە خوارەوەی تاو و لەرزەکەم لە خۆم دابوو. لەو ماوەدا بەردەوام حەبی پاڕاستۆلیشم لە گیرفان دا بوو. تەنیا لە کاتی عەمەلیاتەکەدا هەستم بە ئازار نەدەکرد. بۆ ئەوەی نەخۆشیەکەم سەختر نەبێت، بە جامانەیەک وەهام سەر و ملی خۆم پێچا بوو، کە زۆرتر وەک عەڕەبێکی عەگال بە سەر دەچووم تا پێشمەرگەیەک و فیلمهەڵگرێک.

دەرهاویشتەکانی گیرانی گوردانی شەمس!

گیرانی گوردانی شەمس، عەمەلیاتێکی زۆر گرینگ بوو. هیچکات حکومەت پێی وانەبوو هێزی پێشمەرگە توانای دەست بە سەرداگرتنی ئەو گوردانەی هەبێت. گوردانی شەمس بە نێوی فەرماندەیەکی گوردانەکە کرابۆوە، کە ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی لە کەمینێکی هێزی پێشمەرگەدا، لە سەر ڕێگای سەردەشت-پیرانشار کوژرابوو. هەڵکەوتەی ئەو مۆڵەگەیە بە جۆرێک بوو کە تەنیا لە دوو لاوە دەتواندرا زەبری لێ بدرێت. ناوبانگی خراپی ئەو مۆڵگەیە بۆ ئازار و ئەزییەت دانی خەڵک لە هەموو ناوچەدا دەنگی دابۆوە. هەردوای گیرانی مۆڵگەکەش، پرسیارێکی زۆر لە بارەی دوو کەسی نێو مۆڵگەکە دکرا، یەکیان بەرپرسی مۆڵگە و دووهەمیان کەسێکی دیکە بوو، کە وەک مەئموری”امر بە معروف و نهی از منکر” خەڵک بە تایبەت ژنانی وە زاڵە هێنابوو. دواتر دەرکەوت کە هردووک ئەو کەسانە لە نێو کوژراوەکاندا بوون.

ئەو بەڵگانەی کەوتنە دەستی پێشمەرگەکان هێندێک شتی سرنجڕاکێشیان تێدابوو. خۆ تێ هەڵقورتاندنی هێزەکانی ڕێژیم لە ژیانی ڕۆژانی خەڵکدا بە جۆرێک بوو، کە تەنانەت لە سەر پێوەندی ئاشقانەی نێوان خەڵکیش هەواڵ و زانیاریان کۆ کردبۆوە. ئەوە کە ژنێک سەرەڕای چەند جار وەبیر هێنانەوە، هێشتا ئەوجۆرەی کە پێویستە قژی خۆی داناپۆشێ. لە سەر هاوکاری خەڵکی گوندەکانیش لە گەڵ هێزەکانی ڕێژیم، کە ند ل سەدی خەڵک هاکاری ڕێژیمیا کردووە، بڕێک زانیاری کەوتە دەست پێشمەرگەکان.

بە بڕوای من کە ئەو کاتەش باسم کردووە، گرتنی ئەو مۆڵگەیە لە باری سیاسیەوە بە زەرەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران تەواو بوو.

یەکەم؛ بۆ گیرانی ئەو گوردانە ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە، بە شێوەیەکی نیوە ئازاد، بە چەکی قورس و نیوە سووکەوە بە ماشێن لە سنوری هەرێمی کوردستان تێپەڕین. حکومەت ئەوانەی باش دەزانی. لەو بارەوە بڕێک کەمتەر خەمی لە لایان ئێمەوە کرا و بڕێکیش گلەیی و گازندە لە لایان پرسگەکانی حکومەتی هەرێمەوە کرا.

دووهەم؛

سەرەڕای سیاسەتی ئاشکرای حیزب لە مەڕ ڕوونکردنەوە و ئازادکردنی ئەسیرانی شەڕ بە ماویەکی کورد دوای گیرانیان، واتە لە مەیدانی شەڕدا، بەڵام ئەو ئەسیرانە ئازاد نەکران. بڕیار وابوو ئەوان بە جادەی ٦۰ مەتری پشتی “قەڵادزێ” دا و بە دوور لە چاوی خەڵک بگەیندرێنە بنکەکانی کۆمیتەی شارستان لە “شیوەڕەز”، بەڵام بە بیانووی بەنزین کڕین بۆ ماشێنەکان، برانە نێو شاری قەڵادزێ. خەڵکێکی زۆری نێو شار لە دەوری ماشێنەکان کۆبوونەوە و دەستیان بە دروشمدان و گاڵتەکردن بە دیلەکان کردبوو. ئەوانە پێچەوانەی سیاسەتی حیزب، لە مەڕ هەڵسوکەوتی شیاو لە گەڵ دیلەکانی شەڕ بوو.

هەر چەند ڕێژیم دەمێک بوو دەیەویست حیزب لە سنورەکان دوور کاتەوە، بەڵام دەست بەسەرداگرتنی ئەو گوردانە زیاتر ڕێژیمی هاندا تا زەخت لە حکومەتی هەرێم بکات حیزب لە سنوورەکان دوور بخاتەوە. ئەو عەمەلیاتە بوو بە هۆی ناڕەزایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، کە بڕیار بوو لە سەر سنورەکان هێرش نەکرێتە سەر هێزەکانی حکومەت.

 

محەمەد_بایەزیدی

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی