"an independent online kurdish website

لە جەرەیانی کارکردی حیزبی دا زۆر جار بە هۆی جۆراو جۆر جێگۆڕکێ بە پێشمەرگە و کادر و بەرپرسان دەکرا، لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە نەقڵ دەکران، ،هۆکارەکان جێاواز بوون،


ئەگەر کەسێک لە ئۆرگانەکەی خۆی چەند جار لە سەر بێنەزمی یا بەڕێوە نەبردی ئەرکی پێ ئەسپێردراوی بە گوێرەی پێویست ،قسەی لە گەڵ بکرایەو ڕێنوێنیەکان کاریگەریان نەبوایە، نەقڵی شوێنێکی دیکەیان دەکرد ، جاری واش بوو ، هیچ هۆکارەێکی تایبەتی نەبوو کەسێک دەیویست لەو شوێنەی کاری لێدەکات بڕوات بۆ ئۆرگانێکی دیکە، بەڵام لە هەموو ئەو ئاڵ و گۆڕانەدا حەتمەن ئۆرگانی مەربووتە نامەی بۆ ئۆرگانی سەرەوەتر دەنوسی و هۆکارەکانی نەقڵ کرانەکەی بە جوانی باس دەکرا، لە بەهاری ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی نە فەرێک بە نێوی ئەبوبەکری مەحمودی خەڵکی گوندی خەلییفانی نەغەدە نەقڵی مەڵبەندی دوو کرا، کە ئەوکات بنکەمان لە قەسڵان بوو،لە نامەی نەقڵەکەیدا هیچ ئیشارەیەک بە ڕابردووی ناوبرا نەکرابوو ، ئیشارە بە هیچ هۆکاریکی گوماناوی تێدا نەبوو، تا لە ژێر جاوەدێری بخرێ، شتێکی سادەی بۆ نوسرابوو و هیچی تر، یەک دوو مانگ پێش حەرەکەتمان بۆ ناوچە لە بنکەی قسڵان لە هێزی دووی ڕێبەندان وەک پێشمەرگە سازمان درا، لەو ماوە دا هیچ هانی هانی و قسە و باسێیکی گوماناوی لە سەری نەبیسترا، ئەوەندەمان دەزانی خۆی تەحویل داوەتەوە و گەڕاوەتەوە .

کاتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە هات، پێداویستە کانی پێشمەرگە لە چەک و تەقەمەنی و کیسەخەو هەر چی لازم بوو بۆیان دابین دەکرا ، کۆبونەوەی گشتی بۆ کادر و پێشمەرگەکان دەگیرا و لەوێ دا ناوی ئەو کەسانە دەبوو ئامادە بن بۆ گەڕانەوەی ناوچە دەخوێندرایەوە، ئەوانەی دەمانەوە دەبوو بنکە و بارەگاکان بپاریزن و لە بنکەی سابیت بمێننەوە، هەر کەسە شوین و جێگە و ڕێگەی خۆی دیار بوو، هێزی نیزامی قەوارەی سازماندەهی خۆی روون بوو، هێز، لک، پەل، کۆمیتەکانیش هەر کادرە دەیزانی سەر بە کوێیە و ئەرکی چیە، هەر کەسە و چەکی خۆ تاقی دەکردوە و لولەی چەکەکانیان حەبلێک پێدا دێنا، خەشاب و سەرشانی و فانوسقە یان بە قەدی خۆیان میزان دەکرد ، لە سەر گیرفانی چەپ ئارمی حیزب و لەسەر سەرشانیەکانیان وێنەی پێشەوا و دوکتور قاسملویان بە چەسپ قایم دەکرد، نان و پێخۆری دوو ڕۆژیان بە سەر دا دابەش دەکرا ، لیباسی یەکڕەنگی حیزبی لە بەر و کەوشی ئادیداس لە پێ ، هەموو بە دڵی خۆش و ورەیەکی پۆڵایین ، ناوچە خۆت بگرە و هاتم.

شوێنی تێکۆشانی ئیمە ، ناوچەکانی سەقز و دیواندەرە و هەوشار بوو، مەسیری گەڕانەوەمان ناوچەی شلێر کە ناوچەیەکی باریک و درێژی جە نگەڵیە لە سەر خاکی ئێراق حیسابە، شلێر! سنوورەکانی سەقز و مەریوان دەکات بە دووبەشەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ نزیکی جادەی ئەسڵی سەقز مەریوان، کاتی گەڕانەوەمان پێشمەرگاکانی ناوچەی سەقز بە لای چەپی شلێردا بامان دەدایەوە کۆمیتەکانی مەریوان و سنەش بە دەستی لای ڕاست دا، هەر یەکە و بەرەو ناوچەی تێکۆشانی خۆی، ئەو ساڵە ئیمە لە لە سەرەتای هاوینی سالی ١٣٦٩ی هەتاوی گەیشتینەوە ناوچەی خۆمان واتە ناوچەی سەر شیوی سەقزو بەرزاییەکانی ئاوایی هەرمێدۆڵ.

کاتێک دەگەیشتینەوە سنووری ناوچە، پێویست بوو هێندیک زانیاری لە سەر وەزعی ناوچەکە بە دەست بێنین، تا بتوانین شیوەی داخڵ بوون بۆ قوڵایی دیاری بکەین، تیمی بچوکی کورت ماوەی چەند کەسی ڕەوانە دەکران و پەیوەندی بەردەوامی بێسیمی مان هەبوو، لە چۆنیەتی گوزەر و جێگاکان و هەر وەها جموجوڵی دوژمن ، شوێنی پایگای کۆن و نوێی دوژمن ئاگاداریان دەکردینەوە، زۆربەی کات بۆخۆم یەکیک بووم لەو کەسانە، ئەو ماوە ئێمە هەموومان پێکەوە بووین لە شاخەکانی دەورو بەری ئاوایی هەرمێدۆڵ، لە شیو و دۆڵەکان بەشی زۆری هێزەکەمان دادەنا و پەلێک پێشمەرگەمان دەکردە دوو بەش و دەمان ناردنە شاخێکی بەرز کە دەیڕوانیە هەموو دەڤەرەکە بە نێوی شاخی بەرانان، ئیوارەیەکیان یەکێک لە ھاوڕێیان پێێ وتم ، عەبوو جاش وتویەتی فڵانکەس هیچ ڕوو بە من نادات، وتم هەموان بۆ من هەر یەکن، کاری ئەو شتێکی ترە و من کاری خۆم دەکەم.

شاخی بەرانان لە و شوینەی مەڵبەند و ‌هێزی لێ دەحەسانەوە نێو سەعاتیک دوور بوو، هەر پەلەی دوو شەوی بەر دەکەوت بۆ نیگابانی و چاوەدێری لەوێ، شەوی  22ی پووشپەڕی 1369  نۆبەی پەلی یازدە بوو کە سەێفوڵای نەعلبەندی ناسراو بە *شێخ* سەرپەلی بوو، بۆ ئەو شەوە دوازدەکەس کە سەیفوڵا خۆشی لە گەڵیان بوو دەچنە سەر شاخی بەرانان، شاخەکە بڵیند و سەر کەش بوو هێندێ جیگای هەبوو تەنیا یەک باریکە ڕێگەی بە ئاستەمی تیدا بوو بۆ هاتوو چوو لەو رێگە بە ئاستەم بترازایەتی هەڵدەدێرای و تا پەنجا میتر هەر شاخ و بەرزایی بوو، هەپروون بە هەپروون دەبوی، جێگەی دیکەشی هەبوو گۆڕایی بوو شاخ و بەردەکانی بەر بڵاوتر بوون.

کە پێشمەرگەکان دەگەنە سەر شاخ تەگبیر دەکەن لە کوێ بمێننەوە شوینی نیگابانی و خەوتنیان کوێ بێت، عەبوی مەحمودی جاش پێشنیار دەکات بچنە ئەو شوینە کە تەنیا یەک ڕێگەی باریکی هەیە بۆ دەرباز بوون، سەیفوڵاش بە قسەی دەکات، کیسە خەویان پێدەبێ وهەر کەسە بە ڕووناکی جێگەی خۆی دیاری دەکات دوو دوو و سێ سێ کیسە خەوەکانیان لە تەنیشت یەکدی ڕادەخەن، تیمەکە تیرباڕکی بیکەیسی و ئاڕپیجیەک و قەناسەیەکی دوربین داریان پێبوو، باقی هەمووی کڵاشینکۆف بوو.

قەناسەکە بە لوقمان دەبێ، عەبووی جاش ئێوارە بە ڕووناکی داوای لێدەکات قەناسەکەی بداتێ تا بە دوربینەکەی تماشای ئاوایی و پایگای پێبکات بەو حیسابەی ئەو ناوچە نابەڵەدە و دەیهەوێ هێندیک زانیاری لە سەر مەوقعیەتی ئەو دەورو بەرەی هەبێ، قەناسەکە وەردەگرێ و لە پێشمەرگەکان دوور دەکەێتەوە بە مەبەستی تماشای دەورو بەر، لەو دەرفەتەدا دەرزی قەناسەکە دەردێنێ، پاشان دەگەڕێتەوە هەر بۆخۆشی لیستی نگابانی دەنووسێ، بە شیوەیەک لیستەکە تەنزیم دەکات کە خودی عەبووی جاش! سەیفوڵا کە سەر پەلە لە خەو هەستێنێ! عەبوو جاش لە گەڵ رەحیمی بەهانەت پێکەوە نگابان دەبن، کاتی تەواو بوونی نۆبەی نگابانیەکەیان بە ڕەحیم دەڵێ تۆ بچوو لوقمان هەستێنە لە سیفوڵا گەڕێ* هەڵی مەستێنە* ماندوە خۆم لە جێگەی ئەو نیگابانی دەدەم، ڕەحیم دەچێ لوقمان خەبەر دەکاتەوە و ئەویش بۆ نیگابانی دان دێتە لای عەبووی جاش، .بێ خەبەر لەوەی دەرزی قەناسەکەی ئێوارە عەبوو جاش دەری هێناوە، کات بەری بەیانیە، هەموان لە خەو دان، تەنیا دوو کەس بەخەبەرن عەبوو و لوقمان ، ئەبوو لە فکری جێبەجێ کردنی تەرح و پیلان دایە و لوقمان بێخبەر لە پێلان و دەر هاتنی دەرزی چەکەکەی، هەموو شتێک بە مەڕام و بە پێی نەخشەی عەبوو جاش چۆتە پێش، نوسینی لیستی نیگابانی، هەڵنەستاندی سەیفوڵا، دەرهێنانی دەرزری قەناسە. شوێنی نوستنی پێشمەرگەکان.

عەبووی خۆفرۆش  لە بەرەبەیانی 22ی پووشپەڕی 1369 دەست دەکا بە جێبەچێ کردنی پیلانەنەکەی، دەکەوێتە وێزەی پێشمەرگەکان و بە رەگبار لێیان دەدا .لە پێشدا تەقە لە سەیفولا و مستەفا هاوشینی کە پێکەوە خەوتبوون دەکات ودواتر لە هیچکامیان دەست ناپارێزێ تەنانەت لە مستەفا هاوشینی کە هاوخەرج بوون و پێکەوە نانیان دەخوارد، هەموو لە ناو کیسە خەو دان و خەویان لێ کەوتوە، یەک بە دوای یەک دا گیانیان لێ دەستێندرێ و شەهید دەبن، حەمەی سدقی فریا کەوتبوو خۆی لە شاخەکەوە هەڵدابووە خوارەوە لە بەر بەرزی شاخەکە گیانی دەرچو بوو، ئێمە لە خوارەوە بە تەقەی عەبوو بەخەبەر هاتین پێمان وابوو دوژمن هێرشی هێناوە، بە گورجی خۆمان کۆ کردوە، کەوتینە تەماس گرتن وڵام نەبوو، دوای نزیکەی دە دەقیقەیەک حسەین کەوپێچی هاتە سەر خەت وتی فریامان کەون هەموومان شەهید کراین ، لە بەر قورسی برینەکەی قسەی تری پێنەکرا، نەیدەزانی چی بووە و کێ تەقەی لێکردوون، کاک شاروخ مرادی پێی وت شەڕ بکە ئەوا هاتین، حسەین بە بیکەی سییەکە دوو سێ رەگباری کرد و ئیتر خامۆشی بە تەواوی باڵی بە سەر چیای بەرانان دا کێشا.

گورج کەوتینە خۆ بە سی چوار لادا پێشمەرگەمان ناردو خۆشمان هەر کەسە و لە گەڵ تیمیک کەوتین من و شاروخ و لە گەڵ دو تیم بە فاسڵەی جیا بەرە شاخ ، رەحمەتی دەرستاموز و چەند کەسیک بەرەو ئاوایی هەرمێدۆڵ ، کاک عومەر حەمیدی و بێسیم چی و بەشی تەداروکاتمان هەر لەو دەور و بەرە هێشتەوە، بە گورجی بەشی زۆرمان گەیشتینە سەر شاخی بەرانان ، چی ببینین هەموو هاوڕیکانمان چۆن خەوتبوون لە کیسە خەوەکانیان دا هەر بەو شیوە گیانیان لێ سەندرابوو، حسەین تەنیا کەسێک بوو بە نیوە گیانی مابوو، برین پێج بە حسەینەوە خەرک بوون و ئێمەش لە فکری ئەوەدا چی ڕووی داوە؟ دەمانویست هەر چی زوتر لە ناوەرۆکی کارەساتەکە حاڵی ببین، تماشای هەموو شەهیدەکانمان کرد و بژاردمانن تەنیا عەبووی خۆفرۆش دیار نەبوو، ڕەحمەت کە بەرە و مەسیری هەرمێدۆڵ چوبوو بە بێسم ئاگاداری کردین، چەند کەس لە خەڵکی هەرمێدۆڵم بینیوە، پێیان وتووم پێشمەرگەیە بە دوو چەکەوە، هاتوەتە بەر دەرگای پاێگای ئاوایی، لە دوورەوە بانگی لە نیگابانی پایگاکە کردوە و ئەوانیش دەستان پێ هەڵهێناوە و چەکیان پێداناوە و پاشان بردوویانەتە ناو پایەگاکە، ئەو کەسە ئەبوبەکری مەحمودی جاش بوو.

بەشێکی زۆری پێشمەرگەکان بە کوڵ بۆ هاوڕێکانیان دەگریان، لە گەڵ کاک شاروخی مورادی دانیشتین و کەوتینە تەگبیر کە چی بکەین؟  نەمر کاک عومەری حەمید مان لە جەرەیانەکە ئاگادار کردەوە و وتمان پەیامێک بۆ دەفتەری سیاسی بنووسێ و لە وەزعی خۆمان ئاگاداریان کە، لە سەر شوینی ناشتنەکەیان دڕدۆنگ بووین دەترساین لە شوێنی نزیکیان بنێژین و دواتر ڕژیم بێ دەریان بێنێتەوە و بۆ تەبلێغات بیانباتەوە، وامان بە باش زانی لە ئاخرین خاڵ بەڕوکاری شلێردا ، لە شوینێک بە ناوی تەختی عەواڵان بیان نێژین کە دوژمن بە ئاسانی دەستی نەیانگاتێ،  نەمر کاک عومەری حەمیدی و چەند پێشمەرگەیەکمان لە سەر شاخ هێشتەوە. بە زەحمەتێکی زۆر جەنازەکانمان بە کۆڵ گوێستەوە بۆ لای تەختی عەواڵان، حدودی سی کەسمان بە شدار بووین بۆ قەبر هەڵکەندن، دە دانە قەبرمان لە تەنیشتی یەکدی بە دەردی سەری و سەرە نێزە و بێڵاسنە شکاو هەڵکەندن، بە لێباس و بەرگی خۆیانەوە هاوڕێکانمان یەک یەک بە گۆڕ سپارد، لیستی تەرتیبی ناشتنەکەیانم لێ ون بووە ، بەڵام ئەوندەم لە بێرە وتم با حەمەی سدقی لە خوار هەموویانەوە بنێژین و دەتوانین سەردانی ماڵیان بکەین لە ئایچی ، ئەگەر ویستان بیبەنەوە ئاسانترە ،سەیفوڵاش کە سەرپەلیان بوو ئاخر نەفەر و لە سەروی هەمویانەوە بە خاکمان سپاردن، دوای تەسلیم کردنیان بە خاک، من لەسەر گۆڕی شەهیدەکان قسەم بۆ کادر و پێشمەرگەکان کرد، ڕاست ئەو رۆژە نزیک لە ساڵرۆژی شەهید بوونی دوکتور قسملوو بوو ، لە قسەکانم دا ئیشارەم بە پەیامەکەی دوکتور شەرەفکەندی کرد کە دوای شەهید بوونی دوکتور قسملوو بۆی ناردبووین ا نوسیبووی، دوکتور قاسملوو شەهید بووە خەساریکی گەورەیە بەڵام لە بیرتان نەچێت! حیزب تەنیا مڵکی یەک کەس نیە، هی هەموومانە و بە هەموومانەوە دەبێ ڕیگای شەهیدەکان دریژە بدەین و کۆڵ نەدەین.

هەموو ئەو وردەکاریانە دواتر کە حسەین وەزعی بەرە باشی ڕۆیشت بۆی گێڕاینەوە بە داخەوە ئەویش باوکی هات بردیەوە بە گەیشتنەوەی بۆ بانە، عەبووی جاش دەزانێ و دەڵێ بۆ کوشتنی من هاتوەتەوە، رژیم دەیگرێ و ئەویش ئیعدام دەکات ، لە مەڵبەندی سپی سەنگەوە برایمی باڵغچی بۆ کوشتنی عەبووی جاش دەنێردرێتەوە بۆ نەغەدە، پێش ئەوەی برایم لە ناو شاری نەغەدە بتوانێ کارەکەی بەڕێوە بەرێ عەبوو دەزانێ و ئەویش لە گەڵ یەکی دیکە دەکاتە ئامانج و هەر دوکیان لە ناو ماشین دا شەهید دەکا، بەو جۆرە سێزدە کەس بە دەستی عەبوو شەهید دەکرێن و خەلك بە عەبوو سێزدەی جاش بە نیشانەی کوشتنی سێزدە پێشمەرگە ناوی دەهێنن.

سەرم سوور مابوو چۆن سەیفوڵا و هاوڕێکانی ئیجازەیان داوە عەبوو لیستی نگابانی بنوسێ، شوینی خەوتن و حەسانەوە دیاری بکات یا لوقمان چۆن چەکی خۆی داوەتێ دوور بکەوێتەوە ، لەوانەش گرینگتر ئەو شوینە حاستەمە بۆ خەوتن هەڵبژێرن کە کاتی ئاساییش پێدا رۆشتی مەترسیدارە.

چەند ساڵ دوای ڕوداوەکە ڕێمان کەوتە گوندی ئایچی ویستم سەر دانی ماڵی شەهید حەمەی سدقی بکەم کە لەوێ دەژیان، حەمەی حوریانی کە پێشمەرگە بوو لە گەڵمان ئەویش هەر خەڵکی ئایچی بوو ناردم بە ماڵەوەیان بڵێ سەردانیان ئەکەین ویستمان سەرەخۆشیان لێ بکەین و لە نزیکەوە بیان بینین، باوکی وتبوی بە خێر بێت و دایکی وتبوی با نەیەت، ئەو کوڕی منی بردوە بۆ پێشمەگایەتی کوڕەکەمی بە کوشت داوە نامەوێ بیبینم، نەدەکرا نەچم چونکە نەمدزانی کەی جارێکی تر ڕێمان دەکەوێتەوە ئەوێ و پێم خۆش بوو چۆنیەتی شەهید بوونی کوڕەکەیان بۆ باس بکەم، بۆیە پام لە جەرگی خۆم ناو سەرەڕای ناڕەزایەتی دایکێ حەمە چووم،کە چوومە ژوورێ باوکی حەمە لە ماڵ بوو بەڵام کە دایکی زانی ئێمە چووین. ئەو ژورەی بەجێ هێشتبوو چووبووە قاتی سەرەوەوی ماڵەکەیان ،کە من دوای سەرەخۆشی دەستم کرد بە شێوەی گێڕانەوەی شەهید بوونی کوڕەکەیان دایکی گوێی لێبوو، خۆی پێڕانەگیراو بە چاوی فرمێسکاویەوە هاتە خوار، منیش لە بەری هەستام و سڵاوم لێکرد ، بەداخەوە لە بەر ڕێژنەی فرمێسکی چاوەکانی چی لێحاڵی نەبووم.

شەهیدەکان ئەم کەسانە بوون.

خالید عەبدوڵڵاهی، خالید شەعبانی، سەیفوڵڵا نەعلبەندی، مستەفا حاجی زادە، جەماڵ کورتەکی، هادی پاڵانی، ڕەحیم بەهانەت، محەممەد سدقی، فەریدوون قادری و لوقمان ئەلیاسی.

بابەتی پەیوەندی دار

وتووێژ لە گەڵ کاک رەشید حەیدەری هەر سەبارەت بەم تاوانە 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی