"an independent online kurdish website"

  مامۆستایەکمان ھەیە لە نەتەوەی (ئینگوشت)ە، ئەو ئەیوت: روسیەو چێچێن و دوژمنانی دیکەمان بەردەوام ھەوڵ ئەدەن زاراوە و شێوەزارە ناوچەیی و گوندی و خێڵەکییەکانی ناو میلەتەکەمان لێ بکەن بە زمان و دواتریش بە نەتەوەی جیا و سەربەخۆیان بناسێنن.


 

ئەو ئەڵێ: ئێمە بۆ خۆمان وەک نەتەوەیەکی بچووک ساڵانێکە لەژێر ھەڕەشەی لەناوچوون و توانەوە داین، بەڵام لە ناو میلەتەکەشمانا ھەن ھێندێ خێڵ و زاراوە و ناوچەگەلێ کە زۆر سادە ئەکەونە داوی پیلانەکانی روسیە و چێچێن و خەریکن نەتەوە و زمانەکەمان لەوەی کە ھەیە بچوکتر و دابەش دابەشتر بکەن.

 

(کۆماری ئینگوشتیا) یەکێ لە کۆمارە خۆبەڕێوەبەرەکانی فیدراسیۆنی روسیەیە لە ناوچەی قەفقازی باکوور، پێتەختەکەی (ماگاس)ە کە گەورەترین شاری ئینگوشتیایە و نیشتمانی خەڵک و نەتەوەی ئینگوشتە. بەڵام زمانە فەرمییەکانیان روسی و ئینگوشتیە و روسەکان بەردەوام ئەیانھەوێ زمانەکەیان بتوێننەوە و ھەوڵ ئەدەن زیاتر وەک کۆمەڵە خێڵ و عەشیرەت و زاراوەیەک بیانناسێنن کە لە نەتەوەی روسن و زمانەکەشیان لە بنەڕەتڕا روسیە.

 

 حەشیمەتی ئینگوشتەکان لە نێوان پێنسەد ھەزار تا یەک ملیۆن کەس دان. ئەوان ھەم لە لایەن سۆڤییەتی جارانەوە و ھەم لە لایەن روسیای ئێستاوە و ھەمیش لە لایەن چێچێنستانەوە تووشی زۆر ئاستەنگ و کێشە و ھەڕەشە بوونەتەوە تا ئێستاش ھەر دەبنەوە. بەڵام ھێشتا بەو ھەموو گوشار و ھەڕەشەیەوە کە لەسەریانە ھەمدیسان توانیویانە شۆناسی نەتەوەیی خۆیان وەک نەتەوەیەکی خۆڕاگر لە ئاسمیلە بوون و لەناوچوون بپارێزن. زمانی ئینگوشتەکان لە شێۆازی ئەلتساقیەیە واتە بەشێوازی (لکاندنی) و پیتەکان پێکەوە ئەلکێنرێن و بە رێنوسی (سیریلیک)ئەنووسرێ.

 

جا ئەم بابەتە سەرنجی منی راکێشا. ھەر ئەم رۆژانە بە زقی ئەبینین کە لە ناو نەتەوەکەی ئێمەی کوردی بێ دەوڵەت و کیان و کۆماریشدا ئەو شتە خەریکە رووئەدا و ساڵانێکیشە دوژمنان کاری لەسەر ئەکەن.

 

بۆ نمونە ساڵانێکە لۆڕەکان ، لەکەکان، زازاکان ۆ ئێستاکەش ھەرامییەکەن کراونەتە بەشێک لە پیلانە. لۆڕەکان کە ئێستا ئیدی دۆیان پێ نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و زارەکەشیان بە زمانی سەربەخۆ ئەزانن. ئەوە حاشا ھەڵنەگرە کە کاتێ لەگەڵیان دائەنیشی و قسە ئەکەی، بە روونی ھەست و دەرک بە کوردی بوونی زارەکەیان ئەکەی. داب و نەریت و کولتوورە کۆمەڵایەتییەکانیان ھەر ھەمووی ھاوشێوەی کوردەکانە.لەکەکانیش بە ھەمان شێوە، کەلھۆڕەکان و شێوەزارەکانی کرماشان و ئیلامیش بە ھەمانشێوە.

 

لە باکووری کوردستانیش ساڵانێکە مشتومڕ لەسەر کورد بوون و نەتەوەی سەربەخۆبوونی زازاکان ھەیە. ئەوان زیاتر خۆیان پێ نەتەوە و زمانی سەربەخۆیە تا کورد، ئەوەش لە حاڵێکدایە زۆر لە ھەورامی و شێوەزاری کرماشانیەوە نزیکن.

 

ئێستا ھەورامییەکانیش ئەو زمزمەیەیان تێکەوتووە. دیارە ھیچکەس ناتوانێ حاشا لەوە بکات کە ھەورامان ھەم لەبواری جوغڕافیاییەوە و ھەمیش لە بواری کولتوری کۆمەڵایەتی ھونەرییەوە ناسنامەیەکی رەسەنی کوردە و ئەگەر رۆژێ کورد شۆناسی بکەوێتە مەترسیەوە، ئەتوانێ لە سەر ھەورامی بوون و ھەورامان خۆی بژینێتەوە. ھەمیشە و لە زۆربەی ئەو ھێرشانەی دا کە رووبەڕووی کورد بووەتەوە، ئەو ناوچەیە لەگیران نەھاتووترین ناوچەی کوردستان بووە و ئێستاکەش ھەر زۆرێ لە فاکتۆرە ھێرش و ھەڕەشە توێنەرانەی لە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان کاریگەریی نەرێنی داناوە، لە ناوچەی ھەورامان شکەستی ھێناوە و نەیتوانیوە بە ئامانج بگات. بەڵام ئێستا ئەو ھێرشانە رەھەندی دیکەی کردوەتە ئامانج. ئەویش زمانە.

 

 زاری ھەورامی وەک بەشێکی سەرەکیی ناوکی زمانی کوردی، خەریکە وەک زمانێکی سەربەخۆ بناسێنرێ. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێ کرێگرتەیان راستەوخۆ راسپاردووە کە بەباشی خەریکن کاری خۆیان ئەکەن. بۆ نمونە:

بیرم دێ کە ساڵانێ لەمەوبەر لە بەرنامەی (ھانەڕەنگینە)ی ئازاد نەقشبەندی لە (می.تی.ڤی)ی پەکەکە کە بە زاری ھەورامی بەڕێوە دەچوو، کەسێ بەناوی (مەنسوور سەلیمی) خەڵکی شاری(پاوە) بە تەلەفۆن وەک میوانی بەرنامەکەیان لەسەر خەت بوو. بابەتەکە (ھەورامی زمان یان زاراوە) بوو و مەنسور سەلیمی ئەوکاتە لە زانکۆی مەشھەد تێزی ماستێر(فوق لسانس)ەکەی لەسەر (ھەورامی زمان نەک زاراوە)بوو. ئەو تێزەکەی لە زانکۆی مەشھەد بە پلەی بەرز قەبوڵ کرابوو و ھەر بە قسەی خۆی لە لایەن رێژیمەوە ٤⁄٠٠٠ چوار ھەزار نوسخە لە تێزەکەی بۆ چاپ کرابوو و قەولی کردنەوەی (ئینستیتۆ)یەکیش ھەر بۆ ئەو مەبەستەی لە پاوە پێ درابوو.

 

ھەڵبەت ھەر زۆری پێ نەچوو کە کۆمەڵێ بەناو رۆشنبیری باشووری کوردستانیش دواکارییەکیان بەرزکردەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و نزیک بە ٢٥٠ کەس واژۆیان کردبوو و ئامانجەکەشیان دابینکردنی فیدراڵی بۆ ھەورامان بوو!

 

ھەڵبەت ئەوان گلەییان ھەیە لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە لەو ماوەیەی دا کە دەسەڵاتی کوردی لەو بەشەی کوردستان ھەیە، بایەخی ئەوتۆ بە ناوچەی ھەورامان و خەڵک و کولتوورەکەیان نەدراوە، لە بەرامبەردا زاری سۆرانی و کرمانجی کراوەنەتە پێناسەی زمانی کوردی و زارەکانی دیکە خەریکن لە پشتیر و پەستووی کەلتوری نەتەوەییمان لەناو خاک و خۆڵ و تەپوتۆزی فەرامۆشی بزر ئەبن. ئەو ھەموو تەلەوزیۆنە، رادیۆە ھەیە بەڵام زۆر بە کەمی بەرنامەیەکی ھەورامییان تێدا ئەبینی. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە بڕبڕی پشتی شێعر و ئەدەبیاتی رۆمانتیکی کوردی، زاری ھەورامییە بە شاعێرانێ وەکوو مامۆستایان سەیدی ھەورامی، بێسارانی، مەولەوی، گۆران و..

 

ساڵانێ لەمەوبەر بوو کە رێژیم پاش سێ دەھە، بە خەیاڵی خۆی ھاتە سەر ئەو بڕوایەی کە لە زانکۆی کوردستان مادەیەکی زمانی کوردی بوترێتەوە. بەڵام دەرکەوت کە لەوێشدا دەرفەتی پیلانگێڕییان لە زمانی کوردی ھێنا و پرسیاریان ھێنایە گۆڕێ کە باشە، ئێستاکە ئەمانھەوێ زمانی کوردی بڵێینەوە، ئەبێ کام زمان بکەینە بنەما؟ ھەورامی، سۆرانی؟ ئەردەڵانی یان کرمانجی؟ بەم چڵۆسکانەش ماوەیەک کوانوی ئاژاوەکەیان گەرم کرد.

 

بەکورتیەکەی، پیلانگێڕییەکان بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی پچڕپچڕ و پەرتەوازە ، تا دێن روولە زیادبوون ئەکەن. ھەورامییەکان خەڵکانێکی ژیر و زانا و حەکیم و دەروەستیان تێدایە و خۆیان راستەوخۆ رووبەڕووی پیلانگێڕانی ناوخۆ ئەبنەوە. بەڵام ئەوەی حاشاھەڵنەگرە ئەوەیە کە تەنانەت ئەوانەش کە ئیدیعای زمان بوونی ھەورامی ئەکەن، ئەگەر پێیان بێژی ئێوە کورد نین، ئەگەر راستەوخۆ بەرەوڕووت نەبنەوە و ، لە ناخەوە بەو قسەیە تووڕە دەبن و خۆیان بە کوردی رەسەن ئەزانن و زۆربەشیان لەو باوڕەدان کە ئەو ئیدیعای سەربەخۆیی زمانییەیان زیاتر لەوەی کردەوە بێ، کاردانەوەیە. کاردەنەوە بەو کەمتەرخەمییانەی بەرامبەر بە ھەورامییەکان، زاراوەکەیان و کولتوورەکەیان کراوە. بەرامبەر بەوەی کە زاراوەیەک نابێ بە زمانێ بناسێنرێ و زاراوەکانی دیکە فەرامۆش بکرێن.

بژی کورد، بژی کوردستان.

نویترین هەواڵ و بابەت