"an independent online kurdish website"

 ئەوەی بە دەستیەوە ئەناڵێنین داگیرکرانی نیشتمان و خاک نیە، داگیرکرانی عەقڵ و مێشکە. ئاخر قەندیل، ئارارات، زاگرۆس داگیر ناکرێ، داگیریش بکرێ شاخ و چۆڵ و چیایەکە و تا ھەتایە بە سەنگەر و چەک راگیر نابێ.


ئەوەی کە شاخ و شار و گوندەکەنمان داگیرکراون، بەشی سەرەکیی ھۆکاری زۆرداریی دوژمنە، بەڵام ئەمە ئەو شتە نیە کە ئێمەی بەدەستەوە دیل و زەلیلین، بەڵکوو ئەمەش بۆ خۆی بەرکاری ھۆکارێکی دیکەیە، سەنتێزی تێزێکی دیکەیە.

ئەوەی ھەزاران ساڵە داگیرکراوە و رزگار نابێ خاک نیە، شار و گوند و دەشت و چیا نیە، بەڵکوو ھەر ھەمووی مەودایەکە بە پانتایی ٦شەش ئینچ، واتە تەقریبەن ١٥ سانتی میتر. ئەویش مێشکی مرۆڤەکانمانە، عەقڵ و خەیاڵدانی تاکی کوردە.

 

ساڵانێکی زۆرە کە کورد پەلەقاژێی رزگاربوونیەتی لەم داگیرکارییە، داگیرکارییەک کە لە لایەن شۆڤینیزمی سێ نەتەوەی گەورەی جیرانی کوردەوە کراوە، سێ نەتەوەی فارس، تورک و عەرەب. بەڵام ھاوکاریی و ھاوئاھەنگی داگیرکەران و بەئامرازکرانی ھەندێ لە نوخبەی سیاسی و فیکریی کورد وایکردووە کە ئەو داگیرکارییە بەردەوام و کوشەندەتر بێ.

 

گەورەترین ھەوڵ و تەقالای داگیرکەرانی کورد و نیشتمانەکەی ئەوەیە کە لە وەھلەی یەکەم دا وەک چین و توێژێکی کەم نرخ و بەھاتر لە نەتەوەی حاکم و باڵادەستی سەێر بکەن و بە پەروەردەی زاڵ، بە زمانی زاڵ، بە موسیقای زاڵ، بە یاسای زاڵی نەتەوەی دەسەڵاتدار یان بەچۆکیدا بێنن و ناچاری بکەن واز لە ناسنامە و کەسایەتی و بەھاکانی وە کوردێ بێنێ، یان پاش چەند وەچە، بتوێتەوە و شۆناسی راستەقینەی خۆی لەبیر بکات، یان بە لێدان لە کەسایەتی و شۆناسەکەی وەک کوردێ، ھەستی شەرم بەخۆبوون، خەجاڵەت کێشانی وەک کوردێ لە باوڕیدا بچێنن و بەم جۆرە ناچاری بکەن ھەر کات شۆناسە کوردیەکەی دێتەپێش چاو بەخۆیدا بشکێتەوە، شەرم لە ناسنامەی کوردبوونی بکات و ھەست بە داڕمان و داڕوخان بکات و بۆ دەرباز بوون لەم ھەستە پڕئازارەش، ھەوڵی راکردن لە شۆناسی کوردبوون بدا و سەرئەنجام تەسلیمی شۆناسی نەتەوەی باڵادەست و داگیرکەر ببێ.

بۆ ئەم مەبەستە بۆ نمونە لە ئێرانا لە سەردەمی پاشایەتی دا پۆشینی جلی کوردی لە شارەکانی ماوەیەکی زۆر یاساغ ئەکرێ، ئەمە سەرەتا بە زەخت و زۆر رۆیشتە پێش، بەڵام دواتر بەشێ لە کۆمەڵگای تەسلیمی خۆی کرد و لە درێژەی دا وای لێھات کە لە ھەندێ لە شارە گەورە کوردییەکانا پۆشینی جلی کوردی ببێتە شتێکی عەیبە و لە شارگەلێ وەک سنە و کرماشان و ورمێ دا بە ئاستێ ئەو سیاسەتەی رێژیم سەرکەوت کە توێژێ لە کۆمەڵگا بە چاوی سوکایەتی و گاڵتەوە سەێری جلوبەرگی کوردی بکەن. بۆ نمونە لە کرماشان ئێستاکانێش لای ئەو بەشە تەسلیم بووە بە کولتوری نەتەوەی زاڵ ، کەسێ کە کەواپانتۆڵی کوردی لەبەر بکات، بە حەمە جاچک ناو دەبرێ. لە شارێ وەک مەریوان کە من لێی بووم ھەتا ناوەڕاستی دەھەی نەوەدی زایینی، ھەموو شار گەڕابای نەتدەتوانی ١٠ کەسی شەرواڵ لە پێ یان کۆتو شەرواڵی بدۆزیەوە، کەچی لەوانەیە ئێستا پێچەوانەکەی راست بێ.

 

نەتەوەی داگیرکەر بۆ ئەم مەبەستە  زمان و موسیقا و جلوبەرگ و ئەدەبیات و شێعر و ھونەر و سینەما و تەلەوزیۆن و زۆر ئیمکانات و دەرفەتی دیکەی بەکار ھێناوە، بەڵام مێشک و کەلەسەری کورد بەئامانج گیراو، وەک نەتەوەیەکی شپرزەی بێ سیستم و رێکخستن، تەنیا کێڵگەیەکی بایەر و لەبار بووە بۆ چاندنی تۆوی ئامانجەکانی ئەوان.

 

ئەگەر سەیرێکی زار و زمانی سیاسییەکانمان، رۆشنبیرەکانمان، شاعیر و ئەدیبەکانمان، بیرمەندەکانمان بکەین، ئەبینین ھەندێکیان بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆیان ئاستی خۆیان بەرز نیشان بدەن، ھەوڵ ئەدەن وشەی فارسی، عەرەبی، تورکی بە حەسابی خۆیان جوان و رازاوە بۆ رازاندنەوەی مەبەستەکانیان لە رستەکانیانا جێ بکەنەوە. زۆرێ لە لاوەکانمان بۆ ئەوەی خۆیان پێشکەوتوو دەربخەن، ھەوڵ ئەدەن زیاتر وشەی نەتەوەی داگیرکەر لە قسەکردنا بەکاربێنن، گوێ لە موسیقای ئەوان بگرن. بۆ نمونە لە شاری سنە ئەم شتە زۆر زقتر خۆی ئەنوێنێ. کاتێ لەگەڵ سنەییەکا قسەئەکەی، ئەگەر زمانی کوردی بە پاراوی شارەزا بی، ئەتوانی ئاسان ھەست پێ بکەی کە لە سەدا شەست بۆ ھەفتای وشەکان لە ناو رستەکانیانا فارسین. ئەمەش بە شانازی ئەژمێرن و پێچەوانە، زیاتر بەکارھێنانی جلوبەرگی کوردی و زمانی کوردی لای ئەوان بە مانای دواکەوتوویی و بەقسەی ھەندێکیان نیشانەی دێھاتی بوونە.

 

لە باشووری کوردستان ھەر بەجارێ ئەو داگیرکارییە لە مێشکەکانا جێگای خۆی کردووەتەوە. بە بڕیاری حکومەتیی، لە زانکۆەکانا جلوبەرگی کوردی یاساغ کرابوو و تەنیا لە رۆژی جلی کوردی و ئاڵای کوردستانا خوێندکار مافی بەکارھێنانی جلی کوردیی ھەیە. لە زۆربەی دامودەزگای ئیداری و حکومەتی جلی کوردی یان نابینی یان لە ئاستی سفردایە و لەوێش بەو حاڵەشەوە کە حکومەت و سیستمی خوێندن کوردییە، عاشقانە ھەوڵ ئەدەن وشەی عەرەبی لە قسەکردنیانا بەکاربێنن. ئەمە بە ئاستێ کاریگەر بووە کە ئەوترێ لە کۆڕێکی زمانەوانیی زمانی کوردی لە شاری دھۆکدا مامۆستایەکی زانکۆ ھەڵدەستێتەوە و ئێژێ: “برادەران رجائەن لە ئەسنای تەکەلۆمدا، غەیر لۆغەی کوردی ئێستیعمال مەکەن.” واتە ئەیھەوێ بێژێ: ھاڕێیان تکایە لە کاتی ئاخاوتنا تەنیا زمانی کوردی بەکار بێنن. ئەوەی کە چەندە عاشقی موسیقای عەرەبی و تورکی و فارسین با بوەسپێ. ئەوەی کە شێعری گۆرانییەکان موعین ئیسفەھانی چەند قات زیاتر لە دیوانی شێعرەکانی شێرکۆبێکەس و عەبدوڵا پەشێو و رۆمانەکانی بەختیار عەلی ئەفرۆشرێن با بوەستێ. بۆ نمونە لەم ساڵانەی رابردوودا کچێ بەناوی پەرواز خەڵکی لای رانیە کە خۆیشی پەروەردی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی کوردستانە، بە نوێنەرایەتی ھونەری کوردی چووە بەرنامەیەکی (عەرەب ئایدل) وەھا عاشق و شەیدای عەرەب و موسیقای عەرەب ببوو، گۆرانییە کوردییەکانی لەبیر کرد و بۆ بە دەست ھێنانی دڵی ئەوان، عاشقانە گۆرانیی عەرەبی بۆ ئەوتن. ئەوە بە حەسابیش چووە لەوێ نوێنەری گۆرانی و موسیقای کوردی بێ.

 

 باکووری کوردستان ھەر ھیچ، تاکی کورد لەوێ بە بەئاستێ پانتایی نیشتمانی مێشکی داگیرکراوە کە زۆر جار ھەست ئەکەی زۆر ئاستەمە ئەو مێشکە لەو قوڕە دەربێنیەوە. کورد لەوێ کەسایەتیی بە ئاستێ شکاوە کە تەنانەت لە وڵاتانی ئۆروپاییش ناوێرن بێژن کوردین. ئەوان بەئاستێ لە شۆناسی کوردبوون داماڵراون کە زۆر جار بەو قەناعەتە ئەگەی کە باوڕیان ھێناوە بە زڕەتورک بوونیان، بە تورکە کیوی بوونیان.

 

بە کورتی، کێشەی سەرەکیمان ئەوەیە ئەم داگیرکارییە لە ئاستی مێشکی رێبەرایەتی و سەرکردایەتی و بیرمەندایەتی و رۆشنبیرایەتی و زمانەوانێتی کوردا ھێندە بە قووڵی کاریگەریی داناوە کە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیر و بیرمەند و پەروەردەیی کورد ھەست بە داتەپیوی و داڕوخاوی و لاوازی و شڕوشپڕێویی کەسایەتیی نەتەوەیی ئەکا لە ھەمبەر کەسایەتیی تاکی داگیرکەر. بەئاستێ کە کەسایەتیی تاکی داگیرکەر بە سەروەر و ئەرباب و گەورە و سەرۆک و پێشکەوتوو و ئاغا ئەزانێ و خۆی لە ئاستی ئەوان بە لاواز و لانەواز و دەستەوئەژنۆ ئەزانێ و پێیوایە ئەوە لە چارەی ئەوا نووسراوە کە ھەموو تەقالای وەگەڕ بخات بۆ بەدەستھێنانی دڵی ئەوان، ئەمەشمان بەتایبەتی لە باشووری کوردستان زۆر لە پانتایی سیاسیدا بینیوە و نمونەی زقیشی یادی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو کە بەرپرسانی و حیزبی و حکومەتیی ھەرێمی کوردستان ھەرھەموو دەستەونەزەر لە خزمەت کونسولی کۆماری ئیسلامیدا بە مەبەستی دڵ بەدەستھێنان وەستابوون.

 

بەڵێ ئەوەی تاکی کوردی بەدەستەوە ئەناڵێنێ، دەگیرکاریی خاک نیە، داگیرکاریی خەڵکە، داگیرکاریی نیشتمانی مێشکە.

 

 

نویترین هەواڵ و بابەت