"an independent online kurdish website

 تروسکایی گڵۆپێکی سوری زۆر چکۆڵە، لە نێو شۆقی هەتاوی ئەو دوانیوەڕۆ درەنگانەدا، لە لێنزی دووربینەکەڕا دەبیندرێ.


 گڵۆپەکە هەر تەنیا چەند میترێک لەولاترەوە لە ،وەرگرێک، “گیرندە” یەکەوە، دێت و پەیامی کراوەبوون بۆ دەورووبەرەکەی دەنێرێ. لێرە مەودای نێوان مەرگ و ژیان تەنیا تۆزێک ویژدان، ئەگەر نا، داگرتنی دوگمەی دەزگایەکی چکۆڵانەیە. تۆ بڵێ وەک بتهەوێ لە گەڵ کەسێک بە دووری چەندان کیلۆمیتر قسە بکەی. بەڵام نا نا، ئەوە وەک ئێمە مانان لێی حاڵی بووین، نیە. لێرە ، ئەو دوگمەیە، هەڵگری پەیامێکی دیکەیە، دەڕوات…، بەڵام نایەتەوە!!! لەولاترەوە کۆڵێک بۆمبی ئەهریمەنی، لێکدراو بە چەند گڕۆڵە سیمێک، بێ سەر و زمان، لە چاوەڕوانی هاتن یان نەهاتنی ئەو پەیامە بۆ دەزگاکەی لای خۆیان دان، تا بزانن لە بەریەک هەڵوەشانی ئەوان چ کارەساتێک دەخوڵقێنێ. بە هاتنی ئەو پەیامە، نە کەس زیندوو دەمێنێ و نە کەس هەیە چۆنیەتی هاتنی پەیامەکە بگێڕێتەوە. ئەوەی بوو دەنگی تەقینەوەیەکی گەورەو وباڵ گرتنی کوت و لەتەکانی پۆلێک ئینسان و لاستیکی بۆمبەکان بە یەکەوە لە ئاسماندایە کە بەرەو مەنزڵگەیەکی نادیار لە شەقەی باڵ دەدەن.

——

۲۲ی پوشپەڕی ساڵی ۱۳٦۸ی هەتاوی- ۱۳ی ژوئیەی ۱۹۸۹ی زایینی، دوکتۆر قاسملو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە لایان کۆماری ئێسڵامیەوە لە وییەن ترۆر کرا. ئەوە زەبرێکی یەکجار قورس بوو، نەک تەنیا بۆ حیزبی دێموکڕات، بەڵکو بۆ هەموو گەلی کورد. نیگاکان لە سەر کۆمیتەی ناوەندی حیزب بوون، ئاخۆ چۆن خۆی لەو کۆستە قورسە دەرباز دەکات. حیزبی دێموکڕات دەبووایە کەسێک وەک سکرتێری گشتی حیزب هەڵبژێرێتەوە، بەڵام تا بەستنی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی، دەبووایە ڕاوەستین. دیارە حیزب بڕیاری خۆی دابوو کە خەبات شێلگیرانەتر لە پێشوو بەردەوام دەبێت و خەڵکیش بە دوای وتاری شەهید دوکتۆر سەعید، جێگری سکرتێری گشتی حیزبدا، کە هەر بەو بۆنەوە، لە سەر گۆڕی شەهیدانی حیزب پێشکەشی کرد، هیوایان بەوە هەبوو کە ڕاستە دوکتۆر قاسملو ترۆر کراوە، بەڵام ئەو حیزبە هەر لە جێگای خۆیەتی.

ڕێژیم ئەوەی باش دەزانی کە بە شەهید کردنی دوکتۆر قاسملو ئەو حیزبە بە چۆک دا نایەت. دەڵێن کە “دوژمنەکەت تاسا، مەهێڵە خۆی بگرێتەوە، دووبارە زەربەیەکی لێ بدەوە، با هەڵنەستێتەوە“.

کۆماری ئیسلامیش هەر ئەوەی گرتبۆ پێش. بەسەرهاتەکە بەو شێوەیە بوو:

لە ماوەی نێوان ترۆری شەهید دوکتۆر قاسملو و گرتنی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا، ڕێژیم لێبڕابوو تا زەبرێکی زۆر کاریگەر لە حیزب بدات، کە توانای هەستانەوەی هەر نەبێت، یان زۆر کەم بێت. دەیانزانی بەرپرسانی حیزب بە دوای ئەو زەربە قورسەدا، لانیکەم بۆ ماوەیەک لە دەرەوە، وا بە هاسانی لە داو ناکەون، کە وابوو لە نێو خۆدا زەبرێک لە سەرکردایەتی حیزب بدرێت. بۆ ئەو مەبەستە ماشێنی لاندکرۆزێری سکرتاریا دیاری کرابوو بکرێتە ئامانج. وێنەیەکی ماشێنی سکرتاریا، کە ژمارەکەی زۆر بە ڕوونی دیاربوو و کاتەکانی هاتووچۆکردنی لە نێوان شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی نیشتەجێی “ئێندزێ” و شوێنی دەفتەری سیاسی لە “بۆڵێ” بە تایبەت بەیانی و ئێواران زۆر بە وردی دیاریکرابوون. ئەگەر یەکێک لە مینی بوسەکانی حیزبیش هاوکات وەبەر بهاتبایە، بە بڕوای داڕێژەرانی ئەو پلانە زۆر باشتریش دەبوو، بۆ ئەوەی تەنانەت کەسانی نێو مینی بوسەکەش نەتوانن بە هانای قوربانیانی نێو لاندکرۆزێرەکەوە بێن. وایان بیستبوو کە یەکێک لە مینی بوسەکانیش بەیانیان لە دوای لاندکرۆزێرەکەوە دەڕوات.

ئیتلاعاتی سەردەشت و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەڵێنیان بە ئۆرگانەکانی فسەروووتر دابوو، بەڕێوەچوونی ئەو کردەوە ترۆریستیە وەئەستۆ بگرن. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە کەسێکی دەست ڕۆیشتووی نێو بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوڕدستانی باشور کرابوو، تا بۆ کارێکی زۆر نهێنی دوو کەس لە بە وەفاترین کەسانی خۆیان کە ئەندامی بزووتنەوەی ئیسلامی بن و جێگای متمانە بن پێ بناسێنن. ئەو کەسانە وادیار بوو پێشتریش ئەرکەکانی خۆیان باش جێبەجێ کردبوو، جێی متمانەی کەس یان کەسانی دەست ڕۆیشتووی نێو بزووتنەۆەی ئیسڵامی بوون.

پاش دڵنیا بوون لە دڵسۆزیان، لە لایان ئیتلاعاتی سەردەشتەوە، بۆ دەورە دەنێردرێن بۆ ئیتلاعاتی “ورمێ”. بۆ بە نهێنی مانەوەی ئەو دەورەیە، بە بیانووی سەفەرکردن، نێردرابوونە شاری ئەهواز. لە ئەهواز مامۆستایەکی زانکۆ، کە شارەزایی تەواوی لەو جۆرە تەقینەوانەدا هەبووە دەورەیان پێ دەبێنێ. هەموو ڕۆژێش لێیان دووپات دەکاتەوە کە، لە لای دەسەڵاتداران شەرمەزاری نەکەن…، واتە لە بەڕێوەبردنی ئەرکە پێ سپێردراوەکەیاندا فەشەل نەهێنن. مامۆستایەکە هەر لەوێ بووە یان بۆ ئەو مەبەستە نێردرابۆ ئەوێ ڕوون نەبوو.

بۆمبەکە، لە سێ مینیM19ی تانک شکێن پێک هاتبوو

و بە هۆی سیمەوە بە یەکەوە بەسترابوونەوە. هەر یەک لەو مینانە ۱۲٫٥۳۰ کیلۆ قورس بوو و ۹،٥۳۰ کیلۆ تی ئێن تی پەستێندراو،” فشردە” یان تێدابوو و کەمترین ڕادەی ئاسنەواڵە” فلز” ی تێدا بەکار هاتبوو و زۆر بە ئەستەم بە مین یاب دەدۆزرانەوە. ئەو مینانە لە بنەڕەتدا ئەمریکایی بوون، بەڵام ئێران کۆپی کردبوون. هێزی تەقینەوەی هەر مینێکی تانکشکێن لە ناوبردن یان لە کارخستنی تانکێکە. دەبێ هێزی تەقینەوەی سێ مینی تانکشکێن، ئەویش لە دەورووبەری ماشێنێک، بە یەکەوە چی بکات؟ مەبەستی سەرەکی لەو نێوەدا کوشتنی هەموو ئەوانە بوو ، کە لە ناو ماشێنەکەدا دەبوون، بەڵام ئەوەش بەو کەسانە گوترابوو، کە هەر کەسێک لەو تەقینەوەشدا نەکوژرێت، تازە ناتوانێ ژیانێکی ئاسایی هەبێت.

ئەو بۆمبە وا داندرابوو بە شێوەی سێگۆشە دابندرێتەوە، تا ماشێنەکە بکەوێتە نێو ئەو سێگۆشەیە، ئەوجار بە کۆنتڕۆڵ لە ڕێگای دوورەوە بتەقێندرێنەوە. وەها پێشبینی کرابوو کە ماشێنەکە وەک گڕۆڵەیەک لە ئاسنەواڵەی لێ بێت.

شوێنی دانانەوەی بۆمبەکە؛

پێش گەیشتن بە پرسگەی حیزب شوێنێکی نەدیو هەبوو، بەڵام لە پرسگەی سازمانی خەباتی شۆڕشگێڕەوە دیاربوو، دیاری کرابوو. لەو شوێنە قۆرتێک یان پێچێک، هەبوو. لە وێ ماشێنەکان بە هۆی ئەو پێچەوە خێراییان کەمتر دەکردەوە.

ئەو کەسانە کە دەبووایە بۆمبەکە دابنێنەوە پێشتر بە بیانووی سەردانیکردنی کەسێکی نێو سازمانی خەبات هاتبوونە ئەوێ و چەند ڕۆژێک لەوێ مابوونەوە. لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا زۆر بە باشی شناسایی ئەو ناوەیان کردبوو و ئەوێیان دیاری کردبوو. کەسەکان لە لایان ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی ئیسلامی نێردرابوونە لای ئەو کەسەی نێو سازمانی خەبات، کە بە یەکەوە ناسیاویان هەبووە و بە قسەی یەکێک لەو کەسانە داوای لێکردبوو کە ئەوان چەند ڕۆژێک لەوێ دەمێننەوە و جێگای متمانەی ناوبراون.

ئەوە کە ئەو کەسەی سازمانی خەبات ئاگاداری هیچ شتێک بووبێت یان لە نیەتی هاتنی ئەوان ئاگادار بووبێت ڕوون نەبوو.

شوێنێکیان هەڵبژاردبوو کە حیزبیش بە هۆی بوونی بنکەکانی سازمانی خەبات لەوێ کەمتر هەستی بە مەترسی دەکرد. تەنانەت زۆر بیریشیان بۆ بەڕێوەبردنی پیلانێکی لەو جۆرە لەو شوێنەدا نەدەچوو. ئەو پیڵانە بە خۆشیەوە سەری نەگرت و لە ڕێگای گواستنەوەی کەلوپەلەکان بۆ شوێنی تەقینەوەکە، لە کۆمیتەی شارستانی سەردەشت ئاشکرا بوون و لە ناو دوکانی کەسێک لە بازاڕی ئاڵوێری کەل و پەل لە نیزیک کۆمیتەی شارستان، دەست بە سەر بۆمبەکاندا گیرا. دیارە سەرەڕای ئاگاداربوونی کۆمیتەی سارستانی سەردەشت لەو پیلانە ، کەسی مەبەستیش لە دوا کاتەکاندا هەستی ئینسانی وەئاگا هاتبۆوە یان کە زانیبووی پیلانەکەی ئاشکرا بووە و هیچی بۆ ناکرێ، نەی ویسبوو ئەو کارە بکات.

لە دەفتەری سیاسی ڕا داواکرابوو، فیلمێک لەو بۆمبانە و شێوەی کار پێکردنیان، هێزی ئەو تەقینەوەی کە ئەو بۆمبانە دروستی دەکەن، کاریگەری ئەو بۆمبانە لە سەر ئەو کەسانە کە لە تەقینەوەکەدا نەمردوون یان لە نیزیک شوێنی تەقینەوەکە بوون، کێ پیلانی تەقینەوەکەی داناوە، چۆن ئەو کەسانە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ترۆرە دیاریکراون، هەڵبگیرێتەوە، تا وەک بەڵگەی ترۆریست بوونی کۆماری ئێسلامی کەڵکیان لێوەر بگیرێت. ئەو کەسە ڕاسپیێردراوە هەموو ئەو زانیاریانەی بە وردی لە فیلمەکەدا باس کردوون. کەسی ناوبراو تەنانەت پێش دەست پێکردنی فیلمەکەش زۆر بە دودڵێیەوە دەستیان بە شیکردنەوەی چۆنیەتی داڕشتنی ئەو پیلانە و هەموو قۆناغەکانی کرد.

لە کاتی فیلمەکەدا، بە خۆت نەبوو خەیاڵەکان دەڕۆیشتن و ئەو شوێنەی کە ناوبراو باسی دەکرد بە تەمابووە ئەو بۆمبەی لێ بتەقێنێتەوە، ئەو دیمەنانەی لە ئاکامی وەها تەقینەوەیەکدا دروست دەبوون. دەبێ هەستی مرۆڤایەتی تا چەند لە بەرامبەر هەستی گەیشتن بە ئامانجە گڵاوەکاندا پاشەکشەی کردبێ، کە مرۆڤ ئاوا بێ بەزەییانە لە بیری لە نێوبردنی کەسانی دیکە بکەوێ. گریمان ئەو ڕۆژە سەرەڕای ئەندامانی دەفتەری سیاسی، ژن و منداڵیش لە ماشێنەکەدابوون. یان ئەوە مینی بوسی هەڵگری کادر و پێشمەرگە و ژن و منداڵیش بە دوای ئەو ماشێنەوە بایە و بە جارێک هەموویان تێدا بچووبان؟ ئەو کاتە هەر کەسێک نەخۆش بایە هەر بە مینی بوسەکان هاتووچۆی “نەخۆشخانەی ئازادی” لە بۆڵێ دەکرد.

کە بیرت لەو دیمەنانە دەکردەوە، موچڕک بە تەواوی لەشت دادەهات، مووەکانی جەستەت گرژ دەبوون و تەزویەکی سامناک سەرتاپای ئەندامەکانی لەشتی دەتەنیەوە. دەبێ ئەو دوژمنە چەندە بێڕەحم بێت تا توانای داڕشتنی پیلانێکی هێندە دڕندانەی هەبێت؟ ئەدی ئەو کەسەی پیلانەکە جێبەجێ دەکات؟ لەو کاتەدا کە ناوبراو شێوەی دانانەوە و تەقاندنەوەی بۆمبەکەی شی دەکردەوە، بەرپرسی کۆمیتەی شارستان، شەهید “فەتاح عەبدولی” و چەند کادرێکی دیکەی کۆمیتەی شارستانیش لەوێ بووین، چرای دەزگاکانی تەقاندنەوە پەیتا پەیتا لێی دەدا و تەنیا لە ڕێی دەست پێداهێنانێک دەکرا نەک ئەوانە لەوێ بوون، بەڵکوو لە دەورووبەریش شەهید و بریندار هەبن. خۆ ئەو کەسە دەیزانی بە هۆی ئاشکراکردنی ئەو پیلانەوە، تازە زەحمەت بتوانێ لە دەست کۆماری ئیسلامی دەربازی بێت. بەمجۆرە بیەوێت خۆی لەو گێژاوە کە تێیکەوتووە ڕزگار بکات!!!

ئەو کەسانە ماوەیەک لە دەورووبەری کۆمیتەی شارستانی سەردەشت زۆر بە نهێنی مابوونەوە و شەو و ڕۆژ پارێزگاریان لە خۆیان دەکرد. کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵیدا ترۆریان بکات، تا ئەگەر پیلانەکەشی سەری نەگرتووە، لانیکەم لەوە زیاتر نهێنی نەدرکێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

٭ پێویستە لێرەدا یادێک لە شەهید عەوڵا محەمەد زادە، ناسراو بە عەڵا بناوەیی بکەینەوە، کە لە ئاشکراکردنی ئەو بۆمبانەدا دەستی هەبوو. ڕوحی شاد بێت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی