"an independent online kurdish website

 چەند رۆژە ھەواڵی ھەناردنی کەرێکی پا شکاو بۆ ئامریکا، بە پێشنیاری پیاوێکی دینی زەڕتۆشتییەکانی کوردستان، لە مێدیاکان بڵاو بووەتەوە! ئەم ھەواڵە وەک ھەنگ لە ھەنگەلان دۆزرابێتەوە، دەستاودەستی پێ ئەکرێ!


 

منیش ھەرچی تێفکریم  تەنیا بەو قەناعەتە گەییشتم کە چیرۆکی ئەم کەرە تەنیا بۆ کەراندن ئەشێ و ھیچیتر. ئەگەر بە کورتی سەێرێ بکەین، ئەبینین ھەزاران ساڵە کۆمەڵێ بە ناوی جولەکەوە، مەسێحیەوە، ئیسلام و دینەکانی دیکەوە خەریکی سوارسوارێن و بە ھیچ ئیمانێکیش حازر نین دابەزێن.

 

خراپ تێنەگەن، ئەوان تەنیا سواری سەر کۆڵ و شان و ملی کۆمەڵگاکان نەبوون، بەڵکوو سواری عەقڵ و مێشک و ئەخلاق و ئێرادە و کولتور و دابو نەریتی کۆمەڵگاکان بوون، ئەوان بەرۆکی پەروەردە و پەروەراندنیان گرتووە و بەکەیفی خۆیان لە کۆمەڵگا چۆن ویستوویانە دایانتاشیوە. بەرھەمەکەشی دروستکردنی دلاقە نیگایەکی بەرتەسکە بۆ کۆمەڵگاکان کە لە خۆشترین حاڵەت دا کۆماری ئیسلامی و ئاکەپەی ئەردۆغان و ئێخەوانولموسلێمین و لە خراپترین حاڵەتیش دا ئەلقاعێدە، داعش، جبھەتولنوسرا، تاڵەبان و…ی لێ کەوتووەتەوە.

 بەم ھەمووەوە کە دینەکان ھەزاران ساڵە بەسەر نەتەوە و کۆمەڵگاکانی جیھانا ھێناویانە و بەو ھەموو کۆیلەتی و ژێردەستیەوە کە ھەزاران ساڵە کوردیان پێ چەوساندووەتەوە، تازە بە تازە زەڕتۆشتیەکان ھاتوون و حەزیان چووەتە سوارسوارێن و خەریکن کەر سواری فڕۆکە ئەکەن و ئەینێرن بۆ ئامریکا، بەو نیەتەی بەشکو بتوانن ئەوانیش دەورە سوارییەکی مێژوویی لە عەقڵ و بیرکردنەوەی کۆمەڵگای کورد وەرگرن. نازانن کە زۆرێ لە خەڵکی کۆمەڵگای کوردستان، ھیچ نەبێ ئێمەمانان باش ئەزانین کە ئەم کەرەی زەڕتۆشتیەکانیش ھەر بۆ کەراندنە. ئەگینا:

 

سێ دەھە زیاترە کە بریندارانی چەکی کیمیایی بەعس لە ھەڵبجە بە دەست برینە ساڕێژنەبووە رۆحی و جەستەییەکانیانەوە بەترەفانە ئەناڵێنن و ناڵەشیان تەنانەت بە گوێی کەڕی ویژدانی تۆپیوی بەرپرسانی نوقم بوو لە سروەت و خۆشگوزەرانی حیزبی و حکومەتیی ھەرێمی کوردستانا ناگات.

 

ئەی کاکی عالمی زەڕتۆشتی ئەگەر تۆ راست ئەکەی و خێر و چاکە خوازی، فەرمو بە جێگەی ئەوەی بڕۆی و لای کۆنسولی ئامریکا واسێتە بۆ ناردنی کەرێکی لاق شکاو بکەی و بینێری بۆ ئامریکا بۆ چارەسەری، فەرمو ھەندێ پارە لە کیسەی خۆت و ھاوکیشەکانت دابین بکە و بیدە بە جوتیارێکی ھەژار کە ھەم لاقی چاک بکاتەوە و ھەم بیحاوێنێتەوە و ئاو و ئالیکی بدات ، بەجێی ئەوە بڕۆ لیستێ لە بریندارانی کیمیایی ھەڵبجە وەرگرە و بیبە بیدە بە کۆنسولخانەی ئاڵمان و بڵێ ئەمانە برینداری ئەو چەکانەن ئێوە بە سەدام حوسەینی دیکتاتۆرتان دا و داوایەن لێ بکە چارەسەریان بکەن. یان

 

بڕۆ لیستێ لە پێشمەرگە قارەمانە بریندار و کەم ئەندام و شەل و کوێرەکانی شەڕی دژی داعش بگرە و بیبە بیدە بە بەرپرسانی کونسولخانەکانی وڵاتانی ھاوپەیمان لە شەڕی داعش دا و داوەیان لێ بکە و بڵێ ئەمانە شەڕیان نەکردبا ئێستا ئێوە کونسولخانەتان لێرە نەبوو، ئێستا زۆربەیان لە رێگای تورکیاوە ھاتبوونە ئۆروپا. بەڵێ ئەوەیە کاری چاکە ئەگەر مایلی کاری چاکەن کە بڕوام نیە ئەو نیەتەتان ھەبێ.

 

بە کورتیەکەی پێموانەبێ خەڵک ئامادە بێ بەو جۆرەی بۆ ئیسلام و دینەکانی دیکە شان و کۆڵی خۆی نەوێ کردووە، بۆ ئێوە ئیدی شان و کۆڵ نەوێ بکات. بڕوام وایە ھیچ نەبێ پاش ھاتن و رۆیشتنی داعش، گۆڕانێکی قووڵ بەسەر کۆمەڵگای دین سوارا ھاتووە و لە بەختی ئێوە وەک یەک سەدە پێش یان لانیکەم چەند دەھە پێش، خەڵکتان پێ ناگەمژێنرێ و ناکەرێنرێ.

 

لە کۆتاییشا روداوێکی خۆشی ٣٠ ساڵ پێشی گوندی خۆمان(بۆڕیەر)م بیر کەوتەوە. زستان بوو، بەفرێکی زۆر بەریبوو، زۆر سارد بوو، مینی بوسەکەی کا(حەمەمەنیژە) لە سنەوە ئەھاتەوە، تەقریبەن پڕی خەڵک بوو. گەییشتە لای پردەکەی دووئاو لە ناکاو کا حەمە مەنیژە چاوی بە کەرێ کەوت کە لە قەراخ جادەکەیە و دەستێکی شکاوە و ھەروا بە چەماوەیی گیرساوەتەوە لە سەرمادا ھەڵدەلەرزێ و دای لە تورمز(ستۆپی کرد) و وەستا و وتی دادەی خەڵکینە یاڵا، بڕۆنە خوارێ و ئەو کەرەم بۆ سەرخەن!

 

خەڵکەکە حەمەمەنیژەیان خۆش ئەویست، چونکی بەگشتی پیاوێکی بەڕێز و خۆشەویست و خەڵکییە. وتیان ئاخر نابێ و جێ نابێتەوە و چۆن ئەبێ وئەم شتانە. حەمەمەنیژەش ئەزانی وانابێ، ئێژێ: تەڵاقم کەوتبێ ئەگەر گشتتان دابەزێنم و کرێیەکانتان بدەمەوە، ئەو کەرە سوار ئەکەم و ئەیبەمەوە گوند.

بەھەرحاڵ چار نەما، خەڵک دابەزین، کەرە شەلیان سوار مینی بوس کرد، دەوروبەریان گرتوە کە نەکەوێ و بردیانەوە دێ. کا حەمەمەنیژەش پارەیەکی دا بە کاحەمەخاسێ کە ئەویش پیاوێکی زۆر باشی ئاواییە، وتی: ئەو کەرەم بۆ بەخێوکە تا بەھار و ھەوا خۆش ئەبێ. ئەی کاکی زەڕتۆشتی، تۆش ئەگەر ئەبەخشی ئاوەھا لە گیرفانی خۆت ببەخشە نەک لە کیسەی خەلیفە ئامریکا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی