"an independent online kurdish website"

پاش کۆمەڵێک ۺەڕی خوێناوی و بەربەرکانیی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ لەگەل هێزەکانی ئێران، سەرەتای ساڵی ۱۳٦۱ ( ۱۹۸۲) ڕژیم توانیی لە پردی دووئاو بپەڕێتەوە و شاری نەوسوود و دەور و بەری بخاتە مەترسییەوە.


کۆمەڵەییەکان کە چەند کەسێک (۲-۳کەس) بوون کەوتنە خۆ ئامادە کردن بۆ بەجێهێشتنی ناوچەکە. پێشتریش بەهۆی تێکچونی دەسەڵات و ئیمکاناتی حامید بەگەوە هێندێک لە کۆمەڵەیییەکان ناوچەکەیان بە جێ هێشتبوو.

هاوینی ساڵی ۱۳٦۳ (۱۹۸٤)لە ناکاو جەماعەتێکی ۱۰-۱۵ کەسی لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە هاوارەکۆن دەرکەوتن. هەر لە سەرەتای گەڕانەوەیان دەریانخست کە مەبەستی سەرەکییان دژایەتی و بەربەرەکانییە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە بە گشتی و بە تایبەتیش پێشمەرگەکانی دیموکرات نەک دژایەتی لەگەل جمهوری ئیسلامی.

بە هۆی ئاکار و کردەوەی ناپەسەنی پێشووتریان بە دژایەتی لەگەل دیموکراتەکان و بە پشتیوانیی حامید بەگ و ڕێنوێنییەکانی یەکییەتیی نیشتمانیی کوردستان، هه‌ندێک دڕدۆنگی و گومان هەبوو لە گەڕانەوەی کۆمەڵە!

لە یەکەم هەنگاودا دەریانخست و گومانەکانیان کردە ڕاستی. لە یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەی کۆمەڵە، له‌ لایه‌ن کومیتەی شارستانی هەورامان، ئەندامێکی کومیتەی ڕاسپێردرا تا بە نوێنەرایەتیی کومیتە لە هاوارەکۆن لە گەڵ کۆمەڵەکان دانیشێت، بۆ لەیەک تێگەیشتن و کار و چالاکییەکانیان لە ناوچەکەدا.

بەداخەوە ئەو دانیشتنە ئاکامێکی ئەرێنیی نەبوو، چوون ئەوان بۆئەوە نەگەڕابوونەوە کە لەگەڵ دیموکرات دانیشتن و لەیەک تێگەیشتنیان هەبێت، بەڵکوو پێشوەخت ڕقی پیرۆزیان کردبوو بە کوتەکی دەستیان و دەبوو سەری دیموکرات و ناسیونالیستەکانی پێ پان بکەنەوە (بە وتەی حەمید تەقوایی ناسیونالیست سەگبابە و دەبێ سەری پان کەیتەوە) .

دواتر کەوتنە گەڕان لەو ناچە بەرتەسکە دا ماڵ بە ماڵ و سەنگەر بە سەنگەر و ڕێگاو بان و مەقەڕیان تاقی دەکردەوە. ئەگەرخاوەن ماڵ یان نیگابان یان پێشمەرگەیەک پرسیاری لێ بکردنایە، کاکە ئەوە خەیرە، ئۆغر؟ لەوپەڕی توڕەیی و تەوسنیدا، بە ئەدەبیاتێکی سەقەت کەسی بەرانبەریان تاوانبار دەکرد و خۆیان لەو پێ تێگەیشتووتر و پێگەیشتووتر دەزانی، کە وەڵامی کەسانی سازشکار و دواکەوتوو و دژەشۆڕش بدەنەوە.

پاش ماوەیەک مێوانداری، سێ ژەمەی ماڵە پێشمەرگە و دیموکراتەکان و بێحورمەتی ئەوان بە خانەخوێ لە خوار شۆشمێی خواروو، لە شوێنێک بە ناوی تامیشا لە پەنای بنکەی دەستەی شەهید نوری بنکەیەکیان دروست کرد و دواتریش تیمێکیان لە نەوسوود لە بەرانبەری بنکەی پێشمەرگەکانی دیموکرات دامەزراند.

ئەگەر بەدوور لە هەست و سۆز سرنج بدەینە ئەو دەستەواژانەی کۆمەڵەییەکان کە بۆ پێشمەرگەکانی دیموکرات بەکاریان دەبرد، تێدەگەین کە چ مەبەستێکی ناتەندرووست لەم گەڕانەوەدایە و چاوەڕوان دەکرا ڕۆژێک لە ڕۆژان وەزعەکە دەتەقێتەوە و دەکێشرێتە بوارێکی نائاسایی. چاو لەو ناو و ناتۆرانە بکەن و خۆتان بنێنە جێگای پێشمەرگەکانی دیموکرات و وەڵامی ئەو ناو و ناتۆرانە بدەنەوە:

———————————

دژە شۆرش، دواکەوتوو، خورافاتی، نوێنەری سەرمایەداری، ناسیونالیست بوون شەرمی مرۆڤایەتییه‌، کە مداڵیای ئەم شەرمە مرۆڤایەتییە لە ملی دیموکرات دایە، مورتەجع، شەرور، ناپەیگیر، شەڕی کۆمەڵەو دیموکرات شەڕی چینایەتی و بێ کۆتاییە، خەباتی نەتەوەیی داردەستێکە بۆ وەگەڕ خستنی سەرمایەداری و بە کۆیلە کردنی کرێکاران و هەژاران، دیموکرات ژاندارمی ناوچە، قوڵەنۆکەری سەرمایەداری، کورد نەتەوە نییە و نەتەوەخوازیش دیاردەیەکی کۆنەپەرەستانەیە، ناسیونالیست کە وەک پیسترین جوێن بەکاریان دەبرد و وەها فێر کرابوون کە ناسیونالیست بوون تاوانێکی نەبەخشراوە و دەبێ سەری پان بکرێتەوە“.

ساڵی ۱۳۹۲ لە تورکیە گوێبیستی ئەوە بووم کە کۆمەڵەییەکان وەک جوێن و سوکایەتی تەنانەت بۆ هاوسەنگەرانی خۆشیان کە گوێگری گۆرانیی کوردی دەبوون، ناسیونالیستیان بە کار دەبرد. ڕۆژێک منیش خۆم تێکەڵ باسەکەیان کرد و وتم: ” ئێوە بە هەڵە لە ناسیونالیست تێگەیشتوون! ناسیونالیست بوون نە شەرمە و نە سووک بوونه‌. بەشانازییەوە خۆم بە ناسیونالیست دەزانم، بەڵام ناسیونالیستی بەرچاو تەنگ نیم“.

ئەم وتەیەی من بووبوو بە باسی ڕۆژانەی ناو کۆمەڵەییەکان!

چەند ڕۆژ دواتر ناسراوێکی کۆمەلەییم هاتە لام و پاش هه‌ندێک منگە منگ وتی: ” ئەمەوێت پرسیارێکت ڵێ بکەم ئەگەر پێت ناخۆش نەبێت”. لە وەڵامدا وتم: ” فەرموو “. وتی: ” وامبیستوە کە وتووتە من ناسیونالیستم، پێم باش بوو لە خۆتی ببیستم چوون گومانم هەبوو لەوەی بە شانازییەوە خۆت بە ناسیونالیست بزانیت“.

…… (وەک ئەوەی تاوانێکی گەورە و نەبەخشراوم ئەنجام دابێت ).!!!

لە وەڵامدا پێم ووت: ” گومانت نەبێت ناسیونالیستم و لە حەیفان کوێرێکیشم پێوە لکاند “.

مەبەست لەم باسە تێگەیشتنی کۆمەڵە لە ناسیونالیست و دژایەتی کردنی بوو. ئێستا سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئەو دۆستە کۆمەڵەیییەم، ناسیۆنالیستێکی بەرچاوتەنگە و کوردایەتیی بە من دەفرۆشێت. ئەوکات لەژێر ناوی کومونیست بوون دەیان نا و ناتۆرەی ناڕه‌وای دەدایە پاڵ من وئێستاش بە ناوی کوردایەتییەوە هەمان بەیت و بالۆرەم بۆ بەکار دەهێنێت!!!.

کەسێک کە لە مەیدانی کردەوەدا سەلماندوویەتی کە بەرگریکارێکی بە ئەمەگ و فدیاکار و جەسووره‌ و وەک نەتەوەخوازێک لە بەرانبەر هێزی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستاوە٫ که‌چی ڕۆژانە دەیان سووکایەتی و ناو و ناتۆرەی ناڕه‌وای بدرێتەپاڵ و لە جاش و پاسدار و بەسیجی سووکتر و دۆڕاو و هەلپەرەستتر هەڵس وکەوتی لەگەل بکرێت، دەبێ دژکردەوەی چی بێت؟!.

دیارە لایەنی بەرانبەریش کە پێشمەرگەی دیموکراتن بێ دەنگ نابن و وەڵامی خۆیان دەبێت ( مەبەست دەس بۆ چەک بردن نییە). ئاکامی ئەم شێوە ئاخاوتنە ناتەندرووست و دوژمنکارانەیە لە ناوچەیەکی بەرتەسکی نیزامیدا کە هەر دوولا چەکدار و بەردەوامیش دەستەکان لە سەر ماشەی چەکەکانە، چاوەڕوانیی کارەساتی لێ دەکرا.

بۆ بەرگری لە کارەسات لەگەل کۆمەلەییەکانی نەوسوود بە هیچ شێوەیەک ڕێگا چارەیەک بەدی نەدەکرا، بۆیە پەنامان برد بۆ رێبەرایەتی حدکا بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک لەگەل ڕێبەرایەتیی کۆمەڵە.

بەداخەوە ڕێبەرایەتیی حدکا لە سەر ئەو بابەتە کەمتەرخەمییان کرد و هیچ وەڵامێکی ئێمەیان (هێز و کومیتەی شارستانی هەورامان) نەدایەوە.

جیا لەو ئاخاوتن و تێگەیشتن و ئەدەبیاتە سەقەتانەی کۆمەڵە کە بۆ ڕسواکردنی ( بە قەولی خۆیان) دیموکراتەکان بە کاریان دەهێنا، لە مەیدانی کردەوەشدا کەوتنە دژایەتی بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو دەسکەوت و نەزم و ئارامییەی کە بە فیداکاری ماندووبوونێکی چەند ساڵە بەدەست هاتبوون.

هات وچۆ و پاراستن و ئاسایشی ناوچەکە:

——————————

لە بەشی هەوراوان و جوانڕۆدا، تاکە ناوچەی ئازادکراوی ژێردەستی دیموکرات کە بنکە و بارەگاکانی لێ دامەزرابوون، لەوێوە فەرماندەیی و چالاکییەکانی سیاسی و نیزامی بۆ هەورامان و جوانڕۆ و داڵاهۆ و خوارووتر ڕێک دەخرا. ڕژیم هەستیارییەکی تایبەتیی هەبوو لە سەر ئەم ناوچەیە و پلانی دەیان هێرشی بەربڵاوی داڕشت بۆ گیرانی ناوچەکە و هەموو جارێکیش بە خه‌سار و زیانێکی زۆرەوە تێک دەشکا.

هۆکاری ئەو تێکشکان و پووچەڵکردنەوەی هەموو پیلانەکانی ڕژیم، دەگەڕایە وە بۆ فیداکاری و وریایی چاوەدێریی توند و تۆڵی ناوچەکە لە لایەن پێشمەرگەکانەوە.

کۆمەڵەییەکان بە تەواوی دژی ئەو چاوەدێری و کونتروڵکردنە توند و تۆڵە بوون و ئاکامەکەشی شەڕی لێکەوتەوە. بەناوی ئەوەی کە دیموکرات هەقی چاوەدێری و کونتروڵی هات و چۆی خەڵکی نییە.

کاروباری کۆمەڵایەتی:

————————-

لەبارەی کار و باری کۆمەڵایەتی و کێشەگەلی کۆمەڵایەتییەوە، شەورای گوندەکان دامەزرابوون بۆ چارەسەریی کێشە و گرفتی گوندەکان. لێرەش کۆمەڵەییەکان بە تەواوی کەوتنە دژایەتیی شەورای گوندەکان و سوکایەتیی پێکردنیان و داوای هەڵوەشانەوەیانی دەکرد، و بەنیاز بوون لە باتیی ئەو شەورا ناسیونالیست و کۆنە پەرەستانانە ( بە قەولی کۆمەڵە) شەورایەکی کرێکاری و کومنیستی دابمەزرێنێت، و ڕقی پیرۆز بکاتە گۆپاڵی دەستی بۆ پانکردنەوەی سەری ناسیونالیست. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە %۹۹ لەسەدی ئەو خەڵکە دیموکرات بوون.

فێرکردن و بار هێنان:

—————–

بەپێی هەست کردن بە پێویستیی قوتابخانە بۆ منداڵانی دابڕاو لە خویندن، چەند قوتابخانەیەک لە لایەن چەند مامۆستایەک بەڕێوە دەبران و بەیانیان پاش خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب، دەرگای قوتابخانەکان دەکرانەوە. ئەم قوتابخانانە و سروودی ئەی ڕقیب بووبوونە چقڵی چاوی کۆمەڵەییەکان و بۆ دژایەتی لەو بارەیەوە، لە هەر چەشنە سووکایەتی و بێخورمەتییەک کۆتاییان نەدەکرد. بەتایبەتی ڕووی دەمیان زۆرتر لە مامۆستایانی قوتابخانەکان بوو.

پێیان وابوو کە مامۆستاکان ئەو قوتابیانە دەکەنە کۆیلەی ناسیونالیزم و دژبەری کومونیزم. ئەم بێڕێزی و سوکایەتییە سنووری تێپەڕاند و باسی ترووری مامۆستاشیان کردە گۆپاڵی دەستیان، بۆ چاوترساندنی مامۆستاکان ( ئەو هەڕەشەیە زۆرتر لە سەر مامۆستای شاری نەوسوود بوو). مامۆستاش بە هەست کردن بەو مەترسییە بۆ پارێزگاری لە خۆی داوای چەکی کرد و دواتر بە چەکەوە دەچووە سەر کەلاس).

به‌کرێدان و گومرگ:

—————-

وەک پێشتر باس کرا بەشی هەرەزۆری دانیشتوانی نەوسوود شاریان بەجێ هێشت و پەڕیوەی شوێنەکانی دیکە بوون. هەموو ئەوانەش خاوەن باخ بوون و باخەکانیش بێ خاوەن مابوونەوە. لەسەر بڕیاری کومیتەی شارستان، ساڵانە باخەکان ( بە تیر و پشک) دەدرانە کرێ بەو کەسانەی کە بواری ماڵییان باش نەبوو.

ئەو به‌کرێدانانەش، چەند لایەنی ئه‌رێنیی هەبوو:

یەکەم باخە بێخاوەنەکان وشک و وێران نەدەبوون. – دووهەم سەرچاوەیەک بوون بۆکەسانێکی دەسکورت و بێداهات. – سێهەم داهاتێکیش بوو بۆ کومیتەی شارستان.

داهاتی ئەو باخانە بەڕێ دەکران بۆ هەڵەبجە و هه‌ندێک کەل و پەلی ئاڵ و

وێریش لە هەڵەبجەوە دەهاتە ناوچەکە. لەسەر بڕیاری کومیته‌ی شارستان، ئەو شتانەی کە بۆ ئاڵ و وێر ئەمدیو و ئەودیو دەکران، گومرگی دانرابو. کۆمەڵەییەکان لە سەر ئەم دوو بڕیارەی کومیتەی شارستان ( به‌کرێدان و گومرگ) ئاژاوەگێڕییان دەکرد و بەنیاز بون خۆیان باخەکان دابەش بکەن و بە سەر ئاوی حەمامەوە ئاشنا نگرن بەتایبەت لەسەرباخی سان، کە کاتی خۆی دایکی پێشمەرگەیەکی کۆمەلە وەرزێری ماڵی سان بوو، کێشەکه‌یان گەیاندە لووتکە و خۆیان بە خاوه‌نی ئەو باخە دەزانی. ئەو باخە بییانوویەک بوو بە دەست کۆمەلەییەکانەوە بۆ شەڕ فرۆشتن و ئاژاوە نانەوە.

ئەم دەستەواژه‌ و هەڵس و کەوتە لێوان لێو لە هەڵچوون و دوور لە هەموو یاسا و رێسا و زانست و ڕه‌وشت، هەڵس وکەوتی نێوان دوولایەنی چەکداری بە ئاقارێکی مەترسیداردا دەبرد. هه‌روه‌هائەم شێوە تێروانین و هەڵس و کەوتەی کۆمەڵەییەکان چەند لایەنی هەبوو:

لایەنی سەرەکیی ئەو شێوە تێگەیشتن و ئاخاوتنە نا تەندروستەی سەرکردایەتیی کۆمەڵە بوو لە سەر حدکا، کە ڕۆژانە لە ڕێگای ڕادێو و چاپەمەنی و کۆڕ و کۆبونەوەکان و فێرگەی ئوکتوبر دەبووە خۆڕاکی مێشکی پێشمەرگەکانیان بۆ دوژمنایەتییەکی لە ئاشتی نەهاتوو لەگەڵ دیموکرات.

لایەنێکی دیکەی ئەو توند وتیژییە، پەروەردە و تێگه‌یشتنی تاکەکان و کۆنە قین و هەندێک بابەتی عه‌شایه‌ری بوون، کە لەو دەمەدا لە ژێر ناوی دیکەدا سەریانهەڵدا و کۆمەڵە و دیموکرات بوونە داردەست و پشتیوانی هەستی توڵە و کۆنەقین.

ئەوەی کە زۆرتر جێگای تێڕامان بوو لە گەڕانەوەی کۆمەڵە ئەوە بو لە کاتی گەڕانەوەیان چەند کەسێکی بە ناو ئەندامی دانیشتووی هەڵەبجەیان لەگەڵ خۆیان چەکدار کردبوو و هێنایاننەوە نەوسوود.

یەکێک لەو کەسانە کابرایەک بوو بە ناوی بەهمەن کە سەر بە دەزگا سیخوڕییەکانی ئێران و عێراق ( بومبگۆزاری دوو سەرە) بوو کە لە هەڵگیرسانی شەڕدا دەوری بەرچاوی هەبوو. پاش شەڕیش خوی تەحویلی ئێران دایەوە و بوو بە یەکێک لە چالاکانی تیمە ئیتلاعات عەمەلیاتییەکانی سپای پاسدارانی پاوە، بۆ سەر بنکەکانی دیموکرات و کۆمەڵە و تەنانەت هێزە چەکدارەکانی عێراقیش.

بۆ خۆم پێشتر لەگەل بەرپرسی کۆمەڵه‌ییه‌کان باسی ڕابردووی ئەو کابرایە و مەترسییەکانی هەبوونی لە ناوچەکە کردبوو، بەڵام ئەوان بەهمەنیان کردبوو بە قەڵای هومێدی خۆیان و پێیان وابوو ئێمە بەو قسانە دەمانەوێت قەڵای هومێدەکەیان بڕووخێنین.

وەک باسم کرد کۆمەڵە بۆ دژایەتی لەگەل کۆماری ئیسلامی نەگه‌ڕابوونەوە نەوسوود، بەڵکوو بۆدژایەتی و پێشبڕکێ و ئاژاوەگێڕی گەڕابوونەوە. بەو پەروەردە و تێگەیشتن و ئاخاوتنە پڕ لە سووکایەتی و بێڕێزی و دەمەقاڵە و هەڵچونە ڕۆژانانەیە، هەردەم چاوەڕوان دەکرا کارەسات ڕوو بدات.

بۆ پەرەدان بەو گرژی و ئاڵۆزییە ڕاست لە پەنای دوو بنکەی هێزی شاهۆ بنکەیان دامەزراند بۆ ئەوەی بەردەوام ڕقی پیرۆزی خۆیان لە نزیکەوە هەڵڕێژنە سەر دیموکراتەکان.

ئەوە لە کاتێکدا بوو کە کۆمەڵە ڕێگا و شوێنی باشتریان هەبوو، هەم لە باری ئاسایشه‌وه‌، هەم بۆ چالاکی و هەڵسوڕان بە دژی هێزەکانی ئێران، بنکەو بارەگای خۆیانی لێ دامەزرێنن. بەڵام چون مەبەستە سەرەکییەکەیان دیموکرات بوو، ئەوەیان هەڵنەبژارد و لە پاڵ بنکەی دیموکرات بنکەی خۆیان دامەزراند.

ئەگەر چاو لە وێنەکان بکەین شوێنێکی وەک چەمی تەوێڵە و گوندی دزاوەر( چۆڵکراو) و یان گوندی گریانە گونجاوتر بوون بۆ هێزێکی چەکداری پارتیزانی وەک کۆمەڵە و تەنانەت شارۆچکەی بیارە کە دوای شەڕەکان بوونە هاوپەیمانی سپای ڕزگاری و بارەگایان لێ دامەزراند.

دوو هێزی چەکدار لە ناوچەیەکی بەرتەسکی وەک شارۆچکەی نەوسوود کە لە نێوان بەرەی شەڕی دوو داگیرکەردا هەڵکەوتووە و بەردەوام لەژێر ئاوری توندی تۆپخانە دایە و بەردەوامیش مەترسیی هێرش و شەڕی لە سەرە، پێویستیان بە کۆمەڵێک دانیشتن و هاوکاری و بەرنامەی هاوبەش هەیە. بەو تێگەیشتن و لێکدانانەوەی کۆمەڵە (دیموکراتی دژە شۆڕش، شەڕی لە ئاشتی نەهاتوو لەگەل دیموکرات، هەڵڕشتنی رقی پیرۆز بە سەر دیموکراتدا) لە سەر دیموکرات تۆسقاڵیک هومێدی لە یەک نزیک بوونەوە و ئارامی بەدی نەدەکرا و تەنانەت ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاژاوە و دوژمنایەتییەکە زەقتر دەبویەوە.

ئەمانەی سەرەوە و چەندانی دیکە بەرنامە و تێگەیشتنی کۆمەڵە بون لە گەڕانەوەیان بۆ نەوسود کە ئاوری شەڕی لە ئاشتی نەهاتووی کۆمەڵەی لە گەل دیموکرات کێشایە نەوسود(هەورامان)،

تێبینی- ۱ ڕقی پیرۆز= کۆی ئەو دەربڕینە پڕ لە قین و سوکایەتی و هەڵچونە نەشیاو و لە ئاشتی نەهاتوەی کۆمەڵەییەکان لە سەر دیموکراتەکان

۲ژمارە 17 ی سەر وێنەکە گوندی چۆڵ کراوی گریانە٫ ژمارە 18 شارۆچەی چۆڵ کراوی تەوێڵە٫ ژمارە 19 گوندی چۆڵ کراوی دزاوەر

 

مەنسوور ئیران دوست

نویترین هەواڵ و بابەت