"an independent online kurdish website

 هەموومان لە بیرمانە کاتیک “حەسەن روحانی” خۆی بەربژێر کرد بۆ ‌پۆستی سەرۆک کۆماری لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ “ئەحمەدی نەژاد” روو بە خەڵک گوتی: من کەسێکی نیزامی‌ کار نیم و یاسام خوێندوە و کەسێکی یاساییم.


روحانی وەک سەرۆک کۆمار لەڕۆژی۲۲ی ڕێبەندان لە مەڕاسیمی چل ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا گوتی: ئێران وڵاتێکە‌ کە ماوەی چوار دەیەیە پڕۆسەی‌ دێموکڕاسی تێیدا جێگیر بووە و هەموو خەڵک لە ئازادی بەهرەمەندن، هیچ جۆرە جیاوازی و هەڵاواردنێک لە نێوان کەمایەتیە ئائینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکاندا نابینرێ. نموونەشی بە چەند کەسی‌ سونی مەزهەب هێناوە کە لە ئاستی ئیداریدا بەرپرسایەتییان پێدراوە.

روحانی وەک سەرۆک کۆمار کە بەڕواڵەت خۆی بە کەسێکی یاسایی و شارەزا بە یاسا ناو دەبا، بۆ ئەوەی بزانێ لەماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداری کۆماری ئێسلامیدا دێموکڕاسی و ئازادی هەیە دەبوا پێش لەوەی قسەکانی بکات چاوێک لە بنەمایەکانی دێموکراسی بکات و بە بەڵگەوە قسەکانی بکات بەڵام وادیارە لێی تیکچووە کە سەرۆک کۆمار و گۆیا کەسێکی قانوونیشە بۆیە وەک ئاخوندێک دەستی بە رەوزەخانی کرد و بەلایەوە گرینگ نەبوو کە گۆیگر و بەردەنگی کێیە؟ چۆنی لێ وەردەگیرێ؟

دێموکراسی کاتێک لە وڵاتێکدا جێگیر دەبێ و رەوتی ئاسایی خۆی دەبڕێ کە نیزامێکی دێموکڕاتیک لەو وڵاتەدا بوونی هەبێ، هەبوونی نیزامێکی دێموکراتیکیش شەرعیەتی خۆی لەچەند خاڵی سەرەکی وەردەگرێ کە دوو خاڵیان لەسەرووی ‌ئەوانەی دیکەوەن. یەکەمیان بوونی یاسای بنەڕەتی (قانونی ئەساسی) کە ماف و ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان، مافی نەتەوەکان، مافی کەمایەتییە ئایینی و مەزهەبییەکان و سەرجەم چین‌ و توێژەکانی کۆمەڵگای تێدا دەستەبەر کرابن. کەواتە یاسای بنەڕەتی زامنی وەدیهێنانی مافەکانی خەڵکانی ناو وڵاتەکە بێ. دوویەمیش دەگەرێتەوە سەر‌ ئاستی ئاگایی و تێگەیشتنی کۆمەڵگا. بەوپێیەی کۆمەڵگایەک کە ئاستی تێگەیشتن و زانیاری لەسەرێ بێ تەحەموولی نیزامێکی دیکتاتۆر، تۆتالیتێر، نادادپەروەر و دواکەوتوو ناکات. لەڕاستیدا گرفتی دێموکڕاسی و ئازادی لە نیزامێکی وەک کۆماری ئێسلامی ئێراندا بەر لە هەموو شتێک بۆ (یاسای بنەڕەتی) وڵاتەکەی دەگەرێتەوە، چوونکە بە پێی دەقی‌ مادەکانی یاسای بنەڕەتی پێشێلکردن و زەوتکردنی ماف‌ و ئازادییەکان چ گشتی و چ تاکەکەسی یاسامەند کراون. کە‌واتە‌ بە‌پێی یاسا ‌کەمایەتییە نەتەوەییەکان، کەمایەتیە ئایینی‌ و مەزهەبییەکان و سەرجەم چین‌ و توێژەکان لەمافەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و شارۆمەندی بێبەشکراون. یاسای بنەڕەتی کاتێک بەشێوەی دێموکڕاتیک دەنووسرێتەوە کە دەسەڵات بروای بە بنەماکانی دێموکراسی، ئازادی و مافەکانی‌ مرۆڤ هەبێ. بەڵام ئەگەر دەسەڵات بڕوای بەو پڕۆسە و پێوانەیە نەبێ، سروشتییه کە ڕێگا نادا یاسای بنەڕەتی ڕەنگدانەوەیەک بێ لە تێکڕای ویست و داخوازییەکانی‌ کۆمەڵانی خەڵک. ئەو بێ باوەڕییەش دەرەنجامی ترسێکی گەورەیە کە سەرتاپای پەیکەرەی جمهوری ئیسلامی ئێرانی تەنیوە، چوونکە ‌لە حاڵەتی وادا کە ‌ڕێگا‌ بدرێ خەڵک خاوەنی دەنگی خۆی، خاوەنی ئیرادەی سیاسیی خۆی و هاوکاتیش ئازاد بێ لە بیرکردنەوە و ڕا دەربڕیندا، به مەیلی خۆی دەنگ دەدا‌ و نوێنەری دڵخوازی خۆی هەڵدەبژێرێ، ڕا و بۆچوونی خۆی ئازادانە دەردەبڕێ، بەڵام لە‌ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوشێوەکانیدا ئەمە خەونێکی نەزۆکە چوونکە هەم ڕێژیمێکی دیکتاتۆری مەزهەبی لەسەر کارە و هەمیش یاسایێکی نادێموکراتێک و پڕ لە ناتەبایی‌ و نایەکسانی لەوڵاتدا کاری پێدەکرێ. کەوابوو لەڕێژیمێکی ئاوادا کە خاوەن یاسایێکی بنەڕەتی ئەوتۆێە شتێک بەناوی دێموکراسی، ئازادی و دادپەروەری به مانای “حەقیقی” و “حقوقی” بوونی نییە.

بۆسەڵماندنی ئەو راستییە ئاماژە بەو چەند مادەی ناو یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم.

لەمادەکانی۱٥و ۱۹ی‌ یاسای‌ بنەڕەتیدا باس لەزمان‌ و کلتووری کەمایەتییەکان دەکات، کەچی لەماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتدارییەتی کۆماری ئیسلامیدا نەک ئامادە نەبوو جێبەجێیان بکات تەنانەت قەت ئامادە نەبووە‌ باسیشیان بکات.

لەئەسڵی ۱۱٥دا دەڵێ: سەرۆککۆمار ‌دەبێ لە نێوان پیاوانی ئایینی و سیاسی کە هەڵگری ئەو مەرجانەی خوارەوە بن هەڵدەبژێردرێ.

ئێرانی ڕەسەن، بەڕێوەبەر، بەمشوور، قایمکار، بەپێشینە خاوێن، بێگەرد، ئەمانەتدار، دەستپاک، بڕوادار، داوێنپاک، خواناس و بڕوادار بە بنمەماکانی کۆماری ئێسلامی ئێران و مەزهەبی فەرمیی وڵات (رئیس جمهور باید از میان رجال مذهبی و سیاسی کە واجد شرایط زیر باشند انتخاب گردد: ایرانی (اصل)، مدیر، مدبر، دارای حسن سابقە و امانت و تقوی، موئمن و معتقد بە مبانی جمهوری اسلامی ایران و مذهب رسمی کشور).

 

بەگوێرەی ‌ئەو مادەیە خەڵکانێکی زۆر ناتوانن خۆیان بۆ پۆستی‌ سەرۆک کۆماری (هەمان ئەو پۆستەی ئێستا حەسەن ڕووحانی هەیەتی) بەربژێر بکەن. بۆ نموونە هیچ ‌ژنێک ناتوانێ خۆی کاندید بکات. هەروەها هەموو ‌ئەو کەسانەی کە سێکۆلارن یان سەر بە مەزهەبی فەرمیی (مەزهەبی شیعەی دوازدە ئێمامی) وڵات نین ناتوانن ئەو پۆستە وەربگرن.

لە مادەی۹۳دا: مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە بێ بوونی “شورای نگهبان” متمانەی یاسایی له پشت نیە مەگەر لەحاڵەتی بڕوانامە و‌ پەسەند‌کردن لە‌لایەن نوێنەران و هەڵبژێرانی ٦ کەس‌ لە یاساناسانی ئەندام‌ لە “شورای نگهبان”دا.

ئەگەر سەرنجێک بدەینە ئەو ئەسڵە دەبینین مەجلیس لە هەر وڵاتێکدا بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە، نوێنەرانی ڕاستەوخۆ و‌ ناراستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد‌ و‌ گشتیدا هەڵدەبژێردرێن. بەڵام لە‌ ڕێژیمی کۆماری‌ ئیسلامیدا ئۆرگانێکی دیکەی ئینتسابی کە‌ بریتییە لە دوازدە کەس‌ و ئەو دوازدە کەسەش‌ ٦ کەسیان لە (فوقەکانن) کە‌ ڕاستەوخۆ لەلایەن‌ ڕێبەرەوە ‌هەڵدەبژێردرێن. ٦ کەسەکەی دیکەش لەنێوان حقوقدانانی ئیسلامیدا لە ڕێگای سەرۆکی دەسەڵاتی‌ دادەوە بە‌ مەجلیسی شورای ئیسلامی دەناسێنرێن. لەحالێکدا سەرۆکی دەسەڵاتی دادیش‌ ڕاستەوخۆ لە‌‌لایەن (ڕێبەر)ەوە دیاری‌ دەکرێ. کەوابوو شتێک بە ناوی مەجلیس بە‌ واتای ڕاستەقینەکەی خۆی‌ لەوڵاتی ژێر دەسەڵاتی‌ کۆماری‌ ئیسلامی ئێراندا مانای‌ نیە چوونکە مەجلیس ناتوانێ هیچ بڕیارێک یا‌ گەڵاڵەیەک پەسند بکات هەتا ئەو کاتەی “شورای نگهبان” پەسندی نەکردبێ. بەو پێیە مەجلیسی نوێنەرانی جمهوری ئیسلامی ئێران هیچ شەرعیەتی‌ نابێ. ئەم دێموکڕاسی‌ و ئازادییەی کە‌ جەنابی سەرۆک‌کۆمار باسی دەکات بەو ڕەنگ و فۆرمەوە لە ئێراندا چل ساڵە درێژە بە ملهوڕی دیکتاتۆرێک دەدات.

زۆر نموونە و بەڵگەی دیکە هەن کە پەردە لەسەر چەواشەکاریی یاسای بنەڕەتی ئێران لادەدەن بەڵام هەر ئەوەندە ڕەنگە بۆ جەنابی سەرۆک کۆمار بەس بێ کە تەنها لەسەر پۆستەکەی ئەو نیوەی کۆمەڵگا واتە ژنان و نزیک بە نیوەکەی تریش مافی گەیشتن یان خۆپاڵاوتن بە پۆستەکەی ئەویان نییە و جەنابی لەنێو چەند کاندیدێکی دەستبژێرکراوی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا دوای بەڵێندان بە “رهبر انقلاب” سەر لە سندووقی دەنگدان دێنێتە دەر و بە ئاسانیش دم لە باسی “دێموکڕاسی و ئازادی و مافی مرۆڤ” و زۆر چەمکی دیکەی نامۆ بە سیستەمی دواکەوتووی جمهوری ئیسلامی ئێران، وەردەدات.

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی