"an independent online kurdish website

ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی فێبرواری ٢٠١٩ی زایینی (٢٤ و ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٧) کۆنفرانسی “ئاشتی و ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کە لەلایەن ئەمریکا و لێهستان (پولونیا)وە ڕێکخرابوو،


لە شاری وەرشۆ پێتەختی لێهستان بەڕێوەچوو. بەپێی هەواڵی ڕاگەیەنەرە گشتییەکان پتر لە ٦٠ وڵات لەو کونفرانسە دا ئامادە بوون.

“سەرکەوتن” یان سەرکەوتوویی” مەفهوومێکی ڕێژەییە و لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە بە پێوەری جیاوازە هەڵسەگاندنی بۆ دەکرێ. بۆوێنە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆنفرانسەکەی “بە سەرکەوتنێکی گەورە بەرەو ئەمنییەتی ئورووپا، ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” دادەنێ و وەزیری دەرەوەی ئێران بە “سیرک وەرشۆ”ی Warsaw Circus  ناودەبا.

دیارە دوای کۆنفرانسی وەرشۆ نە بەیانێک بڵاو کرایەوە و نە بڕیارێک ڕاگەیەندرا،  بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەین وەک چاوەدێرێکی واقعبین سەیری ئەو کۆبوونەوەیە بکەین، دەتوانین کۆنفرانسی وەرشۆ بۆ ئەمریکا بە سەرکەوتنێک دابنێین:

١. گەرچی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گەورەی وەک ئالمان و فەرانسە بەشدار نەبوون و ئەگەر حزووریان هەبایە گرنگیی و قورسایی کۆنفرانسەکە زیاتر دەبوو، بەڵام نوێنەرانی ٦٠ وڵاتی ناوچە و جیهان بەپیر بانگێشتنی بەڕێوبەرانەوە چووبوون، ژمارەیەکی بەرچاویان لە ئاستی وەزیری دەرەوەدا، بەشدارییان کردبوو.

٢. لەپێوەندیی لەگەڵ ئێران دا، ئەو کۆنفرانسە نەوعێک هەماهەنگی و هاوپێوەندیی لە نێوان ئەمریکا و بەشێک  لە یەکێتی ئورووپای پێوەدیاربوو. قسەی وەزیری دەرەوە لێهستان جێگای سرنجە کە گوتی “لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئەندامێکی یەکێتی ئورووپاین، دەتوانین بڵەین ئەو موشکیلەی ئێران بۆ یەکێتی ئورووپاشە …”.

دیارە پێداگریی ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرنامەی مووشکی بالستیکی و بەتایبەتی کردەوە تێروریستییەکانی کۆماری ئیسلامی دوای ڕێککەوتنی “برجام” لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی دا لەسەر خاکی وڵاتانی ئورووپایی، دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتی ئورووپایان ڕاپەڕاند و هەڵوێستی ئەوانی بەرامبەر بە ئێران، لە سیاسەتی ئەمریکا نزیکتر کردەوە.

٣. ئەوە کە مەترسیی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچە، نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و نوێنەرانی ئیسرایلی لە یەکشوێن  و بۆ باس و ئاڵووگۆڕی بیروڕا لە سەر دەوری نەرێنی ئێران لە ناوچەدا کۆکردەوە، کەیفییەتێکی نوێ دەدا بە پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە و لێکیان نزیکتر دەکاتەوە.

ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان ویدیویەک بڵاو بۆوە کە گۆیا لە دەفتەری بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرایلەوە گەیشتۆتە دەرەوە. لەوێدا وەزیری دەرەوەی بەحرەین و ئەمارات و وەزیری ڕاوێژکاری عەرەبستانی سعوودی لەگەڵ نتانیاهوو دەردەکەون و ئێران بە گەورەترین هەڕشە بۆ ناوچە  و کۆسپی چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین و ئیسرایل دادەنێن.

دیارە ئەو هەڵویستە نوێ نیە، بەڵام ئەوە یەکەمجارە کە بەرپرسانی سەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بە حزووری سەرۆکوەزیرانی ئیسرایل ئەو ئەو هەڵوێستە دەگرن.

٤. چەند خاڵی جیاواز وەک دەستووری کاری کۆنفرانس دیاری کرابوو، کەچی دیتمان کە هەمووی لەسەر ئێران ساغ بۆوە و جارێکی دیکە سرنجی بیروڕای گشتی بۆ لای سیاسەتی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی ڕاکێشرا و ڕێژیم لە کۆڕێکی نێونەتەوەیی دا نرایە سەر “کورسی تاوانبار”، کەسیش داکۆکیی لێنەکرد و لەدژی ئیتهامەکان دا نەوەستایەوە! ئەوە سەمبولیکیش بێ، شوێنەواری خۆی دادەنێ.

٥. ڕەنگە بۆ یەکەمجار بێ کە لە کۆنفرانسێکی ئەوتۆ دا ڕادەگەیەندرێ کە “کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئاشتی و ئەمنییەت لە ناوچە دا”.

جێگای ئاماژەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لەو لایەنە سیاسیانەیە کە پتر لە ٢٠ ساڵە هاوار دەکا کە بەبوونی کۆماری ئیسلامی نە ئازادی و دیموکراسی لە ئێران دا دێتەدی و نە ئەمنییەت و سەقامگیریی لە ناوچە دا دابین دەبێ.

٦. کۆمەڵگای نێودەوڵەیش خەریکە بەو ئاکامە دەگا کە مەرجی کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە تێرور و هەڵایساندنی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەدا، پشتیوانی لە ڕاپەڕین و داخوازەکانی خەڵکی ئێرانە. لەو پیوەندییەدا “مایک پەنس” جێگری سەرکۆماری ئەمریکا لە کۆنفرانسەکەدا دەڵێ “ساڵی ١٣٨٨ جیهان دەرفەتی پشتگیریی لە خەڵکی ئێرانی سووتاند، ئەوجارە دەبێ یارمەتی خەڵکی ئێران بدرێ”.

ئەوە کە بە قسەی وتەبێژی فارسی زمانی وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا “دانیشتنی وەرشۆ سەرەتای وێژمانێکی (نوێی) ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە یان ئەو پرسیارە کە ئایا وڵاتانی خاوەن نفووزی بەشدار لە کۆبوونەوەی وەرشۆ لەنێو خۆیاندا لەسەر چ بڕیارگەلێک ساغ بوونەوە و لە داهاتوو دا ئەو کۆنفرنسە دەبێتە بنەمای پێکهاتنی یەکگرتوویی و کۆبەندییەکی ناوچەیی بەدژی کۆماری ئیسلامی، وڵامەکەی جارێ ڕوون نیە و ڕووداوەکانی داهاتوو دەری دەخەن. بەڵام لە ئێستاوە دەکرێ بگوترێ کە فشارەکان بۆسەر ڕێژیمی ئێران زیاتر دەبن.

پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێگومان فاکتەرێکی یاریدەرە بۆ خەباتی گەلانی ڕزگاریخواز و یەک لەوان،  بۆ خەباتی خەڵکی ئێران لەپێناو ڕزگاربوون لە چنگ ئیستبدادی سیاسی- مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی لەئێران دا.

بەڵام گەلانی ئێران بۆخۆیان ئەساسن و دەبێ خەمی خۆیان بخۆن. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هێزە سیاسیەکانی وڵات بە پێکهێنانی ئالترنتیڤێکی دێموکرات و هەمەلایەن، هەم خەڵکی ئێران بە داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی هیوادار بکەن و هەم هاوپێوەندی و پشتیوانیی بیروڕای گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانی ئێران دەستەبەر بکەن.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی