"an independent online kurdish website

پێشەکی: حیزبی دێموکرات یەکێک لە حیزبەکانی ئێستای ناوچەیە کە وێڕای هەبوونی تەمەنێکی درێژ بەردەوامە لە سەر شوێندانەری لە سەر بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات.


هەروەها بە جورئەتەوە دەتوانێم بڵێم شوێندانەری ئەرێنی لە سەر خەباتی پارچەکانی دیکە هەیە بەو مانایەی بەردەوام لایەنگری داخوازی ڕەوای گەلەکەمانی لە پارچەکانی دیکە بە بێ دەست تێوەردان تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی حیزبیەکەشی نەبێت کردوە. مێژوو و سیاسەت و کردەوەکانی ئەم حیزبە لە زۆر ڕووە دەتوانرێت بکەوێتە بەر شڕۆڤەی لێکۆلەران و شارەزایان بەڵام ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە باس بکەم دوایین گۆڕانکاری لە حیزب دایە. بە دڕێژای مێژووی حیزبەکەمان هەر گۆڕانکاریەکی نێو حیزب خاڵی وەرچەرخان بوە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیمان. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە دامەزرانی حیزب لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژێکاف بکەین کە دامەزرانی کۆماری کوردستانی بە دواوە دا هات، یا نوێکردنەوەو سەردەمیانە کردنی حیزب لە کۆنگرەی سێیەم دا بووە بناغەی بەهێز بوون لە سەروبەندی شۆڕشی گەڵانی ئێران، هەروەها بە دامەزراوە کردنی حیزب لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، چەسپاندنی سۆسیالیزمی دێموکراتیک بۆ ڕزگار بوون لە دوگمەکانی هەژموونی بیری چەپی ئەوکات و پاراستنی بنەما دێموکراتیک و نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازەکانی حیزب، هەروەها هەوڵی دیکە کە ناکرێت لێرەدا باس لە هەموویان بکەین. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە حیزب وەک دینامیکی شۆڕش لە رۆژهەڵات بەردەوام بە گۆڕانکاریەکانی توانیویەتی شوێندانەری لە سەر خەبات لە ڕۆژهەڵات دابنێت. لە دوایین گۆڕانکاری دا حیزب بۆ ڕزگار بوون لە کۆمەڵێک تەنگ و چەلەمەی ڕێکخراوەی کە ببونە هۆکاری کەم بوونەوەی ئەو کاریگەریەو هەروەها بۆ بە سەرکەوتووی بەڕێوەبردنی خەباتی نوێمان کە بە ڕاسان ناوبانگی دەرکرد، لە کۆنگرەی شانزدە دا سیستمی کاری خۆی لە سانترالیسمەوە بۆ دێسانترلیزە کردن گۆڕی و پێکهاتەی بەڕێوەبەری نوێی پەسەند کرد. لەو نوسینە دا هەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر گرینگی ئەو گۆڕانکاریە لە نێو حیزب و ئایا توانیویەتی دوای یەک ساڵ ئەو ئامانجانەی کە مەبەستی بوون لە وگۆڕانکارییانە بپیکێت. ئەو گۆڕانکارییانە تا چەند توانیویەتی کاریگەری لە سەر بزاڤەکەمان لە ڕۆژهەڵات دابنێت.

 

سیستمی کاری ڕێکخراوەی

 

سیستمی کاری لە ڕێکخراوەکان دا فاکتەری کاریگەرن بۆ بەدی هێنانی ئامانجەکانی کە ئەو رێکخراوە دیاری کردووە، ئەگەر بێت ئەو رێکخراوە حیزبێکی سیاسی بە ئەزمون بێت سیستم و ستراکتۆریەکەی گرینگیەکی زیاتریشی دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئەگەر بۆ ئەم بابەتە تیشک بخەینە سەر حیزبێک کە ڕۆڵیکی کارای لە خەباتی گەلێکی ژێر دەستە بۆ ڕزگاری هەیە گرینگی ئەو ستراکتۆرە چەندپاتە و گرنگتر دەبێت. چونکە لێرە دا ئامانج هەبوونی سیستمێکی کاراو پێشکەوتووی بەڕێوەبەری بۆ دانانی زیاترین شوێندانەری لە سەر خەباتی گەلەکەمانە، خەباتێک کە سەرکەوتن تێیدا خاڵی وەرچەرخانی گەلێک بۆ گەیشتن بە خواست و ئامانجەکانیەتی. هەربۆیەش دیاری کردنی سیستمێک کە بتوانێ وەڵامدەرەوەی ئەو خواستانە و هەروەها هەڵگری چەند بنەمای وەک دێموکراتتر و سەردەمی بوون بێت وەک پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر بۆ هەر حیزبێک و ڕێکخراوێک کە خۆی بە بەرپەرسیار دەزانێ لە بەرانبەر کۆمەڵگاکەی دەزانرێت. ئەگەر ڕێکخستنی گەل لە شۆڕش دا بە بنەمای سەرکەوتن لە شۆڕش بزانین و حیزب بە چوارچێوەیەکی پێویست بۆ ڕێکخستنی گەل بزانین، سیستمی کاری سەرکەوتووی نێوخۆی حیزب دەتوانێ شوێندانەری ڕاستەوخۆ لە سەر بەڕێوەبردنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات هەبێت. هەر بۆیەش وەڵامی پرسیاری کام سیستم دەتوانێ بە سیستمێکی سەرکەوتوو هەژمار بکرێت بە گرنگ دەزانم. لە وەڵام دا بە گشتی هەر سیستمێک توانیبێت لەو بوارانەی خوارەوەدا سەرکەوتوو بێت دەتوانری بە سیستمیکی سەرکەوتووتر لە پێش دا بزانین. هەروەها بە بەرئاوردێک لە گەڵ دۆخی ئێستای سترۆکتۆری پەسەند کراو دەتوانین هەڵسەنگاندن بۆ یەک ساڵ دوای کۆنگرەوە پەسەند کردنی سیستمی نوێ لە حیزب دا بکەین.

 

ئەلف_سەردەمی بوون لە ڕووی ئامانج و دیاری کردنی سیاسیەتی حیزب هەروەها چونیەتی میکانیسمی کارگێڕی یەکێک لە بنەماکانی گۆڕانکاری لە نێو حیزب دا هەژمار دەکرێت. لە کاتێک دا کە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرئاورد لە گەڵ چەند دەیە پێش ئێستا گۆڕانکاریەکی زۆری بە سەر هاتووە پێویستی بە گۆڕانکاری بۆ ئەوەی کاڕگێری سەردەمیانە بەدی بێت وەک پێویستیەک خۆی دەنوێنیت. بەرز بوونی ڕێژەی توێژی گەنج و خوێندکار، دروست بوونی بە دەیان ڕێکخراوی جۆراوجۆر، خێرای لە پەیوەندییەکان و گەشەی زۆری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ نێوخۆی کۆمەڵگا، گەشەی بێ وێنەی زانستی کارگێری و گرنگی دان بە لێهاتووی شارەزایی لە بەڕێوەبردن لە هەر کارێک دا هۆکارگەلێکن کە پێویستی گۆڕانکاری لە حیزب دا بە دی دێنن، چونکە حیزبێک بە هەبوونی شێوازی بەڕێوەبەری سانترلیزە کە میراتگری دەیەکانی ڕابردوویە ناتوانێ لە نێو کۆمەڵگایەکی سەردەمی لە گەیاندن و ڕێکخستنی کۆمەڵگا سەرکەوتوو بێت. چونکە دەستی بەستراوەیە لە باش کەڵک وەرگرتنی هێز و پوتانسیلی مرۆیی کە هەیە. پێم وایە ئەوەی کە دەبینین هێزە چەپە ڕادیکاڵەکان بەردەوام بچووک و بچووکتر دەبنەوە وێڕای نەبوونی گۆڕانکاری لە نێووەڕۆک و بنەماگشتیەکان، نەبوونی گۆڕانکاری لە سیستمی کارە چونکە سانترالیسمی دەیەکانی ڕابردوو ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ڕەوتی خێڕای گەشەی ئێستای کۆمەڵگا و چاخی گواستنەوەی زانیاری بێت. هەر بۆیەش دەتوانین ئەو گۆڕانکاریەی کۆنگرەی شانزدە بە هەنگاوێکی سەرکەوتوو لەو بوارەدا بزانین چونکە ئەمڕۆ کار لە حیزب دا تەنیا بە هەندێک کێبەڕکێی نێو حیزبی نەبستراوەتەوە بەڵکوو دەرگای کارکردن بۆ کەسانێک کە خاوەن پسپۆڕی تایبەتن کراوەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە هێزی مرۆیی کۆمەڵگا کەڵک وەرگرین ئەوەش دەبێتە نوێبوونەوە و سەردەمی بوون کە پێویستی هەر رێکخراو حیزبێکە بۆ ئەوەی پێگەی لە نێو جیلی نوێ دا هەبێت. هەر ئەو هۆکارەش بۆتە هۆی ئەوەی ڕێژەی پەیوەست بوون بە حیزب بە بەراورد لە گەڵ پێشوو زیاد بکات.

 

ب_یەکێک لە بوارانەی کە حیزب لە هەموو تەمەنی دا خەباتی بۆ کردووە بەدی هێنانی دێموکراسی بۆ ئێران و کوردستان بووە، هەر بۆیەش دێموکراتیزەتر کردنی بەڕێوەبەری حیزبی وێڕای ئەوەی کە بە یەکێک لە نرخەکانی نێو حیزبی هەژمار دەکرێت وەک بەرپرسیارەتی ئەخڵاقیش لە بەرانبەر کۆمەڵگا دەزانرێت، بەو مانەیە کاتێک ئێمە دابەش کردنی دەسهەڵات لە بەڕێوەبردنی وڵات بە پێویست دەزانین ناکرێت خۆمان پەیڕەوەی لە بە ناوەند کردنی دەسهەڵات بکەین. هەروەکوو دەزانین بە هەبوونی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی وێڕای ئەوەی کە بەشێوەیەکی دێموکراتیک هەڵدەبژێردرێت بەڵام دەسهەڵات لە ناوەند دا کۆدەبێتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ دەبینین زۆر جیاوازە ئەویش واتە جێبەجێ کردنی دابەش کردنی دەسهەڵات لە نێوان چەند ئۆرگانە واتە دەسهەڵاتی ڕێبەری و کارگێری بە هەموو لقەکانیەوە و یاسایی و چاودێری و هەڵبژاردن بە سەر ئۆرگانی جیاواز و تاکی جیا دا دابەش کراوە ئیتر هەمووی ئەو بوارانە بۆ یەک ئۆرگان یا چەند تاکی دیاری کراو ناگەڕێتەوە. ئەو بابەتە گرینگیەکی تایبەتی هەیە لە دڵنیای دان بە کۆمەڵانی خەڵک بۆ سبەی ئازاد بوونی وڵات، ڕێکخراوێک کە سیستمی دێموکرسی لە پێکهاتەی خۆی دا بەو شێوەیە نهادینە کردبێت دەتوانێ باشتر دێموکراسی لە کۆمەڵگاو دامەزرە نیشتمانیەکانی داهاتوو دا بونیاد بنێت. دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت بە پێشمەرگە و بە دامەزراوە کردنی پێشمەرگە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات بەڵگەیە بۆ ئەو بابەتەی سەرەوە. دابەش کردنی دەسهەڵات لە سیستمی نوێ دا تەنیا یەکێک لە بابەتەکانی دێموکراتتر کردنی کاری حیزبی هەژمار دەکرێت، باباتەکانی بە یاسایی بەڕێوەبردنی ئۆرگانەکان هەروەها گرنگی دان بە هەبوونی دەزگایەکی چاودێری و بەدواداچوونی بەهێز لە بابەتەکانی دیکەی ئەو گۆڕانکاریانەن.

 

ج_یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی دیکە لە دونیای ئێستا و چاخی گواستنەوەی زانیاری و زانستی کارگێری دا گرنگی دان بە پسپۆڕیە لە لقەکانی جیاواز دا، چونکە ئەگەر چەند دەیە پێش ئێستا دا لقێکی کارگێری یا زانستی لە هەر بوارێک دا هەبا ئەمڕۆ بۆ دەیان لقی بچووکتر دابەش بووە کە هەر یەک لە ئەو لقانە پێوویستی بە پەروەردە و پسپۆڕی خۆی هەیە، ئەم بابەتە لە بەرێوەبردنی کاری رێکخراویش دا بنەماییەکی گرنگی سەرکەوتنە. ئەوەی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دا دیتوومانە وێڕای دامەزرانی ئۆرگانەکان بە گوێرەی بواری جیاواز کرانەوەی بەستەری کەڵک وەرگرتن لە پسپۆڕانی ئەو بەشانە بۆ بەڕێوەبردنی کارو چالاکیەکانن. هەروەها یەکێک لە بەرنامەکانی بەشی پەروەردە، پەروەردە کردنی تاکەکانی نێو حیزب بۆ پسپۆڕی تایبەتە، واتە وێڕای پەروەردەی بنەمایی بۆ هەمووان بۆ سەرکەوتن لە بوارێکی تایبەت پەروەردە لە بوارەداش ئەنجام دەدرێت. وەک پەروەردەی دەورەی فەرماندەیی بۆ فەرماندە هێزەکان، یا پەروەردەی چونیەتی نوسین و لێکدانەوەی زانستی بۆ پێرسۆنێلی ئەو بوارە. ئەو بابەتە دەبێتە هۆی کەڵک وەرگرتن لە هێزی مرۆیی و پوتانسیلی گەورەی کوردانی ڕۆژهەڵاتی لە تاراوگە و نێوخۆ بە گوێرەی پسپۆڕییان بۆ ئەوەی بتوانن لە کارەکان دا بەشدار و سەرکەوتوو بن.

 

د_یەکێکی دیکە لە گۆڕانکاریەکانی دوای کۆنگرەی شانزدە پەسەند کردنی مادەیەک بوو بە نیسبەت ئەو بەشە لە کادر و پێشمەرگەیە کە لە ساڵانی پێشتر لە حیزب جودابوونەوە، پەسەند کردنی ئەو مادەیە توانیویەتی ببێت هەنگاوێک بۆ یەکڕیزی زیاتری هێزەکانی ڕۆژهەڵات چونکە بە هۆی ئەو مادەیەوە ناوەندێکی وەکو ناوەندی هاوکاری هێز و لایەنەکانی سیاسی کوردستانی ئێران چالاکانە لە پێشتر بەردەوامە لە کارو چالاکیەکانی خۆی، هەروەها بەرچاوڕوونی زیاتری ناوەندی سیاسی بۆ پێویستی بە یەکڕیزی لە ئێستا دا بۆ خزمەت کردن بە بەهێزی پێگەی کورد لە گۆڕانکاریەکاندا لە سیاسەتی حیزب دا ڕەنگی داوەتەوەو

لە میانەی وتارێکی بەڕێز لێپرسراوی گشتی دا جەختی لەوە کردەوە کە بەهێز کردنی ناوەندی هاوکاری هێزو لایەنە سیاسیەکان سیاستی حیزبە. ئەو بابەتەش خزمەت دەکات بە یەکرێزی زیاتری هێزو لایەنەکان لێرەدا بە پێویست دەزانم بۆچوونی خۆم سەبارەت بە کاریگەری میکانیسمی نوێ لە سەر ڕەوتی یەکگرتنەوەی دو لایەنیش دا باس بکەم کە پێم وایە دەتوانێ خودی ئەو میکانیسمە بە دەرفەت بۆ یەکگرتنەوە هەژمار بکرێت. ئەوەش نیشان دەدات سیستمی نوێ وێڕای کارکردن لە بوارەکانی دیکە یەکڕێزی هێزو لایەناکانی لە بیر نەکردوەو زۆر بە جیدیش کاری بۆ دەکات.

 

دوای یەک ساڵ

 

ئێستا دوای تێپەڕینی یەک ساڵ بە سەر پەسەند کردنی سیستمی نوێ لە کۆنگرەی شانزدە کە بووە بە یاسای کارپێکردن باشتر دەتوانین هەڵسانگدن بۆ پێکهاتەی نوێ لە حیزب دا بکەین چونکە ئەو سیستمە تەنیا پڕۆژەی سەر لاپەڕە نیە بەڵکوو یاسایەو ئەزمونی پراگماتیزە کردنی یەک ساڵیشی هەیە.

نوسەری ئەو دێرانە دوای تەواو بوونی کۆنگرەی شانزدە کە شانازی بەشداریمان هەبوو لە وتارێک لە ژێر ناوی” کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو ڕاسان و ڕۆژهەڵات دا” ئەو پاڕاگرفەی خوارەوەم نووسی:

باش دەزانم پڕاکتیزە کردنی پڕۆژەکان لە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاسان نییە و پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆر و هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەنەیە، پێویستی بە هێز و ورەی سەرخستنی کارەکانە، بەڵام ئیرادەی سەرخستنی ڕاسان لە نێو تاک تاکی هێزی شۆڕش و بەتایبەتی دێموکراتدا دەتوانێ پڕاکتیزە کردنی گۆڕانکارییەکان مومکین بکات، هەر بۆیەش ڕێگای سەخت و دژوار بەڵام مومکین و هیوابەخش لە پێشەڕۆژی ئێمەدایە.” ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە باوەڕم بەو ڕێگا ئەستەم و هیوا بەخش و مومکینە هەیە بە تایبەتی کە دەبینی وێڕای هەندێ کەم و کوڕی چاوەڕوان کراو بوو لە داهاتووش دەبێت، کاری زۆریش کراوە توانراوە لە چەسپاندنی ئەو پێکهاتەیە هەنگاوی گرنگ هەڵبگیرێت پێم وایە بە پێداچوونەوە بە کەم و کوڕیەکان بۆ باشتر و باشتر کردنی ئەو میکانیزمە دەتوانین ئەزمونیکی سەرکەوتوو بۆ بەڕێوە بردنی داهاتووی وڵات بە گوێرەی نرخە گەردونیەکان و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان بە دەست بێنین. ئەوەی دوای یەک ساڵ دەبینم زیاتر لە چاوەڕوانی من بەرەو پێش چووین چونکە یەک ساڵ بۆ سەر لە نوێ داڕێشتنەوەی میکانیزمی کاری حیزب بە هەموو دەزگاکان و دامەزرانی دەزگای نوێ کارێکی وا ئاسان نیە، دوای دەرباز بوون لەو قوناغە قوناغی جێبەجێ کردنی پرۆژەکان لە بواری جیاجیا دەست پێ دەکات. تا شوێندانەری ئەو سیستمە زیاتر لەوەی هەیە بەرچاو بێت. ئەوە لە گەوهەری مرۆڤایەتی هەیە لە کاتی جێبەجێکردن دا بە چارەسەری گرفتەکان و پێشڤەچوون لە سیستم دا دروست دەبێت و ئەو گوڕانکاریەی کە ساڵێک لەمەوە بەر دەستی پێکردوە وەک سەرەتاییەک بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی لە بواری جیا جیا لە چوارچێوەی یاساو ڕێسا پەسەند کراوەکانی حیزب لە داهاتوو دا بزانرێت. ئەگەر حیزب وەک دینامیزمی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات بزانین کە بە مێژوو قوربانی دان و هەروەها پلان بۆ داهاتوو ئەو بابەتە سەلمێنراوە، حیزب دەبێ هاوتەریب بە گوێرەی پێداویستیەکانی ڕۆژهەڵات بەردەوام بێت لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان، ڕاسان و داهێنانی میکانیزمی سەردەمیانە بۆ سەرخستنی ڕاسان نیشان دەدات حیزب نەک لە رۆژ‌هەلات دوور نەکەوتۆتەوە بەڵکوو توانیویەتی ئەوەی لە توانای دا بێت بۆ دەستبەرکردنی خواستەکانی گەل بخاتە گەڕ هەر ئەو گۆڕانکارییانەی نێو حیزب و ڕاسانن کە توانیویەتی شوێندانەری حیزب لە ڕووداوەکان و لە ئاستی جیاوازی خەبات دا وەک پێگەی بە هێزی شۆڕش بە دڕێژای نزیک سێ چارەکە سەدە بهێلتەوە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی