"an independent online kurdish website

لەم بەشەی ئەم بیرەوەرییەدا پێمخۆشە سرنجتان بۆ دوو دیاردەی جیاواز و پێچەوانەی بۆ چوونەکان، ڕابکێشم. ڕەنگە زۆرجار کە باس لە سیاسەتەکانی حیزب بەرامبەر دیلەکانی شەڕ دەکرێت،


 پێمانوابێ ئەوەی کوردە و لە نیزیکەوە پێشمەرگە دەناسێ، باشتر شارەزای هەڵس و کەوتی ئەوان لە گەڵ دیلەکان بێت. بە پێچەوانەوە، ئەوەی کە نە هاوزمانی پێشمەرگەیە و نە ئاگاداری هەڵوێستەکانی حیزب بووە باشتر خۆی بۆ شەڕ ئامادە بکات…؟

 

نمونەی یەکەم:

 

۲۱ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی، بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژەوە بەرنامەی بەڕێوەبردنی عەمەلیاتێکی بەرین، لە نێوان گوندەکانی گرژاڵ و شارەدێی میراوێ، لە سەر ڕێگای پیرانشار-سەردەشت بەڕێوە چوو. من لە گەڵ تیمێکی پێشمەرگەکان بە فەرماندەیی کاک “ح.پ” و شەهید “حەمە نارستی” لە نێوان گوندەکانی “شێواوکان- نەبیاوا” بووین.

 

سەرەتای دەست پێکردنی عەمەلیاتەکە تیمیکی پێنج کەسی سەرباز کە لە خۆشتن دەهاتنەوە کەوتنە ناو کەمینی پێشمەرگەکان. لە گەڵ داوای تەسلیم بوون لە لایان پێشمەرگەکانەوە، بەشێکیان هەڵدێن، بەڵام یەکیان دەست هەڵدێنێ. پێشمەرگەکان کە تەقە لەوانی دیکە دەکەن، دوو گوللەش وە لاقی ئەو سەربازە دەکەوێ کە ویستبووی خۆی تەسلیم بکات. یەکێک لە فیشەکەکان ئێسکی لاقی دەپێکێ و توانای ڕۆیشتنی نامێنێ. ناوبراو دەرەجەدار بوو و دەکرا زۆر زانیاری لە لا بێت. هەر بەو هۆیەوەش فەرماندەری هێز داوای دەکرد کە هەرچۆنێک بێت بیگەیەنینە لای ئەو، پاشان ئازادی بکەین.

 

لەو دەمەدا ماشێنێکی تویۆتا کەوتبۆ نێو کەمینی پێشمەرگەکان. داوایان لێکردبوو ڕاوەستێ، بەڵام شۆفیری ماشێنەکە بێ گوێدانە داوای پێشمەرگەکان بە جێگای ڕاوەستان خێرایی ماشێنەکەی زیاتر کردبوو. پێشمەرگەکان بە ناچاری تەقەیان لێکردبوو و کوژرابوو. دواتر دەرکەوت کە ناوبراو کەسیک بە ناوی “احمدیان” موهەندیسی جیهادی سازندگی بووە.

 

دوای ڕاوێژێکی زۆر لە گەڵ فەرماندەری هێز، مامۆستا “حەسەن شیوەسەڵی”، بەو ئاکامە گەیشتین کە ئەو بریندارە ناتوانێ بگاتە ئەوێ و پێویستە هەر لێرە ئازاد بکرێت. هەر لەوێ قسەمان لە گەڵ ناوبراو کرد. من ئەو کاتە فیلمم لێ هەڵدەگرت. ئەو دیلە لە کاتی لێ پرسینەکەدا بەردەوام دەگریا و دەپاڕایەوە، کە منداڵی وردی هەیە و کاتێک زانیویەتی پێشمەرگەی دێموکڕات داوای خۆ بە دەستەوەدانی لێ دەکەن خۆی تەسلیم کردووە. چەکەشی ئەو ئیدیعایەی ناوبراوی پشڕاست دەکردەوە.

 

ئەوەی جێگای داخ بوو لەو کاتەدا، یەکێک لە پێشمەرگەکان داوای کوشتنی ئەوی دەکرد و ئەو دیلەش هەستی پێکردبوو کە ناوبراو چ مەبەستێکی هەیە. تا وای لێهات، بە هەڕەشەی چەک کردن و دەرکردن لە حیزب ئەو پێشمەرگەیە ناچار کرا مل بۆ بڕیاری فەرماندەری هێز لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزب بەرامبەر دیلی شەڕ ڕاکێشیت.

 

لە بەرامبەر ناوبراودا یەکێک لە پێشمەرگەکان، کە لە باری جەستەییەوە بە هێز و توانا بوو، هاوکات زۆریش لە شەڕدا بە غیرەت بوو دەیگوت؛ قسە لە گەڵ فەرماندەری هێز بکەن. ئەو گوتی ئازادی بکەن باشە، ئەگینا من تا لای وی بە کۆڵێ خۆم هەڵی دەگرم و ناشهێڵم کەس بیکوژێت. ئەوانەی شارەزای ناوچەن دەزانن لە سەر جادە ڕا بۆ لای چیای “سەری گۆمێ” چەند هەورازێکی دوور و درێژە.

 

ئەو دیلە پاش قسە بۆ کردن لە سەر سیاسەتەکانی حیزب و ئامانجی جوڵانەوەی خەڵکی کوردستان ئازاد کرا. هەر لە بەرچاوی ئێمە، سەرەڕای بریندارییەکەشی دەستی بە هەڵاتن کرد و خۆی گەیاندەوە دەورووبەری جادە.

 

دوای هەموو عەمەلیاتێک، هێزەکانی ڕێژیم بەردەبوونە دارودەوەنی ناوچەکە و خەڵکیان ئازار دەدا. وەک دەگوترا ئەو شوێنەی کە ئەو دیلەی لێ ئازاد کرابوو، ڕۆژی دواتر بە هەڵکەوت دەبێتە بەشی خزمێکی دیلی ناوبرا، تا بە ڕواڵەت پاکسازی بکات. بە پێی عادەت دەبووایە لەوێش وەک شوێنەکانی دیکە خەڵک ئازار بدرایە و دارودەوەنی قەراغ جادەکە ببڕدرابایە. بەڵام بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکە لەو شوێنە کەمترین خەڵک ئازار درا و کەمترین دار و دەوەن بڕدرا.

 

نمونەی دووهەم؛

 

هاوینی ساڵی ٦٦ بەرنامەی هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر چەند مۆڵگەیەک لە گوندی ” ئەحمەد بریو” و نێوچوان” لە ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت جێ به جێ کرا. مۆڵگەی نێو ماڵانی ئەحمەد بریو زۆرتر سەربازی خەڵکی ناوچەی سەردەشتی تێدا بوو، کە ئەودەم پێیان دەگوترا “جاش سەرباز”. سەیرەکەی لەوە دابوو کە لە گەڵ ئەو سەربازە کوردانە تەنیا بێسیمچی و زۆرجاریش فەرماندەکەیان خەڵکی غەیری کورد بوون.

 

سەرەڕای داوای زۆری حیزب و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەی ئەو کەسانە کە دەبوونە سەرباز، کە خۆیان ببوێرن یان ئەگەر ناشتوانن خۆیان لە سەربازی ببوێرن، با لە شوێنەکانی دوور لە کوردستان سەربازی بکەنن، بەڵام بە داخەوە ژمارەیەکی زۆر جا بە هەر هۆیەکەوە بووە، سەربازی کردن لە ناوچەکەی خۆیان هەڵدەبژارد. ڕێژیم بەمجۆرە هەوڵی دەدا شەڕی پێشمەرگە بە سەربازی کورد بکات. زۆرجار کە لە گەڵ پێشمەرگە بەرەوڕوو دەبوون بەرگرییان دەکرد. وەک بڵێی غیرەتی کوردانەیان ڕێگای پێ نەدەدان بێڵن چەک بکرێن و خۆیان وەک دیل ببینن. یان ڕەنگە زۆریان ترسی دوای ئازادبوونیان هەبووبێت کە لە لایان حکومەتەوە بکەونە ژێر لێ پرسینەوە. بە داخەوە ژمارەیەکی زۆر لەو نێوەدا هەم لەوان تێداچوون، هەم ژمارەیەک پێشمەرگەش بە دەستی ئەوان شەهید کران. لە لایەکی دیکەوە ئەوان کەند و کۆسپی زۆریان بۆ هاتووچۆی پێشمەرگە بۆ نێو گوندەکان دروست کردبوو. هاوزمانی خەڵک بوون، زۆریان خەڵکی ناوچەکە بوون و هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەو ناوە شارەزا بوون.

 

بۆ چاوترسێن کردنی ئەوان و ئاگادارکردنەوەیان لە تواناکانی پێشمەرگە لە دەمکوت کردنیان ئەو بەرنامەیە داڕێژرابوو.

لە کاتی بەڕێوەچوونی عەمەلیاتەکەدا، هەوڵدرا کەمترین ژمارە لەو سەربازە کوردانە بکوژرێن و زۆرتر بە دیل بگیرێن. پێشمەرگە بە تەواوی ئاگاداری زیانەکانی ئەو جۆرە شەڕانە بوو. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی پێشمەرگە، بە داخەوە چەند سەربازێک کوژران، کە لە نێو ئەواندا برایەکی شەهید “عەوڵا کۆڵەسەیی” دەبیندرا. شەهید عەوڵا ساڵی ۱۳٦۲، لە گوندی “کاوژان”، لە ناوچەی ئالان شەهید کرا. هەروەها یەکێکی دیکەش بە ناوی “عەبدوڵڵا محەمەدزادە” برای شەهید “محەمەد محەمەد زادە” بوو. شەهید محەمەد ڕۆژی ۲۸ی خەزەڵوەری ٦۲، لە دۆڵی “زەرتکە” بە تەقەی هێلیکۆپتێر شەهید کرا. ژمارەیەکی زۆرتریش بە دیل گیران و ژمارەیەکیش توانیان خویان دەرباز بکەن. هەڵاتنەکەشیان بۆ پێشمەرگە هەر سەرکەوتن بوو، لانیکەم بە دەست پێشمەرگە نەدەکوژران.

 

لە کاتی فیلم هەڵگرتندا چاوم بە جموجۆڵی شتێکی نامۆ لە بن بەردێکدا کەوت. من توانیم بە دووربینەکەم زوومی بکەم تا زیاتر ڕوون بێتەوە. ڕەنگی وەک ڕەنگی بەردەکە بوو، بەڵام دەجوڵا. زوو تێگەیشتم دەبێ جاش سەرباز بێت، بە ڕواڵەت خۆی شاردۆتەوە. جلەکانی لە هی پێشمەرگە دەچوو. نیسێ بە سەر وڵاتدا کشابوو. سەری لە بن بەردەکەی بوو، بەڵام باقی بەدەنی لە دەرێ بوو. لەو کاتەدا ئەو پەندەی پێشینانم وەبیر هاتبۆوە کە دەڵێ”دەڵێن کەو سەری لە بەفرێ دەچەقێنێ و کەس نابینێ. پێیوایە کەسیش ئەوێ نابینێ” کاتێک بە فەرماندەی عەمەلیاتی ئەو بەشەم، “س.ڕ”م گوت، ئەوە نەفەرێک لە بن ئەو بەردەیدا خۆی شاردۆتەوە، زۆری پێ سەیر بوو. بەردەکە گەورە بوو و لەو شوێنە ڕا ئەوانی لێ ڕاوەستابوون پاش بەردەکە دیار نەبوو. پێیوابوو زۆر لە خۆمان دوورە. بەردێکی گەورە لە خوار پێشمەرگەکانەوە بوو، گوتم ئەوەتا… سەرەتا بانگی کرد هیچ وڵامێک نەبوو…. دووهەم جار بانگی کرد، وەڕە دەرێ خۆت تەسلیم بکە، ناتکوژین…هەر جواب نەبوو… ئەگەر دێیە دەرێ دەنا تەقەت لێدەکەین… ناوبراو یەکسەر کە زانی شەپکە تووندە، لە بن بەردەکە هاتەدەر و دەستی هەڵێنا…هەر زوو دەستی بە گریان و پاڕانەوە کرد کە نەیکوژن و ئەو بە زۆر لێرە کراوەتە سەرباز و هیچ تەقەشی نەکردووە. ناوبراو خەڵکی شاری سەردەشت بوو. فەرماندەکە پێی گوت ڕۆڵە گیان خۆ تۆ گەورەی بۆ دەگری. ئەگەر کەسێکی خەڵکی شوێنەکانی دیکەی ئێرانیش بایە، ڕێی تێ دەچوو بڵێت ئاگام لە سیاسەتی حیزب نیە و بپاڕێتەوە. خۆ تۆ بە ڕواڵەت کوردی و هەموو ڕۆژێش ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران هاوار دەکات کە شەڕ لە گەڵ پێشمەرگە مەکەن و خۆتان بە دەستەوە بدەن. ئێوە ڕەنگە دوای ئازادکران لە لایان پێشمەرگەوە حکومەت بتانگرێ، بەڵام خۆ لانیکەم نەکوژراون و ڕۆژێک هەر دەبێ ئازاد بکرێن.

 

بە دوای ئەو عەمەلیاتەدا، ئەو سەربازە کوردانە کەمتر خۆیان لە قەرەی پێشمەرگە دەدا و لە کاتی تێک هەڵچوونیشدا، زۆرتر خۆێان بە دەستەوە دەدا و پاش ماوەیەک ئازاد دەکران. بەمجۆرە ئەو پیڵانەش بە

هۆی سیاسەتی دروستی حیزبەوە بەوجۆرەی ڕێژیم بەرنامەی بۆ دانابوو نەچۆ پێش.

ئەوە جیاوازی نێوان دوو کەس بوو کە بە دەست پێشمەرگەی حیزب بە دیل گیرابوون. یەکیان کورد و بێ ئاگا لە سیاسەتی حیزب، یەکیشیان غەیرە کورد و سەرەڕای هەموو پڕوپاگەندەی ڕێژیم، ئاگاداری هەڵوێستی حیزب لە بەرامبەر دیلی شەڕدا.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی