"an independent online kurdish website

شەڕەکانی: بەردی برایم !،شاخی کاکەیان !بناری شاخە ڕەش !

سەرەتای پوشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی کاتی گەڕانەوە بۆ ناوچە، پۆلێ کادر و پێشمەرگە خۆمان گەیاندە نزیکی سنوور لە ناوچەی شلێر.

زۆربەی کات جەوڵەی رۆژانی یەکەم بڕێک جەمام کەوتن و شەکەتی لە گەڵ خۆی دێنێ، دوو سێ کیلۆمیترێک مان مابوو سنوور تێپەر کەین،کەمتەرخەمیمان نواند بۆ حەسانەوە بارمان لێخست وتمان سبەی ئاو دیوی سنوور دەبین،بێئەوەی بیر لە دەرئەنجامی کارەکە بکەینەوە.

شەبەق دەنگی عەسکەری عیراقی کە لە مۆڵگەکانیانەوە دابەزیبون هاتە گوێمان و نگابانەکان ئاگاداریان کردین. ناوچەی شلێر ئەو کات داپۆشراو بە جەنگەڵێکی چڕوپڕ، گژ وگیای زۆر،جێگایەکی حەواوە بۆ ورچ و بەراز و زنجیرەیەک پێگەی عەسکەری ماندوو شەکەتی عێراقی چی دیکەی لێ نەبوو،

پێشمەرگەی عەرەبی زانمان لە گەڵ بوون قسەیان لە گەڵ کردن . وتیان دەبێ بگەڕینەوە ناتوانن بڕۆن، دەلێڵ؟ چ باسە؟ئیوە دەبوا ئەمشەو خاکی عیراق تان بەجێ بھێشتایە و لێرە نەمابان،مادام درەنگتان کردوە ئیجازەکەتان تەواو بوە دەبێ بگەڕینەوە،خاتر و خوایش بێ فایدە بوو ،خۆ شەڕیش نەدەکرا، سواری زیلی عەسکەری عیراقیان کردین یاڵا بەرە و کەرکووک،

پێمان وابوو بەندمان دەکەن کەچی لە هوتێلێک دایان بەزاندین پێمان سەیر بوو،کاک غەفوری هەمزەیی شەهید هاتەلامان وتی کاکە دەبوو لە سنوور تێپەڕ ببان ، ئیجازەکەتان ئەو شەوە تەواو بوە بۆیە ئێوەیان گەڕاندوەتەوە.وتمان باشیان خزمەت

کردوین ، پێکەنی وتی لەسەر حیسابی حیزبە خراپ حاڵی بوون.

کارمان مەیسەربوو، و دووبارە گەڕاینەوە بۆ قەسڵان بۆ بنکەکانی خۆمان، تەنیا یەک شەو ماینەوە دوبارە بەرەو ناوچە ، بەڵام بەو جیاوازیەی ئەمجار لە ڵێوژێ و قەندیلەوە نەک شلێر، سمایلی بازیار بریندار بو لەنەخۆشخانەی حیزب دەرفەتی ئەوندەم هەبوو مڵاقاتێکم کرد و وتم سبەی بە لێوژێ دا دەڕۆینەوە

بە شاخی هەڵدێر و سەخت دا سەرکەوتین گەیشتینە دۆڵێکی قووڵ نگابانمان دانا و خەوتین زۆر ماندوو بوین بەشی زۆرمان تا نزیک نیوەڕۆ هەڵنەستابوین،عەلی خاڵدار و مستەفای پیرانی نگابان بوون ،نۆبەی عەلی بوو پشوو بدات وتبووی ناخەوم ئەمڕۆ جومعەیە نامەم ناردوە بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان بۆ بەشی نامەی گوێگرەکان چاوەڕێم بیخوێنێتەوە و وڵامی پرسیارەکەم بدەنەوە ئەو رۆژە لە بەر بڕینی ڕێگەی دوور و ماندویەتی زۆر بێسیمی ڕاکاڵمان نەخستبوە کار ئاگامان لە پەیامی دەفتەری سیاسی نەبو.

عەلی ئاگاداری کردین ڕادیۆ ئەمڕۆ بەرنامەی نائاسایی ھەیە،هەر سرود و شتی غەمناکی دەخستە سەر، وردە وردە هەموومان کەوتینە گومانەوە ڕادیۆ وتی لە وڵاتی ئوتریش تەقە لە دوکتور قاسملوو کراوە و بریندارە.هەموو نیگەران و پەشێو حاڵ هەر چاوەران ماینەوە بیسیمچی پەیامێکی ھێنا ،دوکتور شەرەفکەندی نوسیبوی ! دوکتور قسملوو شەهید بوە، زەبرێکی گەورەو گرانە بەڵام دەبێ لە بیرتان بێت حیزب هی تاکە کەس نیەو دەبێ هەموومان یەکگرتوانە ڕێگە و ڕیبازی ئیدامە بدەین،

سێبەری شاخەکان بەرەو داکشان هاتن و تیمی چاوساخی هێزی قەندیل وتیان وەرن با بڕۆین،گەیشتینە شوێنێک ژمارەیەک کاروانچیمان بینی شوینی مانەوە و سات سەودای ئەوان بوو، وەک ئێمە خەبەرەکەیان بیستبوو ئەو شوینە ناوی دۆلی کۆترەل بوو. بازاڕێکی شتومەکی قاچاخ بوولە ناوچەی پیرانشار، قاچاخچیەکان بە وردی لە ئیمەیان دەڕوانی،ئیوارە ڕادیۆ کەوتە کار و بە رەسمی خەبەری شەهید بوونی دوکتور قاسملووی ڕاگەیاند.هەم پێشمەرگەکان و هەم کاروانچیەکان دەگریان. لە گەڵ شاروخ مرادی کۆبونەوەیەکی دوو کەسیمان گرت کە چی بکەین .فرمێسکەکانی شاڕوخ بە سەر ڕیشە خورماییەکەی دا دەھاتنە خوار، دواتر قسەم بۆ پێشمەرگەکان و خەڵکەکە کرد و وتم ڕاستە داخێکی گرانە و زەبریکی کوشەندە، بەڵام دوکتور قاسملوو ڕوڵەی ئەو میلەتە بوە و لە پێناویاندا دا سەری خۆی داناوە ئێمەش لە مەکتەبی ئەو گەورە پیاوەدا فێر بووین و نەسیحەتی خۆی بوە درێژە دەری ڕێگای شەهیدان بین پێویستە بە ورەی بەرزەوە بەرەنگاری دوژمن ببینەوە و لاوازی لە خۆمان نیشان نەدەین

تیمی پێشمەرگەکانی قەندیل لەوێ ئێمەیان تەحویلی تیمێکی تری شارەزای ناوچەی سەردەشت دا ،تیمی هێزی گیارەنگ پێشمان کەوتن و بە بناری ڕەزگەو مارەدوان دا. ئەحمەد قەناسە و ڕەسوڵ و عومەر گەنمانی وڕەحمان کۆڵەسەیی ڕەحمان ڕەشیدی پێشڕەومان بوون، شەهید خەلیل محەمەدی یەکێک لە فەرمەندەکانی مەڵبەندی دوو چەند پێشمەرگەیەک لە گەڵ بەڵەدەکان لە پێشەوە بوون

بەڵەدی یەکەم( ئەحمەد قەناسە) کە لە پێشەوە دەڕۆیشت لە نزیک کانیەک لە شوێنێک بە ناوی( دەشتی خوارێ )کەلە سەر ڕێگەکەمان بوو کەوتە سەر مین وهاواری لێ هەستا، بە دوای تەقینەوەی مین لە ژێر پێی نەفەری یەکەم، کەوتینە بەر رەگباری دۆشکەو کالیبرپەنجا،مانگە شەوێکی زۆر ڕووناک بوو.توشی شڵاژان ھاتین ،جگە لە چەند کەسە پێشڕەوەکە، ئێمە ھەمومان نابەڵەد بوین، لالە حەمەخان ئەفەندی بەشی تەداروکاتی مەڵبەند لە دواوە چەکی ئامادە کردبوو دەست لە سەر پەلا پیتکە لە حالەتی خۆ ئامادە کردن بۆ تەقە بوو ،وتم چی ئەکەی لالە،وتی ئا سەی ئەحمەو، بەرەکەی ئەکوتم، وتم بەرەکەی مەکوتە، مین تەقیوەتەوە .کەمین نیە ، وتی دەی خاسە، خاسە،

بریندارەکە بەتەقینەوەی مینەکە لاقێکی پەڕی عومەری بەیخانی کادری دەرمانی مەڵبەند و سێ لە چاوساخەکان، ڕەسوڵ و کۆلەسەیی و گەنمانی لە گەڵ بریندارەکە گەڕانەوە،ئێمە ماینەوە لە گەڵ یەک بەڵەد ئەویش ڕەحمانە ڕەش، وتی بەڵەد نیم خەیاڵی بوو نەڕوا ھەڕەشەمان لێکرد وتمان نە ڕوی ئەت کوژین ،ھەر چۆنێک بوو پێش خۆمان دا بردینیە سەر چۆمی کەڵوێ لە حاستی موسالان پەڕینەوە لە ناوەراستی چۆمی کەڵوێ پاتۆڵی عەلی حەسەن ئاغا لە دەستی کەوتە خوار ئاو بردی .دوای پەڕێنەوە ڕەحمان گەیاندینیە شاخی پانەسەر و دوبرا، ڕۆژێک ماینەوە و دواتر چوینە پشتی نستان کۆمیتەی ڕەبەت و ھێزی زمزیران لەوێ بوون .ئیتر کاری ڕەحمان کۆتایی ھات دواتر گلەیی دەکرد کە دەربازی کردوین جنێوی بەر کەوتوە لە جیاتی سپاس،ھەر چەند بە درەنگەوە بەڵام سپاسی بێ پایان بۆ کاک ڕەحمان ڕەشیدی..(لەو کاروانەدا ڕەحمانە کوردە پێشمەرگەی ئازای ھیزی ئاربەبامان لە گەڵ بوو.بانگی کردم وتی کارم پێتە پێکەوە قسەمان کرد وتی دوای نەمانی کاک دوکتۆر خۆم تەحویل ئەدەمەوە،وتم کاری وا چۆن ئەبێ ئالەم کاتەدا چۆن شتی وادەکەی دوای دڵنەوایی قەناعەتی ھێنا،بەخۆشیەوە ئێستاش ھەر پێشمەرگەیە کوردە یەکێک لە قارمانانی دیموکڕاتە)

لەوێشەوە تەحویلی تیمێکی مهابادیان داین دوو کەس بوون . ڕێگەیەکی دور و درێژمان بە باسکە دریژ دابڕی بە قەراغ ئاواییەک دا تێپەرین ئاوێکی لیخن دەهاتە خوار بەشێک لە پێشمەرگەکان ئاویان خواردەوە و قوم قومەکانیان لێ پڕ کرد لە موچە و مەزرای ئەو ناوە ماینەوە،بەیانی بەشێک لە پێشمەرگەکان کە پێکەوە نان دەخۆن دەڵێن بۆنێکێ ناخۆش دێ، بڕێک لە بۆنەکە ناخۆشەکە مەشکووک دەبن دواتر مەعلوم دەبێ بۆنی دەمی ئەو کەسانەیە قرقێنەیان دەدا کاتی نان خواردن .ئاخر ئەو ئاوەی پێش پشوو دان خواردبویانەوە فازڵاوی گوندەکە بوو نەک ئاوی خواردنەوە، لەو مەنزڵە بەو لاوە خۆمان بەلەد بوین و کەوتینە ڕێ خۆمان گەیاندە ناوچەی گەورکی سەقز.

لە ناوچەی گەورکەوە بە چەند مەنزڵێک بە دەم خەبەر کۆکردنەوە لە سەر جموجوڵی ھێزەکانی ڕژیم بۆڕۆژی ٩⁄٥⁄١٣٦٨ گەیشتنە پشتی ئاواییەکانی سەردەرە، و قەرەبوغرەی ناوچەی خوڕخوڕە،لە دۆڵێک دا مابوینەوە چەند سەرە داوێکمان دەست کەوتبوو کە ڕژیم لە ئامادە باشی دایەوە گروهە زەربەتەکانی بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە بە دایم لە جووڵە دان، جاسوس و سیخورەکانی بە ناوچەدا بڵاوە پێکردبوون ،بە خەیاڵی خۆیان دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوو پێشمەرگە ورەی دابەزیوە و دەبێ نابود بکرێن،،بە ڕوناک بونەوەی هەوا ئاگادار بوین کە بەردی برایم(کێوی برایم) ھێزی دوژمنی لێیە،شاخێکی بڵێندە دەروانێ بە سەر کۆی ناوچەکەدا،

قامیشڵە .سەردەرە،مازوار.حاجی مەمەدان، هەموی لە ژێر چاوەدێری ئەو شاخە ھەڵچوەدان ،فەرماندەری لێهاتوو وکارامە شەهید شاروخی مرادی پێشمەرگەکانی بە چەند تیم دابەش کردن( پێویستە بڵێم لە کۆی گشتی کادر و پێشمەرگەکانی مەڵبەند ئەو ساڵە ٢٧ کەسمان هەڵبژاردبوو) لە ئازاترین نەفەرات بوون لە بەر ئەوە بتوانین باش هەڵسوڕێن، جار و بار هێزی گەورە تەحەروکی باشی بۆ نەدەکرا و نەت دەتوانی باش ھەڵسوڕێی،ئەو رۆژە لە بەیانی تا تاریک داهاتنی ئێوارێ شەر دریژەی کێشا لە قۆڵەکانی سەردەرە،قەرەبەغرە،حاجی مامەدان ،مازوار،چەندین جار هێرشیان هێنا، هەموو جارێک بە توندی تێک دەشکان ،لە بەرەی قەرەبوغرە بە ئازایەتی شەهید خەلیلە سوور و ھاوڕێکانی شەری نارنجەک و دەستە ویەخە زەبرێکی توند لە دوژمن کەوت تۆپ و خومپارە باران تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو،. لای عەسرو ئێوارە بە پڕیشکی خومپارە ماشەڵا محەمەدی پێشمەرگەی ئازا و فیداکاری ھێزی دوی ڕێبندان خەڵکی سنە شەهید بوو.

ئەو کات ڕادەی کوژراو برینداری دوژمن لە ڕادیو دەنگی کوردستان زمانحاڵی حیزبی دیموکڕات شەست کەس خوێندرایەوە،

جەنازەی ماشەڵامان لە گەڵ خۆمان هەڵگرت و بەرەو داوێنی شاخی کاکەیان لە موچەیەکی قشڵاخی عەلی سوڵتان پاش حەوت سەعات ڕێگە بڕێن بارگەو بنەمان دا بەزەویدا، جەنازەی ماشڵامان لە بن داریک دانا ،کۆبونەوەیەکی بچوک بۆ پێشمەرگەکان گیرا و پێان وترا یا سیگار مەکێشن یا نابێ پزیزکەی دیار بێ، دەبێ هەستیار بین، خەریکی پشوودان بووین ھەوا ڕۆشنی کردبوو خەڵک وردە وردە بە موچە و مەزرا دا وەر دەبوون،نەفەرێک بە دوو منداڵەوە بەرە و ئەو موچە هات کە ئێمەی لێ بوین، پیرانی نگابانی بەری بەیانی بوو بە کابرای وتبوو ئیمە پێشمەرگەین کابرا سەری سوڕ مابو باوەری نەکردبو، ،وتبوی کێ ئەناسی لە پێشمەرگەکان ؟وتبووی عەبە دەرەقووڵەیی،

پیرانی عەبە هەلدەستێنی و لە گەڵ کابرا قسە دەکەن ،بە عەبە دەڵێ خۆ پاسدار باری دوو سێ هێسر لێفەیان لە ئاوایی بردوە بەو شاخەی پشت سەرتانەوەن، (شاخی کاکەیان ) ئەوانیش ئیمەیان ئاگادار کرد و هەموو لە خەو هەستاین و خۆمان ئامادە کرد، زەردەی خۆر لە شاخی کاکەیانی داو بینیمان پاسدار بەرەو خوار ڕاست ئەو شوێنەی ئیمەی لێین، دینە خوارەوە بەڵام بە ئێمەیان نەزانیوە شەوقی تیشکی خۆر لە چاوی ئەوان دەچەقی و ئێمە لە نسێ دابوین ،دوتیم بە سەر پەرشتی رەسوڵ قادری ( سەقزی) و مستەفا پیرانی(ھەوشاری) سەرپەل بەرە و لوتکەی شاخ بەڕێکران تا ئەگەر پاسداری لێمابێ! لێیان دەن وشاخەکەیان لە دەست دەرێنن، باقیەکەمان لە شوینی خۆمان ئامادە بوین، و ڕەحمەت دەست ئاموز و خەلیلەسوور لە گەڵ چەند پێشمەرگە بۆ شەری دەستەو یەخە ئامادە بوون لە گەڵ ئەو ‌ھیزەی دوژمن کە بۆ لای ئێمە دەھاتن دەیانویست بچنەوە مۆڵگەکانیان،،لەو کاتەدا بە کابرای خاوەن موچەم وت ئەگەر بتوانیت دواتر ئەم جەنازەمان بۆ بشاریتەوە،وتی جەنازەی چی پارچەکەم لە سەر ماشەڵا هەڵدایەوە(پشتوێنەکەی خۆی)کابرا بە دیتنی جەنازەی ماشەڵا، لێوی بەری خواروی لە نێوەراست دا قەڵشی برد سپی بوەوە خەریک بوو دڵی راوەستێ ئەوەندە ترسا، خوێن بە لێوی دا هاتەخوار،وتم بڕۆ مناڵت بەرەو خۆت رزگار کە،

لەو کاتە دا شەر بە توندی دەستی پێکرد دوو تیم کە بەرەو شاخ ڕۆشتبون گەیشتە شاخ و هیزی دوژمن دەستی لە شاخ بڕابوو، گەیشتبوونە گۆڕایی و پێ دشت،ئیتر شاخ و شیو ھەردو لە دەست پێشمەرگە دا بوون، لەو کاتەدا ڕانە مەر و بزنی ئاوایی لە نێوان ئێمەو پاسداران دا گیریان خواردبوو، فەرماندەی پاسدار و چەند کەسێک لە دواوە شەریان دەکرد و تەسڵیم نەدە بوون لەو پێشمەرگانەی شاخ چەند کەسێکیان گەڕانەوە بۆ پشتیوانی لە تیمەکەی رەحمەت و خەلیل، هیزەکەی دوژمن سەرجەم بیست و پینج کەس بوون تەقریبەن ئەندازەمان وەک یەک بوو،وابزانم دوازدە کەسیان کوژران ئەوانی دیکەشیان بە دیل گیران ،فەرماندەکەیان زۆر نامەردانە پێش کوژرانی هەر دووک شوانی ئاوایی کوشتبوو بە بێ ئەوە هیچ تاوانێکیان هەبوبێ، ئەوان پێنج ئارپی جیان پێبوو بەڵام یەک گولەشیان پێ نەتەقێندرا،بەم جۆرە هەموو ئەو ناوە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە ،پایگاکانی ڕژیم لە بەر ئەوەی بێسیمەکەیان کەوتبوە دەست پێشمەرگە تا دو سێ سەعات هیچ دژکردەوەیەکیان لە خۆیان نیشان نەدا، نەیاندەزانی چی ڕوی داوە بە بێسیم ھەر تەماسیان لە گەڵ ھێزە تێکشکاوەکەیان دەگرت ، بێسیم چی کوژرابو،ئیتر گوێبیست پێشمەرگە بوو،نەک پاسدار،دواتر کەزانیان تەماسیان بۆ ناگیرێ مەشکووک بوون و هێلی کۆپتێر هاتە مەیدانی شەڕ، هێزەکانیان لە هەموو لایەکەوە هێرشیان هێنا بەرزترین خاڵی ناوچەکە بەرزە شاخی کاکەیان بوو لە دست پێشمەرگە دا بوو هەموو پەلامارئک بە ئاسانی تێک دەشکێندرا، ئێمە ھەمومان چوینە سەر شاخ وبەرزاییەکان، ئەوان هاتنە شوێنی مانەوەکەی ئێمە لە دەشتایی، نەمانتوانی جەنازەی ماشەڵا بەرین بەو بێسیمەی دەستمان کەوتبوو ئاگامان لە قسە و باسی پاسدارەکان بوو،یەکیان خەبەری بە فەرماندکەیان دەدا دەیوت لە ناو شوهەدای خۆمان دا کوژراوێکی زیدی ئینقلاب هەیە بەڵام تازە نیە هی شەڕی رۆژی ڕابردوویانە

بۆمان دەرکەوت جەنازەی ماشەڵایان دۆزێوەتەوە،.شەر بەردەوام بوو لای ئیوارە خاتوو تەوریز ڕەحمانی ناسراو بە چنوور خەلکی سنە پێشمەرگەی مەڵبەند بە فیشەکی قەناسە شەهید بوو،کاتێک شاروخ لە پیرانی پرسی خەبەر چیە؟ وتی هەڤالەکەی وەنەوشە بوو بە گوڵالە! وەنەوشە ناوی بێسیمەکەی رەحمەت بوو، لەو کاتەدا لە گەڵ رەحمەت و شاڕوخ لە نزیکی یەک بوین، ڕەحمەت وتی چنوور کوژرا، چنور خێزانی ڕەحمەت بوو، کاک خەلیل و ڕەحمەت چوون بۆ شاخ بۆ هێنانی جەنازەی چنوور ،پیرانی لە دورەوە دەبینێ ڕەحمەت بۆ خێزانی دەگری، لە خەلیل دەپرسێ کێ پێوت؟چۆن زانیویەتی؟خەلیل لە ولامدا ئەڵێ جەنابت ! ئەڵێ چۆن؟چاک! چۆن لە بێسم دەڵێی رەفێقەکەی وەنەوشە! مەگەر نازانی ناوی بێسیمەکەی رەحمەت وەنەوشەیە؟ گوێ بیست دەبێ، جەنازەی چنوریان بە هێسر هێنایە خوارەوە و کەوتینە فکری ئەوەی بەرەو کوێ حەرەکەت بکەین؟ئەوە لە کاتیک دایە دوو ڕۆژی تەواوە لە شەر داین ونان و ئاومان لێبڕاوە،ساخ بوینەوە بەرەو موچەکانی دایە سڵێمان بڕۆین.

دڕێژە لە بەشی دووهەم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی