"an independent online kurdish website"

ئیران بە دژی تێکۆشەرانی دیموکرات بەڕیوەچوە و بەداخەوە لەبەڕێوەبردنی دا سەرکەوتنی بە دەسهێناوە، کەسێک بە نێوی نەوید فەتحی لە سالی ١٣٧١ لە ئاوایی دایەسڵێمان لە ناوچەی سەرشیوی سەقز


 بۆ یەکەمین جار و بە هەڵکەوت پەیوەندی لە گەڵ مەڵبەندی دووی حیزب بەرقەرار دەکات کە ئەو کات کاک موحەمەدی شەهرەوان بەرپرسی بوو، قسەی لە گەڵ دەکات کاری بۆ دیاری دەکرێ، دوای ماوەیەک لە پەیوەندەکەی لە ناو شاری سەقز ماشینێکی ڕژیم دەسوتێنێ، دواتر قاچاخ دەبێ و بە ژن و منداڵەوە دێتە ریزی پێشمەرگە و چەک هەڵدەگرێ لە دوای سێ چوار ساڵ پێشمەرگایەتی خۆی تەحویلی ڕژیم دەداتەوە و دواتر هەر بۆ خۆی پەیوەندی لە گەڵ تەشکیلاتی حیزب دەگرێتەوە.

جارێک نەفەرێک بە نێوی (خ )لە سەقزەوە هات بۆ بنکەی مەڵبەندی دوو لە بازیان، ئەو کاتە من گەڕابوومەوە مەڵبەندی دوو، داوای بینینی منی کردبوو، چاوم پێێکەوت وتی نەوید ناردوومی ، پێیی خۆشە پەیوەندی بگرێتەوە لە گەڵ حیزب، وتم نامە؟ ناونیشان؟هیچی پێنەبوو، لێێ بە گومان کەوتم و وتم تۆ چۆن ئاوا بە ئاشکر هاوتویە ئێرە، کە چاوەدێری لە سەرە و کەس بە ئاشکرا بۆ پەیوەندی تەشکیلاتی ناتوانێ هاتووچووی بەوشێوەیە بکات، هیچ ناونیشان و شتێکی پێ نەبوو، ئیزنم داو پێم وت بڕۆ جارێکی دی ڕوو لێرە نەکەی.

ڕۆیشت و ماوەیەکی پێچوو جارێکی تر هاتەوە ، نامەیەکی نەویدی پێ بوو کە نوسیبوی هەڵگری نوسراو خزمی خۆمە و لێێ دڵنیا بە، لە درێژە دا نوسیبوی چۆتە ورمێ و شناسایی ماڵی سەحرارودی کردوە و ئەگەر هەتانە وێنەیەکی سەحرارودیم بۆ بنێرن کاری لە سەر دەکەم و بۆ شناسایی پێویستمە و هێندیک نیشانەم بەدی کردوون منیش چوومە لای کاک چەکۆ ڕەحیمی و مەوزوعەکەم تێگەیاند، ،وێنەیەکی ڕەش و سپی سەحراروودی قاتڵی دوکتور قاسملووم وەر گرت و بۆم ناردەوە ئەوە ئەوڵ و ئاخرین ئیرتبات و تەماسی نەوید بوو لە گەڵ من.

ساڵ وەرسووڕایەوە کەوتینە ئاخر و ئۆخری مانگی بەهار، وادەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دەستی پێکرد، ئێمەش گەڕاینەوە بۆ ناوچە، بێ ئەوەی ئاگادار بین نەوید لە لایەن رژیمەوە کاری لە سەر کراوە و موعتادە، بە گەیشتنەوەمان هێز و کۆمیتەکانمان بۆ شوینی دیاری کروای خۆێان دابەش کرد، ئەو بەشەی ئێمە لە مەسیری چلچەمەوە جەولەی خۆمان بەرەو مەسیری سەرشیو دەست پێکرد، لە جەرەیانی گەڕانی تەشکیلاتی و نیزامی خۆماندا ڕێمان کەوتە ئاوایی سماقڵوو لە ناوچەی سەرشیوی سەقز، لەو گوندە دکەڵێکی موخابراتی دانرابوو ، ئەگەر کەسانێک لەو گوندانەی دەورو بەر کارێکی بە پەلەیان بۆ ناوشار هەبوایە بتوانن بە ئاسانی پێوەندی لە گەڵ ناوشار بگرن دەچوونە ئەوێ و پێوەندیان بەرقەرار دەکرد، ئەو شەوە بە بێ ئاگاداری مەڵبەند سێ کادر دەچنە ئەو شوێنە ، عومەری بەیخانی کە ئێستە لە ژیان دایە و لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان دادەنیشێ، دەچێ کلیل لە مەسئولی موخابراتەکە وەردەگرێ کە لە گەڵ ماڵی خزمێکی تەماس بگرێ بەڵام سەرکەوتو نابێت و ژمارە کە حاسڵ ناىێ، دوای ئەو ساڵح شەریفی و عەتا رەزاپور پێکەوە ئەچن و تەلەفون بۆ نەوید ئەکەن و تەماسی لە گەڵ ئەگرن، هەدەف لە پەیوەندیەکە ئەوە بووە ،ساڵح لە باشوور ژنی مارە کردبوو، پێشتریش لە گەڵ نەوید هەم ئەو هەم عەتا نێوانیان خۆش بوو، ساڵح بە نەوید ئەڵێ ژنم مارە کردوە پێـخۆشە دایکم بێنی چاوم پێێ بکەوێت و برێک زێڕم لە گەڵ خۆی بۆ بێنێت، پاشان عەتاش قسەی لە گەل ئەکات و هێندیک شتی شۆخێ و یادەوەی سێقۆڵی خۆیان باس ئەکەن .

بۆ سبەی ساڵە و عەتا هاتنە لای من و کاک ساڵە وتی ئەمشەو لە گەڵ نەوید قسەم کردوە خۆت ئەزانی ژنم مارە کردوە پێم وتوە دایکم بێنێ، سالە کادری مەڵبەند و ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی مەڵبەند بوو، دریژەی داو وتی پشتی ئاوایی دەرەویانی شێخم بۆ دیارە کردوە بۆ حەوت رۆژی دیکە، دایکم لە گەڵ خۆی دێنێ ، داوای لە من کرد حەرەکەتمان بە جۆرێک بێت بۆ ئەو کاتە بگەینەوە شوێنی دیاریکراو، تا بتوانم چاوم بە دایکم بکەوێت، وتوومە بڕێک ئاڵتوونم بۆ بێنێ و پاییز دەمەوێ زەماوەند بکەم. دواتر عەتا قسەی کرد و وتی نەوید پرسیویەتی سەیدتان لە گەڵە ؟سڵاوی بگەیەنە وتوومە لە گەڵمانە، من داواکەی کاک ساڵەم قەبووڵ کردو جەولەکەمان نیوە و ناتەواو هێشتەوە. بەرەو ناوچەی خورخورە و دەرەویانی شیخ گەراینەوە و بۆ ڕۆژی دیاریکراو وام ، دێتە یاد رۆژی هەینی بوو، گەیشتینە پشتی ئاوایی دەرەویانی شخ لە ناوچەی خوڕخوڕە.

ڕێکەوت ٢٣/٥/١٣٧٥ی هەتاوی بوو. لە موچەو مەزراکانی ئاوایی دەرویان کاک سالە چاوەڕێی هاتنی دایکی بوو لە گەڵ نەوید، لای ئێوارە کاک ساڵە وتی من لە پێشەوە ئەڕۆم بۆ نزیک جادەی ورودی ئاوایی کە هات ئاگادارت ئەکەمەوە و تەماس ئەگرم، ئەو ڕۆیشت و دوای ماوەیەک تەماسی لە گەڵ گرتم. وتی نەوید هاتووە تۆش لە گەڵ عەتا وەرن، لەو کاتەدا من و عەتا پێکەوە دانیشتبوین، هێزەکەمان ڕۆژیک پێشتر کردبوو بە دوو بەش بەشێکیان بە سەر پەرەستی مستەفا پیرانی فەرماندە ی نیزامی و میرزا عەلی کەسنەزانی کادری سیاسی مەڵبەند بەرە و مەسیری ئاوایی دەرەهوان ڕۆیشتبوون، بەشەکەی دیکە حەمەی خاکسار سەرپەل لە گەڵ ئێمە پێکەوە بووین، قسەم لە گەڵ خاکسار کرد وتم ئێوە بڕۆنە ئاوایی دابمەزرێن ئێمە داوتر دێن بۆ لاتان، لە بیرمە ئەو عەسرە من نان و ماستاو و پیوازم خوارد بە عەتام وت لە ئاوایی من نان ناخۆم.

لە گەڵ عەتا بە دوا پێشمەرگەکانەوە بووین کە بەرەو ئاوایی دەرۆیشتین چاومان بە کاک ساڵە و نەوید کەوت کە دووسەد میترێک لە خوار ئاواییەوە دانیشتون ،نەوید ماشنێکی سایپای شینی پێبوو، چوینە لایان و دانیشتین پرسیم کوا دایکی کاک سالە؟ وتی وەڵا بۆی نەکراوەو نەیتوانیوە بێت، دوای کەمێک قسە و باس پاکەتێک شیرینی هێناوبوو لە سەر پاکەتەکە نوسرابوو قەنادی فاتحی، شوتیەکی گەورەشی لەوێ دانابوو، هەروا قسەی عادیمان ئەکرد و خەبەری وەزعی ناوشارمان دەپرسی، تماشایەکی ماشینەکەیم کرد. بێ ئەوەی هیچ پرسیارێک بکەم ، نەوید وتی ئەوە ماشینە هی کوڕەکانی ساحیبە، خۆشیان دەوێم، پێان داوم ‌پێی هاتووم، پاش کەمێک پاکەتە شێرینیەکە کە پێچرابوەوە هەڵ چڕی فەرموی کردین ساڵە و عەتا لە تەنیشت یەک و من و نەویدیش لە لای یەکەوە دانیشتبوین.

شیرینیەکە لە جۆری نان خامەیی بوو، خامەی سپی تێدا بوو لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بە هاوئاهەنگی و ئاگاداری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئەو کارە کرابوو دەرمانێکیان تێ کردبوو بە ناوی سالیۆم بە کوردی مەرگەمووش کە نە رەنگی هەیە نە بۆن و نە تام من لە بەر ئەوەی نانم خواردبوو برسیم نەبوو . ساڵە و عەتا هەر یەکەی  سێ بۆ چوار دانەیان لە شیرینیەکە خوارد ، نەوید بە منی وت بۆ ناخۆی ؟چەکەکەم لە سەر ڕانم دانابوو، زەردەی خۆر خەریک بوو ماڵئاوایی لێدەکردین، وتم تێرم ئیشتیام لێ نیە وتی نابێ ئەبێ بخۆی ، نەوید خۆی لە سوچێکەوە دەنکێکی هەڵگرت منیش لە لای دەنکەکەی ئەوەوە دەنکێ شیرێنم هەڵگرت و یەک دوو قاشی شوتیشم خوارد، دوای دانیشتنێکی نزیک بە دوو سەعات خوا حافیزیمان لێکرد و ئەو  بەرە و ناو شار و ئێمەش بەرەو ئاوایی بۆ لای پێشمەرگەکان کەوتینە ڕێ.

من شیرینیەکەم هەڵگرت و بژاردم دەقیق نازانم چەندی تێدا مابوو، وتم لە بەینی پێشمەرگەکان تەقسیمی دەکەین، گەیشتمە پێشمەرگەیەک بە ناوی خالید عەبدولاهی وتم ئەم شیرینیە هەڵگرە  بەڵام نەیخۆی دەبێ وای دابەش بکەین هەموان لێێ بخۆن زەردەیەکی گرت ،ترسام لێێ بخواو بەشی ئەوانی تر نەکا، حەمەی خاکسار سەر پەل بوو بە بێسیم تەماسم لە گەڵ گرت لە خالیدم وەرگرتەوە و شیرینیەکەم تەحویلی حەمە دا، وتم بەڵام لێی مەخۆن تا دوایی بەشی دەکەین، حەمە لە گەڵ ڕەحیم هێژا پێکەوە لە ماڵێک دەبن، خاکسار دوایی وتی ویستمان لە شیرینیەکە بخۆین ، بەڵام لەو شوێنەی دانیشتبووین سێ منداڵی لێ بوو گەر بمان خواردایە دەبوو بەشی ئەوانیش بدەین وتمان دوایی کەمی دینێ هەر بۆیە دەسمان لێ نەدا.

 

درێژەی بەسەرهات لە بەشی دووهەم.

نویترین هەواڵ و بابەت