"an independent online kurdish website

ھەموو نەتەوەکان وەک ئێمەی کورد قۆناغی شەڕ، ناخۆشی، ژێردەستی، برسێتی، داگیرکاری، کاولکاری و…یان دیتووە. ھەموویان ناھاوئاھەنگییان تێدا بووە. ھەموویان خەیانەت و شەڕ و ئاژاوە و بشێویی ناوخۆیان ھەبووە. ھیچیان لە پڕێ نەبوون بە کوڕێ.


 ھەموویان قۆناغی دەسەڵاتی دین و پەرەستگەیان دیتووە. زۆربەیان دڕندەیی و دیکتاتۆریی دینی و غەیری دینییان تەجرۆبە کردووە. ھیچ نەتەوەیەک نەیتوانیوە بەبێ تەجرۆبە کردنی قۆناغەکانی ئەزمون و ھەڵە بگاتە ئامانجی باڵا.

 

زۆربەی نەتەوەکان، سەرئەنجام سکەیەکیان درووست کردووە و قەتاری ئامانجەکانیان خستووەتە سەری و بەرەو داھاتوو وەڕێ کەوتوون. ھەندێکیان سکەکانیان باش نەبوون، ھەندێکیان قەتارەکانیان باش نەبوون ، ھەندێکیان شۆفێرەکانیان باش نەبوون و ھەندێکیشیان سەرنشینەکانیان نەساز بوون، ھەر بۆیە لەوانەیە بە یەکێ لەم ھۆکارانە بە لوتکەی ویست و ئامانجەکانیان نەگەیشتبن.

 

ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ھەندێ لە نەتەوە و گەلان ھیچ نەبێ توانیویانە ویست و ئامانج دیاری بکەن، کۆدەنگی لەسەر ساز بکەن، قەتارێکی بۆ ئامادە و سکەیەک بۆ رۆیشتن بەرەو ئامانج درووست بکەن. ئەمانە ھەر ھەمووی نیشانەی گەییشتنن.

 

واتە بەم پێوەرانە ئەگەینە ئەو باوڕەی کە بە بێ کۆدەنگی ئامانج دیاری ناکرێ، بە بێ دەستنیشانکردنی ئامانج رێگای گەییشتن بە ئامانج ناڕوونە، ھەر بۆیەش بەبێ روون بوونی ئامانج، سکە دروست ناکرێ، چونکی نازانی بەرەو کوێ سکەکەت دادەنێی، بەبێ سکە دروستکردن و دانانیشی ھیچ بزوێنەرێکت بۆ شتێ بە ناوی قەتار یان لۆکۆمۆتیڤ نابێ.

 

 دەی روونە، نەتەوەیەکیش ئەمانەی نەبێ، گەییشتنی بە ویستە نەتەوەییەکانی ھەر لە شێعر و پەخشان و چیرۆک و رۆماندا ئەمێننەوە. ئەوەی کە زۆر ناعەقڵانییە ئەوەیە، زۆربەی تاکی سیاسی و خەباتکاری کوردیش کە قسە لە بابەتی کورد و ئامانجەکانی ئەکات، رواڵەتیانە ئاماژە بە ھەندێ خاڵ وەک ھۆکار ئەکات کە لە راستیدا ھیچیان ھۆکار نین، بەڵکوو زۆربەیان خۆیان بەرکارن. زۆربەی کێشەکانی ئێمە وەک لە بابەتێکی دیکەشدا ئاماژەم پێکرد، بەرھەمی داگیرکراوی مێشکن.

 

حاشای لێ ناکرێ ئێمە لەوەتەی پەروەردە ھەیە، لە لایەن دامودەزگای دەسەڵاتی ناوەندەوە مێشکمان پەروەردە ئەکرێ. واتە ئەوەش نەبووبێ، پرۆسەی پەروەردە لە لایەن دینەوە و لە حوجرەکانەوە ئاراستە کراوە.

ئەم دووانەش ھەر دووکیان وەک یەک کاریان کردووە. ھەر دووکیان مرۆڤی کوردیان لە بیرکردنەوە لە بابەتی نەتەوەیی وەک ئامانجی باڵا دوور خستووەتەوە و سەرئەنجام شتێ بەناوی سکە و قەتار و ئامانج لە مێشکی زۆربەی تاکەکانی پەروەردە کراوی سیستمی دەسەڵاتی ناوەندی داگیرکار و حوجرەی داگیرکارا مانایەکی نەبووە.

 

ئەنجام:

کورد ئەبێ ئامانجی باڵای دیاری بکات. ئەبێ رێگای گەییشتن بەو ئامانجە باڵایەش دەستنیشان بکات. بۆ ئەم کارەش پێویستمان بە کارگایەکە، کارگایەک کە بکرێ بە ئاسودەییەکی رێژەییشەوە بێ کاری تێدە بکەین. ئەو کارگایە لە کوردستانی باشوور ھەیە، زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بونیات نراوە.

بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەوان ھەتا ئێستاش نەیانتوانیوە وەک کارگایەکی نەتەوەیی کاری تێدا بکەن. ئەوان ئێستاکەش نەیانتوانیوە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە ببڕن. واتە ھێشتا ساغ نین لە دیاریکردنی ئامانج، واتە ھێشتا نازانن سکە لە کوێوە بۆ کوێ دادەنێن. ھێشتا وەک گای بنە ھەر لە بازنەیەکی تەنگا بە دەوری خۆیانا ئەسووڕێنەوە.

 

بۆیە لێرەدایە کە ئەبینین لەم چارەکە سەدەیەشدا زۆرێ لە ھێزی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ھەر لەوێن و ئەوانیش نە تەنیا نەیانتوانیوە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ئەوانەی باشوور ھەبێ، بەڵکوو بۆ خۆشیان رەنگ و خوی ئەو سیستمە زاڵەی ئەوێیان گرتووە و ئەوەی لەوان بە زقی لێیان ئەبینرێ ئینشعاب و دابڕان و ناکۆکی سیاسی و بەڕێوەبەرییە و ھیچی دیکە.

 

لە کورتیدا شەپۆلێ گۆڕانکاریی گرینگ لە زڕەبەھاری عەرەبییەوە دەستی پێکردووە و درێژەی ھەیە. لە شێوانشێوی ئەم شەپۆلەدا بەشێ لە داگیرکەرانی کوردستان زیانباری یەکەم بوون و لەوانەیە زۆر نەخایێنێ کە داگیرکەرانی دیکەش بگرێتەوە.

واتە لەم نێوانەدا دەرفەتی زۆر بۆ کورد خوڵقاوە و ئەخوڵقێ کە جووڵە بە قەتەری ئامانجەکانی بەرەو داھاتوویەکی گەش بکات. بەڵام ھەزار مخابن کە تا ئێستا نە رێگا دیارە، نە سکە، نە قەتار و نە شۆفێر.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی