"an independent online kurdish website"

کورتە مێژوویەکی کتێبی خوێندن بە زمانی کوردی لە کوردستانی ئێران و یادێکی بە ڕێز لە یەکەم کتێبی دەرسی زمانی کوردی و نووسەرانی لەم بەشەی کوردستان


بە دوای ڕووخانی نیزامی پاشایەتی لە هەموو شارەکانی بە ناو(ئێران شۆرای ئینقلابی ئیسلامی…) بۆ بەڕێوەبردنی کار و باری شار و گوند… دادەمەزران.

مەهابادیش یەکێک لەم شارانە بوو. (شۆرای ئینقلابی ئیسلامی مەهاباد)

شۆرای یەکەم کە تەمەنی لە چەند مانگ تێپەڕ نەدەبوو، لە هەل مەرجێکی کتوپڕدا وەک پێویستییەک خۆی پێکهێنابوو، هەم توانای بەڕیوبەری خەڵکی نەبوو و هەمیش لەسەر حەیف و مەیل کردنی ئەموال و چەک و چۆڵی پادگان و بنکەکانی دیکەی دەوڵەتی دەنگۆی باشیان لەسەر نەبوو. بە تایبەتی بەرپرسی شۆراش کە لە راست ڕێکخراوەسیاسییەکانەوە هەڵوێستی وەک یەک نەبوو. و تای تەرازووی لاسەنگ و خەڵکی شاری مەهابادیش ئەو هەڵوێستەیان بە دڵ نەبوو، جێگای دا بە شۆرای دووەم . لە شۆرای دووەم کە نوێنەری هەموو چەشنە توێژێکی کۆمەڵایەتی تێدا بوو. لە دابەشکردنی کار دا بەڕیز و تێکۆشەر خۆا لێخۆشبوو مامۆستا مەلارەحیم عەباسی و کاک برایم شێرزاد وەک بەرپرسی شۆرا و جێگری بەرپرس هەڵبژێردران. منیس کە ئەندامی شۆرا بووم، وەک بەرپرسی کاروباری کۆمەڵایەتی ئەرکم خرا سەرشان. بە هاوکاری و هاوڕیی برای زانا و دڵسۆز و تێکۆشەرم نەمر کاک “حەمەڕەشی سیاقۆڵی”  و کاک”قادر شەهابی”… بەوپەڕی دڵسۆزی و خۆشەویستییەوە ئەرکەکانم بەڕیوە دەبرد. کاک برایم شێرزاد و من پێش هاتنە نێو شۆرا لە ئیدارەی “بەربەرەکانی دەگەڵ نەخویندەواری”دا وەک بەرپرسی ئیدارە و بەرپرسی فێرکردن(ئاموزش)، شاری مەهاباد، بۆکان ، تیکاب…کە هەموو ناوچەکانی سەر بەو مەڵبەندەی دەگرتەوە کارمان دەکرد. هەر لەو کاتیشدا پێموا بوو کە خوێندن و خاشەبڕکردنی نەخوێندەواری ئەرکێکی گرینگی نەتەوەیی و نیشتمانیە. بەکردەوەش بۆمان دەرکەوتبوو کە خوێندن بە زمانی بێگانە بۆفێربوونی سەرتایی و خاشەبڕکردنی نەخوێندەواری چەندە ناسەرکەوتووانەیە. لەم بارەوەش پێشتر پێشنیارێکمان دابوو بە بەڕیوبەری گشتی ئەم دەزگایە لە تاران. با شاراوەش نەبێ ، لەسەر ئەم پێشنیارە کە بە وتەی وان سەرمان بۆنی قاورمەسەوزی دەدا، کەمیش جێڕەبابا نەدراین. ڕۆژێک لە دەفتەری شۆرا دەگەڵ بە ڕێزان جەنابی “مامۆستا مەلا ڕەحیم”  و”کاک برایم” لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا پێشنیارم پێکردن کە قەت ئەوەندەی ئێستا هەل و مەرج لەباتر نابێ کە بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ نەخویندەواری و دانانی کتێبی خوێندن بە زمانی کوردی کومێتەیەکی سەرانسەری کوردستان دامەزرێنین. بە ڕاستی هەم مامۆستا و هەم کاک برایم گەلێک لە منیان پێ خۆشتر بوو. هەر ئەو کات دەقێکی کورتم بە زمانی فارسی وەک بانگهێشتن نامە ئامادە کرد و بە ئیمزای مامۆستا و مۆری شۆرا بۆ زۆربەی ئیدارەکانی پەروەردە و فێرکردنی شارکوردەکانی کوردستانی ئێران ناردرا و ڕۆژ و کاتی کۆبوونەوەمان دیاری کرد.

قەت ئەو کات نەمدەزانی کە ئەو کارە دەبێتە بەشێک لە مێژووی خوێندنی دەرس بە زمانی کوردی.  لە لایەکی دیکەشەوە نووسینی بیرەوەری وا باو نەبوو. بۆیە مەتنی نووسینەکە و ڕێکەوت و ڕۆژەکانم یاد داشت نەکردووە و لە بیرم نەماوە. بەڵگە ونامە و دارایی شۆڕاش دوایی بە خڕی کەوتە دەست پیاوکوژی بە ناوبانگ”شیخ سادقی خەڵخاڵی”. ڕەنگە ئێستاش چەند کەسێک لە ئەندامانی شۆرا لە ژوور و لە دەرەوە هەر مابن. هیوادارم ئەوان لە سەر کاری شۆرا و شێخی ناوبراو وردتر و گشتیی تر بنووسن. بۆ وێنە خوشکە “سەکین جەوانمەرد” دانیشتووی سوێد وەک نوێنەری پەرستار و کارمەندانی نەخۆشخانەکان، کاک “حوسێن بەخشی” وەک نوێنەری یەکیەتی جوانان… نیشتەجێی ئاڵمان… خەڵکێکی باش بە دەنگی ئەم بانگهێشتنەوە هاتن. لە یەک کۆنوونەوەدا کە لە ئێوارەیەکی فێنکی بەهاری کوردستاندا لە حەوشی دانشسەرای کچانی لە شاری مەهاباد گیرا. چەند کومیتە لەسەر کاخەز دیاری کران بە تایبەتی دەستەی نووسەران. بڕیار درا هەر کەسە بچێتەوە شاری خۆی و کتێبێکی پێشنیاری ئامادە بکات و بۆ رۆژی ٢٥ی مانگی پووشپەڕ بێنەوە بۆ مەهاباد. هەتا لە تێکەڵاوی ئەم کتێبە پێشنووسانە کتێبێکی باشی لێ بەرهەم بێت. ئەوەی من لە بیرم بێت تەنیا لە بانە کتێبێک ئامادە کرابوو کە پڕ بوو لە درۆشمی دژی شا و ژاندارمی چاوزەقی جووجەخۆر… لە شاری سنەوە مامۆستایەی پیری بە ئەزموونی کۆنەکار بەشدار بوو کە بە داخەوە ناویم لە بیر نەماوە. لە شاری پاوە کاک “کەماڵ زەردەشتیان” بەشدار بوو. لە مەهابادیش کاک سەید سالح ئەیوبیان مەرکەزی و من بە کتێبی پێشنیاریەوە بەشدار بووین. وەک دەستەی ئامادەکاریش لە مەهاباد هەر کاک سەید سالح و نەمر خوالێخۆشبوو کاک “محەمەدی ئادەمی موکری” و من دەگەڵ بەرێزان دیکە دەست بەکار بووین. بە داخەوە لە سێهەم ڕۆژی کار دا هەواڵی هێڕشی هەمەلایەنەی پاسدارانی حکومەتی ئیسلامی بۆ سەر شاری(پاوە)مان پێگەیشت و لە ٢٨ی مانگیش فەرمانی جیهادی خومەنی لە دژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاندرا. کاک کەماڵ و مامۆستا سنەییەکەش کە کەس و کاری لە پاوە بوون، کەوتنە دڵ نیگەرانی و گەڕانەوە.

کاری کتێب ئامادەکردن کەوتە سەر شانی ئێمە وەک چەند کەسی نێشتەجێی شاری مەهاباد.  شەهید دوکتۆر “مامۆستا سەوجە”  لە لاوە جار و بار یارمەتی دەداین و یەکێک لە تاوانەکانی کە لە سەری گوولەباران کرا. هەرچەند کارەکەشی لاوەکی بوو. هەر وەها کاک “عەبدولرەحمانی وەهابزادە” بەر پرسی ئیدارەی فەرهەنگ و هونەری شاری مەهاباد کە کۆبوونەوەمان لەم ئیدارەی ئەو با، خۆی پێوە ماندوو دەکردین. لە ماوەی کەمتر لە مانگێک کتێب ئامادە کرا و درا بە جوانەمەرگ خوالێخۆشبوو هۆنەرمەندی دەست ڕەنگین کاک جەعفەری قازی کە وێنەکانی بکێشێتەوە. ئەویش چەند مانگێکی خایاند. لەم ماوەی شەڕی سێ مانگەش دا لەشکریانی ئیسلامی خومەینی چ نەما نەیکەین. لە کوشت و کوشتار  و قەڵاوچۆی شار و گوند و گرتە و بەردە… بڕیاریان وەها بوو شاری مەهاباد وێران و دوایی بیکەن کێڵگەی تەماتە و پەتاتە… ئێمەی ئامادەکار کە بە شانازیەەوە دەمانەویست ناومان لە پشتی کتێبەکە بنووسرێ حاشامان لە هەموو شتێک کرد، هەر چەند کتێبەکە جگە لە سروودی (وڵاتی مە کوردستانە) شتێکی وا بڤەی تێدا نەبوو، کە دژی دین و بین بێت. کتێبەکە ماوەیەک کەوتە دەست “یەکیەتی مامۆستایان”ی شاری مەهاباد. دواتر ئەوانیش تووشی کێشە بوون و کتێبمان وەسەرکرایەوە. لە دەستەی ئامادەکارانی کتێب تەنیا من ڕێگای شاخم گرتەبەر و  بوون بە خاوەنی کتێبی بێ خاوەن. کتێبەکەم دا بە ڕێبەرایەتی “حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران”. ئەوانیش کتێبەکەیان بە ناوی”خوێندنی زمانی کوردی” لە سەر ناوی “کۆڕی بەڕێوەبەری پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەری کوردستان” بە یارمەتی فەلەستینیەکان بە بێ دیاری کردنی ساڵی لە چاپ دان لە لوبنان چاپ کرد. یارەبی ماڵی هەردوولایان ئاوەدان بێ و خوا تۆلەیان بۆ بکاتەوە. کتێب ساڵی ١٩٨٢ لە کوردستان بڵاو بۆوە و نەک بوو بە کتێبێکی خۆشەویستی قوتابی و خوێندکارانی کورد، بەڵکو بوو بە سەرچاوەیەکی باش بۆ ئامادەکردنی کتێبی کوردی پۆلی یەکەم کە دواتر ئامادە کران.

دیارە کتێبەکە بێ کەم کۆوڕی نەبوو و نیە. بەڵام بۆ هەل ومەرجی کتوپڕی ئەوکات بێ وێنە بو و هەیە. بۆ بێرهێنانەوە، هەر لە دەرسی”وڵاتی مە کوردستانە…”… لەم دەرسەدا پیتی(هـ ) نەخوێنراوە و دوو واژەی(بەهاران و بەهەشت)دا هاتوە. بۆ یەکەم جار کیژە لاوێكی مامۆستای شۆڕش   ئامۆزای شەهیدی نەمر کاک ڕە‌حمانی سۆفیزادە… لە ناوچەی پێرانشار ئەم هەڵەیەی بە چاو دادامەوە. یادی بەخێر و هیوادارم ئەم خۆشکەش هەر سەرکەتوو و سەرفیراز بێت.

 “حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران” وەک ڕێبەری و رێکخەرەی خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی کوردستانی ئێران لە بەڕێوەبەری و ڕێكخراوەیی خۆی دا بەشێکی بەر فرەوانی بە ناوی”کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەری کوردستان” دامەزراند بوو و بە یارمەتی خەڵکی کوردستان لە هەموو ناوچەئازادکراوەکانی کوردستان بە کادر و پێشمەرگە و کەسانی دڵسۆزەوە یارمەتیدەر بوون بۆ کراونەوە قوتابخانە و دابین کردنی مامۆستا و هەر چەشنەهاوکاریەک. لەشکڕیکی لاوی خۆبەخش و بە بیر و باوەڕ لە سەر ناوی “مامۆستای شۆرش” هاتنە نێو شۆڕش و دەستیان بە کاری پەروەردە منداڵان کرد. هەزاران کیژ وکوڕ و لاو و پیری نەخوێندەواری کوردستان بۆ خوێندن بە زمانی زکماکی بەرەوە قوتابخانەکان وەرێ دەکەوتن و خۆیان ئاوودوویان بۆ سەنگەری ڕووناکی دەهێنا و جار دەبوونە دەستەچێلە. مامۆستایانی شۆڕش لە ژووران، لە ژێر سێبەری دار و ئەشکەوت و کوونەتەیارە، کەپر و دەوار و کەلاوە، مزگەوت و کۆنە قوتابخانەکان و لە هەر کۆێ ئیمکان حاوانەی ڕۆژێکی مامۆستای سەییار(گەڕۆک)یش هەبا، کتێبی خوێندنی زمانی کوردی و تەختەڕەشی سەر کۆڵی مامۆستا لە وی ئامادەبوون، ئەگەر بۆ تاقە قوتابیەک یا خوێندکارێکیش با. کاروانی سەهیدانی مامۆستایان و قوتابیان شۆڕش کەم نین. بۆ ڕێز و یادی هەموویان سەڵاو دەنێڕین بۆ روحی پاکی لاوی شۆڕشگێڕ “سەید مەنسووری حوسێنی” مامۆستای شۆڕش و قوتابی شەهید کیژۆلە”گەزیزەی پاییزی” وەک یەکەم شەهیدی سەر قافڵەی مامۆستایان شۆڕش و قوتابیانی شۆڕش.

یەکەم جار بەهاری ١٩٨٢لە گوندی “قەمتەرێ”ناوچەی محاڵی مەهاباد کە بە چاپکراوی چاوم بە کتێبەکە کەوتەوە، پێم وابوو دنیام پێدراوە حەوت جارم ماچ کرد و لەسەر سەرم دانا، ئەو کات پێم وابوو ئیتر ئارەزوم نەماون.

کومیتەی بەڕێوبەری تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە مەهاباد کە خۆم یەکێک لە ئەندامانی کومیتەی کارگێر بووم، بڕیارمان دا بە مەبەستی ڕێنمایی و شێوەی دەرس گۆتنەوە و ئامادەکردنی مامۆستایانی دەورەیەکی ئامادەکاری دابنرێت.

من ئەو ئەرکەم خستە سەرشانی خۆم و لە ٢٠ی گەلاوێژی ١٩٨٢ یەکەم کلاسی ئاموزشی(فێرکردن) دوو هەفتەیی مامۆستایانی شۆڕش م لە گوندی “لاچین” نزیک شاری مەهاباد بە ڕێوەبرد. هەر لەوێش بە بەشداری رێبەری پارتی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیە تێكۆشەر کاک “کەماڵ بوورقای” جێژنی ٢٥ی گەلاوێژمان پیرۆزکرد.

هەر ئێستاش چەند کەس لەم مامۆستا تێکۆشەرانەی ئەم دەورەیە (ئەبوبەکر لاوچاک، عەزیز رەمەزانی…) وەک من لە سوێد دەژین. من ئەم کلاس و دەورە وەک یەکەم کلاسی ئامادەکردنی مامۆستای دەرسی زمانی کوردی لە کوردستانی ئێران ناودێری دەکەم.

ساڵی دواتریش بۆ لەشکری لە شکانی نەهاتوو و بێ بڕانەوەی مامۆستایان شۆڕش لە ناوچەئازادکراوەکان لە گوندەکانی”کامەم”، “ماژگە وگردشیلان”، “دێگە”ی سەردەشت، “گەڵالە”… چەند کلاسی دیکەی ئامادەکردنی مامۆستایانم بەڕیوە برد. خوێندن و خوێندەوارکردن بە زمانی کوردی وەها خۆشەویست بوو، بە ڕاستی هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان وێڕای تفەنگی سەرشان و فیشەکدانی قەدیان و توورەکەی نانی کۆڵیان، کتێبی خوێندنی زمانی کوردیشیان دە کۆڵەپشتیی دابوو، جا چ بۆ فێر بوون و چ بۆ فێر کردن.

بە دوای ئامادەکردنی کتێبی (خوێندنی زمانی کوردی) دا بە هەست پێکردن بەم گشتە پشتیوانی و پێشوازییە خەڵکی کوردستان لە هەل ومەرجێکی زۆر نالەباری شەڕدا کە لە ئاسمان گوللە دەبار و لە زەمین دووپشک و مار هەڵدەقوڵین لە نێو جەنگەڵێکی چڕ و پڕی ناوچەی سەردەشت دا کتێبەکانی” زانستی ئەزموونی” و “ئەژمێر “ی پۆلی یەکەمم لە سەر ناوی(کرمانج) ئامادە کرد. تەمەن درێژ بن جووتە لاوی هۆنەرکاری تێکۆشەر و خوێنشیرینی یەکیەتی لاوان کاک “سامرەند وەهابپوور” و کاک “عومەر ئەورامی” وێنەکێش و خۆش نووسییان وەئەستۆگرت و دڵسۆزانە و پاکانە ئەرکەکانیان ڕاپەراند. ماڵی “حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران”یش ئاوەدان چاپ و بڵاو کرانەوە.  دواتر کتێبەکانی”زانستی کۆمەڵایەتی و خوێندنی گەورەساڵان”م ئامادەکرد. بەڵام وابزانم دەسێڵاوی فەرامۆشی و بێ مێهری دا خنکان و بە جێی کتێبەکەی گەورە ساڵانی من کتێبێکی دیکە بە ناوی “ژیان و خەبات” لەسەر ناوی ژنێکی ئەرمەنی زمانی فارسی خوێنی کوردستان نەدیوی کوردی نەزان دەرچوو… پەکوو… کتێبە(ئەژمێر)ەکەی پۆلی یەکەمی سەرەتاییش دواتر چاپ دووبارە چاپ کرایەوە بە پێچەوانەی ئەوە دەڵێن ناوی(ئەخلاق)ە بوو بە(تەخلاق) و ناوی من(کرمانج)ی لێ سڕایەوە.

“کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەری کوردستان” کە بۆ ماوەیەک منیش یەکێک لە ئەندامەکانی بووم جگە لەم کتێبانەی باس کران، دڵسۆزانە و ئازایانە کتێبی”خوێندنی کوردی” و (زانستی ئەزموونی) پۆلی دووهەمی سەرەتایی ئامادە و چاپ کرد.

بێ ئەمەگی دەبێت یادێک لە دوو هاوڕێی خەباتکار و زانا و دڵسۆزی خۆم نەمران کۆچکردو کاک “کەماڵ خالێدی” وەک بەرپرسی کوڕ و “کاک ئەمیر قادری” وەک ئەندامی کۆڕ، هەر وەها بەڕێزانی تێکۆشەر کاک “ڕەسووڵ ئاریا” وەک بەرپرسی کۆڕ، کاک “رەحیمی ئەمیری” وەک و ئەندامی ئەو کۆرە و دواتر تێکۆشەر کاک”جەماڵ عەبدوڵازادە”  هەر وەک بەرپرسی کۆڕ نەکەمەوە، هەزران سڵاو لە نەمران و یادیان هەر پیرۆزبێ و ئاواتی تەمەن درێژ بۆ تێکۆشەرانی دیکە.

جگە لە “کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەری کوردستان” . ڕێکخراوی (کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)یش بەشێکی بە ناوی (کومیسیۆنی فێرکردن و بارهێنانی کۆمەڵە) پێکهێنا. ئەم(کۆمیسیۆن)ەش بەش بە حاڵی خۆی ئەرکی ئامادەکردنی کتێبی دەرسی بە زمانی کوردی  و پەروەردەکردنی وەئەستو گرت و سەرکەوتووانە توانی کتێبەکانی پۆلی ١ و٢و٣ی سەرەتایی لە ژێر ناوی”خوێندنەوەی کوردی” ئامادە بکات و ئەرکی نەتەوەیی و ئینسانی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت. دەست و چاویان خۆش بێت و هەر بە خۆش بژین. حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ بەربەرکانی دەگەڵ ئەم خەباتە پیرۆزە ئینسانی و نەتەوایەتییە وەک لاساکردنەوە بە هۆی کەسێک بە ناوی کاک”فاروق کەیخوسرەوی” کە نادمی شۆڕش و گەڕابۆوە، کتێبێکی بە زمانی کوردی بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی بە شێوەی فەرهەنگ و زاراوەی حکومەتی بە چاپ گەیاند، بەڵام وا بزانم هەر چاپ کرا و نەخوێندرا.

لە زەمانی کۆماری کوردستان دا نزیک بە ساڵیک خوێندن بە زمانی کوردی بووە، بەڵام بەداخەوە من نازانم چ کتێبێک و چۆن کتێبێک خوێندراوە. ئەوەندە دەزانم وەک بۆم باسکراوە یەکێک لە دەرسەکانیان(زارا زێڕی زۆرە…) بووە.

لە هەندەرانیش ئەرکی خۆم لە بیر نەکرد و زنجیرە کتێبی “گوڵبەهارە١، ٢، ٣، ٤)م بۆ پۆلەکانی پێنجەم و شەشەم- هەفتەم وهەشتەم- نۆهەم و دەهەم- یازدەهەم و دوازدەهەم… بەرهەم هێنا. کتێبی یەکەم بە یارمەتی دەزگای خوێندنی باڵای سوێدی چاپ و سێ کتێبەکەی دیکە(٣٠٠٠ بەرگ) لە سەر ئەرکی خۆم( ٧٠٠٠٠ کڕۆن) لە هەولیر چاپ و بڵاو کرانەوە. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە کە بۆ خزمەت بە پەروەردە و ڕاهێنانی بیر و فیکری ئازادیی و بەختیاریی و بەرزیی کەرامەتی ژیانی مرۆڤ دەستیان داوەتەوە قەڵەم.

پیرۆز بێ هەر هەموو ٣٦٥ ڕۆژەکەی ساڵ وەک ڕۆژی خەبات بۆ فێرکردن و پەروەردەی زمانی زگماکی.

ئەم نووسراوە کورتەیەکە لە پاشکۆی کتێبەکانی گوڵبەهارەی ٢،٣،٤

 

نویترین هەواڵ و بابەت