"an independent online kurdish website

لەو ماوەدا کە ئەرکی فیلم هەڵگرتنت بە ئەستۆوەیە، جاری وا دێتە پێش کە مرۆڤ بە دڵ نایەوێت کارەکە بکات، بەڵام کاتێک بیر لە گیان لە سەر دەستی پێشمەرگە دەکەیەوە دووبارە ناتهەوێ ئەو کاتانە هەروا تێپەڕن.


 لە کاتی بەڕێوەچوونی عەمەلیاتێک دا هیچکام لە سوژەکانی فیلم هەڵگرتن وەک یەک ناچن، هەر بۆیە فیلمهەگر تا دەتوانی دەبێ دیمەنەکان لە دەست نەدات و تۆماریان بکات. هیچ کاتێکم پێ شک نایەت نەمهەویستبێ ئەرکی فیلمهەڵگرتن وە ئەستوە بگرم. چ ئەو کاتە کە بۆ خۆم فیلمهەڵگری ڕەسمی بووم و چ ئەو کاتانەش کە فیلمهەڵگری دیاریکراو نەبووبێت، یان بە هەر شێوەیەک بووە لە گەڵ نەبووە. لەو کاتانەدا کە پێشمەرگە بەوپەڕی لە خۆبوردووییەوە زەبر لە دوژمن دەدات حەیفە بهێڵی ئەو قارمانەتی و گیابازییانە تۆمار نەکرێن… لەو نێوەدا تەنیا دووجار باوەڕم وابووە کە عەمەلیاتەکە سەرکەوتوو نابێت و هەر زوو لە گەڵ فەرماندەرانی نیزامیش باسم کردووە. دیارە جارێکیان سەرەڕای تێ بینیەکانی منیش، عەمەلیاتەکە وەک بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو بەڕێوەچوو، بەڵام ئامانجەکەی خۆی نەپێکا. بە خۆشیەوە هیچ پێشمەرگەیەک لە عەمەلیاتەکەدا شەهید و بریندار نەبوو.

نموونەی یەکەم؛

ساڵی ۱۳٦۷، بەشێک لە هێزی گیاڕەنگ بە مەئمورییەتێک چووبووینە بەری کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت. لەوێ لە گەڵ هێزەکانی شەهید پێشەوا”، “بەیان” و “زمزیران” یەکترمان گرتەوە. چەند ڕۆژێک لە دەورووبەری یەکتر بووین. دواتر ساغبوونەوە کە بەیەکەوە عەمەلیاتێکی هاوبەش بکەن. بەرنامەکە بۆ گرتنی مۆڵگەی هەواری “مەیدانچۆغە” لە پشتی گوندی “نستان” بوو. داوام کرد کە پێش دەست پێکردنی عەمەلیاتەکە کورتە فیلمێک لە مۆڵگەکە و هەڵکەوتەی شوێنەکە تۆمار بکەم. لە دابەشکردنی شوێنەکاندا، دەست بەسەرداگرتنی مۆڵگەکە وەبەر هێزی گیاڕەنگ کەوتبوو. هێزەکانی دیکە بەشی پێشگیری لە هاتنی هێزی یارمەتیدەریان پێ سپێردرابوو. وابزانم چەند پێشمەرگەیەکی هێزی زمزیران کە شارەزای ناوچە بوون لە گەڵ ئێمە بوون.

کە کورتە فیلمەکەم هەڵگرت دیتم ئەو پایەگایە بە سەر دەورووزەریدا زاڵە و لە هیچ شوێنێک ڕا ئاوری چەکی پێشمەرگە-ئار پی جی و بی کەی سی- نایگرێتەوە. تەنانەت مەوداشی زۆرە تا بە نارنجۆک دەست بە سەر مۆڵگەکەدا بگیرێت. ئەوەشم پێگوتن کە ئەگەر هەیە، خۆمپارەی ٦۰ملیمیتری دەتوانێ زۆر کاریگەر دەبێت. دیاربوو لە سەرەتادا گوتیان خۆمپارەمان هەیە، بەڵام دواتر گوتیان ، لە شوێنێکی دوورە و تا دەیهێنین بەرنامەکەمان لێ تێک دەچێتەوە.

بە داخەوە پێشتر بیر لە هێنانی خۆمپارەکە نەکرابۆوە و هەروا بە تەمای چەکی ئار پی جی و بی کەی سی، دەست بە عەمەلیاتەکە کرا. تەنیا لە لایەکەوە دەتواندرا ئار پی جی لە پایەگا بدرێ، ئەویش لە ئاستی مۆڵگەکە زۆر نەویتر بوو و ئار پی جی نەیدەگرتەوە. تیمی هێرش کە خۆیان ئامادە کردبوو تا دوای ماوەیەک ئاورباران خۆیان بگەیەننە نیزیک مۆڵگەکە هێندە مەودایان هەبوو کە زۆر بە هاسانی گیانیان دەکەوتە خەتەرەوە. هەر چەندی نارنجۆکیان بەرەو مۆڵگەکە داویشت، نەدەگەیشت مۆڵگەکە و لە نێوان ئەوان و سەنگەرەکانی پایەگاکەدا دەتەقینەوە.

من تا توانیم بە باشترین شێوە ئەرکی خۆم بە جێ گەیاند، بەڵام مادام شوێنی ئێمە لە شوێنی مۆڵگەکە نزمتر بوو فیلم هەڵگرتنیش کەڵکێکی ئەوتۆی نەبوو. نارنجۆکەکان هیچ کە نەدەگەیشتنێ، گوللە ئارپی جیەکانیش یەک دوو دانە نەبێ هیچکام سەنگەرەکانی مۆڵگەکەیان نەپێکا. هەوڵێکی زۆر درا و تەقەمەنییەکی زۆریش تەقێندرا، بەڵام مۆڵگەکە کە تەنیا ژمارەیەکی کەمی تێدابوون، نەگیرا.

ئەو عەمەلیاتە ئەوەی دەرخست کە هێرش بۆ سەر هەر مۆڵگەیەک پێویستی بە چەک و چۆڵی تایبەت هەیە و نابێ لە وەها حاڵەتێک دا غروری نیزامی بە سەر هەڵسەنگاندنێکی دروستی زەرەد و قازانجەکانی بەرنامەیەکی عەمەلیاتیدا زاڵ بێت. بە خۆشیەوە لەوێ شەهید و بریندار نەبوو، بەڵام لە شوێنی دیکە شەهیدیش دراوە و هیچ دەستکەوتێکیش نەبووە.

نموونەی دووهەم؛

ساڵی ۷۱ بنکەکانی هێزی گیاڕەنگ و کۆمیتەی شارستانی سەردەشت لە گوندی “شیوەڕەزێ” بوون. بە مەبەستی دەست بە سەرداگرتنی مۆڵگەی پشتی گوندی “بەردەسور” بەرنامەیەک داندرابوو. بۆ ئەو مەبەستە، ژمارەیەک پێشمەرگە دیاریکرابوون. بە هۆی نەبوونی فیلمهەڵگری دیاریکراو لە کۆمیتەی سەردەشت داوایان لێ کردم کە هاوڕێیەتیان بکەم. دەمزانی کە وابڕیاردراوە عەمەلیاتەکە بە شەو بکرێت. زۆر شێر و ڕێویم هێنانەوە کە فیلم هەڵگرتن لە تاریکی شەودا هیچ سودێکی نیە و بە کەڵک نایەت. من ئەو کاتە بەرپرسی ئاموزشی کۆمیتەی شارستانیش بووم و هێندەش دەستم ئاواڵا نەبوو تا چەند ڕۆژێک بچمە ناوچە، ئەویش بۆ فیلم هەڵگرتن لە شەودا. دواتر بەرپرسی کۆمیتەی شارستان داوای لێکردم کە ئەگەر دەتوانم بچم؟ من گوتم؛ ئەگەر تەنیا لە بەر فیڵم هەڵگرتنە پێموایە بە خۆڕایی دەچم، بەڵام ئەگەر بۆ بەشداریکردن لە عەمەلیاتەکەدایە کێشە نیە، دەچم. فەرماندەری هێز دەیەویست من لە گەڵ بم و فیلم هەڵگرمەوە. کەسێک هێندەش خۆی ببواردبا پێیانوابوو دەترسێ. دواتر منیش ڕەگەڵ کەوتم.

بۆ هیچ جەولەیەک، تا ئەو کاتە هێندە بێ واز نەبووبووم. بە تایبەت کە داندرابوو عەمەلیاتەکە بە شەو بکرێ، دیارنەبوو چەند کەسی لێیە و شوێنەکە چەندە ڕژد و هەڵدێرە. ئەوانەی شارەزای ئەو شوێنە بوون باسی چڕی و هەڵدێری شوێنەکەیان دەکرد، بەڵام هیچ کام لەوانە نەیتوانی بەرنامەی عەمەلیاتەکە هەڵبوەشێنێتەوە. لە بنکەکانمان ڕا وەڕێکەوتین و ئەو شەوە تا درەنگ بەڕێوەبووین. هەوا ساردی کردبوو و پێشمەرگەکان نەیاندەتوانی بەو هاسانیەش خۆیان گەرم بکەنەوە. دار و دەوەن هەمووی ڕووتابوونەوە. پێشمەرگە لە هەر شوێنێک بمابایەوە پێویستی بە ئاورکردنەوە هەبوو تا خۆی گەرم بکاتەوە. شەوەکەی مانگە شەوێکی خۆش بوو، بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر دەستی بە بارانبارین کرد. ئەو ڕۆژە لە شوێنێک ماینەوە کە چەند خانوویەکی چۆلی لێ بوو و بەمجۆرە خۆمان لە تەڕبوون پاراست.

لای ئێوارە تیمی شناسایی بەرەو دەورووبەری گوندی “بەردەسور” وەڕێکەوتن. بەو هیوایە کە دوای شناسایی شوێنەکە لە تاریکی شەودا هێرش بکرێتە سەر ئەو مۆڵگەیە. بە شۆخی بە تیمی “شناسایی” م گوت؛ هیوادارم تا دەچن ئەو مۆڵگەیە چۆلی کردبێت، تا بە تاریکی شەو گیانی پێشمەرگە لە خەتەر نەکەوێت. گوتیان تۆ لە بەر ئەوە وادەڵێی چوونکی پێت ناخۆش بووە هاتووی.

لە ناوەڕاستی بەهارەوە تا درەنگانی پاییز، ڕێژیم ژمارەی مۆڵگەکانی زیاتر دەکرد. دەکرا بڵێین ئەوانە مۆڵگەی “وەرزی” بوون، تا هەرچی زیاتر جموجۆڵی پێشمەرگە سنوردارتر بکات. دوای ئەوەی کە پێشمەرگە بە هۆی سارد و سەرماوە دەگەڕایەوە بنکە جێگیرەکانی، ژمارەیەکی ئەو مۆڵگانەش چۆل دەکران. مۆڵگەی پشتی بەردەسوریش یەکێکی لەو جۆرە بوو. ساڵی پێشتریش چۆڵ کرابوو و دووبارە لە بەهاردا ئاوەدان کرابۆوە.

تیمی شناسایی ماوەیەکی زۆر مۆڵگەکە دەخەنە ژێر چاوەدێرییەوە، بەڵام هیچ جموجۆڵێک لە ناو ئەوێدا بەدی ناکرێت. زۆر بە لایانەوە سەیر دەبێت. پێشتر وا بڕیار بوو تا عەمەلیاتەکە نەکرێ پێشمەرگە خۆی لە گوندەکان ئاشکرا نەکات، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر کە هەر هیچ نابینن، چاویان بەچەند کاروانچیەکی خەڵکی بەردەسوری دەکەوێت و بەرەو لایان دەچن. کاتێک پرسیاری باس و خواسی ئەو ناوەیان لێ دەکەن، کاروانچیەکنن دەڵێن؛ بە خۆشیەوە دوێنێ ئەو مۆڵگەیە چۆلی کردووە. بەمجۆرە عەمەلیاتەکە سەری نەگرت و پێشبینیەکەم وەدی هات. ئێمەش هەر ئەو شەوە بەرەو بنکەکانمان وەڕێکەوتینەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی