"an independent online kurdish website

ئاوڕدانەوەیەک لە بەشی دووهەم!،  کات ساڵی ۱۳٦٦، ڕوژێک دوای گرتنی دوو مۆڵگەی گوندی “زێوە” یە. لە شوێنێکی زۆر دوور لە بنکەکانمان مابووینەوە. ئەو ساڵە بنکەکانمان لە کوێستانی “خواری” و “کۆترەل” لە قەندیل بوون.


ڕێگایەکی دوورمان لە بەربوو. فەرماندەری هێز وا ساغ بۆتەوە، کە ژمارەیەکی کەم پێشمەرگە لە ناوچەدا بمێننەوە و باقی هێزەکە بەرەو بنکەکان وەڕێ بکەوێت و دیلەکان بگەیەننە بنکەکان-هێشتا حیزب بڕیاری نەدابوو دیلی شەڕ لە مەیدانی شەڕدا ئازاد بکرێت-. بوونی هێزی زۆری پێشمەرگە لە ناوچەدا، دوای عەمەلیاتی گەورە خەتەری تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزەکانی ڕێژیمی زیاتر دەکرد. ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە بە ژمارەیەک دیل و چەند ئێسترێکەوە وەڕێ کەوتین. بە هۆی دیلەکانەوە، پێشمەرگە نەیدەتوانی وەک پێویست خێرا ڕێگا ببڕێت، هەر بۆەیەش مەودای نێوان شوێنەکان درێژتر دەبۆوە. پێشمەرگەکان هەموو هەوڵیان ئەوە بوو تا ڕێگایان نەکەوێتە نێو هەوارچیەکان، چوون بە هۆی بوونی دیلەکانەوە نەماندەویست شوێنی حەسانەوەکانی دواتر ئاشکرا بکەین. ئەوەش دووبارە ڕێگەکەی دوورتر دەکردەوە. کەسێک دەبێتە پێشمەرگە بیری لەو سەختی و تەنگ و چڵەمانە کردۆتەوە، ئەگینا زۆر ئاسایی بوو کەسانێک گلەییان هەبێت کە بۆچی ئەو هەموو ڕێگا دوورە بە یەکجار دەبڕین؟ پێشمەرگەکان بە درێژایی ئەو شەوە هەروا ڕێگا دەبڕن، بەڵام هێشتا زۆری ماوە بگەنە شوێنی مەبەست. ناخۆشترین کاتی ڕێ ڕۆیشتنی پێشمەرگە ئەو کاتانەیە کە دوای ماندووبوون و ئارەقەیەکی زۆر لە ناکاو دەکەویە دەشتایی کوێستانەکان. تایبەتمەندی کوێستانەکان ئەوەیە کە ڕۆژانە تینی تاو زۆر بە هێزە، بەڵام شەوانە زۆر سارد دەبنەوە. سەرمای شەوانە بۆ ئەوانە کە لە کوێستان دەژین دەبێتە هۆی خەوێکی خۆش، بەڵام بۆ کەسی ڕێبوار، ئەویش بە شەو زۆر ناخۆشە.

دەشتی “وەزنێ”، لە ناوچەی بڵفەتی سەردەشت، یەکێک لەو کوێستانە خۆشانەی ناوچەی سەردەشتە؛ هەوای پاک و ئاوی سازگار، بۆن و بەرامەی گیا کێویەکان، قوت بوونەوەی ڕەشماڵی هەوارچیەکان دیمەنێکی زۆر جوان دەداتە دەشتی وەزنێ. ماست و بەرهەمە شیرەمەنیەکانی دیکەی بەرهەمهاتوو لەو کوێستانە دڵڕفێنەدا تام و چێژێکی تایبەتیان هەیە. زۆرجار پێشمەرگەکان بە ئیشتیاوە باسی ماست و ڕۆنەکەرەی نێو ڕەشماڵەکانی دەشتی “وەزنێ” یان دەکرد و بە هەر جۆرێک بایە خۆیان دەگەیاندە نێو ڕەشماڵەکان تا کەمێک ماندوویەتیان دەر بکەن و تامی ماستی مەڕانیش لەو هەوارانە بکەن. بەداخەوە بە هۆی هەل و مەرجی ناوچەوە، پێشمەرگە لە کاتی حەسانەوەی شەوانەی لە دیتنی دیمەنە دڵڕفێنەکانی ئەو دەشتە سەرسەوزە بێبەش دەبێت.

دوای ماوەیەکی زۆر ڕۆیشتن، پێشمەرگەکان گەیشتنە دەشتی وەزنێ. کاتژمێر دوای ۱۲ی نیوەشەو بوو. هەر بە گەیشتن بۆ ناو ئەو دەشتە و ئیشکبوونەوەی ئارەقەی لەشی ماندوویان، هاوار و فیغان لە دەستی سەرما دەستی پێکرد. سەرەڕای کزەبای شەوانەی ئەو کوێستانانە، ساردی بای ئەو شەوە زیاتریش هەستی پێدەکرا.

من کە لە تەواوی ئەو ماوەدا دووربینەکەم بە کۆڵەوە بوو، زۆر ماندوو بووم. بەشێک لە پێشمەرگەکان هێندێک کەل و پەلیان لە باری هێسترەکان هەڵدەبەست تا بتوانن باشتر ڕێگا ببڕن، بەڵام ئەوە بۆ دووربینەکە نەدەگونجا. داوایان لێکردم سواری یەکێک لە ئێسترەکان بم تا تۆزێک بحەسێمەوە. پاش تۆزێک تەعاروف کە، نا دەتوانم بڕۆم، سوار بووم. دووربین نەیهێشت سوارییەکەم زیاتر لەچەند دەقیقەیەک بکێشێ. هەر ئەوەندەی خۆش بوو تا ئارەقەی نێوان پشتم و کۆڵەپشتی دووربینەکەم ویشک بۆوە. شەوانی دەشتی وەزنێ هەمیشە ساردن، بەڵام کە گلاوێژ ئەنگوت-دوای نیوەی هاوین- ئەوجار دوای سەعات ۱۲ی شەو ئەوەندەی دیکەش سارد دەبێت. وەک لە شەوێکی هەساوی زستانەدا بەڕێگادا بڕۆم، پێموابوو. زوو دابەزیمەوە، گەلێک هەڵلەرزیم. بە پێچەوانەی ویستی پێیەکانم خۆم زرینگ کرد و بڕێک خێراتر ڕۆیشتم تا بەڵکو هیچ نەبێ تۆزێک گەرمم بێتەوە.

——

لەش شەکەت، شەپۆلی پەیامەکانی مێشکێکی ماندوو بە نێو جەستەی پێشمەرگە و دیلەکاندا بڵاو دەبنەوە و پێلۆی چاوەکان گران دەبن، بەڵام دەرفەت بۆ شکاندنی سەرەخەوێکیش نییە. دەبووایە پێش ڕووناک بوون ڵانیکەم لە سنوور دەرباز بین. ئەوانەی شارەزای ناوچەکە بوون، باش دەیانزانی چەند ماوە تا بگەینەوە بنکەکانمان، هەروا هانی پێشمەرگەکانیان دەدا تا بەردەوام بن. ئەوەی زۆرتر ڵە پێشمەرگەکان هیلاک بوون دیلەکان بوون. هیچکات هێندە بە ڕێگادا نەڕۆیشتبوون. بە هۆی ماندوویی لە ڕادەبەدەر و بێ خەوی، هەر پشوویەکی کورت دەبوو بە کۆرسی دەنگی ناسازی پرخەی چەند کەسێک.

شەو درەنگ بووە و ڕێگا زۆر ماوە، شارەزاکان پێشمەرگەکان هاندەدەن تا زیاتر ڕێگا ببڕین و پێش ڕووناک بوونی هەوا، لە سنوور تێپەڕ بین. ڕاستە شوێنی تێپەڕینی پێشمەرگەکان لەو دەمەدا مۆڵگەی لێ نەبوو، بەڵام بە ڕووناک بوونی هەوا لە مۆڵگەکانی دیکە ڕا دیاربوو و حکومەت دەیتوانی زۆر بە ئاسانی شەڕێکی نەخوازراو تووشی پێشمەرگە بکات.

دوای ماوەیەکی زۆر ڕۆیشتن، هێشتا نەمانتوانیوە بگەینە سەر سنوور. تاریکایی شەو هێدی هێدی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێ، ئەستێرەکان لە ئاسماندا کەمتر و کەمتر دەبیندرێن. پەیامی کۆتایی شەو بە گوێی یەک یەکی ئەو ڕێبوارە ماندووانەدا دەچپێندرێت. دەبێ پەلە بکەین، بەڵام پەلە کردن هەڕر بە قسە خۆش بوو. زۆر کەس هێندە شەکەت و ماندوون و بێ خەوی بڕستێ لێ بڕیبوون، کە بە ئاشکرا دەیانگووت؛ ئەگەر لێرە تووشی شەڕیش بین هێشتا ناتوانین لەوە زیاتر بڕۆیین. فەرماندەکان هەروا داوادەکەن تۆزێک زیاتر هێز بدەنە بەر خۆیان تا لانیکەم بگەینە ئەو دیو سنور. سیوادی بەیانی دێت و سەری کێوەکان ڕووناکایی لێ وەدەردەکەوێ. هێندە نابا هەموو ئەو دەر و دەشتە ڕووناک و ڕووناکتر دەبێت. زەردەی خۆری بەیانی بە لوتکەی کێوەکانی دەورووبەر مان پێدەکەنێ و موژدەی ڕۆژێکی نوێ دەدات. ڕانە مەڕەکان دەمێکە جێ مۆڵیان جێهێشتووە ومەر و بزن و بەرخەل تێرخەو و چوست و چالاک، بەو نێوەدا بڵاو بوونەوە.

تا ڕووناکتر دەبێت، دەرەنجامەکانی بێخەوی زیاتر دەردەکەون. ئەوەی حاڵی باشتر بایە بە چاوی خوێ دەیدی چۆن پێشمەرگەکان بێ توانای خۆڕاگری لە بەرامبەر خەودا، بە زیگزاگ بەو باریکە ڕێیەدا دەڕۆن و هەموو جاری بە زەبری چقڵی کیفار و گوێنی دەورووبەری ڕێگاکە وەخەبەر دێنەوە. ئەگەر ئەودەم ئەو سنوورانە وەک چەند ساڵ دواتر مین ڕێژکراو بانایە، بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە، ژمارەیەکی زۆر وەسەر مین دەپەڕین.

من یەکێک لەوانە بووم کە چەند جار بە خەو لێکەوتوویی ملم بە لاڕێکاندا دەکرد و بە ئێشی قەڵەمە کیفار و گوێنی خەبەرم دەبۆوە. تەنانەت ترس لە ئێشی زۆری چقڵەکانیش نەدەیتوانی تۆ لە خەولێکەوتنەوەی دووبارە بترسێنێ. تا دەهات ژمارەی ئەو پێشمەرگانە کە هەر بە قەراغی ڕێگاکەوە خەویان لێکەوتبوو زیاتر دەبوو. دوای دوو سێ جار تاقیکردنەوەی ئێشی قەڵەمە تیژەکانی گوێنی و کیفار، بە چاوە لێڵەکانم ،چاوم بە دیمەنی لولەیەکی ئاسنی دەورەگیراو بە چیمەنتۆ، بە نێوی میلەی مەرزی کەوت. تەماشای سەعاتی دەستم کرد، دەرکەوت ۱۳ سەعات بوو بەڕێگاوە بووین. زۆرجاری دیکەش ڕێگای دوورمان بڕێوە، بەڵام پێموایە ئەوە دوورترین ڕێگا ڕۆیشتنی بێ حەسانەوە بوو.

چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنەوە بە بنکەکان، تازە پێشمەرگە بە جێماوەکان یەک یەک و دوو دوو دەگەیشتنەوە بنکەکانیان.

بە پێچەوانەی عەمەلیاتەکانی پێشوو، ئەوجارە دوو کەس-من و “حەسەن کتابی”، وەک فیلمهەڵگر لە گەڵ بووین. یادی حەسەن کتابی بە خێر. فیلمەکە دوا نیووەڕۆی ئەوڕۆژە هاوکات گەڵ دیلەکان بەڕێکرا بۆ دەفتەری سیاسی.

کێشەی من لێرەشدا دوایی نەهات. من ئەو کات هەواڵنێری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیش بووم. دەبووایە هەواڵی عەمەلیاتەکە هەرچی زووتر ئامادە و بەڕێ بکرێت. دوای خواردنی نانی بەیانی و دانیشتنێکی کورت لە گەڵ فەرماندەری هێز، “مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی” لە سەر شێوەی داڕشتنی بەرنامەی عەمەلیات، دەست بەکار بووم. بە هۆی بوونی میوان لە بنکەی هێز، کە ئەودەم لەوێ دەبووم، ناچار بووم بچمە چادری کۆمیتەی شارستان و لەوێ هەواڵەکە ڕێک بخەم. ماوە ماوە بۆ ڕاوێژ لە گەڵ مامۆستا شیوەسەڵی دەهاتمەوە لای. مامۆستا لە باری نووسینی هەواڵی عەمەلیاتی پێشمەرگەوە دەکرێ بڵێین کەسێکی بێ وێنە بوو. قەڵەمێکی پاراو، زۆر وردبین، مافی تەواوی دەدا بە هەموو بەشەکانی بەرنامەی عەمەلیاتەکە. من سەرەڕای ویستی خۆم بۆ بەڕەو پێشچوون لەو بوارەدا، بوونی مامۆستا شیوەسەڵی لە کۆمیتەی شارستانی سەردەشتدا

هێندەی دیکە هاوکارم بوو، تا زیاتر لەو بوارەدا پێش بکەوم.

بۆ داڕشتنی هەواڵی قارەمانەتییەکی لەو جۆرە، دەبێ هەموو لایەنەکانی وەبەرچاو بگیرێن و تەنیا نەقشی تیمی هێرش، ڕاستە لە هەمووان زیاتر لە ژێر هەڕەشەدایە، زەق نەکرێتەوە. لە سەریەک نووسینی هەواڵەکە و تەئید کردنی لە لایان مامۆستا شیوەسەڵیەوە تا درەنگانی ئێوارەی کێشا. پاشان دەبووایە لە کاتی بەڕێکردنی هەواڵەکەشدا لە لای بێسیمچی کۆمیتەی شارستان دانیشم و ئەگەر پرسیارێکی هەبوو وڵامی بدەمەوە. ئەوەی باش بوو لە کاتی نووسینی هەواڵەکەودا، دەتگوت من نەبووم بەیانی ئەو ڕۆژە، چەند جارێک لە بەر بێ خەوی ملم بە چقڵی کیفار و گوێنیەوە نابوو. بیرکردنەوە لە باشترین شێوازی داڕشتنی هەواڵ لەسەر قارەمانەتی پێشمەرگە لە عەمەلیاتەکەدا، هەستکردن بە بەرپرسایەتی بۆ ناردنی هەرچی زووتری هەواڵەکە، خەوی لە چاوانم تاراندبوو. دواین جار کە خەو بە سەر هەموو تواناکانم دا زاڵ بۆوە، دوای نانخواردنی ئێوارە و ئەو کاتە بوو کە لەبن چادرەکەی خۆماندا و لە نێو پۆلێک میواندا، توانای خۆ ڕاگرتنم نەبوو و بە لادا کەوتم.

درێژەی هەیە

چەند وێنەیەکی دەشتی وەزنێ. وێنەکان لە گوگڵ وەرگیراون.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی