"an independent online kurdish website"

 کاتژمێر لای ۹ی شەوی ٥ی ئازاری ۱۹۹۱ بوو، کە ڕادیۆ دەنگی کەلی کوردستان ، رادیۆی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، دەستی بە بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی و ناردنی پەیامی نهێنی بۆ شانە چەکدارەکان کرد.


ئەوڕۆژە شاری “ڕانیە” و “ئۆردوگای حاجیاوا”، بە تەواوی ڕزگار کرابوون و قورسایی هێزەکانی ئەرتەشی ئێراق لە فیرقەی چوارقورنە مابوونەوە کە لە هەردووک لای حاجیاوا و ڕانیە ڕا دەورە درابوون.

ئێمە ئەو کات لە ۲٦ی سەرماوەزەوە بە مەئمورییەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران  لە “سونێ” و دەورووبەری بووی. پێش ئێمە تەنیا تیمکی چوک بۆ کاری ماڵی لەوێ بووبوون. هێشتا هێزەکانی دەوڵەتی ئێراق لە مۆڵگە و پێگەکانی خویاندا بوون و لای ئەوان هێشتا هیچ باس نەبوو. ئێمە لە هەردوو دەوڵەتی ئێراق و ئێران قاچاخ بووین. شوێنێکی دیاریکراومان بۆ ڕۆژانە هەبوو، بەڵام هەموو شەوێ بۆ شوێنە ونکە دەڕۆیشتینە شوێنێکی دیکە و لەوێ دەنووستین. ئەو شەوە باران دەباری و هەر بەوهۆیەوە نەڕۆیشتین بۆ شوێنێکی دیکە.

——

سەعات لای ۲ی نیوەشەو بوو کە نیگابانی خۆمان(م.ع) بە پەلە هاتە ژوورەوە و هەڵی ستاندم. گوتی ژمارەیەکی زۆر لایتی قەڵەمی بەوبەری ئێمەدا دێنە خوارێ نازانین کێن و چین، بەڵکو ئەرتەشی ئێراق بێت هێرشی هێنابێت؟ پێشتر چەند کەسێک لە پێشمەرگە و کادرەکانی دیکە هەستا بوون، سەیری ئەو دیمەنانەیان دەکرد. من ئەو کاتە وەک بەرپرسی کۆمیتەی بوڵفەتی حدکا و بەرپرسی ئەو تیمە پێشمەرگە لەوێ بووم. دیارە باسی بەرنامەی ڕاپەڕینی خەڵکی باشورمان دەمێک بوو بیستبوو، بەڵام بە پێی بەرنامەی بەرەی کوردستانی قەرار بوو ڕۆژی ۷ی مانگ دەست پێ بکات. وادیار بوو ڕانیە لەو بارەوە دەستپێشخەریان کردبوو. ئەو زانیارانەم مانگێک یان چل ڕۆژ پێشتر لە دانیشتنێک لە گەڵ بەرپرسی سکرتارییەتی “کاک نەوشیروان مستەفا”، کەسێک بە ناوی “سیروان”، وەرگرتبوو. ئەوکات لە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی ڕا داوایان کردبوو، ڕاپۆرتێکیان لە سەر هەل و مەرجی ناوچە و هەڵوێستی بەرەی کوردستانی و بەرنامەکانیان بۆ ئامادە بکەم. شوێنی ئەو دیدارەمان، بە هۆی هەل و مەرجی ئەوان، ڵە بازاڕی بێدەلان دیاریکرد.

تا ئێمە بە تەواوی هەستاین دیتمان ئەوان گەیشتنە نێو ماڵەکان. چەند ماڵێک بە هۆی ئێمەوە هاتبوونەوە “بەردقسڵێ”، ئەگینا ئەوێ وەک ناوچەی شەڕ”محرمە” چاوی لێ دەکرا. ئێراق لە هەر شوێنێک ترووسکایی چرایەکی بدیبایە تۆپبارانی دەکرد.

کە گەیشتنە نێو ماڵان دەرکەوت هەموویان پێشمەرگەی یەکێتی نیشتتیمانی و هێزی بەرگری ئەوانن. بە پێی قسەی خۆیان ژمارەیان ۱۸۰ کەس دەبوو. هەموو ئەو ۱۸۰ کەسەش یەکەو لایتێکی قەڵەمی پێبوو و بە دوای یەکدا هەڵیان کردبوو. لە شەوێکی بارانی و تاریکدا ۱۸۰ لایتی قەڵەمی بە دوای یەکدا، شتێکی سەیر دەهاتە بەرچاو. وەک گوڵە ئەستێرە دەهاتنە بەرچاو.

ئەوان کە هاتن لەڕێی ئەوە ڕانەوەستان تا دەرگایان بۆ بکرێتەوە و پێیان بڵێن بچنە کوێ. بەسەر ئەو ماڵانە و بنکەکەی خۆماندا دابەشمان کردن. هەموو شوێنێک پڕ بووبوو. بەرپرسی ئەو پێشمەرگانە ئەودەم شەهید “حەسەن کوێستانی” و “چەتۆ حەوێزی” بوون لە گەڵ چەند فەرماندەیەکی دیکە. هۆی هاتنیان بۆ لای ئێمە ئەوەبوو، کە ئەوان ویستبوویان وەک هێزی پشتیوان خۆیان بگەیننە خەڵکی ڕانیە و دەورووبەری کە ئەودەم دەورەی فیرقەی چوارقوڕنەیان دابوو. تا شوێنێک بە نێوی “گۆجاڕێ”-یەکەم سەیتەرەی حوکومەتی ئێراق چووبوون و ئەوان نەیانهێشتبوو بڕۆن. پێیان گووتبوون “تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان بۆ نەهاتووە چی بکەین. ئێمە تەقەتان لێ ناکەین، بەڵام ئەگەر ڕێگاتان بدەین، ڕەنگە پایەگاکانی سەرڕێگا تەقەتان لێ بکەن.”

ئەو شەوە لای ئێمە بوون و ڕۆژی دواتر لای ئێوارە ویستیان بە ڕێگای کۆڵکێش و وڵاغدارەکاندا بەرەو ڕانیە وەڕێ بکەون. هەر کە گەیشتنە ڕووبەڕووی مۆڵگەکانی ئەرەتەشی ئێراق چەند خۆمپارەیەکیان ئاراستەکران. بەو هۆیەوە دووبارە گەڕانەوە لای ئێمە. ئێمە هەروا لە پئامادباشیدا دابووین و بە هۆی بوونی ئەو هێزەوە، نە بە پێویستی دەزانین شەوانە بڕۆیین، نە شوێنێکی بەتاڵیش لەو ناوە ماوە تا بتوانین لێی بحەوێینەوە. ئەو شەوەش بڕیاریان دابوو کە لە لای ئێمە بمێننەوە. هاوکات لە گەڵ ئەوەش کادرەکانی وەک “مام وریا” خەریکی ڕازیکردنی هێزەکانی ئێراق بوون تا خۆیان بە دەستەوە بدەن.

لای سەعات ۱۲ی شەو بوو، بە دەنگی چەند کەسێک وەخەبەر هاتێن کە بە عەڕەبی قسەیان دەکرد. دەرکەوت کە بەشێک لە هێزە ئێراقیەکانی جێگیر لە مۆڵگەکانی ئەو ناوە خۆیان بە دەستەوە دابوو. بەمجۆرە ڕێگا بۆ ڕۆیشتنی هێزە پشتیوانەکە ئاواڵە بوو. چەند ڕۆژ پێش دەست پێکردنی ڕاپەڕین، دوو کەس لە لایان مەکتەبی عەسکەری ی.ن.ک بە ناوەکانی “جەبار فەرمان” و “حاکم قادر”، هاتبوونە لای بەردقسڵێ تا شوێن بۆ دانانی بنکەی پێشمەرگە دیاری بکەن. داوای هاوکاریشیان لە ئێمە کرد. بەڵام دەست پێکردنی ڕاپەڕین ئەو بارنامەی هەڵوەشاندەوە.

ڕادیۆ دەنگی گەلی کوردستان کە وابزانم ئەودەم لە “مێرگێ زەڵێ” بوو بروسکەی بۆ شانە چەکدارەکان دەنارد. هەر ئەو شەوەش بوو کە ڕادیۆ چەندین جار ئەو پەیامەی بڵامکردەوە. “لە زمناکۆوە بۆ شانە چەکدارەکانی بروسک؛ تکایە ۷ی مانگ زەماوەند بکەن.” بۆ ئەوەی قورسایی هێرشی پێچەوانەی حکومەتی ئێراق لە سەر ڕانیە و دەورووبەری لاچێت، دەبووایە شوێنەکانی دیکەش ڕاپەڕن. چاوەکان ڵە سەر شاری سلێمانی بوون. زەماوەندەکە لە بارەی سلێمانیێ وە بوو.

بەیانی ڕۆژی دواتر کە سەیتەرەکە لەوێ نەمابوو، ئێمەش چەند پێشمەرگەیەک تا سەیتەرەی گۆجاڕێ چووین. لە گەڵ کۆمیتەی شارستانی سەردەشت (حدکا) هەموو ڕۆژێ پێوەندیمان هەبوو، بەڵام پێوەندی ئەو ڕۆژە یەکەم پێوەندی بوو، کە لە سەیتەرەیەکی ئارادکراو ڕا دەگیرا. ئێمە تا ئەو کات لە هەردوو دەوڵەتی ئێران و ئێراق قاچاخ بووین. بە ڕزگارکرانی ئەو ناوە ڕێگای ئێمەش بۆ دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی شارستان کرایەوە.

هەر ئەو کاتە کە لە پرسگە ئازادکراوە ڕا لە کاک “کاوە بەهرامی” فەرماندەری هێزی گیاڕەنگ قسەمان دەکرد، کاک جەبار فەرمانیش بەوێ داهات. من پیرۆزبایی ڕاپەڕینم لێکرد و هیوام خواست کە بەردەوام بێت. ئەویش وێڕای سپاس بۆ پیرۆزباییەکە، داوای کرد لە گەڵیان بڕۆین. لە وڵامدا گوتم ئێمە پێشمەرگەی حیزبین و گوێڕایەڵی بڕیاری حیزبین. تا ئێرە هاتووین بۆ ئەوەی هەواڵی ئادکرانی ئێرە بە هاوڕێیانی خۆمان بڵێین، بەڵام لەوە زیاتر ناێین.

لەوێش بوو کە یەکەم ئاوارەکانی دوای ڕزگاربوون لە لای حاجیاوا و ڕانیە ڕا هاتە ئو ناوچەیە. خەڵک تا ئەو کاتەش لە هێرشی پێچەونەی حکومەتی ئێراق دەترسا. ئەو ئاوارانە پێش کۆڕەوە میلیۆنیەکە بوون.

یەکەم تەقەی راپەڕین لە 5ی ئازاری ساڵی 1991 لە رانیە لەلایەن عەلی نەبی کرا

//www.youtube.com/watch?v=ahp730e7zdI

نویترین هەواڵ و بابەت