"an independent online kurdish website"

 پێشەکی ، نزیک دو سەدە به سه ر خەباتی ژنان بۆ بە دەست هێنانی ئازادی و یەکسانی تێپەڕ دەبێت، بەرهەمی ئەو خەباتەش بنیادنانی کۆمەڵگایه کی یەکسان و ئازاد و بەختەوەره. بێ گومان باس و خواسەکانی ئەو بوارە کۆتایی نەهاتوە،


بەڵکو بەردەوام گۆڕانکاری به سه ر جوڵانەوە یەکسانی خوازه کاندا هاتووه، هەروەها لە زۆر کۆمەڵگای دیکە کە ئەو یەکسانیە نیە، خەبات بۆ بەدیهێنانی بەردەوامە. کوردستان وەک بەشێک لە کۆمەڵگای دونیایی سێیەم بەدەر نیە لەو ڕەوتە. ژنانی کورد له قوناغی جیادا له سه ده ی رابردوو بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و یەکسانی ، هەوڵیان داوە دەنگی خۆیان هاوتەریبی مرۆڤایەتی  بەرز بکەنەوە. بەرگێکی زێڕینی ئەو خەباتەش دامەزرانی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه، لە سەردەمی یەکەمین دەسەڵاتی مودێرنی کۆماری کوردستان بە پێشەوایەتی قازی محەمەد. هەروەها نهادینە بوونی ئەو خەباتە وەک بەشێکی دانەبڕاوی خەباتی حیزبی دێموکرات ، هاوتەریبی خەبات بۆ ڕزگاری نیشتمان و بە دەست هێنانی مافی نەتەوەیی شایانی لێورد بونەوەو لێکۆلینەوەی زۆرە، چونکە لە کاتێک دا لە دونیای ئازاد و دێموکراتی دا خەباتی ژنان بەرەو ڕوی زۆر تەنگ و چەڵەمە دەبێتەوە . لە هەر شوێنێک کە دەسەڵاتی حیزبی دێموکرات هەبێت هەوڵ بۆ یەکسانی بە دانانی یاسا و هەروەها کەلتورسازی بۆ دروست کردنی یەکسانی سەرنج ڕاکێشە، هەروەها ژنانیش وێڕای خەبات بۆ مافەکانیان هاوشانی پیاوان لەحیزبی دێموکرات دا بەشداری چالاکانە لە خەباتی نەتەوایەتیمان دەکەن. بەشداری بێ وێنەی کچان لە ڕاسان دا بەردەوامی ئەو ڕێچکەیەیە کە لە حیزبی دێموکرات دا دامەزراوەو پەرەی پێدراوە. لەو وتارە دا هەوڵ دەدەم بە ئاماژەیەک بە بەستەری مێژووی ئەو بەرگە زێڕینە لە خەباتی حیزب و ژنان، وەڵامی پرسیاری  بۆچی حیزبی دێموکرات بەو شێوەیە گرینگی بە یەکسانی و ئازادی و پرسی ژنان دەدات بدەمه وه.

 لە سەردەمی کۆماری کوردستان

 بۆ باس کردن لە ڕوڵی ژنی کورد لە مێژوو دا پێویستی بە لیکۆڵینەوەی ورد و زانستی هەیە، چونکە مێژووی کورد دەوڵەمەندە بە هەبوونی ژنانی ئازاو خاوەن دەسەڵات و نوسەر و ڕوشنبیر، کە ڕۆڵێکی کارایان لە کۆمەڵگای خۆیان دا بینیوە. سەڕەرای هەموو ئەو کەلتورە دواکەوتوویانەی کە بە سەر گەلی کورد دا سەپاوە  یا هەیبوە . ئەو دەوڵه مەندییە لە نێو کۆمەڵگای کوردی لە ناوچەیەکی وەها دا بە هەڵکەوت نەبووە، ڕوشنیری ناسروای کورد جەمال نەبەز  ئەو بابەتە دەگەڕێنتەوە بۆ بەستەرێکی  کەلتوری ژنی کورد و دەڵێت ” کە ژنی کورد، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ترادیسیۆنالی کورد دا، کە کۆمەڵگەیەکی بە جۆری بیرکردنەوە، نیوە نیشتەجێ و نیوە کۆچەرییە، هندێک مافی خۆڕسکی وای هەیە کە ژنی گەلە درواسێکانی کوردستان وەک تورک و فارس و عەرەب ئەو مافەیان نییە.”١

بو نموونه لە حکومەتی شێخ مەحمود دا ڕۆڵی به رچاوی  حەپسەخان یان هەوڵی ژنانی کورد لە ئیستانبول دا بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا و دابین کردنی یەکسانی بۆ ژنان، لە کاتێکدایه کە ژنانی گەلانی دراوسێ لە زۆر ڕووە دەچەوسێندرانەوە جێگای سەرنجە. بەڵام بۆ باس کردن لە سەرەتای دامەزرانی یەکیه تی دێموکراتی ژنان لە کۆماری کوردستان دەبێ سەرەتا باس لە هەوڵەکانی کۆمەڵەی ژێکاف بۆ پەرەپێدانی کەلتوری یەکسانی لە نێو کۆمەڵگا دا بکەین. ئەو کۆمەڵەیە کە لە زۆر ڕووە نمونەی نوێگەرایی سەردەمی خۆی لە خەباتی نەتەوایەتی  کورد هەژمار دەکرێت ، هەست بەگرینگی ڕۆلی ژنان لە خەبات دا دەکەن و هەوڵ دەدەن گۆڕانکاری لە کۆمەڵگای کوردی دا بکه ن. هه ر بو ئه و مەبەستەش مەسەله ی ژن ده خه‌نه ڕێزی پێشەوەی کاره کانی خۆیان. ئەو هەوڵانە لە گۆڤاری نیشتمان کە زمان حاڵی کۆمەڵەی ژیکاف بوو بە باشی ڕەنگی داوەتەوە، وێڕای ئەوەی نوسەرانی پیاون بەڵام بۆ ئازادی ژن  بابەت و شێعر دەهۆننەوە کە سەرنجڕاکێشە و بناغەی ڕەوتێک دادەمەزرێن کە بە درێژای تەمەنی حیزبی دێموکرات بەشێکی دانەبڕاوه بووە . واتە دەبێ ئێمەی پیاو نەک تەنیا لە قبولی یەکسانی بەڵکوو لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئەو ئازادیەش دا تێبکۆشین. بڵاو بونەوەی شیعری ئاخافتی “خۆشک و برایانی” هێمن لە ژمارەی ٣ و ٤ گۆڤاری نیشتمان نمونەیەکی دروست کردنی ئەو کەلتورەو ئاماژە دان بە گرینگی یەکسانی و بەشداری ژنان لە خەباتە.  ئەو شیعرە کە گفتوگۆی نێوان خوشک برایەکە بۆ هاندان بۆ خەبات بۆ سەربەستی و ئازادی کە برا بەو شێوەیە بانگی خوشکی دەکات.

 

برا (کاک):

دیدە گیان: کچە کوردی ژیکەڵە

داوێنی پاکت دووربێ لە پەڵە

(لەنین) کە هەڵستا ظلمی (چار) شێوا

تۆ هێشتا حەپسی لە ژێر چارشێوا

کچی هەموو کەس ئیمڕۆ سەربەستە

هەر حەقی کچی کوردە پێبەستە

بپسێنە لەپێ تۆ زنجیرو کۆت

(دیدە) گیان بدە یاریی (برا)ی خۆت

لە ڕێی نیشتمان بە هیوای خودا

خەریکی کاربین، با خوشک و برا

لە کوێن (ژان دارک) هەستە وەک مەردان

دوژمن وەدەرنێ لە خاکی کوردان”٢

 

بەرجەستە کردنی ڕۆلی ژنانی کورد لە مێژوو دا بەشێکی دیکە بووە لە بابەتەکانی گۆڤاری نیشتمان بۆ نمونە “هەر لە هەمان ژمارە دا باس لە مێژووی ژیانی حەیران خانمی دونبەلی دەکات کە بوێژیکی کورد بوە بە فارسی هۆنراوەی هۆنیوەتەوە”٣

یا لە وتارێکی دیکە کە لە ژمارەی ٧ و ٨ و ٩ لە لاپەری ١٠ گۆڤاری نیشتمان دا لە سەر لە سێدارە دانی دوکچە کورد کە لە تورکیە لە سێدارە درابوون ، باس لە ئازایەتی  ئەو ژنانە کراوە.  تەنانەت زور  ئازاتر لە کوڕانی دونیا بو ئامانجەکانی نیشتمان تیکۆشاون.

هۆنینەوەو بڵاوکردنەوەی شیعرێکی وا لە سەردەمی زاڵی داب و نەریتی ئایینی و کومه ڵایه تی کۆمەڵگای داخراوی ئەوکات دا، کە رزگاری نیشتمان و نەتەوە لە ئه‌وله ویه‌تی کاری کۆمەڵەی ژێکافە، وێڕای نیشان دانی گرینگی یەکسانی و ئازادی ژن لە کۆت و زەنجیری سەردەم،  بەڵگەیەکیشە بۆ پێشکەوتنخوازی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، کە کاریگەری ئەو تێفکرینە تا ئه‌مڕوکه ش له سه ر حیزبی دیموکرات  بۆ هاوتەریب بوونی خەباتی ئازادی بۆ ژن  لە گەڵ خەباتی نەتەوایەتی هەر هەیە، کە جێگای شانازی و سەربلندیە. دوای دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە سەر بنچینەی کۆمەڵەی ژێکاف و دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئەو تێڕوانینە وەک بەشیک لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات و پێشەوا و دەوڵەت بۆ دابین کردنی یەکسانی و بەشداری ژنان لە سیاسەت و کۆمەڵگا ڕەنگی داوەتەوە.  لە مادەی ٢١ مەرامنامەی حیزبی دێموکرات کە له دوای گرتنی ئەوەلین کۆنگرەی دا بڵاو بۆوە بەو شێوەیە باس لە مافی ژنان کراوە”٢١. ئەبێ لە هەمو کاروباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دا ژنان وەکو پیاوان مافی وەکوو یەکیان هەبێت.”٤

دانانی مادەیەکی وا لە حیزبی دێموکرات لە دۆخی کۆمەڵگای ئەو کات دا وێڕای بەڵگەی پێشکەوتنخوازی حیزب بە سەرەتای پاراستتنی مافەکانی ژنانی کورد لە ڕێگەی بە یاسایی کردنی هەژمار دەکرێت. دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە هۆکارێکی دیکە بوو بۆ ئەوەی ئەو ڕوانینە ببێت بە سیاسەتی حکومەتی کوردستان. تەنانەت لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە نێوان ١٦ وتاری کە پێشکەش کران دو وتار لە لایەن ژنانەوە پێشکەش بە ئامادەبوانی ئەو ڕۆژە مێژوویە کران.

یایی ویلمەی سەیادیان مودیرەی مەدرەسەی پەروانەی کچانی مەهاباد لە وتارێک دا کە وێڕای پیرۆزبای ئەو ڕۆژە لە سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محه مه د، ئاماژەی بە گرینگی زانست و خوێندن بە زمانی کوردی دا و قەدەغە کردنی داب و کەلتوری کوردی هەروەها پاشکەوتنی گەلی کورد و بە هۆی دیکتاتۆری داگیرکەرانەوە زانی. لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی دا سپاسی ستالین و ئامۆژگاری حەکیمانەی پێشەوای کرد کە بووە هۆی ئەوەی ئەوانیش ئازادی و سەربەخۆی خۆیان بە دونیا نیشان بدەن.  ئەوەی لەو وتارە ی یایی ویلمه دا  دەردەکەوێ، گرینگیەکی بێ وێنە بە زانست و خوێندن وەک مامۆستایەک دەدات، لە بەشیکی وتەکەی دا دەڵێ “لە ترسی ئەوەی مەقامی دیکتاتۆری و قازانجی ئیستیعماری خۆیان نەکەوێتە قولە، ئێمەیان لە تەرەقی و زانست و سەرکەوتن دەگێڕاوە و نەیان دەهێشت دنیا لە ئیستعداد و لیاقەتی ئیمە: میللەتی کورد حاڵی ببن.”٥ ئەوەی لەو وتارەدا بە ڕوونی دەردەکەوێ خەبات بۆ مافەکانمان و سەربەخۆ بوون کارێکی پیاوانە هەژمار ناکرێت و بەڵکوو وەک ئەرکی هەموان دەبیندرێت، ئەو خاڵە بەرجەستە بوونی هەستی باوەڕ بە خۆبوون لە ژنانی کورد تەنانەت ئەگەر ژمارەیان کەمیش بێت لەو سەردەمەدا نیشان دەدات.

یای خەدیجەی حەیدەری دوەم ژن کە وتار پێشکەش دەکات جیاواز لە وتاری یای ویلمە وتەکەی ڕوو لە ژنانە و دەڵێ” ئەلئان ئەی خۆشکە خۆشەویستەکان با ئێمەش چاو لە برا خۆشەویستەکانمان بکەین دەستی ئیتیحاد بۆ یەکتر درێژ بکەین، چون دەبینم دایکی نیشتمان چاوەڕێی کچەکانی خۆیەتی کە دەس بە فەعالیەت و خوێندن بکەین بەڵکو تا ئێمە بگەینە برا خۆشەویستەکانی خۆمان لە بەر ئەوەی دنیای ئەوڕۆ موحتاجی کچ و کوڕە کە بە خوشکو برایەتی دەست بدەینە دەستی یەک بۆ ڕزگار کردنی دایکی نیشتمان.”٦

نەتەوەیەک دوای ماوەیەکی درێژ توانیویەتی ڕۆژی ڕزگاری و ڕاگەیاندنی سەربەخۆی خۆی جەژن بگرێت لەو ڕۆژەدا بنەمای ئاسۆی یەکسانی و دادپەروەری و هەبوونی حکومەتێکی پێشکەوتوو بەدی دەکرێت و هەر وەکوو لە مادەی ٢١ی مەرامنامەی حیزب دا هاتوە هەوڵی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەدرێت.

حکومەتی کۆماری کوردستان لە دوو ئاراستەوە هەوڵی بە کردەوەی کردنی مادەی ٢١ی مەرامنامە حیزبی دێموکراتی دا:

یەکەم بە دانانی یاسا گەلێک کە بتوانێ مافی ژنان بپارێزێت  و بنەمای یەکسانی دابین بکات. بۆ نمونە لە ئاگاداریەک کە حوکمی یاسایی هەبووە هاتووە “ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ١ ،لاپەڕەی ٤ ، پێنجشەممه ٢٠/١٠/١٣٢٤ ١١ ژانویەی ١٩٤٦

 ئاگاداری

 بــه تــەواوی ئەهالــی خۆشەویســتی “ســاباڵغ” ڕادەگەیندرێــت لــه ســەر ئەمــری پێشــەوای معظم و قەراری “حیزبی دێموکراتی کوردســتان” لەوەی بەولاوه  پێویســته و بۆ پەرەپێدان و ڕەواجی زمانی کوردی خوێندن له مەدرەسەکاندا به کوردیه، لەو تاریخەوه تا ١٠ ڕۆژی دیکه هەر کەســێک کوڕ و کچی هەبێ و عومری ئیقتضای خوێندن بکا دەبێ بێ نێرێته مەدرەسه، ئەڵبەت هەرکەس لەو ئەمره ڕوو وەرگێڕێ به توندترین موجازات تەنبێ دەکرێ.

کۆمیتەی مەرکەزی حیزبی دێموکراتی کوردستان معاون حیزب: طه زاده “٧

هەروەکوو لەو ئاگاداریە دا دیارە خوێندنی کچان وەک فەرمانێکی فەرمی دەردەکرێ و تەنانەت دیاری دەکات کە ئەگەر هەرکەس بە پێچەوانەی ئەو فەرمانە کوڕ و کچی نەنێری ئەوە سزا دەدرێ واتە لە سەردەمی دواکەوتوی ئەوکات چوونی کچان بۆ مەدرەسە وەک ئەرکێک بە یاسایی کردنی وێڕای ئیرادەی ئەو حکومەتە بۆ جێبەجێ کردنی یەکسانی پێشکەووتوی کۆماری کوردستان دەسەلمێنێت، تەنیا ئەو یاسایه نیە چەندین یاسای دیکە وەکو یاسایی ڕەدوکەوتن بە پێچەوانەی دابی دواکەوتووی کۆمەڵگای ئەوکات لە لایەن حکومەتی کۆماری کوردستان دەردەچێت.

دووەم هەوڵدان بۆ دروست کردنی کەلتوری پێشکەوتووی یەکسانی و پاڵپشتی ژنان بۆ ئەوەی خۆیان بەشدار بن. هەر لەو ڕاستایەدا دامەزراندنی یەکێتی یایانی کوردستان بە سەرپەرستی مینا خانمی هاوسەری پێشەوا هەنگاوێکی گرینگی دیکە بوو. لە کاتێک دا لە دونیایی پێشکەوتوو ژنان بە تەنیا لە بەرانبەر سیستمی پیاو سالاری بۆ مافەکانیان وەکو مافی وەرگرتنی موچەی یەکسان و مافی دەنگدان و مافی سیاسی خەبات دەکەن، به لام لە کوردستانی ئێمە دا پیاوان و ژنان پیکەوە لەو بوارەدا هەوڵدەدەن. ئەو بابەتە کە لە کۆمەلەی ژیکافەوە بنیادی دانرا بە درێژای تەمەنی حیزبی دێموکرات وەک بنەمایەک بۆ بەختەوەری کۆمەڵگا کاری بۆ کرا. “لە رۆژی هەینی ١٥ مارسی ١٩٤٦ ژمارەیەک زۆر لە ژنانی ڕۆشنبیری کوردستان لە سەر بانگهێشتی خانمی سەرۆک کۆماری کوردستان لە کاتژمێر ٣ دوا نیوەڕۆ لە هەیئەتی فەرهەنگی کۆبونەوەو لە ژێر بەرپرسیارەتی خانمی سەرۆک کۆمار( مینا خانم …..، حزبی دێموکراتی ژنانی کوردستانی ئێرانی دامەزراو ژمارەیەک زۆر لە ژنان کە ناوی خۆیان تۆمار کرد و پابەند بونی خۆیان بە پێدانی حەقی ئەندامەتی لە ١ تا ١٠ تومان ڕاگەیاند”٨

بەو شێوەیە ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە سەردەمی کۆمار و بە هەوڵ و تێکۆشانی پێشەواو ماڵباتەکەی کە بە ناوی جیاوازی وەک یەکێتی یایان دواتر وەک یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان دا لە سەرچاوەکان دا هاتووە دامەزرا.  بۆ ئەوەی وێڕای حکومەت، ژنان خۆشیان  هەوڵیان بۆ یەکسانی و مافی ژن هاوشانی پیاوان لە بەرگری نیشتمان دا ڕۆڵ بگێڕن. پێشەوا بە هاوڕێیەتی بنەماڵەی خۆیەوە هەوڵەکانی بۆ مودێرنیزە کردنی کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی ژێر پۆتینی داگیرکەر خستە گەڕ. بۆ باشتر نیشاندانی ئەو تابلۆیە شارستانیە ئاماژە دان بە ڕێوڕەسمێک کە لە لایەن مامۆستایانی مەدرەسەی کچانەوە بە مەبەستی دەڕبرینی شادی لە مەڕ ڕاگەیاندنی “سەربەخۆی و سەرۆک کۆماری کوردستان” ڕێکخرا بوو بە پێویست دەزانم . لەو ڕێو ڕەسمە دا کە پێشەواو خانمی سەرۆک کۆمار و ژمارەیەک زۆر لە ژنان و توێژەکانی دیکە بەشدار بوون، خانمی سەرۆک کۆمار وێڕای بەخشینی گوارەکانی خۆی بە مودیری مەدرەسەی کچان لە وتارێک دا جەخت لە گرینگی پەروەردە دەکات. بەڵام ئەوەی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، هەروەها دەرخەری هەستی ژنان بۆ ئازادییەکانیان بوو، وتەکانی عسمەت قازی کچی سەرۆک کۆمار بوو کە گووتی ” ئێمە دەبێ چەندین جار جەژن بە بۆنەی ئازادبونمان بگرین تا هەموو دنیا بزانێ کە ژنانی کوردستان زیاتر لە پیاوەکان ئازادیان خۆش دەوێ”٩.

 

یەکێتی ژنان لە ماوەی چالاکی خۆی لەو سەردەمە دا وێڕای ڕێکخستنی کارەکانی توانی لە سەر لاقی خۆی رابوەستی و تەنانەت لە بەرگری نیشتمان دا یارمەتی کۆمار بکەن.  کار کردن لەو دو ئاراستەیە دا کە بناغەکەی لە کۆمەڵەی ژێکافەوە دانرا توانی وەک فەلسەفەیەک بۆ حیزبی دێموکرات بمێنتەوە کە ئێستاش وەک چوارچێوەیەکی پێشکەوتوو خاوەن پێگەیەکی گرینگ بێت بۆ دابین کردنی یەکسانی لە کۆمەڵگا دا. بە ڕووخانی کۆمار جارێکی دیکە دیکتاتۆری حەمە رەزا شا هەر وەک یایی ویلمە سەیادیان لە قسەکانی دا ئاماژەی پێدابوو چەوساندنەوەی کوردی کردە ئەولەویەتی سیاسەتی خۆی تا کورد بە دواکەوتووی بمێنتەوە. بەڵام کۆمار و ئاکاری کۆمار وا لە بیری نەتەوەی کورد دا چەسپاوە، بە تایبەتی حیزبەکەی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، هەرکات دەرفەتی بۆ ڕەخسا بێت هەوڵی خۆی بۆ دروست کردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر بو  ئازادی ژن چڕ کردوته‌وە.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێڕان

 ڕووخانی کۆماری کوردستان خەسارێکی گەورە بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد هەژمار دەکرێت. کۆمەڵگای کوردیمان دیسان لە ژێر پوتینەکانی دیکتاتۆری دەچەوسێندرێتەوە. ژنانی کورد بەو خەسارە دوو جار کۆستیان کەوت، لە ڕووی نەتەوەیی و لە هەمان کاتدا نەمانی حکومەتی کوردی کە گرینگیەکی تایبەت بە مافی ژنانی دەدا خەسارێکی گەورەش بۆ بزوتنەوەی ژنان بە گشتی بوو. هەر بۆیەش خەبات لەو بوارە دا تا کاتی ڕووخانی ڕێژیمی شا کەم ڕەنگ ببوو، بە ڕووخانی ڕێژیمی شا وە جۆش کەوتنەوەی خەبات درێژە پێدەرانی ڕێبازی پێشەواو کۆماری کوردستان واتە حیزبی دێموکرات وەک پشتیوان لە هەردوو ئاستی کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا بناغەی بۆ دانرا بوو، بەردەوام بوو لە خەبات بۆ یەکسانی و دادپەروەری. لە ئاستی یەکەم دا به‌گویره ی ئه ویاسایانه ی بو  به ڕێوه بردنی حیزب و ناوچه ئازادکراوه کان پەسندی کردبوون، بەردەوام بوو لە چەسپاندنی یەکسانی و دادپەروەی و گرینگی دان بە مافی ژنان،. بۆ نمونە لە گەڵالەی  کۆمسیۆنی قەزای وقانونی سزادانی گشتی پەسند کراوی دەفتەری سیاسی و هەروەها گەڵالەی یاسایی شوڕاکان وێڕای چەسپاندنی یەکسانی بۆ بە یاسایی کردنی مافەکانی ژنان هەنگاوی جیدیان هاویشتووە. بۆ نمونە ” یەکێک لەو دابو نەریته ناحەزانەی کۆمەڵگای کوردەواری پەڵپ و بیانووگرتنه لەسەر حه قە مارەیی کچ. دایک و باب لە سەر حەقە مارەیی بیانوو دەگرن و داوای ماره ییه‌کی ئەوەنده زۆر دەکەن که له توانای خوازبێنیکەردا نەبێ. بۆ نەهێشتنی ئەو کەندو کۆسپانه چەند مادەو بەند له قانوونی سزادانی گشتیدا هاتوون”.١٠

شایانی باسە  پێشکەوتووی ئەو یاسایانە ، دۆخی دواکەتووی کۆمەڵگا و باو بوونی هەندێک دابی دواکەوتوو بەردەوام بۆ حیزب گرفتی دروست دەکرد، بەڵام ئەو گرفتانە نەدەبوونە هۆکارێک بۆ پاشگەز بوونەوە لەو هەوڵ و تێکۆشانی حیزب لەو بوارە دا. یا لە گەڵالەی شۆڕاکان بەندی ٩ تێبینی دووەم دا هاتووە”ژن و پیــاو له هەڵبــژاردن و هەڵبژێرانی شــووڕاکاندا مافیان یەکسانه.”

لە ئاستی دووەمیش دا حیزب وێڕای هەوڵ بۆ دروست کردنی کەلتوری یەکسانی لە کۆمەڵگا دا کار بۆ پاڵپشتی ژنان بۆ بەڕێوە بردنی خەباتی خۆیان لە پەنا خەباتی نەتەوەی بەردەام بوو. ژنان دوای ڕووخانی ڕیژیمی شا بەردەوامی خەباتی خۆیان لەو چوارچیوەیە دا وەک درێژە پێدانی یەکێتی ژنانی دێموکراتی سەردەمی کۆماری کوردستان بەردەوامیان بە کارو تیکۆشان داوە، بە داخەوە سەرچاوەی نوسراو لەو بوارەدا کەمن یا لانی کەم من دەستم پێڕانەگەیشت هەر بۆیەش بۆ چاوخشاندنێک بە کارو چالاکیەکانی یەکێتی ژنان دوای شۆڕشی گەلانی ئێڕان لە ساڵی ١٩٧٩ دا پەیوەندیم کرد بە بەڕێزان عەبدولا عزەتپور ئەندامی پێشوی ڕێبەری حیزبی دێموکرات و دادە هێرو جەڵدیانی سکرتێری پێشوی یەکێتی ژنان کە بەشدار بوون لەو خەباتە ئەو زانیاریانەی خوارەمان بە دەست هێنا.

بەر لە ڕووخانی ڕیژیمی شا و دوای ڕووخانیش ژنان هاوشانی پیاوان لە ڕێزی حیزب و لایەنە سیاسیەکان لە کوردستان دا لە خەبات دا بەشدار بوون. بەڵام هەر دوای ڕووخان لەو دەرفەتەی کە بەدەست دێت ژنانی کورد کار بۆ زیندوو کردنەوەی کاری رێکخراوەی دەکەن و لە چەند شاری کوردستان کۆمیتەی یەکێتی ژنان دادەمەزرێنن کە کارو چالاکیان بەردەوام دەبێت بەڵام بە هۆی فەرمانی جیهادی خومەینی و هێرشی کۆماری ئیسلامی نەمانی دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات خەباتی ڕێکخراوەی ژنانیش لە گەشە سەندن دەوستێ بەڵام بەشداری ژنان لە ڕێزی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی جیاواز دا سەرەرای هەمووی سەختیەکان بەردەوام دەبێت کە قارەمانیەتیان شایانی ڕێزە. حیزبی دێموکرات لە هەندێک ناوچەی شاخاوی ئازاد کراو لە ژێر هێرشی دوژمن و دژوارییەکان، ڕەساڵەتی خۆی بۆ یەکسانی لە بیر نەکردوە بە ڕاسپاردنی بەڕێز عەبدوڵا عزەتپور ئەندامی ڕێبەری بۆ گرتنی کۆڕ و کوبونەوە بۆ ژنان بۆ ئەوەی بە پێچەوانەی داب و کەلتوری دواکەوتووی کۆمەڵگا ، ژنان هانبدات بۆ کارو تێکۆشان بۆ مافەکانیان و هەروەها بەشدارییان لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان دا. ئەو جۆرە چالاکیانەی خەباتی ژنان ئەگەر بە دیاری کراو لە لایەن رێکخراوی ژنانیش نەبێ بەڵام هەر بەردەوام بوو، بۆ نمونە لە سالی ١٣٦٧ ی هەتاوی لە سەر پێشنیاری ژنان مەڕاسیمی ٨ مارس لە فێرگەی سیاسی نیزامی حیزب دا به بە شداری شەهید دکتور قاسملوو سکرتیری حیزب بەڕێوەدەچیت، لە وتەی سکرتێری حیزب لەو ڕۆژەدا جارێکی دیکە ڕوانگەی حیزب بۆ خەباتی ژنان و یەکسانی دەخرێتە روو. دوای شەهید بوونی دکتۆر قاسملوو دکتۆر سەعید بە بەردەوامی ئەو سیاسەتە بۆ پشتیوانی لە کاری ڕێکخراوه یی، کۆمیتەیەکی کاتی دیاری دەکات تا کاروباری ڕێکخراوەی  ژنان پەرەبستێنی کە ئاکامەکەشی یەکەمین کۆنفرانسی ژنان لە ساڵی ١٩٩٣ ی زایینی لە شاری کۆیە دەبێت، کە تا ئێستاش کە کۆنگرەی چوارەمی خۆیان گرتوە بەردەوامن لە خەبات و تێکۆشانیان. لە قۆناغی دوای شۆرشی گەلانی ئێران چەوساندنەوەی ژنان بە هۆی حکومەتی ئایدۆلۆژیکی دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کات بەردەوامە هەربۆیەش خەبات بۆ یەکسانی لە لایەن ژنانەوە ڕۆلیان لە بەهێز کردنی شۆرش دا زۆر بە گرینگ دەزانرێت. هەوڵی ژنان و حیزب پیکەوە لەو ڕووە ئەگەر لە ئاستی چاوەڕوانکراویش دا نەبێت شوێندانەری باشی هەبوە چونکە لە دەست پێکی ڕاسان دا دەبینین ڕێژەی بەشداری ژنان لە خەباتی نوێ دا هەروەها لە ڕاسانەوەی شار و چالاکیان لە بواری جۆراو جۆری کۆمەڵگا  زۆر پڕ ڕەنگە کە دەتوانێ شوێندانەری لە سەر خەباتی نەتەوایەتی و بەختیاری کۆمەڵ دا هەبێت.

حیزبی دێموکرات و پرسی ژن

 مێژووی خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان لە ڕۆژهەڵات دا تا ڕادەیەکی بەرچاو لکێنراوە بە مێژووی خەباتی حیزب.  ئێستا بە خوێندنەوەی سیاسەتی حیزب بۆ گرینگی دان بە پرسی ژن و یەکسانی لە نێوخۆی حیزب و کۆمەڵگای کوردی دا باشتر دەتوانین وەڵامی پرسیاری ئەو بابەتە بدەینەوە کە بۆچی حیزبی دێموکرات لە پەنا خەباتی نەتەوایەتی بەو گرینگیە دەڕوانیتە یەکسانی ژنان و خەبات بۆ یەکسانی؟

حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی سیاسی بەرپرس لە بەرانبەر کۆمەڵگای کوردی هەوڵ دەدات داخواز و ویستی کۆمەڵگا بەدی بێنێ تا بتوانێ کۆمەڵگای کوردی بەرەو کەناری ئازادی و دادپەروەری و بەختەوەری و پێشکەوتن ببات. لە هەمان کاتدا باش دەزانێ بۆ هەبوونی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر و بەختەوەر تەنیا بە لابردنی ستەمی نەتەوەیی پێک نایه ت، به ڵکوو دەبێ لە هەمان کات دا تاکی کوردیش هەمان ئازادی هەبێت و لە نێو کۆمەڵگاش دا دادی کۆمەڵایەتی هەبێت، بۆ بەدی هاتنی ئەو نرخە مرۆڤایەتییانە دابین کردنی یەکسانی بۆ لابردنی ستەمی ڕەگەزی و ئازادی ژن وەک نیوەی کۆمەڵگا هەروەها کەڵک وەرگرتن لە هێزو توانایان بۆ دابین کردنی ئەو نرخانە هاوشانی پیاوان بە بێ جیاوزی وەک پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر دەبینێت، هەر بۆیەش لەو بوارەدا خەبات دەکات و هاوکار و پاڵپشتی ژنانی خەباتکاریشە. لە هەمان کاتدا کار کردن لەو بوارەدا لە چەندین ئاستدا بە پێویست دەزانێت تەنیا قەبول کردنی یا دانانی یاسا بە لایەنی یەکلایکەرەوە یا کۆتایی ڕێگا نازانێت. شەهید دکتور قاسملووی نەمر هێڵەکانی ئەو سیاسەتە بەو شێوەیە شی دەکاتەوە “سەبارەت بە مەسەلەی ژنان له تێكۆشانی حیزبی و سیاسیی ئێمه دا، دەبێ جێگایەكی تایبەت بدرێ به ژنان كه نیوەی دانیشتووانی وڵاتەكەمان پێك دێنن. وەك دەزانن حیزبی ئێمه مافی بەرابەریی تەواو لەگەڵ پیاوان بۆ ژنان دادەنێ. بەڵام دانانی ماف له گەڵ پیاده كردنی ئەو مافه له كۆمەڵ دا مەودایەكی زۆریان له بەین دا هەیه. دەبێ ئەو مەودایه بەره بەره له بەین بچێ. به بیر و ڕای حیزبی ئێمه هەرچی ژنان له كاره كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان دا بەشدار بن كۆمەڵ پێشكەوتووتره و، هەرچی له بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیەك دا ژنان تێكۆشەرتر بن، بزووتنەوەكه پێشكەوتووتره و شانسی سەركەوتنی زیاتره.”١١

خاڵێکی جەوهەری دیکە کە بە دەگمەن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت بەڵام بە باشی لە نێو حیزبی دێموکراتدا جێگیر بووە چەند ڕەهەندی خەبات کردنە، چونکە بەختەوەری لە هەبوونی هەمووی ئەو رەهەندانە دەزانێ نەک تەنیا گرینگی دان بە لایەنیکی دیاری کراو. بۆ نمونە لە هەمان کات دا کە حیزب ئاڵا هەڵگری خەباتێکی نەتەوەییە بەڵام خەبات بۆ دێموکراسیش پشت گوێ ناخات.  کە داوای ئازادی تاک دەکات دادپەروەری کۆمەڵایەتیش وەک پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر دەزانێت. لە بواری ژنانیش دا بە هەمان شێوە لابردنی ستەمی ڕەگەزی بەردەوام لە بەرنامەی کاری حیزب دا هاوتەریبی خەباتەکانی دیکە جێگەی خۆی گرتووە، دکتۆر سەعیدی نەمر زۆر بە ڕوونی باسی  ئەو بابەتە دەکات و دەڵێ ” لە بیرمان بێ کە خەباتی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەختەوەری لایەنی جۆربەجۆری هەیە کە خەباتی چەکداری لە دژی دوژمنی داگیرکەر و چەوسێنەر تەنیا یەکێک لەوانە و خەباتی بۆ ئازادی ژنانیش کە نیوەی کۆمەڵن یەکێکی دیکە لە ولایەنانەیە کە گرینگی یەکەی زۆر لە خەباتی چەکداری بۆ گەلی کورد کەمتر نیە”.١٢

ئەگەر ئەمڕۆ ڕاسان وەک ئادرێسێک بۆ پەیوەست بوونی ژنان پیگەیەکی تایبەتی هەیە و کچانی وڵات بە جۆش و خرۆش دێنە گۆڕەپانی خەبات، یا لە چوارچێوەی خەباتی شار دا بەشداری ژنان بەرچاوەو گرینگی زۆری پێدەدرێت، بەردەوامی ئەو سیاسەتانەیە کە لە مێژووی خەباتی حیزب واتە لە کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستانەوە سەرچاوەی گرتوەو تا ئێستا بەردەوامە. ئەمڕۆ ژنان لە کۆمەڵگایەک بە یەک دونیا یاساى دواکەوتوو پەنا بۆ ناوەندێکى ئازادیخواز و یەکسانیخواز وەک حیزب و ڕاسان دەهێنین تا لەوێدا وێراى ژیانێکى ئازاد ، خەبات بکەن بۆ بەدیهینانى ئازادى و یەکسانى لە کۆمەڵگاکەمان دا.  بی گومان ئەوە تەنیا هۆکاری بەشدارى ژنان لە ڕاسان دا نیە بەڵام هۆکارێکى گرنگە کە هیوایان بۆ یەکسانى لە داهاتووی کۆمەڵگا دا دو ئەوەندە دەکات، وەک هەر تاکێکی دیکە کۆمەڵگا وێراى خەبات بۆ رەهەندەکانى دیکە، خەبات بۆ مافى خۆیان واتە ژنانیش دەکەن. چونکە پرسی ئازادی ژن وەک پرسەکانی دیکە لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و لەوێ دا دەتوانن پێکەوە بە سەر یەکخستنی هێزیان، خەبات بەرەو پێش ببەن و سەرکەوتن لەو ڕەهەندانەش دا بە سەریەکخستنی هێزی هەموو کۆمەڵگا ئاسانترە.

 

ژێدەرەکان

١. جەمال نەبەز گۆڤاری نیشتمان چاپی دووەم هەولێر ٢٠١٠

٢. جەمال نەبەز گۆڤاری نیشتمان چاپی دووەم هەولێر ٢٠١٠

٣. جەمال نەبەز گۆڤاری نیشتمان چاپی دووەم هەولێر ٢٠١٠

٤. نەوشێروان مستەفا حکومەتی کوردستان کورد لە گەمەی سۆڤێتی دا

٥. نەوشێروان مستەفا حکومەتی کوردستان کورد لە گەمەی سۆڤێتی دا

٦. نەوشێروان مستەفا حکومەتی کوردستان کورد لە گەمەی سۆڤێتی دا

٧. عومەر باڵەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ‌و پرسی قانوون کوردستان ٢٠١٦

٨. شهرزاد مجاب زنان و ناسیونالیسم در جمهوری کردستان سال ۱۹۴۶

http://www.nnsroj.com/fa/detiles.aspx?id=101028

٩. شهرزاد مجاب زنان و ناسیونالیسم در جمهوری کردستان سال ۱۹۴۶

http://www.nnsroj.com/fa/detiles.aspx?id=101028

١٠. عومەر باڵەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ‌و پرسی قانوون کوردستان ٢٠١٦

١١. پەیڤەکانی رێبەرێک پەیڤەکانی رێبەرێک کە بۆ گەل ژیا و بۆ گەل مرد پەیڤەکانی شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ئامادەکردنی ئاگری باڵەکی

١٢. نامێلکەی بژاردەگەڵێک لە وتە بەنرخەکانی شەهید دوکتور سەعید بە بۆنەی ٢٢ ساڵەی شەهیدانی میکونووس ئامادە کردنی ڕەحمان نەخشی

 

نویترین هەواڵ و بابەت