"an independent online kurdish website

بەشی( ٢ـ ٣) ،   ١٨/١١/٢٠١٧

ـ پشێویی و زەبروزەنگی نایاسایی و ناشارستانی هەر کەس بیکات، بە ئاگا و بێ ئاگا، ئاکامەکەی دەڕژێتە خزمەتی ئەستێڵکی داگیرکەرانی کوردستانەوە.


ـ جیاوازییەکانمان چەند گەورە بن، بەشی ئەوە ناکەن لە ناوەڕاستی زەریاکەدا، لەدژی یەکتر کەشتییەکە بشکێنین. دوای گەیشتنە کەنار، دەرفەت زۆر دەبێ.

ـ بەدرێژایی مێژوو ناتەبایی و خۆخۆری هۆکاری سەرەکی شکستەکانمان بووە، دەبا بیگۆڕین .

ـ خەڵکینە ئەرێ دز و گەندەڵ و زاڵمی کۆمەڵایەتی, مەترسییان زۆرە؟! یان داگیرکەر و دوژمن؟!.

ـ لەبەردەم باهۆزی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا،نابێت کوردستان بێتە مەیدانی سەرەکی شەڕی کوردکوژی و ململانێی هەرێمی و جیهانییەکان.

ـ تیپێکی فووتبۆڵ کاتێ یاریزانێکیان بەکارتی سوور دەکرێتە دەرەوەی یاریگا، هاوڕێکانی نەک هەر شوێنەکەی پڕ دەکەنەوە، بەڵکو وا دەکەن گەمەکەش ببەنەوە.

٢٢/١٢/٢٠١٨

ـ میللەتێکی سەیر و سەمەرەین: داعش و حشد پەلامارمان دەدەن، تورکیا بە بۆمباران و ئێران بە سێدارە و عێراق بە خنکاندن و خۆشمان خەریکی خۆکوژین.

ئەردۆغان دەڵێ: ئیسرائیل زوڵم لە فەلەستین دەکات. ئیسرائیل دەڵێ: ئەردۆغان بڕۆ مافی کورد بدە.

 لەهەردوو بەری هاوکێشەکەدا، تورکیا دۆڕاو و شەرمەزارە.

٢٣/١٢/٢٠١٨

ـ هەموو ستەم و زۆرداری مەدرید و نادیموکراسی ئەوروپا، نەیانتوانی ئیرادەی سەربەخۆیی نەتەوەی کاتالانی تێکبشکێنن. سەربەخۆیی پیرۆز بێ لە کاتالان.

٣٠/١٢/٢٠١٨

ـ زەنگی مەلای عەجەم کەوتە لێدان، ئاخر 38 ساڵە دەکوژن و دەبڕن و سێدارە هەڵدەخەن و فیتنە و ئاژاوە دەنێنەوە و وێڕانکاری ئەنجام دەدەن.

ـ ڕووخانی مەلای عەجەم واتە ئێران دەچێتە ڕیزی عێڕاق و سوریاوە. کەواتە چاوەڕیی ناوەندێکی لاواز و حکومەتێکی شلۆق و سیستەمێکی بێسەروبەر بکەن.

ـ دوای ڕووخانی ئێران چاوەڕێ ئەو بەزم و سیناریۆیانە بکەن, کە دێتە بەردەم تورکیا. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کورد چەند ئامادەیە و چی دەوێت؟!.

٣١/١٢/٢٠١٨

ـ ڕووخانی ڕژێمی مەلای عەجەم، هاوکات دەبێت لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی تەقەڵەکانی دەوڵەتە دروستکرا و بەزۆر داسەپاوەکەی ئێرانی فارسی دا.

3.1.2018

ـ بۆ ستراتیژی نەتەوەی کورد، ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران زۆر گرنگ و کاریگەرە. لەوەش گرنگتر خەباتکردنە بە یەکگرتوویی لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان دا.

ـ ڕۆژهەڵات بە کوردایەتیکردن لەبری حیزبایەتی, دەستکەوتی گرنگ و داهێنانی گەورە و وەرچەرخانی نوێ لە بزاڤی کوردایەتیدا دەخوڵقێنێ.

ـ گەر ڕۆژهەڵات  دەیەوێ بەری خەبات و قوربانی سمکۆ و پێشەوا و ف. سوڵتانی و قاسملۆ و شەرەفکەندی بچنێتەوە، دەبێ یەکگرتوو بێ و کوردایەتی بکات.

ـ لە ڕۆژهەڵات هەر کەسێ دەیەوێ بزانێ کوردایەتی چییە، بچێ وەسێتنامەکەی پێشەوا قازی محەمەد بخوێنێتەوە و وانەی لێوە فێر بێت.

ـ ڕۆژهەڵات هەر ڕۆژی لێ هەڵنایەت، بەڵکو کوردایەتیشی لێ ئاوا نابێت.

ـ تاکە دەرمانی دەردەکان و چەکی خەبات و ڕێگای سەرکەوتن، یەکڕیزی و یەک ئامانجییە بۆ سەربەخۆیی نیشتمان.

ـ با بیرمان جیاواز بێت،ئامانج دەبێ یەک بێت، ڕێگای چوون بۆ کوردستان لە بۆکانەوە یان کرمانشانەوە هەر گەیشتنە بە وڵات.

ـ پارتەکانی ڕۆژهەڵات لەبەردەم چرکەسات و تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی هەستیاردان، بەو هیوایەی ببنە سەرمەشقی کوردایەتی کردن.

٥/١/٢٠١٨

ـ ئێران دەیەوێ لای نەتەوە یەکگرتووەکان گازندەیی لە ئەمەریکا بکات، گوایە ئەو ئەمەریکایە دەست دەخاتە ناو کاروباری وڵاتەکەیەوە. کەچی خۆی دەست دەخاتە ناو کاروباری کوردستان وجیهانەوە.

ـ هەڵپەی دەستە دەستە چوونە بەغدای پارت و لایەنە کوردییەکان، ڕەنگدانەوەی بارودۆخی شێواوی ئێرانە، ئافاتێکی نوێ وا بەڕێوە!.

ـ داگیرکەر بۆ پووچەڵکردنی پرسی نەتەوەیی کورد، نیشتمانفرۆش و دۆڕاوەکانیش بانگ دەکاتە سەر مێز بۆ بەخشینی پاداشت پێیان. بەداخەوە!.

ـ کوردستان ئیسرائیلی دووەمە، یان ئێران شەیتانی بزرگە؟!.

ـ خۆپیشاندانەکانی ئێران هێوریش ببنەوە و داشمرکێندرێنەوە، دیسان وانەیەکی گوچکبڕیان داوە و دەدەنە دەسەڵاتی مەلای عەجەم.

٢١/١/٢٠١٨

ـ باوەڕناکەم لە جیهان دا یەک تاکە ویژدان هەبێت، بۆ کوێرەوەرییەکانی کورد بجوڵێ هۆکەشی ئەوەیە کورد بێ دەوڵەتە.

ـ هەتا تورک و فارس و عەرەب  کورد بکوژن و کوردستان کاول بکەن، پێویستە نائارامی و بێ مۆڕاڵی بەشي تاڵاوی ژیانی ئەوان بێت.

ـ ئێەران: بەدەستی خۆمان کەرکووکی لێ داگیرکردینەوە و تورکیا: دەیەوێ بەدەستی خۆی عەفرین داگیر بکات. دوو داگیرکەر و دوو ستراتیژ و ڕەفتاری جیاواز.

٢٣/١/٢٠١٨

ـ تورکیا بە دەوڵەت و حکومەت و حیزب و میللەتەوە، بەناوی قورئان و چڵە زەیتونەوە بە بەرچاوی دنیاوە کورد دەکوژێ.چ ستەمێکە!؟.

ـ ئینگلیز ستەمکار و دایکە مامانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، هاوکاری تاوانی 16ی ئۆکتۆبەر و پشتیوانیکەری هێرشی سەر عەفرینە.

ـ کورد وەک نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و ئازادیپەروەر لەسەدەی 21 دا قڕ دەکرێت بە بەرچاوی مرۆڤایەتییەوە. چ  تاوان و شەرمەزارییەکە!!؟؟.

ـ هەڵگرانی هەرچی یاسا و ڕێسا و بانگاشە و پەیامی ئەرزی و ئاسمانییە،لە ئاست کورد کوشتندا، بێدەنگن. بۆیە هەموویان درۆدەکەن و ناپیرۆزن.

ـ ئەرێ ئەو بەتەنیا جێهێشتنەی کورد لەسەر شانۆی ژیان و سیاسەت، بەس نییە بۆئەوەی هێز و لایەنە کوردییەکان یەکێتی نەتەوەیی ساز بدەن؟!.

ـ بۆ کورد “یەکگرتن” دەرمانی دەردەکان،چەکی بەرگری،قەڵغانی خۆپاراستن،ئامڕازی سەرکەوتن،بەها و ڕوومەتی کوردبوونیشە.

ـ چ تاوانێکە لە مزگەوتێکدا نوێژ بکەیت و لە خوا بپاڕێیتەوە و نزا بکەیت، بۆئەوەی سوپای تورک لە کوردکوشتندا سەرکەوتوو بێت.!!

ـ مێژوو دەڵێ: ڕووسیای پۆتین هەمان ڕووسیای ستالینە. هاوڕەفتارن لە پشتکردنە گەلانی بندەست و بێ دەوڵەت.

ـ سوریا ساڵانێکە دەکوژێ و ملیۆنانی ئاوارە کردووە، ڕووسیا و ئێران و تورکیا هاوکاری دەکەن. کورد دەیەوێت ئازاد بێت،گەلەکۆمەکێی لێ دەکرێت.

ـ ئەمە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون نییە،ئەمە ئۆپەراسیۆنی ناردنەوەی تابووتە بۆ دایکانی تورکیا.

٢٦/١/٢٠١٨

ـ خۆڕاگری عەفرین سەرکەوتنە بۆ هەموو کورد و شکستی دەبێتە برینێکی تری قووڵی جەستەی کوردایەتی . سڵاو لە کوڕان و کچانی پێشمەرگە و شەڕڤان.

٢٧/١/٢٠١٨

ـ مادامێکی پ ک ک دەزانێ ناو و دروشمەکانی یاساغن،پێویستە چیتر بڵندیان نەکاتەوە،دەنا هەر کار و چالاکییەک لە ئەوروپا بکرێ،بەزیان دەشکێتەوە.

٢٨/١/٢٠١٩

ـ ئەوەی کەرکووکی خۆش نەوێ،درۆش لەگەڵ عەفرین دەکات. هاوڕێ بۆیە باوەڕم نییە بە شین و شەپۆڕەکانت.

٣٠/١/٢٠١٨

ـ کورد بە بەرچاوی دنیاوە قڕ دەکرێت،بۆیە هەموو گۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە فاتیکان و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و جیهانی ئیسلامی و عەرەبی درۆزنن و تاوانبارن.

٣١/١/٢٠١٨

کێشەی کورد لەگەڵ ڕژێمەکان هیچ تاکە کەسێکدا نییە، هێندەی بەردەوام لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادایە.

ـ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی  بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە، بەڕاست و چەپەوە، بە کریست و موڵمانەوە،قەرزاری ئازایەتی و قوربانییەکانی کوردە.

ـ زلهێزەکانی دنیا لە نێوان کورد و داگیرکەران دا،قوربانی بە کورد دەدەن و لە نێوان ئەوان و ئیسرائیل دا،قوربانی بەوان دەدەن. با چاک بزانن.

٢/٢/٢٠١٨

ـ فیدڕاڵی باشوور و کانتۆنی ڕۆژئاوا، بە تەواوی کێماسییەکانیشیانەوە،دیموکراتترن لە سیستەمی بەغدا و دیمەشق  و.. ئەی بۆ دنیا پشتیوانییان لێ ناکات؟!.

ـ ئەرێ پ ک ک بەرامبەر بە شاڵاوی دڕندانەی تورکیا بۆسەر عەفرین یاریزان و ئاکتۆرە؟ یان تەماشاچی و کۆمبارسە؟!.

٩/٢/٢٠١٨

خۆڕاگری عەفرین شکاندنی لووتی تورک و هاوداگیرکەرانێتی و شکۆی شانازی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردە،لە کەرکوک و کرمانشان و ئامەد.

ـ عەفرین ئەو باوەڕ و ئیرادە و خوێن و قوربانییەیە،کە مێژووی سەروەرێتی کوردی پێ دەنووسرێتەوە.

٢٤/٢/٢٠١٨

ئەگەر رووسیای پۆتین نەبوایە،لەمێژ بوو سوریای ئەسەد نەمابوو. بۆیەکا رووسیا بەرپرسی مێژوویی و مۆڕاڵی ئەو تراژیدیاو قوربانییەیە.

ـ تورکیا ژینۆساید لە عەفرین دا ئەنجام دەدات،چونکە کورد بێ دەوڵەتە،جیهان بەتەنگییەوە نایەت.

٢٥/٢/٢٠١٨

ـ قەزافی چارەکێکی ئەو تاوانانەی ئەسەد و خومەینییەکان و ئەتاتورکییەکانی نەکرد،کەچی ڕووخانیان و کوشتیان،لەبەر ئەوەی پیاوی کەسیان نەبوو.

٢٨/٢/٢٠١٨

ـ لە ساڵی هەشتاکان دا، کەسانێک کوژران، بەتاوانی ئەوەی پارەی شۆڕشیان دزیوە!. ئەی ئێستا سزای ئەوانە چی دەبێت کە پارەی میللەت دەدزن؟؟!.

٢/٣/٢٠١٨

ـ حیزب و بەرپرسە نیشتمانفرۆش و دز و گەندەڵ و بێ ویژدان و ناکوردستانییەکان، چیدی ناتوانن بە چنگێ خۆڵ چاوی نەتەوەیەک کوێر بکەن.

ـ ئاڵا ئەسەدی، سروە کەبابچی و… گەر فەلەستینی بوونایە و بۆ ئیسرائیل خۆیان کاندید بکردایە هەڵوێستی میللەت و فتح و حماس بەرامبەریان چی دەبوو؟.

ـ ئەوخۆ هەرزانفرۆشی و نزمبوونەوەی حکومەتی هەرێم و بەرپرسەکانی بۆ عبادی و بەغدا،هێندەی تر شکۆی کوردی دابەزاندووە. سواڵ و خۆسووکردن بەسە.

٨/٣/٢٠١٨

ـ لە 8 ی ئاداردا، لەگەڵ هەر دیارییەکی گوڵ، ماچ، نامەی دڵداری،هەستی خۆشەویستی و مانا و ئاماژەکانی تردا،چەپکێ سڵاو بۆ کچە شەڕڤانانی کورد.

١١/٣/٢٠١٨

ـ پۆتین بە ناپاکییەکەی لە کورد،ڕووی ستالینی سپی کردەوە،ئەمەریکاش بەبێ هەڵوێستیەکەی شایستەی سەدان جەهەننەمی تری وەک ئەوەی ڤێتنامە.

٢١/٣/٢٠١٨

ـ کوردبوون چارەنووسی بەڵگەنەویستمانە خۆدەربازکردن لێی مەحاڵە. بۆئەوەی لەسایەیدا ئازاد و بەختەوەر بژین، پێویستە بۆی تێبکۆشین و بۆی بژین.

١٨/٣/٢٠١٨

ـ پێویستە هەموو دەستە و لایەن و ڕۆشنبیران و جەماوەری کورد،سەرکردایەتی سیاسی کورد ناچار بکەن، یەکێتی و کۆنگرەی نەتەوەیی بە پەلە ساز بدەن.

ـ ناپاکی 16ی ئۆکتۆبەر وەک دۆمینۆ کاریگەریی گەورەی لەسەر داگیرکردنی عەفرین لە18.3.2018 هەبوو.پلان و تراژیدیای تریش وان بەڕێوە.

ـ مێژووی ئایندەمان نابێت،58 رۆژ بەرخۆدان و قوربانی “عفرین” و زوڵم و زۆرداری بێوەنەی داگیرکەری تورک لە بیر بکات.

ـ هەقە 58 رۆژ، داستانی بەرخۆدان و قوربانی “عەفرین” بەئاوی زێڕ بنووسرێتەوە.

ـ نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی،فاکتێکی ئەزەلی بەهێزی شکستمانە لەسەرتاسەری مێژووی کوردستان دا.

ـ هێشتا هەر گەشبینم، هاکا عەفرین بووە چاڵی ڕەشی مەرگی کۆتایی ئەردۆغان و هاوکارانی.

ـ ئەوانەی سوکایەتی بە سیمبۆلەکانی کورد، لە کەرکوک و عەفرین و ئەو زۆڵە کوردانەی لە کوردستان و ئەوروپا کردوویانە و دەیکەن وەک یەکن.

ـ هەموو جیهان بە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە بەئاسمان و زەوییەوە بە تیۆرییە تۆز لێ نیشتووەکانەوە بەقوربانی پێڵاوی منداڵێکی کورد بن.

ـ ئەگەر لە فلیمێکی سینەمایشدا هێندە کوشتار و ستەم لەدانیشتوانی شاری عفرین بکرێ، من ڕقم لەئەکتەر و ریژیسیۆر و تەماشاوانەکان دەبێتەوە.

ـ داگیرکەران و دوژمنان باش بزانن ئاگری نەورۆزی 2718/2018،بەخوێنی  گیانبەختکردوو و قوربانییەکانی خورماتوو و عفرین دادەگیرسێنین.

ـ ئەی داگیرکەران دوای ملیۆنەها پەلاماری خوێناوی و فڕوفێڵ و پلانگێڕیتان،بەدڕێژایی 2718 ساڵی بندەستیمان هێشتا نەتانتوانیوە قڕمان بکەن.

ـ سەلمێندرا تەنها کوردە لەسەدەی 21 یشدا بۆ بەها و پرنسیپەکانی مرۆڤایەتی و بەخشندەیی و پێکەوە ژیان و ژیاندۆستی تێدەکۆشێ و قوربانی دەدات.

ـ لە مێژووی مرۆڤایەتی دا میللەتێک دەرک پێ ناکەین بێ بەرژەوەندی بەدڵ و بە باوەڕ و بەکردەوە، هێندەی کورد عەشقی ژیاندۆستی بێت.

ـ  مێژوو گەواهی/ شاهیدی پەرۆش و دڵسۆزی و ژیاندۆستی کوردە بۆ ژیانێکی دوور لە زەبروزەنگ و ئاشتی و پێکەوە ژیان.

ـ کورد دەبێت خۆی ئامادەی پلان و هەڕەشەیەکی سێکوچکەی یان چوارکوچکەی داگیرکەرانی کوردستان بکات.

ـ داگیرکردنی عفرین: لەڕووی سیاسییەوە ریسوایە بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی. لە ڕووی مۆڕاڵییشەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمەریکا.

٢٠/٣/٢٠١٨

نەورۆز جەژنی نەتەوایەتی و سیمبۆڵی بوون و بەرخۆدان و سەرکەوتنە. لەخۆشی و ناخۆشی دا  هەر پیرۆزی دەکەین.نەورۆزی 2718 تان پیرۆز بێت.

ـ سیاسەت و میدیای ئەڵمان کەوتوونەتە داژایەتی کورد،وەک پاداشتی بۆ تورکیا و خۆدزینەوەیەک لەو بەرپرسیارێتییە مۆڕاڵییەی سەرشانیان بەرامبەرمان .

١١/٤/٢٠١٨

ـ تا ئێستا رووسیا 12 جار لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەڕێگای مافی ڤیتۆوە،ڕێگری لەلێدانی سووریا کردووە. زەواڵ زاڵم دەپارێزێ.

ـ شەڕخواز نیم، لێ شەڕ مامانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە،هەر شەڕێکی نوێش دەبێتە هۆی تێکشکاندنی سنووری دەوڵەتە دەستکردەکانی دەڤەرەکە.

ـ ئەگەر رژێم و دەوڵەتی سووریا بڕوخێن،گفتم داوە،خوانێکی کوردانە ساز بدەم. بەهیوای داڕمانیان و منیش پابەندم بەئەنجام دانی داوەتەکەم.

ـ دەڵێن شەڕ باوکی هەموو شتەکانە. دەڵێم دایکی لەشفرۆشی داگیرکەرانی کوردستانیشە.

ـ شەڕ ماڵوێرانی و کارەساتە، بەڵام گەر من تەنیا داگیرکراو و دابەشکراو بم، دەبا خەڵکانی تریش ئەو ژەهرە نۆش بکەن.

ـ هەموو دەزانین حیزبی کوردی بێ بەرنامە و بێ پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستانە. لێگەڕێ با قەزاوقەدەر ڕۆڵی خۆی بگێڕێ.

ـ گەر بێت و لەم گۆڕانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕوان دەکرێن، کورد دەستکەوتێکی نەبێ بۆ سەدەیەکی تر دەچێتەوەناو قەفەزی بندەستی .

ـ پێش ئەوەی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا مۆمی سەدساڵەی تەمەنیان داگیرسێنن، بەڵکو شەڕێکی نوێ گۆڕیان بۆ هەڵکەنێ.

١٥/٤/٢٠١٨

ـ ئەنفال هیچ نییە جگە لە ئەنفال، واتە داگیرکەرێک بەناوی عروبە و ئیسلامەوە 182,000هەزار کورد دەکوژێ،ڕادەگوێزێ،دەڤەرێک سوتماک دەکات.

٢٢/٤/٢٠١٨

ـ گەر بێت و دۆزی کورد وەک ویست و داوا و ئامانجی ڕەوای نەتەوەیەک بکەینە کەرەسەی موزایەدەوە، بەسەر یەکتردا، وا مێژوو لێمان خۆش نابێت. 

ـ چەند زیان لە کوردبوون بدەیت، هێندە بەری ڕووڕەشی و خۆفرۆشی و دێزەیی دەچنیتەوە.

ـ هەر گەمە و تەڵەکەبازی و عەوامخەڵەتێنییەک بەناوی کوردبونەوە ئەنجام بدەیت،هێندە دەبیتە ریسوا و سەرشۆڕی سەردەم و ڕووڕەشی ناو مێژوو.

ـ ئەوانەی سڵ لە مێژوو دەکەنەوە، بەگیان و هەست و نەستێکی بەرپرسانەوە مامەڵە لەتەک کوردبووندا دەکەن.

ـ تەنیا کوردایەتیکردن مەتەرێزی ئابڕوومەندی و قەڵغانی هەبوون و شمشێری بەهەقی خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەی کوردی بندەستە.

ـ گەر کوردبوون کۆکەرەوەی بوونیشمان نەبێت، نابێت بیکەینە مەخسەرەی ململانێی ناپیرۆزی ڕەوەسەگی هار و برسی و دڕی دەروون نەخۆشان.

ـ مێژوو سەلماندوویەتی: هەر ململانێ و کێبەرکێییەک لە ئوسوڵ و چوارچێوەی و پرنسیپی خۆی دەرچێت، دەبێتە گاڵتەجاڕی و دۆڕاوی شەرمهێنەر.

ـ گەر هەر شتێ نرخی خۆی هەبێت وا پێویستە ئەوانەی خۆفرۆشی و ریسوایی بەناوی پرسی کوردەوە دەکەن، باجی تاوان و گوناحیان بدەن.

ـ هەبوونی جیاوازییەکان دیاردەیەکی تەندروستە، لێ ناکۆکییەکان بەزۆر دروستکراون و دوژمنایەتی یەکتریش هێنانەدی خواستی دوژمنانە.

٢٣/٤/٢٠١٨

ـ دەنگدان بۆ بەعێراقیبوون, وەک ئەوە وایە بەپێی خۆت بچیتە بەردەم سێدارە و هەرخۆشت پەتەکە بکەیتە ملی خۆتەوە.

ـ ئەوانەی بۆ خۆفرۆشی سوێیان بۆتەوە و پشتەملیان بۆ کۆیلەیەتی دەخورێ، مەخابن لەم ئانوساتەدا بازاڕیان گەرمتر کراوە.

ـ ئەو هەموو شایی و لۆ‌غانەتان  بۆ عێراقیبوونە!! دەک خەجاڵەت ڕووی مەحشەر بن.

ـ ڕاپەڕینی 1991 بەشە کوردبوونەکەی لە جەستەی عێراقیبوون ترازاند، ئێوەی دۆڕاو دەتانەوێ جارێکی دیکە، پێکەوەی گرێ بدەنەوە!؟.

ـ هەموو ئاگادارن و مێژووش شاهیدە! خۆمارەکردنەوە لە عێراق بۆ هەڵچنینی کۆشکی کەڵەتڕێیی، واتە پووچەڵکردنەوەی شۆڕش و بەبادانی دەستکەوتەکانی.

٢٤/٤/٢٠١٨

ـ تا ڕووسیا نەهاتبووە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوینەوە، کورد حاڵی باشتر بوو.

ـ بەقوربانیکردنی کوردبوون بۆ ئامانج و دەستکەوت و هەراجی سیاسی، ناپاکی نەتەوەییە.

ـ داگیرکەرچێتی ناپاکییەکە مێژوو هەرگیز لەبیری ناچێتەوە،چونکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ.

ـ خۆگێلکردن لەئاستی کوردبوون دا پەڵەیەکی شەرمەزاری هێندە قورسە،هەرگیز ناسڕێتەوە.

ـ بەخشینەوەی تاوان و هەڵڕشتنی جنێو و یەکتر تاوانبارکردن،گەلێ ئاسانە، بەڵام سەخت و مەحاڵە بتوانی، بەمیللەت بڵێی چی دەکەم و چیم دەوێت.

ـ سەیرو عەنیکەیە! دژایەتی پارتی! عێراقچێتی برەوپێداوە. ئەوانە چ تاوان و گوناهێکی مەزن دەکەن.

ـ گۆشتی یەکتر بخۆن، لێ ئێسقانی یەکتر مەشکێنن، ئاخر داگیرکەرە گەورەکە خۆی بۆ خواردنی هەمووان مەلاس داوە.

ـ جگە لەخزمەتکردن بە داگیرکەرانی کوردستان، تا ئێستا هیچ لە دژایەتیکردنی یەکتری حیزبەکانی باشووری کوردستان تێنەگەیشتووم.

ـ داگیرکەرچێتی ناپاکی نەتەوەییە.

ـ بریا ڕوانیمان بۆ ڕووداو و پێشهات و چارەنووسمان لە ڕوانگەی دروستی کوردبوونەوە بوایە و بێت.

چەند خۆش و گرنگ و پێویستە، ڕوانینمان بۆ کوردبوون بەر لە بنەماڵەچێتی و حیزبایەتییەوە بێت.

ـ کوردبوون زۆر لەوە گەورەتر و پیرۆزترە تۆ بەئارەزووی خۆت فیگۆری لێ دروست بکەیت.

ـ تکایە داگیرکەرچێتی مەکەنە مۆدێل،چونکە ئاکامەکەی هەر مایە پووچییە.

٢٧/٤/٢٠١٨

ـ پێویستە کورد بایکۆتی بەغدا بکات و عێراق هێندەی تر ئیفلیج بکات،کەچی کەرنەڤاڵی هەڵبژاردنی قەفەز و سێدارە و تەعریبی بندەستییە.

ـ هاکا عێراقچییەکانی 2018 ڕووی تەها محێدین و مەلاماتۆڕ و سالحی ڕەشە و قاسم ئاغا و عەباس باڵوو تەحسین شاوەیسیان سپی کردۆتەوە.

 ـ هەرکەسێ ناپاکی لە نەتەوە و خاکی خۆی بکات،نە حوکمی مێژوو لە کۆڵی دەبێتەوە و نەدوژمنیش متمانەی پێ دەکات.

ـ کورد کەروێشکێکە ڕا دەکات بۆ خۆرزگارکردن لە مردن، ئەوانەی خۆفرۆشن دەبنە تانجی ڕاو،بۆ مەرامی دوژمنان.

ـ ئەی خۆفرۆشانی خاک و نەتەوە نابێت لە بیرتان بچێ، بۆ هەتاهەتایە دەبێ، نەوەکانیشتان باجی ناپاکی ئێوە دەدەن..

٣/٥/٢٠١٨

ـ هەرکەس و لایەنێک بە تەنیا سەرگەرمی قوڵکردنەوە و ئالۆزکردنی کێشە و ململانێکانی ناو دەروونی کورد بێت،کەڵک و نرخی کاڵەکێکی تەپیوی نییە.

ـ سەیرە! نەوت تا بۆ کوردستان بوو، مناڵی سەر بێشکەش, داوای گرێبەست و شەفافییەتی دەکرد. ئێستا نەوت داگیرکراوە و دەش دزرێ کەچی نقەیەک ناکرێت!.

٤/٥/٢٠١٨

ـ شەڕی کورد لە بەغدا و دژ بە بەغدا, بەیەکگوتاری و یەکڕیزی و یەک داوا و ئامانجەوە دەبێت و دەکرێ. دەنا هەموو ئەوەی تری ڕەنج بە فیڕۆدانە.

ـ عێڕاق لە فەیسەڵەوە تا عەبادی هیچی بۆ کورد پێ نەبووە و تێیدا نەبووە،لە ئێستاشدا نە ئەو باوەڕەیان لا دروست دەبێت و نە ئەو خەونە دێتە دی.

٥/٥/٢٠١٨

ـ سیاسەتی هەندێ حیزبی کوردی بۆ داگیرکەران کتومت لەو سواڵکەرە دەچێ ڕۆژ تا ئێوارە سواڵ دەکات و ئێوارەش پارەکە دەداتە دەوڵەمەندێک.

ـ خانمە ئەکتەرە میسرییەکان بەگەنجی هەموو شتێک بۆ خۆیان حەڵاڵ دەکەن. کەپیر دەبن دەیانەوێ بە حەج و عەمرە و سەرپۆشێ هەموو حەرامەکان پاک بکەنەوە.

ـ گەندەڵی گەیشتە ناو ئەکادیمیای خەلاتی نۆبڵ لە سوید،بۆیە ئەمساڵ 2018، کەسی بۆ کاندید ناکەن. بڕیارە بەقەرزی ساڵی داهاتووی بسپێرن.

٦/٥/٢٠١٨

ـ ئەی سوارچاکانی مەیدانی ناکوردایەتی،دڵنیابن هەر لەمێژووی خۆتان دا دەگەوزێن و پێشوەختیش دۆڕاون.

ـ هەر هەوڵێک بۆ لکاندنەوەی جەستەی کورد بە عێراقی کیمیاباران و ” ئەنفال و تعریب و ترحیل”ەوە،جگە لە مایەپووچی ناپاکی نەتەوەییشە.

ـ مێژوو دەڵێ: مەحاڵە کوردی کوردستان و عەرەبی عەرەبستان پێکەوە بکوڵێن لە مەنجەڵی عێراق دا. کەواتە چیدی خۆتان و میللەت تەفرەمەدەن.

ـ ئەستێرەی هیوای کورد لە یەکێتی و تەبایی و یەکڕێزیی و کۆدەنگی کورد خۆیەوە هەڵدێت.

ـ لە جەوهەر و ڕاستیدا پرسی کورد لە ئازادی و سەربەخۆیی دا, سەروو هەموو ئیعتبارێکی تر دەکەوێتەوە. ئەی تۆ خەریکی چیت؟،

ـ لە شمشێری بەهەقی مێژوو بترسن،چونکە بڕیاری بەزەبری ڕەوای ئەوە 2718 ساڵە لێناگەڕێ ناپاک و وخۆفرۆشانی مێژوویان لەبیر بچێتەوە.

ـ تکایە لە ڕێی خوێنی شەهیدانی کوردستان دا، بەشداری بکەن لە ڕووخاندنی زیندانی عێراق و کوشتنی گیان و پووچەڵکردنەوەی خەونی عێراقچێتی.

ـ ٧/٥/٢٠١٨

بەناوی شەڕی دەستوورەوە خۆڵ مەکەنە چاومان.عێراق بە سەرۆکایەتی و پەرلەمان و دەستوورەکەیەوە،بارمتەی ڕاگەیاندن و نامە و جوڵەیەکی سیستانییە.

٩/٥/٢٠١٨

ـ ئێران لە ڕێی حیزبوڵاوە لە لوبنان دەوڵەتی ئیفلیج کردووە و ژیانیشی پەکخستووە.لە عێراق بەبێ حشد و بە حشدیشەوە هەمان ئامانجی هەیە.

١٢/٥/٢٠١٨

ـ بەکارهێنانی زەبروزەنگ نیشانەی پەککەوتنی سیاسەتە.

ـ ئەرێ هێشتا لە 2718 ساڵ ژێردەستی، هەزاران شۆڕش و شکستی ملیۆنەها قوربانی و کاولکردنی نیستمانێک فێری وانەی یەکگرتن نەبوون.

١/٧/٢٠١٨

ـ چێشتی بێ خوێ چەند ناخۆشە،فوتدباڵیش بێ ڕۆنالدۆ و مێسی هێندە بێ تامە،هیوادارم بەرازیل و کراواتیا چێژێک لە مۆندیالی 2018 تێبهێننەوە.

ـ تاکە گوڵێکیش نەتەوەیەک بەجۆش و خرۆش دێنێ،ئاخر خەڵک بەردەوام تینووی دەستکەوتی زیاتر و سەرکەوتنی گەورەترە.

١٠/٥/٢٠١٨

ـ بۆ یاری ئەمڕۆ 10.7.2018سەرۆکی فەرەنسا و شای بەلجیکا ئامادە دەبن. کەواتە وەرزش خەبات و سیمبۆڵی نەتەوەیی گەشتتر دەکات و سیاسەتێکی ئاقڵانەشە.

١٢/٧/٢٠١٨

ـ شاگەشکەم بەوەی دەوڵەتی ئینگلیز کە سەدساڵ زیاترە،داری داوە بە ڕۆحی کورد دا،ئەمشەو بەدڵشکان و دۆڕاوی لە مۆندیال 2018، دەرکرا.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی