"an independent online kurdish website

 نەورۆز، ئاگر، دڕانی زەوی و سەردەرھێنانی گوڵ و گیا و ژیانەوەی دار و دەوەن، تەقینی کانیاوەکان و شکانی زوقم و سەرما و کڕێوە و بەستەڵەک و سەرئەنجام گیرانی کۆڕی گۆرانی، شایی و ھەڵپەڕێکی رەشبەڵەک تەنیا پەیامەکانی نەورۆز نین.


پەیامە سەرەکییەکانی نەورۆز لە پشت ئەم ھێمایانەوە خۆیان داشاردووە، بە چەشنێ کە ئەگەر خۆی لێ گێل نەکەین، پەیامەکانی وەک تیشکی پڕشنگی رۆژ خۆ ئەنوێنن. کاتێ کورد ئێژێ:

چاوگی ئاگر، ھێز و گیانمە

باوڕی بەرزی کوردستانمە

نیشانەی ئەوەیە کە باوڕی کورد بە نەورۆز تەنیا لە رۆیشتنی رۆتێنی و رواڵەتیی زستان و ھاتنی وەرزی بەھارا نیە، بەڵکوو کورد لەبەر ئەوەی نیشتمانەکەی شاخاوی و چیایی و سارد و بەستەڵەکاوی بووە، لە کۆتایی پاییزەوە زاخە و ھەوێشخانەکانیان لە خواردن ئەئاخنی و کادانەکانیان پڕی کاو ئاڵف و گزرە و کەماو لۆ ئەکرد و خۆیان ئەخزاندە بەر کوانو و لای سۆپا و کزکۆڵانە پەمورەیان ئەدایە دەور کوورە و ئاگردان و مەگەر بۆ بەفرماڵین و بانگلیردان و گوێسوان و کەڵک و پاسارکوتانەوە ھاتبانە دەرەوە، ئەگینا ھەتا بەھار ئەمە کەسب و کاریان بوو. جاری وابوو کونەلووتی مرۆڤەکانیش وەک ناو دووکەڵکێش و لوولەی سۆپا پڕی دیوەرژن و رەشایی دووکەڵ ئەبوو.

 بۆیە ئێستەش ھەر بە یادی جاران لە نەورۆزا ھەموان لە دەوری چاوگی ئاگر کۆئەبنەوە و ھەر کەس مەشخەڵێکی پێیە و بە چاوگی ئاگر ، مەشخەڵی دەست و مێشک و دڵیان وێکڕا ھەڵئەکەن و بەرەوڕووی سوپای بەستەڵەک و کڕێوە و تاریکی ئەبنەوە و ئەیتارێنن و ئەمەش ئەکەنە بیانوی گۆڤەند و زەماوەن. ھەڵبەت تا ئێستا ھەر تەنیا مەشخەڵانی دەست ھەڵئەکران، زۆر بەکەمی مەشخەڵی دەست و باوڕ پێکەوە یەکانگیرەنە ھەڵکرابن.

 بەڵام پەیامە سەرەکییەکەی نەورۆز باڵای بەرزتر لەمانەیە و ریشەی قووڵتر. پەیامی نەورۆز وەک لێڕا دیارە، دەستپێکێکی نوێیە، رۆژێکی نوێ، ژیانێکی نوێ، گەڕێکی نوێ، خولێکی نوێ. لە نەورۆزا تەنیا جل و بەرگ نوێ ناکرێتەوە، تەنیا خوان ناڕازێنرێتەوە. لە نەورۆزا پێویستە مرۆڤ بە باوڕ و ئاکارەکانیشیا بچێتەوە و کۆنەکانیان فڕێ دات و ھی تازەیان پێ زیاد بکات. پێویستە بە ساڵی بەریی دا بچێتەوە و بزانێ چیی جێگای پەسەند نیە، چیی زیاد بووە، چی بەژان و ئازار بووە، لایان بات و ھی تازەیان لە جێی دانێ.

 لەراستیدا لە نەورۆزا ھێندەی پێویستە ئاگردانی دەروونمان ھەڵبکەین، ھێندەی زەروورە مەشخەڵانی کون و قوژبنە تاریکەکانی مێشک و دڵ و دەرونمان رۆشن بکەین، ھێندەی پێویستە تۆز و غوبار و ژەنگی دەروون و بیر و باوڕەکانمان خاوێن بکەینەوە و جەلایەک بە ئێرادە و ویستمان بدەین، ھێندە پێویست بە نوێکردنەوەی جلوبەرگی زاھیر و ناوماڵ و رازاندنەوەی خوان و سفرەکانمان نیە.

 بۆ نمونە ساڵانێکی دوور و درێژە لاوانی کورد ھەر لە بەھار و دوای کوژانەوەی ئاگر و دووکەڵی نەورۆزەوە ، شۆڕئەبنەوە بۆ شارە دوور و گەورەکانی ئێران وەک تاران، ئێسفەھان، شیراز، مەشھەد، تەورێز، زاھێدان، سمنان و…. و لە رێگاوبان و شێرکەت و کارگا و کارخانە و کاناڵ و زەوەی و زارەکانی سەدان کیلومیتر دوور لە زێدی خۆیان کاری سەخت و تاقەتپڕوکێن ئەکەن و ئەوانەیان ژن و ماڵیان ھەیە ساڵێ جارێ، دوو جار دێنەوە و سەری ماڵ و مناڵیان ئەدەنەوە و زگورتی و سەڵتەکانیش ھەیانە بەساڵێ جارێکیش ناێیتەوە.

 ئەوەش لە حاڵێکدایە کە تەنانەت لە زێدەکەی خۆی ئەو کارە کرێکارییەشیان دەست ناکەوێ. ئەم گەڕ و خول و دەورانەش وەک تەسەلسول و دەوری باتڵ ھەر لەپەسا وەک خولی گای بنە لە سەر چان و خەرمان لەجێی خۆی ئەسووڕێتەوە و لە نانە زگێ زیاتریشی پێ نابڕێ. ئەو نانەزگە بێنەوایانەش دێنێتیەوە دەستێ جلوبەرگی نەورۆز و جووتێ کڵاشی دوابڕاوی پێ ئەکڕێ و ئاو بێنێ و دەستان بشۆ و تەواو و بڕایەوە.

 ئەم نانە لە خوانی تاکو تەرایەک نیە، بەڵکوو لە خوانی زۆربەی لاوان و تەنانەت گەورەو بەساڵاچوانی کوردستانە. ئەوانەش کە تەمای خواردنی ئەو نانەیان نیە، ئەشێ کۆڵبەرایەتی بکەنە پیشە کە ئەویش زۆر لەویتر ئاسانتر نیە، ئەمیش نانی شیرەی گیانە، نانی ھەویر بەخوێن شێلراوە، بەکورتیەکەی نانی گیانە.

 بەم کورتە باشقانەش گەرەکمە بێژم، ئێمە میلەتێکین ژێردەستە و بە پێناسەیکی دیکەش خزمەتکاری میلەتێکی ناوەندنشینی دەسەڵاتداری خۆبە زل و سەروەر و گەورەزان و پێی وایە ئێمە بۆیە ئەژین کە لەبن دەستی وان بین و ئەوان خزمەت بکەین و ئەوان بپارێزین. ئێمە خوڵقاوین ببینە سەربازی گیانپەنای پێشقەراوڵی لەشکری ئەوان. کرێکاری سووڕێنەری کارخانەکانیان، کرێکاری خەندەق لێدەر و بیناکەری باڵاخانە ئاسمانبڕەکانیان، کرێکاری بیناکەری رێگاو بان و پردەکانیان، کرێکاری پاقژکەرەوەی ئاودەست و مەزراکانیان و….

 بەکورتیەکەی لەو وڵاتانەی کە ئێمەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، ئێمە تەنیا لە بەرگی مەعنەویی خزمەتکاریی دا و بە چەکی بەکرێگیراوی و جاشایەتیەوە پەسەندی نەتەوەی زاڵی دەسەڵاتدارین، ئەگینا ھەرچیی دیکە بین لەچاوی دوژمن یان پوچەڵین یان خراپ(دوژمن) و لەو حاڵەتەشدا ھەر نەمان و گیران و کوژرانمان لای دوژمن قازانجتر و رەواترە.

 بۆیە نەورۆز بۆ وەھا گەلێ، لە وەھا دۆخێکا ئەگەر جەلای بیرو باوڕ و دڵ و دەروون نەدا، لە گۆڕینی بەرگێکی تازەدا و رازەندنەوەی سفرە و خوانا بەتاڵ دەبێ لەمانا و چاوگی ئاگرەکەی ئەگەر دەروونمان گەرم دانەھێنێ و مەشخەڵی باوڕەکانمان رۆشن نەکات، تەنیا ئەتوانێ ئاگرێ بێ کە دەست و پل و لاق و رومەتمان لە رەق ھەڵاتن بپارێزێ و لە نێوان مردن و ژیانا وەک مرۆڤێکی بەرزەخی ھەتا رۆژی مردنی یەکجارەکی بمانھێڵێتەوە کە ئەو ژیانە ئەگەر خۆمەنی لێ گێل نەکەین، زۆر لە مردووەوە دوور نیە.

نەورۆزتان پیرۆز و بەخۆشی بێ، ھیوامە ساڵی نوێی کوردی، ساڵی بەخت و دڵخۆشیی کوردان بێ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی