"an independent online kurdish website

سلاوی ژیژیک، کێنێت ڕابینهارد و ئێریک سانتنێر لە پەرتووکی “دراوسێ، سێ وێژمان لە ئیلاهیاتی سیاسی”ـدا بە سرنج دان بە دۆخی جیهانی پێشکەوتوو و مۆدێرنیزاسیۆن،


گەڕاونەتەوە بۆ سەر ئەو وانە سەرەکیەی پەرتووکی ئینجیل کە دەڵێ “دراوسێی خۆت خۆش بوێ”، ئەو سێ نووسەرە ناودارە دەیانهەوێ جیهان لەوپەڕی ناخۆشیەوە بەرەو ئاشتی و ئارامی ببەن بەڵام فڕۆید لە بابەتێکی بەنرخی خۆیدا چەند پرسیار دێنێتە ئاراوە و دەڵێ: “باشە بۆ من دەبێ دراوسێکەی خۆمم خۆش بوێ؟ ئەگەر هات و دراوسێکەم کەسێکی نەناس بوو چ پێویست دەکات من خۆشم بوێ؟ ئەگەر هات و ئەو کەسە نەبوو کە من وەک ئایدیالی خۆم قەبووڵمە چارم چیە؟”، قسەکانی فرۆید زۆر ڕاستترن لە دروشمەکانی ژیژیک و ڕابینهارد و سانیتێر، بۆ نموونە ئەگەر دراوسێی منی نەتەوەی کورد، قەومی فارس و تورکی بیابانی بن کە لە هیچ هەوڵێک بۆ کوشتن و بڕین و سەرکوت و ژێردەستە کردن و ژینۆسیدی من ناپرینگێنەوە، گەلۆ چارم چیە؟

مخابن بەپێچەوانەی ئەوەی کە مەزندە دەکرا کە بە پێشکەوتوو و مۆدێرن بوونی خەڵکان سەر جیهان، ئاشتی زیاتر دەبێ و لێکتری پرینگانەوە کەمڕەنگتر دەبێ، ڕێک کەرستەکانی جیهانی پێشکەوتوو بوون بە ئامرازێک بۆ نەتەوە و قەومە زاڵەکان تا ژێردەستە و کەمینەکان باشتر بسڕنەوە، بۆ نموونە چاو لە میدیاکان و یان فەیسبووک بکەن، قەومی فارس و تورک و بەشێکی زۆری عەڕەب، چ نەما بۆ سڕینەوەی کورد نەیکەن، کەواتە ئامرازەکانی ئەو جیهانە پێشکەوتووە بە جۆرێک لە جۆرەکان، سنووری نێوان دراوسێکانیان زیاتر و قووڵتر کردووەتەوە.

بەڵام کورد تا ئێستاش نە لەو جیهانە تێگەیشتووە و نە بەپێی ئەو جیهانە هەنگاوی ناوە، نە تاک و نە حیزبی کوردی تا ئێستاش سیاسەت و ژیانی خۆیان لەسەر “لە هەمبەری یەکتری بوونی ئێمە و ئەوان، دۆست و دوژمن” دانەناوە، تا ئێستاش ئەوانی تری حیزبێک، حیزبێکی تری کوردیە نەک دوژمن. ئەگەر چاو لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بکەین، دەبینین کە لە کاتی دانیشین لەگەڵ ئێرانیەکان، خۆیان و فارسەکان پێکەوە بە “ئێمە” ئەژمار دەکەن “ئێمەی ئێرانی”، “ئێمە ئێرانیەکان”، “ئێمە دژبەرانی ڕژیم” بەڵام فارسەکان تا ئێستاش ئێمە و ئێوە یان ئێمە و ئەوان ـیان هەیە، ئەوان دەزانن خۆیان کێن و ئێمە چین بەڵام ئێمە تا ئێستاش لە ڕووی سیاسەتێکی کلاسیک و بە میکانیزمێکی لاواز و خۆ بەکەمزانیەوە لە پرسەکاندا بەشداری دەکەین لە کاتێکدا هەم خەڵکەکەمان خۆی یەکلایی کردووەتەوە و هەم حیزبەکانمان لە هەر ڕوویەکەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەهێزترن و بڕشتیان زیاترە.

لێرەدایە کە چاری کورد بەخۆدا چوونەوە و لە خۆ ڕامان و پێناسە کردنی ئێمە/ئەوان و دۆست/دوژمن ـە، ناکرێ دوژمنی حیزبێکی کوردی، حیزبێکی تری کوردی بێ تەنانەت ئەگەر سیاسەتەکەشی هەڵە بێ و گرێ پووچکەی تێدا بێ، لە زۆربەی کاتەکاندا، دوژمن دەبێ لێکمان نزیک بکاتەوە، واتا کاتێک کە هەڕەشە لەسەر ئەوی تری کوردە، دەبێ ئەوی ترمان دوژمنی داگیرکەر بێ و لێرەشدا هیچ ئیستسنا و دەرهاویشتنێک لە ئارادا نیە و نابێ ببێ.

ئێستاش کە هێرش بە ڕواڵەت بۆ سەر پ ک ک دەستی پێکردووە دەبێ حیزبەکانی تر بزانن کە لێرەدا ئەوی تر یان دوژمن، فارس و تورکن کە حکومەتەکانیان، نوێنەری فکر و هزری فاشیستیی خەڵکەکانیانن، تەنانەت ئەگەر نوێنەری هەندێ پرس و باس و خواسیشیان نەبن، لێرە دایە کە یەکگرتوویی، کاری هاوبەش، بەرنگار بوونەوەی پێکەوە و ….هتد، پێویستە، ناکرێ حیزبێک لای وابێ کە ئەوە ئەوی ترەکەی لەناو دەچێ و ئەویش دەبێ لە دوورەوە چاوی لێ بکا.

جگەر خوینی مەزن لەمێژە ئەو باسەی بۆ یەکلایی کردووینەوە:

ئەگەر ئەم نەبین یەک

ئەمێ هەرین یەک ب یەک

ئەگەر نەبین بە یەک و یەکگرتوو نەبین، یەک لە دوای یەک، تێدا دەچین. لەوما سیاسیی کورد نابێ ئەوەندە ساویلکە بێ کە لای وابێ هێرشەکە تەنیا ۆ سەر حیزبێکە و پاڵی لێ بداتەوە تا ئەو تێدا بچێ چون دواتر سەرەی ئەوە، ئامانجی دوژمن گرتنی قەندیل وەک تەنیا شوێنی داگیرنەکراوی خاکی داگیرکراوی کوردە و گیرانی بەواتای لە ناو چوونی خەباتی چەکداری و لە ئەنجامدا خەباتی کوردە، نە زیاتر و نە کەمتر.

هەڵمەت مەعرووفی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی