"an independent online kurdish website"

ك 24– هه‌ولێر: هه‌سه‌ده‌ به‌ میوزیكی سرووی ئه‌ی ره‌قیب سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كیی به‌ سه‌ر داعش و شكستی كۆتایی ئه‌و رێكخراوه‌ی له‌ باغۆز راگه‌یاند،


 له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا هه‌سه‌ده‌ داوای له‌ حكوومه‌تی سووریا كرد، له‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌واندا، ددان به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ردا بنێت، داوای له‌ توركیاش كرد، ته‌واوی هێزه‌كانی له‌ سووریا بكشێنێته‌وه‌.

له‌ رێوڕه‌سمێكدا له‌ باغۆز، كه‌ بۆ به‌ فه‌رمی راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌ سه‌ر داعشدا ساز كرابوو، مه‌زڵوم عه‌بده‌، فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌، داوای له‌ حكوومه‌تی سووریا كرد، له‌و ناوچانه‌ ددان به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ردا بنێت، كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌وان دایه‌‌، هه‌روه‌ك داوای له‌ توركیاش كرد، چیتر ده‌ست نه‌خاته‌‌ كاروباری ناوخۆی سووریا و سه‌رجه‌م هێزه‌كانیشی له‌ناو خاكی وڵاته‌كه‌یان بكشێنێته‌وه‌.

عه‌بده‌ گوتی: “ئێمه‌ خۆشحاڵین به‌و ده‌ستكه‌وته‌ و رزگاركردنی 5 ملیۆن كه‌س له‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی 52 هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ی خاكی وڵات”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی رابردوودا، 11 هه‌زار شه‌ڕڤانی هه‌سه‌ده‌ له‌ شه‌ڕه‌كاندا كوژراون و 21 هه‌زاری دیكه‌ش بریندار بوون، وێڕای ئه‌و سڤیلانه‌ی له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.

فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌ سوپاسی هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیش كرد و قۆناغێكی نوێی جه‌نگی دژ به‌ داعشی راگه‌یاند، به‌ ئامانجی له‌ناوبردنی شانه‌ نهێنییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ ته‌واوه‌تی.

له‌ سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، كینۆ گابریێل، وته‌بێژی هه‌سه‌ده‌ رایگه‌یاند، “ئه‌مڕۆ به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی ته‌واو و كۆتایی به‌ سه‌ر داعش و شكست و كۆتاییهاتن به‌ خه‌لافه‌تی ئه‌و رێكخراوه‌، كۆبووینه‌ته‌وه‌”.

گابریێل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، “به‌ هاوكاریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی شكستمان به‌ رێكخراوی داعش له‌ دوایین مۆڵگه‌كه‌ی له‌ باغۆز هێنا”.

ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات “هه‌سه‌ده‌” سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كیی به‌سه‌ر رێكخراوی داعشدا له‌ دوا مۆڵگه‌ی له‌ شاره‌دێی باغۆزی سه‌ر به‌ پارێزگای دیرزووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا راگه‌یاند.

H.B

…..

پ م نیوز: بە پێی هەواڵی وێستگه‌ نیوزـ  وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ داواكارییه‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، په‌رله‌مانتارێكی سوریا رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی دیمه‌شق هیچ ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمیی بۆ كورد قبوڵ نییه‌. لە کاتێکدا کورد داعشی لە سوریە روخاند و حکومەتی سووریە قەت توانای روخانی ئەم هێزە تێرۆریستە نەبوو. ئێستا دوای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بزانین وەزعی کورد لە خۆرئاوا بە کوێ دەگا دوای دانی ئەم هەمووە شەهیدە.

 

وێستگه‌ نیوزـ: هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) پێشنیازی ئه‌وه‌یان بۆ حكومه‌تی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د كردوه‌ دان به‌ ئیداره‌ی خۆجێی ئه‌و ناوچانه‌دا بنێت كه‌ له‌ باكور و خۆرهه‌ڵاتی سویا له‌ژێرده‌ستی شه‌ڕڤانانی كوردن.

لە وه‌ڵامی بۆ ئه‌و پێشنیاز و داواكاریەشدا، سامر محه‌مه‌د دبس، په‌رله‌مانتاری رژێمی سوریا به‌ سایتی سپۆتینك-ی راگه‌یاندوه‌: پرسی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد له‌لای ده‌وڵه‌تی سوریا مایه‌ی قبوڵ نییه‌ و به‌ته‌واوی ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

دبس جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ و وتویه‌تی: سوریا وه‌ك یه‌ك ده‌وڵه‌ت و له‌ژێر سایه‌ی یه‌ك حوكمڕانیدا ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌موو بسته‌خاكێكی سوریاش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی شه‌رعیی دیمه‌شق.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 23ی ئازاری 2019، (هه‌سه‌ده‌) سەرکەوتنی تەواوەتییان بەسەر داعشدا راگەیاند و له‌وبایه‌وه‌ مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی سوپای دیموکرات وتی:”ئەمرۆ کۆتایی هاتنی تەواوەتی‌ داعشتان پێ رادەگەیەنین و شەڕیشمان لە دژی‌ تیرۆر و داعش بەردەوام دەبێت تاوەکو ڕیشەکێشکردنی تەواوەتی‌“.

لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر داعش لە سوریا مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هەسەدە ئاشکرایکرد “لە شەڕی دژی داعشدا 11 هەزار شەڕڤانمان شەهید بوون”، ئاماژەی بەوەشدا “پێنج ملیۆن هاوڵاتی سوریایان لە دەستی‌ تیرۆر ئازادکردووە“.

دەربارەی هاوکارییەکانی ئەمریکاش وتی “داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی‌ داعش دەکەین، هاوکاری زیاترمان بکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی‌ شانە نوستووەکانی‌ داعش و سوپاسگوزاریانین بۆ هاوکارییەکانیان لە شەڕی دژی داعشدا“.

 

هه‌سه‌ده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ سه‌ره‌ڕای شكستهێنان به‌داعش، به‌ڵام هه‌ڵمه‌ته‌كانیان بۆ له‌ناوبردنی شانه‌ نوستوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

نویترین هەواڵ و بابەت