"an independent online kurdish website"

 ” گەلی کورد لە ڕۆژئاوایی کوردستان  خاکی خۆی ڕزگار کردوە و خاکی ئەوانی نەگرتووە کە لە لایەن تورکیە و ئێران و سووریەوە بەوجۆرە  دژایەتی دەکرێ و هەوڵدەدەن گەلەکۆمەی بەدژی رێکبخەن


 و ئەزموونەکەی لە نێو دەبەن” و هەڕەشەی هێرشکردنەسەریان لێدەکرێ.  پاراستنی ئەو دەسکەوتە سیاسی و  مێژوویە بێگوومان ئەرکی هەرتاکێکی تێکۆشەری خەڵکی کوردستانە و بە هێزبوونی پێگەی کورد لەو بەشەی کوردستانیشدا، دەبێتە باشترین پاڵەپشت بۆ  باشوور و سەقاگیری سیاسی و سەربازی و، دروونەوەی یەکەم قۆناخی بەرەو سەربەخۆی کوردستان.

 ئەگەر وڵاتانی دەورووبەر دژی ئەو سەرکەوتنە دەفیکری لێککۆبوونەوە و هاوکاری چڕدان و لە هەوڵی ئەوەیدان بە هاوبەشی پیلان گێڕی دژی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژئاوا ئەنجام بدەن، هەربە و شێوەیەش لازمە کوردیش بۆ بەرەبگاربوونەوە و بەرگریکردن لە دەسکەوتەکانی کە بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەل بەدی هاتووە نێوماڵی خۆی بەجۆرێك لە جۆرەکان ڕێكبخاتەوە و ناکۆکیەکان جارێ بەلاوە بنرێن هەتا پاش قۆناخی یەکجاری ڕزگاری نەتەوەیی.  بیرەکان و چاوەکان  هەمووی لەسەر ئەو خاڵە چڕبکرێنەوە کە چۆن  و بەچ ڕێگایەدا بەرگری لە خۆمان و ئەزموونەکان بکەین لە ئەگەری هێرشی سەربازی سووریە و تورکیە بۆ سەر کورد!

 هەرچەندە ئەو بیرکردنەوەیە بەداخەوە بە هۆی کولتوری زاڵی دژ بەیەکدی  و خۆ خۆری نەتەوەیی، جاڕی هەروا بە ڕوانینێکی دوورە دیمن دەبنرێ، بەڵام دەبێت بەو پەڕی پشوو درێژیەوە بەو ئاراستە نەتەوەسازی و شوناسی نەتەوەیدا کار بکرێ کە کۆدەنگی نەتەوەیی کە تێیدا ڕەچاوی یەکیەتی سیاسی و نەتەوەیی کرابێ، ئاوێتەی ئەو قۆناخە تازەیی تێکۆشان بکرێ.

هەسەدە بە وتنەوەیی سروودی ” ئەی ڕەقیب”  سەرکەوتنی خۆی بەسەر تێکشکاندنی داعش، گەورە ڕێکخراوی تیرۆریستی  ، بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ڕاگەیاند و دەستی بەسەر باغۆز وەك دوا مۆڵگەی ئەو ڕێکخراوەدا گرت.  لە کۆبوونەوەیەکی  جەماوەری و بەرفراواندا، بە بەشداری ژمارەیەك لە فەرمەندە سیاسی و سەربازییەکانی هەسەدە پەیامی فەرمی هەسەدە بەو بۆنەوە لە باغۆز لە لایەن ” مەزڵۆم عەبدە”  فەرمەندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە  بەڕاشکاوی ڕاگەیاندراو  و داوایان لە حکوومەتی سوورەیە کرد کە ڕێز لە دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبەری کورد بگرێ و تورکیەش هێزەکانی لە سووریە بکێشێتەوە و چیتر دەست لە کاروباری ئەو وڵاتە وەرنەدا و لەوەی زیاتر نەبێتە مایە بارگرژی ناوچەی و دژایەتیکردن لە گەڵ کورد بگۆڕیتەوە بە ئاشتی و پێکەوە کارکردن.

  هەر چەندە ئەو سەرکەوتنە وەك پێویست لە لایەن کورد خۆیەوە بایخی زۆری پێنەدرا و ڕەنگدانەوەی ئەوتۆی نەبووە و کە بێگوومان جێگای داخە، شۆڕشی هەر بەشێکی کوردستان ئەگەر هەنگاوێك بڕواتە بەرەوە، بەدڵنیایەوە نزیکبوونەوەی کورد لە لوتکەی ئاسۆی ڕزگاری بەرەو قۆناخی سەربەخۆی و دەوڵەتی کوردستان.

 کورد قازانج و بەرژەوەندیەکەیان هەمووی پێك گرێدراوە و هەرکەس و لایەنێك بە پێچەوانەی ئەو دێرە بیربکاتەوە، یەکێك لە خسڵەتەکانی وەك کوردێكی ڕەسەن کە تۆرەمەی خۆی دەسەلمێنێ و، دەرچوون لەو هەڵکشانە سیاسی و نەتەوەیە گوومان لە سەر ڕوانینی نەتەوەیی ساز دەبێ. هەربۆیە دڵخۆشی باشوور هی ڕۆژهەڵاتە و هی ڕۆژئاواش هی باکوورە و هەموویان بەیەکەوە دەتوانن لە دەوری یەکدی بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشبردنی خەباتەکەیان،  لە تەنیشت یەك و لە سەنگەرێكدا” سەمای ئازادی” بۆ سەربەستی کوردستان بگێڕن.

 ڕوانینی نەتەوەیی بۆ کۆی ڕووداوەکان و هاوکێشە سیاسیە ناوچەیەکان دەبێت لەسەر بنەمایەك بێ کە تێیدا بەتەواوی ڕەچاوی بەرژەوەندی سیاسی و نیشتیمانی گەلی کورد کرابێ و هیچ لایەك و سەرکردەیەکی کورد دەفیکری هەڵاواردنی یەکدی و هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستاندا نەبێ. کورد بەگشتی لە ژێر هەڕەشە و مەترسی گەورەی دوژمنان و داگیرکەرانیدایە و ئەگەر لە هەوڵی بە‌هێزکردنی کۆدەنگی نەتەوەیدا نەبێ، زیانی گەورەی بەردەکەوێ و دەسکەوتە بەدی هاتووەکانی دەکەونە مەترسی لە نێوبردن بە هۆی دەوڵەتانی دژبەری  کوردستان.

 کورد داعشی شکەست پێهینا و ئارامی و ئاسایشی بۆ زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەی گێڕایەوە و دڵی هەموویانی خۆشکرد. ئەو جار دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری کورد لە ڕٶژئاوا کە سەرکردایەتی شۆڕشێکی گەورەی دادپەروەری و پاراستنی مافی سیاسی کەمینەکان و ڕزگارکردنی ژیانی بە میلیۆنان مرۆڤی لە ژێر سایەی ڕەشی داعش لە سەرشانبوو، لە ئێستادا پاراستنی ژیان و دەسەڵاتی ئەو بەشەی کوردستان دەکەوێتە  ملی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە ڕێگری لە سووریە و تورکیە بکەن لەوەی نەکا بە خێرای هێرش بکەنە سەر کورد و ئەزموونەکەیان لە نێوبەرن.

 بێگوومان دەمێشق و ئانکارا بەو سەرکەوتنەی هێزە دێمۆکراتیکەکانی ڕۆژئاوا دڵخۆش نین و هەنگاوەکانی سەقامگیری سیاسی و ئاشتی کە ئامانجی سەرکردایەتی سیاسی ئەو بەشەی کوردستانە، بەداخەوە ئەو دوو دەوڵەت  بەزیانی خۆیان و وەك مەترسی و هەڕەشەی گەورەی لە قەڵەمدەدەن و هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای چارەکردنی ئاشتیان وەك باشترین بژاردەی کۆتایی هێنان بەو قەیرانە لە گەڵ کورددا  ، بەداخەوە لە ئێستاشدا لە  هەگبەی حکوومەتی سووریە و تورکیەدا نیە و هەر وەك ڕابردوو پەنایان بردۆتەوە بەر زمانی زبر و  چاوسوورکردنەوە و هێرشکردنە سەریان.

  هەر یەکە لە وەزیرانی بەرگری ئەو دوو وڵاتە بە زمانی هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە کورد، دەیان هەوێت بەقەولی خۆیان مەترسی لە سەر وڵات و خاکەکەیان دوور بخەنەوە و ئەو بابەتەشیان بە لە نێوبردنی دەسەڵاتی خۆبەڕیوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان گڕیداوە. هەلومەرجی سیاسی ناوچەی و گێتی لانیکەم لە ئێستادا بۆ ئەو گەلەکۆمەیە پێك نەهاتووە و هەر هەنگاوێك کە مەترسی لە سەر بەرژەوەندی ڕۆژئاوا دروست بکا، بە هۆی سی پایتەختی تاران و ئانکارا و دەمێشق، جگە زیان گەیاندن بە خۆیان، بەروودۆخەکەش بەرەو شڵژان و ئاڵۆزی فرەتر دەبن.  کەوابوو ئەو حکوومەتانە لازمە لە گەڵ کورددا، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و بە ئاشتی پێکەوە کاربکەن و کۆتایی بە ناکۆکیە مێژوویەکان بێنن.

 ئەگەر بێت و  حکوومەتی سووریە و و تورکیە بەو جۆرە ئاقڵیەتەوە بڕوانە بابەتەکە و بە ژیری دەفیکری چارەسەرکردنی پرسی سیاسی و نەتەوایەتی کورددا نەبن، کیشەکان هەر بەو جۆرە دەمێنەوە و شەڕ و پەلاماردانی کورد ، زیان بە گیانی دۆستایەتی کورد و عەڕەب و تورك دەگەیەنێت و ئەوانیش زیانی گەورەیان لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی بەردەکەوێ.  ئەمریکا و ئیسرایل و فەڕانسە و کۆمەڵێك وڵاتی تری بەهێز لایەنگری پرسی کورد دەکەن و ئەو گەلە بە موستەهەقی دەوڵەتی خۆی دەزانن و ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێ تاران و ئانکارا و دەمێشق کێچیان کەوتبێتە کەوڵی و لە هیچ کوێ عەجمینیان نەبێ و لە بەهانە دەگەڕین، هەتا نێوەرٶکی ئەو رەوتە و بارودۆخەکە بە جۆرێکی تر بگۆڕن و دژبەرانی کورد لە بەرەیەکدا رێکبخەن و شەڕ هەڵبگریسێنن.

  تورکیە خۆی وەك مەترسی لە سەر ئاسایشی گێتی  سەیر دەکرێ و لە ئێستادا خەونی گەورەی ئەوەیە کە چۆن دەسەڵاتی خەلافەتی سوڵتانی دابمەزرێنەتەوە! کەوابوو ئەو وڵاتە خۆی کیشەی کەمنیە کە هی کورد بۆ خۆی زیاد بکا. باشترین بژرادەی ئاقڵانی سیاسی بۆ حکوومەتی تورکیە ئەوەیە هەوڵبدات لە گەڵ کورددا بناخەی دۆستایەتی دابنێ و ئەو گەلە بە دژبەر و نەیاری خۆی پێناسە نەکات.

 کورد خاکی خۆی ڕزگارکردوە و خاکی ئەوانی نەگرتووە کە دژایەتی دەکرێ و هەوڵدەدەن گەلەکۆمەی بەدژی رێکبخەن. هەرچەندە لێکدانەوە و ڕوانین بۆ داهاتووی سووریە، فرە هاسان نیە کە کورد چۆن  دەتوانێت دەسکەوتەکانی بپارێزێ، بەڵام بارودۆخی سیاسی و سەربازی ناوچەی و چالاکیەکانی ئەمریکا وەك ناوەندی بڕیاری دونیا، کە پشتیووانی لە هەسەدە دەکا، وەك هێزێکی بەرچاو کە  ڕۆڵی لە تێك شکاندنی داعشدا هەبووە، پێناچێت بەو سانایە  پشتگوێ بخرێت لە لایەن ئیدارەی ترامپەوە.  بەدڵنیایەوە  سیاسەتی نوێی  ئیدارەی ئەمریکا  زیاتر لە بەرژەدەندی کورددایە و لە ئێستاشدا پەیوەندیەکانی واشنگتۆن و ئانکارا بە جۆرێك تێکچووە، چاوەڕوانناکرێ بەو هاسانیە، بارودۆخەکە بەرەو باشی بڕوا و کورد فیدای خوانێکی بچکۆڵانەی نێودەوڵەتی بکرێتەوە.

 چوونکی ئەو فیکرەش لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتیدا هەتا دێت زیاتر گەشەدەکا و زۆرێك لە ناوەند و میدیای کاریگەر و ناسراوی نێو دەوڵەتیش لایەنگری دەوڵەتی کوردی و بە‌ هێزکردنی کورددان، وەك نەتەوەیەك کە بەتەواوی لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینیەوە لە فارس و تورك و عەڕەب جیایە و کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و ئاشتیخواز و و دادپەروەرن و دژی تیرۆرن.

  زۆر دژاورە تێبگەین رووداوەکانی سووریە و دەسەڵاتی خۆ بەڕیوەبەری کورد لەو بەشەی وڵاتدا بەرەوکوێ دەڕوات. چوونکی ماوەیەکە وڵاتانی دژ بەری کورد و سیاسەتی  هەسەدە دەستیان بە هێندێك جووڵەی سیاسی و سەربازی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی دەمییشق دا کردوەو هەر یەکە لە سووریە و تورکیە بە جیا دژایەتی خۆیان  لە بەرامبەر کورددا دەر بڕێوە و بێگوومان مسکۆش وێڕای تاران لەو پیلانە نوێ یەدا بەشدار و ئاگادری ئاڵۆگۆڕەکانن. کورد لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەلێك هەستیار و گرینگی میژووی خۆیدایە لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەگەر ئەمریکا لەو پڕۆسەیە بڕواتە دەرەوە و هێزەکانی بەتەواوەتی لە سووریە بکێشیتە دەرەوە، بارودۆخی دژوارتر بۆ هێزە سیاسی و شٶڕشگێرەکانی هەسەدە دێتەبەرەوە و ئەو هێزەش بەتەنیا ناتوانێ شەڕی ئەو سێ جەمسەرە بکا.  

 

محەممەد سلێمانی

24.03.2019

 به‌ سروودی ئه‌ی ره‌قیب كۆتایی یه‌كجاره‌كی داعش راگه‌یه‌ندرا و حکومەتی سوریەش لە دانی مافی کورد خۆی دەبوێرێ

نویترین هەواڵ و بابەت