"an independent online kurdish website

 خۆشەویستی بنەمای ژیـانە، کۆمەڵە هەستێکی سۆزداریی ئەرێنییە، هەستێکی ناسکە کە گوزارشت لە لایەنی مرۆڤـایەتی مـرۆڤ دەکـات، سـۆزدارییەکە وادەکات کە مـرۆڤ هەست بە خـۆشی و بە دەروون ئاسـوودەیی بکـات، کارتێکـردنێکی بەهـێزیشی هـەیە.


کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی ناتوانن بە بێ خۆشەویستی هەڵبکەن و دڕێژە بە پێکەوەژیان و بە پەیوەنـدییەکـانیان و بە هـاوسەنگی بـدەن.

(ڤیکـتۆر هـۆگـۆ) دەڵێت:”ژیـان گـوڵە و خۆشـەویستـیش شـیلەی گوڵـەکـەیە

تیۆرە دەرۆنییەکـان جەخت لەسەر گـرنگی خۆشـەویستی دەکـەنەوە، کە چەند پێویستە لە ژیـانی مـرۆڤ دا. خۆشەویستی رێگایەکە بۆ گەیشتن بە هـاوسەنگـییەکی دەروونی.

(فـرۆیـد) دەڵێت:” زۆر پێویستە، کە پێویستیـیە دەروونییەکـان مەسـت بکرێن، چونکە

هەستکردن بە بۆشایی دەروونی، دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی هەستکردن بە ناتەواوی و بە خۆبەکەمـترزانین و دڵـەڕاوکی و رەشبینی. ئەم هەسـتە نەرێنیـیانەش ئامادەیی بۆ

لە رێ دەرچوونی تاک و دووچاربوون بە رەوشتێکی دیاریکراوی ناپەسەنـدی ئـەدەبی و کۆمـەڵایەتی

منـداڵان پێویستیی دەروونی زۆریـان هەیـە، پێویسـتە مەستـیان بکـەین، بۆ ئـەوەی بە شـێوەیەکی باشتر گەشـەبکەن و هـاوسەنگ دەروون بن، لە تێکچـوونی دەروونی و لە رەوشت و رەفتاری ناپەسەنـد بیان پارێـزین، تا کەسایەتیی دروستـیان لێ بێنە کـایەوە.

گەورەتـرین خواسـت و بەرزتـرین هـیوای منـداڵان، ئـەوەیە کە سـۆز و خۆشـەویستیی دایکـان و باوکـانیان بە دەسـت بهـێنن، بە تایبـەتیش سـۆز و خۆشـەویستیی دایکـانیان، چونکە خۆشەویسیی دایکان فـریاڕەسە بۆ ئـەوەی کە منداڵەکـانیان لە هەمـوو تـرس و دڵەڕاوکێ و نائارامییەک رزگاریان بکات. خۆشەویستیی دایکان گەشبینی و هەستکردن بە ئـارامی و دڵنیایی و ئاسوودەیی بە منـداڵان دەبەخـشێت.

(ئیدمـۆنـد گۆڵـدن) دەڵێت:” کە دایـکم منی خۆشـبوێـت.. منیش جیـهانم خۆشـدەوێـت

منـداڵان هـەر لە دایکـبوونەوە پێویستیـیان بـە سـۆز و خۆشــەویستی هـەیە. دایکانیش یەکەمین سەرچـاوەی کانیـاوی هەمیشە خـوڕی سـۆز و خۆشەویستین بۆ منداڵەکانیان.

بۆ ئەوەی منـداڵان بگـەنە قۆنـاغی خۆشـەویستیی کۆمـەڵ و خەڵکـانی تـر، پێویستە لە پێشا بە قۆنـاغی خۆشەویستیی خێزانەکانیان دا تێپەڕن. خۆشـەویستی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی کە منداڵان گۆشەگیر نەبن و تێکەڵ بە کەسـانی تر ببن و هەستـیش بە هەسـتی کەسـانی تـر بکـەن. ئەمەش هـاوسەنگیـیەک دروسـت دەکـات بەرانبـەر بـە هەڵـوێستە جیاوازەکاـنی ژیـان. بە تایبەتیش پەیوەنـدییە کۆمەڵایـەتییەکان.

گرنگترین شت لە پەروەردەی نوێ دا خۆشەویستی یە، پێویستە بە شێوەیەکی راست و دروسـت بیقـۆزنـەوە بـۆ یارمـەتـیـدان و پاڵـپشتکـردنی منـداڵەکـانتان. ئـەو خواســت و مەبـەست و ئامانجـانەی کە بـە تونـدوتـیژی و بە چـاوسوورکردنەوە نەتان هـێنانە دی، دەتـوانن بـە ئاسـانی بـە خۆشـەویستی بیـان هێنـنەدی.

خۆشەویستی ئەو کلیلە ئەفسووناوییەیە، وا لە منـداڵان دەکات کە کراوە و گەشبین بن، دڵنـیایی و ئارمیشیان پێـدەبەخـشێت و ژیـان و داهـاتووشیان لا شـیرینـتر دەکـات.

پـەروەردەی ئەرێـنی جەخـت لەسەر رێبازە ستراتیژییەکـان دەکات، بۆ هانـدانی منداڵان لـە رێی خۆشـەویستیـیەوە، نـەک لـە رێـی تـرس و سەرکوێـرکـردن و لـۆمە و ســزا و لەدەستدانی خۆشەویستی.. لە رێی رێـز و ئازادییەوە، نەک لە رێی سەرکوتکـردنەوە.

ئامانجی پەروەردەی ئەرێنی، دروستکردنی نەوەیەکی نوێی بڕوابەخـۆی لەسەرخـۆ و هێمن و ئـارامە، روحی هاوکـاری و رێزگـرتن و یەکـتری قبوڵکـردنیان لێ دەڕوێنێت.

پێویستە ئەوەش بزانن کە خۆشەویستی بە تەنیا بەس نییە کاتێک کە دایکان و باوکان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دا هەڵەدەکەن، ئەمە ئەوە ناگـەیەنێت کە منـداڵەکانیان خۆش ناوێـن؛ بە کورتی هۆیەکەی ئەوەیە کە نابـەڵەدن لە گـرتنەبەری رێگـای باشتر.

گەر دایکـان و باوکـان لە پێویستی و پێداویستییەکانی منـداڵەکانیان تێنەگەن، ناتـوانن لێیان تێبگەن، کە لە ئەمـڕۆدا چـییان دەوێت. لەوانـەیە خۆشـەویستییان پێ ببەخـشن، بـەڵام بە رێگـایەکی بێ سوود بـۆ گەشەکـردنی منـداڵەکـانیان.

زیـادەڕۆییش لـە خۆشــەویستیی منـداڵان و نووقـمکـردنیان لە نـاز و ملكـەچکـردن بۆ دابینکردنی هەموو داوا و وڕگرتنێکیان هەڵـەیە، زیانەکـانی لە زیانەکـانی تونـدوتـیژی کەمتر نیین. مندڵانی فره نازپێدراو و نوقمبووی خۆشەویستی، لامێژدەبن و فێری ئەوە دەبـن کـە پشـت بـە تواناکـانی خۆیـان نەبەسـتن، چـیش داوابکـەن بۆیـان دابیـن بکـەن. ئـەم منـداڵانە کە پشـت بە کەسـانی تـر دەبـەستن بـە تایبەتیش بـە دایکـان و باوکـانیان، ئـەو منـداڵانەن کە منـداڵانی تـر دەچەوسسێننەوە و ستەمیـان لێـدەکەن و پێیان وایە کە دەبێت هەمـووان لـە خـزمەتی ئەوانـدابن.. دووریش نیـیە کـە دووچـاری نـێرگـزی ببن.

پێویسـتە دایکـان و باوکـان میانـڕەوبن و بەڵانـسی خۆشـەویستیـیان بـۆ منـدالـەکـانیان رابگرن. وا بکەن کە منداڵەکانتان لە راپەڕانـدنی کارەکانیان دا پشت بە خۆیان ببەستن. گەر کـارێک خۆیـان بتوانن ئەنجامی بـدەن ئێوە بۆیان مەکەن، با هەڵە بکەن یا جارێک و دوو جـار شکـست بهـێنن، بـا لـە هـەڵـە و لـە ئـەزموونەکـانیان وانـە و پەنـد فـێرببن. بـەڵام هـەردەمیش ئـەوە لەبەرچـاوبگـرن، کـە رێگـای خـۆشـەویستی و نـەرم و نیـانی باشـترە لـە تـووڕەیی و تونـدوتـیژی و تـرس و چـاوسوورکـردنـەوە لـە منـداڵەکـانتان.

بێ بەشبوونی منـداڵان لە سۆز و خۆشـەویستی و نـازی دایکـان و باوکـان، هۆکارێکە بـۆ تێکچوونی باری دەروونی ئەو منداڵانە، تووشی ترس و دڵەڕاوکێ و خۆبەکەمزانین و گۆشەگیری دەبـەن.. رەفـتاری نـادروست و رەوشـتی ناشـیرین و کـاری ناپەسەنـدیان لێـدەوەشێـتەوە، وەکو: درۆ، دزی، توندوتیژی، شەڕانگـێزی، رەفـتاری بـەدەر،…هتد.

گەلێ لە لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکـان، گەیشـتوونەتە ئەو ئەنجـامەی کە پەیوەنـدییەکی بەهـێز هـەیە لـە نێـوان بێ بەشـبوون لە خۆشـەویستی و لە رەوشـتی دۆژمنکـاری لە منداڵان دا. ئەو منداڵانەی بێبەشن لە خۆشەویستی، لە خوێنـدنیش دا سەرکەوتوو نین. گەر منداڵان لە کەشوهەوایەکی بێ سۆزداری و بێ خۆشەویستی و بێ نازی دا بژین، لە خێزانانی توندوتیژی ناکۆکی شەڕ و ئـاژاوەدا چاوبکەنەوە. فـێری دوژمنایەتی و ناڕێزی و دڵـەڕاوکێ و تونـدوتیژی و سەرگـەردانی و رەفـتارخـراپی و خـووی ناپـەسەنـد دەبـن. زووش هەڵـدەچـن و تووڕە دەبن.. چالاکییەکـانیشیان کەمن و گۆشەگیریش دەبن و نابن بە کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و روحی هـاوکـاری و سـازان و تێکەڵـبوونیشیان لاوازە.

گۆشکردن و پەروەردەکـردنی منداڵان بە خۆشەویسی، زۆر گرنگ و پێویستە، هەستی ئاسوودەیی و دلنیایی و خۆشبەختی و خۆشی و شادییان پێ دەبەخشن.. ئەمەش هاندەر و پاڵنـەرێکی بەهـێزە بـۆ ئـەوەی کە منـداڵان هـەردەم گەشـبین بـن و لە خوێـندن و لە ژیانیـان دا سەرکـەوتـووبن و ئاینـدەیان گەشـبێت.. پـردێکی پەیوەندی و خۆشەویستیی بەهـێزیشە لە نێـوان منـداڵان و دایکـان و باوکـانیان دا.

رێگاکانی گوزارشکردن لە خۆشەویستی بۆ منداڵان:

دەکرێت دایکـان و باوکـانی دڵسۆز لە میـانەی کۆمەڵە رێگـا و شـێوازێکەوە، گـوزارشت لـە سـۆزداری و خۆشەویستیان بۆ جگەرگۆشەکـانیان بکەن. گرنگترین رێگاکـانمان لەم خـاڵانـەدا چـڕکـردوونەتـەوە.. هـیوادارم دایکـان و باوکـان سوودیـان لـێوەربگـرن:

١ـ بانگکـرنی منـداڵ بە ناوێکی خۆشـەوە: دەڵـێن منـداڵی خۆشـەویست نـاوی زۆرە. پێویستە بە ناوێکی خۆشەوە بانگی منداڵەکانتان بکەن، وەکو(میـنا گیان، شیرکۆ گیان، پەپوولەکەم، بەرخۆلە جوانەکەم، کوڕە شیرنەکەم، خونچەگوڵەکەم، کچـۆلە نازدارەکەم، دڵەکەم، خۆشەویستەکەی دایە و بابە، چرای گەشی ماڵەکەمان، هیوای شیرینم،…هتد)

٢ـ گـێڕانەوە یا خوێنـدنەوەی چـیرۆک و هەقـایەت: خوێندنـەوە یا گـێڕانەوەی چـیرۆکی خۆش، بە گوزارشتە لە خۆشەویستی بۆ منداڵان دادەنرێت. منداڵان هەست بەوە دەکەن کە دایکـانیان بایـەخـیان پێـدەدەن و خوشـیان دەوێـن، بۆیـە چیرۆکـیان بـۆ دەگـێڕنەوە.

٣ـ یاریکردن لەگەڵ منداڵان: تێکەڵ بوون و هاوبەشیکردن لە یارییەکانی منداڵەکانتان، هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە بە منداڵەکانتان کە خۆشەویستن و سۆز و خۆشـەویستییەکی زۆرتـان بۆیـان هـەیە و بەشـداری یـاری و شـادییان دەکـەن.

(جاکسۆن براون) دەڵێت:” کـاتی یاری و گەڕانی منداڵەکانتان دوامەخەن، چونکە چۆن کات بۆ ئێـوە گـرنگە، ئەو کاتانەش بـۆ ئـەوان گرنگـن

٤ـ بەرزڕوانین لە وێنەکانی منداڵەکانتان: گرنگی دان بە تابلۆکانی منداڵەکانتان و دیاری کردنی شوێنێکی تایبەت لە ماڵەکانتان بۆ هەڵواسینیان، بەڵگەیە بۆ زۆر خۆشەویستیتان بۆ منداڵەکانتان و بۆ ئارەزووەکانیان. ئەم باخەپێـدانەتان بە تابلۆکانیان، پەیامێکی ترە بـۆ هەسـت کـردنیان بـە خۆشـەویستی و هانـدان و بـەرز هەڵسەنگانـدنی تابلۆکـانیان.

 

٥ـ بەرزنـرخانـدنی کـار و داهێنانەکـانیان: پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان لە ماڵەوە، کاری ساکار و ئاسان بە منداڵەکانتان پسپێرن، وەک رێکخستنی ژوورەکانیان، ئاودانی گوڵەکان، قاپ دان و لابردن لەسەر خوانی نان خواردن، یا هەر کارێکی گونجاو لەگەڵ تەمەنیان دا، کە ئەنجامیان دا، ئافـەرین و دەستخـۆشیان لێبکەن و سوپاسـیان بکەن.

گەر کارێکی داهێنەرانەی ساکاریشیان ئەنجامدا، پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لێبکەن و هانیان بـدەن کە درێـژە بەم کارە سەرکەوتوویانەیان بـدەن و هیـوای داهـێنانی تـازە و گەورەتریان بۆ بخوازن. لە پاداشتی ئەو کارە داهـێنانەش دا خەڵاتیان پێشکەش بکەن، گەر خەڵاتـێکی ساکـاریش بێت. ئـەم هەڵوێستانەتان پەیوەنـدی و خۆشەویستیی نێـوان ئێوە و منداڵەکـانتان شیرنتر و بەهـێزتر دەکات.. منداڵەکانیشتان بڕوایەکی زیاتریان بە بەهـرە و تواناکانی خۆیان دەبن. لە بارەی گرنگی هانـدانی منداڵان (رۆدلف دریکۆرز)

دەڵێت:”منداڵان پێویستییان بە هانـدانە.. وەکو چۆن رووەکەکان پێویستییان بە ئـاوە” 

٦ـ لەبیرکـردنی هەڵەکـان: لەبیرکـردنی هەڵەکانی دوێنێ و کردنەوەی لاپەڕەیـەکی تـازە بۆ منـداڵەکـانتان، وەکو بەڵگـەیەکی بەهـێز وایـە لە دایکـان و باوکانیانەوە، لە سـۆز و خۆشـەویستیـیان بۆ منـداڵەکـانیان.

٧ـ بەسەربـردنی کـاتێکی خـۆش: پێویستە کە کـاتێکی خـۆش لەگـەڵ منـداڵەکـانتان دا بەسەربەرن، گەر ژەمە نان خوارنێک بێت لە دەرەوەی ماڵ، یا ماویەک ورزش کـردن یـا ئـارەزوویەک پێـکەوە، یـا دەرچـوونێکـیش لەگـەڵ منـداڵەکـانتان بـۆ پیاسەکـردن لە رێگـایەک دا، یا لە باخچـەیەکی نـزیکی ماڵەکـانتان بێت، بە پێکەنین و سوعـبەت و بە قسـەی خـۆش، ماوەیـەکی خـۆش بە سەربـەرن.

 

٨ـ نووسینی دەستەواژەی تۆمان خۆشـدەوێت: پێویستە دایکـان و باوکـان لەسەر پارچە کارتۆنێکی بچکۆک دا بنـووسن “تۆمان خۆشدەوەێت” لە لای قەرەوێڵەکانئ ژوورەکانی نووسـتنی منداڵەکـانیان هەڵـیان واسن. هەر کاتێک منداڵەکـانیان لە خـەو هەسـتن و ئەو نووسینە ببینن.. هەست بـەوە دەکەن کە دایکان و باوکانیان خۆشـیان دەوێـن.. پێویستە

جـاروباریش رووبـەڕوویـان بە زاری پێـیان بڵـێن “تۆمـان خـۆشـدەوێت

٩ـ لە باوەشکـردن و ماچکـردنی منداڵەکـانتان: منـداڵان هەموو کاتێک پێویستییان بە لە باوەش کـردن و بە ماچکـردن لە لایەن دایکـان و باوکـانیانەوە، هـەیە. باوەشی دایکان، باوەشی سۆز و خۆشـەویستیە، باوەشی ئـارامی و ئاسوودەیی و دڵنیاییە. ئەم لە باوەش کـردن و ماچکردنەی منداڵەکانتان زۆر بەسوودن لە رووی دەروونییەوە.. منداڵەکـانتان وا هەسـت دەکـەن و وا دەزانـن کـە ئـێوەی دایکـان و باوکـانیان زۆر خـۆشـتان دەوێـن.

)شکسپیر) دەڵێت:” لە جیهان دا، سەرینـێک نییە کە لە باوەشی دایـک نەرمـتر بێت

)سوکـرات) دەڵێت:”هەرگـیز هەسـت بە دڵـنیایی ناکـەم، تەنیـا ئـەو کاتـانە نەبێت کـە لە باوەشـی دایـکـم دام

)ڤـۆڵـتێر) یش دەڵێت:”تەنیـا شـوێن کە دەتـوانم سەرم بخـەمە سـەری و بە دڵـنیایی و ئاسـوودەیی لەسـەری بنـووم.. ئـەوە بـاوەشی دایـکـمە

)بنیامـین ویسـت) دەڵێت:”ماچـێکی دایـکـم، کـردمی بـە هـونەرمەنـدێکی جیـهانی” 

 ١٠ـ بیرکردنەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی: فێرکردنی منداڵەکانتان کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بیربکەنەوە، لە میانەی گۆڕینی شێوازی لۆمەکـردنییان . بۆ نموونە: کاتێک کە یەکێک لە منداڵەکـانتان لە قوتابخـانە بە جلـی پيسەوە دەگەڕێتەوە بۆ مـاڵەوە، دەبێت دایـکی بە شـێوەیەکی ئاسـایی و لەسەخـۆ پێی بڵێت:” وا دیـارە کـە ئەمـڕۆ رۆژێـکی خۆشـتان لـە قوتابخـانەدا بەسـەر بـردووە” نەک لێی تـووڕەبێت و لۆمـەی بکـات و پێی بڵێـت: ” بە ناخـێری گـیانـت چیت کـردووە وا جلەکـانت پیس کـردوون” ئـەم شـێوەیە راست نییە.

١١ـ رێزگرتن لە منداڵەکانتان: هەرگیز منداڵەکانتان مەشکێننەوە، لە بەردەم هـاوڕێ و خەڵـکی دا، لۆمـەیان مەکـەن و قسەیـان پێ مەڵـێن و لێـیان تـووڕە مەبـن و هەسـتیان برینـدار مەکەن. هەرگـیز جیـاوازیش لە نێوان منداڵەکانتان مەکەن وەکو یەک خۆشتان بوێن.. رێـزگرتن لە منـداڵاکـانتان گوزارشـتە لە خۆشـەویستیتان بۆیـان.

١٢ـ پێویستە دایکان و باوکان ببنە نموونە بۆ منداڵەکانیان: خۆشەویستی و رێزگرتنی نێوان دایکان و باوکان و ماڵی پڕ لە ئاشتی و تەبایی، رەنگدانەوەیەکی ئەرێنیی باشیان لە منداڵان دەبن، چونکە منداڵان چاولێکەرن و چاو لە دایکان و باوکانیان دەکەن.

١٣ـ لە یادەکانی ساڵـڕۆژی (جەژنی لەدایکبوون) و (رۆژی جیهانی منداڵان) پێویستی و پێـداویستیـیەکـانی ئـاهـەنگـێڕان بـۆ منـداڵەکـانتان دابیـن و ئامـادە بکـەن و بـە گـەرمی پیـرۆزبـاییـان لـێبکەن و دیـاریی شـیاوایـان پێشـکـەش بکـەن. ئەمەش گـوزارشـتە لـە دڵسـۆزی و لە خۆشـەویستیـتان بۆیـان.

دایکـان و باوکـانی دڵسۆز، گـرنگ ئەوەیـە کە بـزانن ئەرکێکی زۆر پیرۆز و قورسـتان لە ئەستۆدایە لە گۆشکردن و پەروەردەکـردنی دروستی جگەرگۆشەکانتان، لە چـاندن و شیرین کردنی سـۆز و خۆشـەویستی و رەوشتی بـەرز و لە بنیاتنانی کەسایەتی دروست و سەرکەوتووی منداڵەکانتان.. کە هـیوای داهاتووی کوردستانی نیشتمانی شیرینمانن

رەزا شـوان

نەرویـج: ٢٦ی/ ئادار/٢٠١٩

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی