"an independent online kurdish website

 زۆرێ ھاوڕێ و ھاوڕێبازم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینی کە دڵخۆشی خۆیان لە سێڵاو و کاولکارییە سروشتییەکەی شارە غەیرەکوردەکانی ئێران دەرئەبڕی و وەک کردەیەکی پێشکەوتوانە شانازیشیان بەو ھەڵویستەیانەوە ئەکرد!


ھەڵبەت من بڕوام نیە ئەو ھەڵویستانەیان بە باوڕ ورامان و تێفکرینەوە بووبێ. چونکی ئەگەر وابێ، ئەبێ لە ناخی دڵەوە پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان وەک مرۆڤ و تاکی کورد بکەین. ئاخر ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە تایبەتمەندییە جوان و بەھا و رەوشتە مرۆڤانەکان و ویژدان و ئەخلاقە جوانەکانمان وەک تاکی کورد لە وجودا مردووە.

حاشا ھەڵنەگر و مەشھورە کە کورد وەک تاک و نەتەوە، لە دێرزەمانەوە بەو تایبەتمەندییە جوانانەوە ناسراوە ھ بەردەوامیش وەک بەرزە رەوشتیی کورد یادیان کراوە. لەوانەیە ئەو تایبەتمەندییە بەرزە ئەخلاقی و مرۆڤ تەوەرانانە بووبن کە کوردیان لە نێو ئەو ھەموو بەردئاشە بێ رەحمانانەی مێژوودا ھەزاران ساڵە بە خۆڕاگری و زیندوویەتی ھێشتووەتەوە.

بێجگە لەمانەش، ئەوەی جێگای سەرنج ۆ سەرسووڕمانە ئەوەیە کە ئەو چەشنە ھەڵویستە خاو و کرچوکاڵانە لە ھاووڵاتییانی ئاسایی کورد نابینرێ. واتە داخەکە ئەوەیە کە زۆرێ لەوانەی کە بەو چەشنە کرچوکاڵە ھستی دڵخۆشبوونی خۆیان لە ماڵوێرانی و بێ خانەو لانە بوونی ئەو خەڵکە دەرئەبڕی، مۆرکی سیاسی و شۆڕشگێڕیشیان پێوەیە.

پاساوی ئەوان ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکانی دیکەی ئێران و خەڵکەکە ھەر ھەموو بە یەک چاو سەێر ئەکەن. ھەڵبەت لەوەیدا کە ئەو دەسەڵاتانە ھەڵقوڵاوی ئەو کۆمەڵگایەن، گومان نیە، بەڵام زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەش بە ھەموو رەھەندەکانیەوە خۆی چەوساوەی دەستی ئەو دێوەزمانەیە کە ئێمەشیان بەدەستەوە ئەناڵێنین و ئەچەوسێینەوە.

بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەو شێوازە دژایەتی دەربڕینەی ئەو تیپە لە ھاوڕێیانمان ھاوسانە لەگەڵ ھەمان ئەو شێوازە دژایەتی دەربڕینەی بەرپرسانی ریشپانی رێژیم دا کە تسۆنامی و بومەلەرزەکانی ئامریکا و رۆژئاوایان بە عەزابی ئیلاھی لەقەڵەم ئەدا و ناڕاستەوخۆ دڵی خۆیان پێ خۆش ئەکرد!

زۆربەی خەڵکی کوردستان خۆیان بە ھاوخەم و ھاودەردی خەڵکی ماڵوێرانی سێڵاوبردوو ئەزانی و ھەر ئەوەش لە کوردێ و مرۆڤێکی ئەخلاق و ویژدان زیندوو چاوەڕوان ئەکرێ. کەوابوو ئەو چاوەڕوانییە لە مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ کە خۆی بە پێشڕەو و پێشھەنگاوی نەتەوە و کۆمەڵگاکەی ئەزانێ، بگرە دەبێ زۆر زیاتر لە خەڵکی کۆمەڵگاکەی بێ. ئەگەر ھاتو وانەبوو، ئەوە راستەوخۆ بەو مانایەیە کە لە لایەک لە کۆمەڵگاکەی دابڕاوە و لە لایەکی دیکەشەوە پێشڕەوایەتی و پێشھەنگاویەتی و شۆڕشگێڕ بوونەکەی لە دروشمێکی بەتاڵ و پوچ بەدەر نیە.

ھەڵبەت ئەوەی کە جێگای دڵخۆشی و شیاوی ھەڵوەستەیە ئەوەیە کە ئەو کەسانە لەوانەیە لە قامکەکانی دەستو پێ تێنەپەڕن. ئەمەش یانێ تاکی کورد و نەتەوەکەی ھەر خاوەنی ئەو بەرزە رەوشت و ئەخلاق و ئاکارە جوانەن کە بە ھەزارن ساڵە ناسنامەیانە و بێجگە لەمەش، بەو ناسینەی من لە حیزبی دیمۆکرات و ھێزە شۆڕشگێڕەکانی دیکە و شۆڕشگێڕبوون و پەروەردە و ئەخلاقی خەباتگێڕییان ھەمە، گومانم لەوە نیە کە ئەگەر لەناوخۆ بووبان، ئەگەر تواناییان ھەبوایە، ئەگەر ئیمکان و دەرفەتیان بۆ بلوابایە، ھێزەکانی پێشمەرگەی بندەستیان بۆ یارمەتی و ھاوکاریی ئەو خەڵکە لێقەوماوە ئەناردە مەیدان و توانا و ئیمکانی مادییان بۆ سوکتر کردنی خەسارەکانیان تەرخان ئەکرد.

بۆیە دڵخۆشم کە نەتەوەکەم لەو کۆمەڵە کەسە ویژدان تۆپیوەدا پێناسە ناکرێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی