"an independent online kurdish website

من ئەمڕۆ لە رۆژی شەهیدانی کوردستاندا، بە کورتی باسی خەباتی رۆڵەیەکی فیداکاری نەتەوەکەمان دەکەم کە لە ریزی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، جوامێرانە تێکۆشا و ئازایانە چووە بن پەتی سێدارە


 تا هەم وەسیەتی پێشەواقازی وەدی بێنێ و هەم بەڵگەیەکی پڕ لە شانازی بۆ نەمریی خۆی تۆمار بکا. ئەم نەمرە مەحموود بەگە.

مەحموودکڵاشی ناسراو بە مەحموود دێموکرات، کوڕی حەمەتا‌هێربەگ لە بنەماڵەیەکی بەگزادەی باوەجانی ساڵی١٣٢٩ی ‌هـ (١٩٥٠) لە دێی قشڵاخی پاوە لەدایکبووە. لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، بە هۆی کێشەی سیاسییەوە، هەڵوەدای عێراق بووە و لە سامەڕا گیرساوەتەوە. لەوێ، لەگەڵ کچێکی باوک کورد و دایک عەرەب بە ناوی سوهەیلا ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە. لەو ماوەدا، وێڕای فێربوونی زمانی عەرەبی، توانیبووی زمانی کوردیش بە شێوەیەکی باش لە باری نووسین و خوێندنەوە فێر بێ. وەک ئاگادارن لە ئێرانی شا و شێخدا، خوێندن جگە فارسی بە زمانی دیکە قەدەغەیە.

دوای رووخانی رێژیمی پاشایەتی، گەڕاوەتەوە وڵات و لە ریزی حیزبدا درێژەی بە تێکۆشانی سیاسی داوە. لە شەڕی پاوە کە هاوکات بوو لەگەڵ فەرمانی جیهادی خومەینی، بە نیازی کۆکردنەوەی هێزی بەرگری دژی هێرشی بەربڵاوی رێژیم، هاتۆتە ناوچەکانی زەهاو و سەلاسی باوەجانی و قەڵخانی. لە کۆمیتە ناوچەی باینگان بوو کە کۆمیتەی سەلاس دامەزرا. هاوینی ١٣٦٠ی هـ (١٩٨١) هاتە بەمۆ و لە دوای کۆنفرانسی کۆنگرەی ٥، بوو بە بەرپرسی کۆمیتەی سەلاس. ساڵی١٣٦٢ی هـ (١٩٨٣) بوو بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی هەورامان. ساڵەکانی ١٣٦٥ ـ ١٣٦٦ ی هـ (١٩٨٦ ـ ٨٧) کرا بە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی جوانڕۆ. لە هاوینی١٣٦٦ی هـ ١٩٨٧و لە گەشتێکی تەشکیلاتی لە ناوچەی جوانڕۆ بە چاوساغی خۆفرۆشێک لە رێگای گەڕانەوەی لە شاری جوانڕۆ، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە دەست بە سەر و لە زیندانی دێزڵاوای کرماشاندا بەند کرا. سەرەنجام، لە بەهاری١٣٦٧ی هـ١٩٨٨، لە تەمەنی٣٩ ساڵیدا بە دەم خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیبەوە، سەربەرزانە چووە ژێر پەتی سێدارەی دوژمن.

کاک شەمسەددین فەرامەرزی(شەمە تینی)، باسی ئەو کاتە دەکا کە پێکەوە لە زیندانی رەجایی شەهری کەرەج هاوبەند بوون. دەڵێ: ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب بوو. زیندانبانەکان، بەندییە سیاسییەکانیان خستبووە ژێر چاودێرییەکی توندەوە. مەحموودبەگ، وێڕای ئەوەی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆری دیبوو و قەڵافەتی پیاوانەی تێکشکابوو. بەڵام ئەو رۆژە، بە ورەیەکی زۆر بەرزەوە، لە سەر ٢٥ی گەلاوێژ قسەی بۆ کردین و تەنانەت وەک جەژنە پیرۆزە، هەندێ نوقڵ و شیرینی بە سەر هاوبەندییەکاندا دابەش کرد.

کاک مەحموود جگە لە تێگەیشتوویی و لێزانی لە کاری حیزبایەتیدا، هەم قسەخۆش و هەم دەنگخۆشیش بوو. گۆرانی یارغەزالی خۆش ئەچڕی. عاشقی دەنگی ئیرەج مەهدیان بوو کە گۆرانیبێژێکی فارسە.

مەحموودبەگ، ٣کچ و ٢کوڕی بەناوەکانی(مەهاباد، کوردستان، نیشتمان، مەریوان و پشتیوان) لێ بەجێ ماوە. لەو کاتەدا کە ژیانی گەلی کورد بە تایبەت باشووری کوردستان لەوپەڕی ناخۆشیدا بوو، ئەو ٥ منداڵە بارێکی زۆر قورس بوون بە سەر شانی هاوژینی مەحموودبەگەوە. ئەنفال و شیمیایی باران و دواتر داگیرکردنی کۆیت لە لایەن سەددامەوە، ئەوەندەی دیکە قوڕەکەی بۆ ژنێکی ئاسمان جلی وەک سوهەیلاخانم خەستتر کرد. ئەو لە کاتێکدا لە نێوان کەرکووک و سامەڕادا بە نهێنی دەژیا، بە هەموو ئەو گشتە سەختی و کەند و کۆسپانەی سەر رێگای ژیان، توانی ئەو منداڵانە گەورە بکا، بە جۆرێک هەر کامێکیان ببێتە مرۆڤێکی ئاسایی و ژیانی هاوبەش پێکبێنێ.

بۆ ئەوەی زیاتر خاتوو سوهەیلا بناسین و پتر لە ژیانی هاوسەرەشەهیدەکەی ورد بینەوە، نووسەری ئەم دێڕانە لەگەڵ ئەو ئافرەتە سەربەرزەدا دواوە کە ئەمەی خوارەوە پوختەیەکە لەو گفتوگۆیە:

سوهەیلاخانم وتی: “من دایکم عەرەبی خەڵکی بەغدایە و باوکم کوردە و خەڵکی ناوچەی شوانی کەرکووکە. ساڵی ١٣٤٩ی هـ (١٩٧٠) بوو کە لە شاری سامەڕا بووین. ئەوساڵە بەیانی ١١ی ئازار پەسند کرا. لەو شارە قوتابی بووم. لە قوتابخانە لەگەڵ کچێکی کورد ئاشنا بووم. هەستم کرد، غەریبە. منیش لەو شارە غەریب بووم، بەڵام لە بەر ئەوەی دایکم عەرەب بوو و زمانەکەم دەزانی، وەک ئەو کچە هەستم بە غەریبی نەدەکرد. بەرەبەرە لەگەڵ کچ ئاشنا بووم و بووین بە هاوڕێ. تەنانەت ئەگەر منداڵە عەرەبەکان لەگەڵی بەشەڕ دەهاتن، لە سەرم دەکردەوە. ئەویش ئەمەی بۆ ماڵی خۆیان باس کردبوو. ماڵیان لە کۆڵانێکی ئەولاتری ماڵی ئێمەوە بوو. رۆژێک باوک و دایکی کچە بۆ ئەوەی سپاسی من بکەن و لەگەڵ ماڵەوە ئاشنا بن، هاتن بۆ ماڵمان. ئەم کچە، کچی حامیدبەگ، براگەورەی مەحموود بوو. دەرکەوت ئەم بنەماڵەیە لە بەر کێشەی سیاسی پەڕیوەی عێراق بوون. مەحموود لەو کاتەدا لەگەڵ حیزب پێوەندی هەبوو. بەڵام حامی بەگ خۆی بە لایەنگری تەیموور بەختیار دەزانی. دوای ئاشنابوون و ئامەشۆی یەکتر، لەگەڵ مەحموود یەکترمان ناسی. ئەم ناسینە دەگەڕێتەوە بۆ ١٣٥٠ی هـ (١٩٧١).

مەحموود، پێی کرایەوە و لەگەڵ دایکم کەوتە گفتوگۆ و بەدایکمی وتبوو حەزی لە منە و دەیهەوێ بێتە خوازبێنیم. دایکم رازی بوو، بەڵام باوکم ملی نەدەدا و دەیگوت: ئەمانە سەر بە گێچەڵن و ئێمەش تووش دەکەن. لە باوکم ملنەدان و لە مەحموود کۆڵنەدان تا سەرەنجام ساڵی ١٣٥٥ی هـ (١٩٧٦) پێکەوە زەماوەندمان کرد. دوای رووخانی رێژیمی پاشایەتی گەڕاینەوە بۆ رۆژهەڵات. لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی خومەینی دژی کوردستان، مەحموود جارێکیتر لە ریزی حیزبدا دەستی کردەوە بە خەبات. ئیتر ژیانی منیش لەگەڵ ئەو بوو.

لە وەڵامی پرسیاری دوایین دیداری مەحموود بەگ، سوهەیلاخانم وتی: ” کۆتایی بەهاری ١٣٦٦ی هـ (١٩٨٧)، ماڵمان لە بنکەی کۆمیتەی شارستانی هەورامان لە گوندی دەرەتفێ بوو. ئێوارەیەک وتی خۆت کۆکەرەوە با سبەی بچینەوە بۆ ماڵی خۆتان لە سامەڕا. منیش وامدەزانی تەنیا بۆ سەردانە و دواتر دەگەڕێینەوە. رۆژی دادێ گەیشتینە سامەڕا و دوای چەند رۆژ، وتی: من دەگەڕێمەوە بۆ دەرەتفێ و لەوێشەوە دەچمەوە بۆ ناوچە. تۆش لێرە بە تا خۆم دەگەڕێمەوە. ئەو کاتە منداڵەکانمان زۆر ورد بوون. ئەو جارە دواجار بوو کە یەکتر ببینین. ئیتر نەمدیتەوە تا رۆژێک کاک غەفوور حەمزەیی هات و هەواڵی گیران و لە سێدارەدانی مەحموودی پێڕاگەیاندم. دوای ئەویش حەمەخان مروەتی و چەند کەسێکی دیکە هاتن. بە هاتنی ئەوان، بەعس براکانمی لە سەر ئیشی دەوڵەتی کە بەشی پیشەسازی چەکوچۆڵ بوو، وەدەر نا. خۆم کێشەم کەم بوو، بنەماڵەکەشم تووشی کێشەکرد! بەو هەموو سەختییەوە ماڵی خۆمان باڵیان بە سەرمدا کێشا و منیش توانیم خۆم و مناڵەکانم بپارێزم تا رووخانی بەعس و هاتنە ئارای بارودۆخی دوای دەسەڵاتی سەددام“.

ئەم خاتوونە رووسوورە دوای پێگەیاندنی پێنج مناڵەکەی، توانی کچەکان بە مێرد بدا و کوڕەکانیش بکا بە زاوا و خۆیشی بە سەربەرزییەوە لە نێو هاوسەنگەرانی مەحموودبەگدا جێی شیاوی خۆی بکاتەوە. بۆیە ئەگەر نەتەوەی کورد و حیزبی دیموکرات مەحموود بەگ وەک شەهید و رۆڵەیەکی وەفاداری ئەو گەلە چاو لێدەکا و لە بیری ناکا، دەبێ هەر بەو رادەیەش سوهەیلا و تێکۆشانی ئەو خاتوونە، بەرز بنرخێنێ و بە رێزەوە سەیری بکا.

وەک لە ژیانی مەحموود بەگ ناسراو بە مەحموود دێموکرات دەردەکەوێ، ئەویش وەک هەموو مرۆڤێکی ئاسایی، حەزی کردووە بژی، وێڕای گوێگرتن لە گۆرانی، گۆرانیش بچڕێ، قسەی خۆش بکا و گوێڕایەڵی قسەی خۆش و نوکتەی خۆشیش بێ، پێبکەنێ و منداڵەکانی گەورە بکا و لەگەڵ هاوژینەکەی بیان نێرێتە خانەی بەختی خۆیان. بەڵام چارەنووسی کورد و خەباتگێڕانی ئەو گەلە، گرێ دراوە بە چۆنیەتی بارودۆخی سیاسی کوردەوە. هەتا کورد بندەست بێ، تاکی کوردیش دەبێ یان دەربەدەر یان دەستبەسەر بێ.

دەست شتن لە خۆشییەکانی ژیان و خۆ فیداکردن لە پێناوی بەختەوەری گەل، کاری ئەو کەسانەیە کە هەڵوێستیان وەک لووتکەیە و رێبازیان وەک تیشکێکی رووناکە کە قەت ئاوا نابێ. مەحموودبەگ، رێبازی سەردارانی هەڵبژارد، بۆیە لە چوونە سەرداریش نەترسا و پەتی سێدارەی لە پێناوی بە کوردمانەوە و بە کورد ژیان ماچ کرد و درێژەی خەباتی بە هاوسەنگەران و هاوبیرەکانی سپارد.

مەحوی شاعیر لەمەڕ پەسنی سەردارانی شەهید بە گشتی و مەحموودی هاوڕێم بەتایبەتی هەڵبەستێکی پڕ بە باڵای ئەو نەمرانەی هەیە کە ئاوا دەست پێدەکا:

لە ئولکەی عیشقەدا بێ چوونە سەر دار

بە ئاســــــــــانی مەزانە بوونە سەردار

ھەیە گەر عیشقی سەرداری لە سەرتا

بکە مەشقێ لەوانەی چوونە ســەر دار

سڵاو لە شەهیدان و گیانبەختکردوانی گەل!

نەمریی بۆ نەمرانی گەل و سڵاوی وەفا بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

سەرکەوێ جووڵانەوەی مافخوازانەی رەوای نەتەوەی کورد!

ئەو وێنەیە لە ئارشیڤی کاک تەیموور مستەفایی وەرمگرتووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی