"an independent online kurdish website

لانیکەم یەک سەدەیە کورد خەباتێکی ڕەوای هەڵگیرساندووە و لەو ڕێگایەدا دەیان هەزار کەس گیان، ژیان یان بەشێک لە جەستەیان داناوە و تێچوویەکی زۆری مادیشی هەم لە ناو خودی خەبات و هەم لە شار و گوندەکانی کوردستان لەسەر داندراوە،


 لێ ئەو خەباتە هەتا ئەمڕۆ ئەگەر نەشڵێین هەڵخلیسکاوە و لە ئامانجەکانی دوور کەوتووەتەوە، دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین، تا ئێستا بە لانیکەمی داخوازیەکانی خۆشی نەگەیشتووە، هەرچەند بە بێ دڕدونگی دەتوانین بڵێین خەباتی کوردی لە دوو تا سێ دەیەی دواییدا، پاشەکشەی لە گوتار و داخوازیەکانیدا تێدا بەدی دەکرێ و داشکانی پێوە دیارە کە ئەوە خۆی پێوەرێکی حاشاهەڵنەگرە بۆ بەرەو شکست و نشوستی چوون.

هۆکاری بە ئامانج نەگەیشتنی خەباتی ڕەوای کورد زۆرن لێ تا ئێستا کەمتر بیر لە نەبوونی کاری تیۆریک و خەسارەکانی کراوەتەوە، هۆکارێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی ئەو نەتەوانەی کە تەنانەت دوای کورد دەستیان بە خەبات کردووە بەڵام سەرکەوتوون، نموونەی بەرزیش جوویەکانن. نەبوونی کاری تیۆریک جیا لەوەی کە وایکردووە زۆر کەس لە ناو شۆڕشدا لار بڕۆن واتا لە ڕێگای ڕاستدا خوار بڕۆن، هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی کە تا ئێستا لە باشترین حاڵەتدا سەدا بیستی کۆمەڵگای کوردی تێکەڵ بە خەبات بووە و سەدا چەندێکیشی لە ڕیزی خۆفرۆشاندان کە ناویان لێ نراوە جاش.

کاریگەریەکانی ڕوانگەی جان لاک، فەیلەسووفی لیبرالیستی لەدایک بووی 1632 و کۆچکردووی ساڵی 1704ی زایینی کە بە باوکی لیبرالیزمی کلاسیکیش ناسراوە، نموونەیەکی باشە بۆ گرنگیی کاری تیۆریک و دەوری حاشاهەڵنەگری لە سەرکەوتنی شۆڕشدا. هزر و بیرەکانی جان لاک و ڕەنگدانەوەیان، هۆکارێکی بەرزی سەرگرتن و سەرکەوتنی شۆڕشی 1688ی بریتانیان کە بە “شۆڕشی پڕشکۆ” ناسراوە و بناغەیەکە بۆ شۆڕشی مەزنی گەلی فەڕانسە و ئەویش ڕێچکەیەک بوو بۆ شۆڕش و سەربەخۆیی ئەمریکا کە دیارە شۆڕش بۆ سەربەخۆیی ئەمریکا زیاتر لەوەی کە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی- سیاسی بێ، شەڕێکی سەربەخۆییخوازانە بوو و زۆرێک لە فاکتەرەکانی شۆڕشی بریتانیا و فەڕانسەی تێدا نەبوو بەڵام لە ڕاگەیێندراوی سەربەخۆیی ئەمریکادا، بە ڕاشکاوانە وتەکانی جان لاک گونجێندراوە، لەو جێیەدا کە دەڵێ: “ئێمە ئەو ڕێسایە کە مرۆڤ مافی ئازادی و مافی ژیان و مافی دەست پێڕاگەیشتن بە بەختەوەری هەیە وەک ڕێسایەک دەزانین کە نکوڵیان لێ ناکرێ”، دیارە لەو دێرەدا وشەی “مافی خاوەندارێتی یان خاوەن بوون” کە جان لاک لە نامیلکەکەی خۆیدا نووسیویەتی گۆڕدراوە بە “مافی دەست پێڕاگەیشتن بە بەختەوەری” کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی کەسانی ئایینی لە نووسرانی ڕاگەیێندراوی سەربەخۆیی ئەمریکا کە 4ی ژوئیەی ساڵ 1776 ڕاگەیێندرا.

بەڵام لە ناو کورددا تا ئێستا چەند کاری تیۆریک کراوە؟ مەبەست ئەوە نیە کە کورد بۆ فەیلەسووفی نیە، مەبەست ئەوەیە کە کورد تا ئێستاش بۆخۆی پێناسە نەکردووە چی دەوێ و خەباتەکەی لە پێناو چی دایە. بەڵگەش بۆ نەبوونی کاری تیۆریک، دروشمی جۆراو جۆری حیزبەکان، پێکەوە نەسازانی حیزبەکان، هاتنە ئارای حیزبی نوێ، سەرهەڵدانی ئیسلاح تەڵەبەکان لە ناوخۆ، لەبار بوونی ژینگەی کوردستان بۆ سەرهەڵدانی هەموو چەشنە بیر و مەکتەب و رێگەیەکی تەنانەت دژەمرۆڤی و سەلەفیستی و ….تاد، کەم وڵات هەیە وەک کوردستان بەو جەماوەر و حەشیمەتەیەوە کە هەیەتی، ئەوەندەی هزر و ڕوانگە و بیر و…هتدی جیاواز و تەنانەت دژ بە یەک تێدا بێ.

ڕۆژ بە ڕٶژ ئەژماری حیزبەکان، ڕێگاکانی کوردایەتی و …تاد، زیاتر دەبێ، ڕۆژ بە ڕۆژیش بۆشایی زیاتر دەبێ، لە ناوخۆش تا دێ نۆستالژی کەمتر دەبێتەوە و کەلێنی نێوان  نەوەی نوێ و کوردایەتی زیاتر دەبێ، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر ئەو حیزبانەش کە هەبوون و هەن تا ئێستا تەنیا وەک حیزبێکی ناو دەسەڵات نەک حیزبێکی شۆڕشگێڕ، کاری سیاسی و سەربازیان کردووە و لایەنەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خەڵکیان لەخۆ نەگرتووە و وەک ئەوەی ڕایانگرتبێ بۆ دوای گەیشتن بە دەسەڵات و بوون بە وڵات، گەلۆ پێدەچێ ئەوان لایان وابێ کە نە ئێستا کاتی ئەو بەشەیە و نە ئەرکی ئەوانە، وەک ئەوەی کە کۆمەڵگا لە ناو خۆیدا بشڕزێ، کێشەیەک نیە و دواتر چارەسەری دەکەن…

حیزبە نوێیەکانیش وەک مامۆستا جەلال مەلەکشا لە شیعری “کاروان”ـدا باس دەکا، ئەو ڕێگایەی کە پێیدا دەڕۆن، هەمان ڕێگا کۆنەکەی پارە و وەک بەشێک لە خەڵک یان تەنانەت شارەزایانی سیاسیی کورد دەڵێن “سیاسەت بووە بە دووکان” و هەر ڕۆژ دووکاندارێک زیاتر دەبێ کە مەڵبەندی دووکاندارەکانیش باشووری وڵاتە کە ئەوەش دەبێ خەسارناسی بکرێ.

دیارە نووسەری ئەو دێرانە لە چەندین دیمانە و بابەتدا پێشتر ئاماژەی بەو خەسارە کردووە کە کورد تەنیا خەباتی کردووە وەک ئەوەی حەزی لە چەک بێ و کەمتر زاندراوە بۆ خەبات دەکات هەر بۆیەش کاتێک کە داگیرکەران بەهێز بوون و چەکی کورد کول بووە، خەبات ڕۆمرکاوە و زۆرێک لە خەباتگێڕان دەستیان بە ژیانی ئاسایی و کشت و کاڵی کردووەتەوە، لێ نەتەوەیەکی وەک جوویەکان تا وڵاتی ئیسراییلیان دانەمەزراند ڕۆنەمرکان و ئێستاش پاراستنی ئیسراییل بۆ ئەوان لە هەموو شت گرنگترە، لە کاتێکدا زۆر خەباتکاری پێشووی کورد ئێستا خۆیان بە بەفیڕۆ چوو دەزانن…

بەر لە هەر شتێک پێویستە نەهێڵین کات زاتر بە فیڕۆ بڕوات و دەبێ دەست بە کاری تیۆریک بکرێت، نەتەوەی کورد و ویست و داخوازەکانی پێناسە و گەڵاڵە بکرێن، ئامانجەکان دەست نیشان بکرێن، هزری نەتەوەیی، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دوژمنی نەتەوە و هێڵە سوورەکان دەست نیشان بکرێن، ئەو کات کە سنوورێک لە نێوان ئێمە و ئەوان (دوژمن) ساز بوو و کورد خۆی ناسی و دوژمنی ناسی، خەبات بەجەماوەری دەبێ و کوردی هەندەرانیش تێچوو دەدات و دوژمن ناتوانێ لە ژێر ناوی دروشمی پڕشنگدار بەڵام لە کردەوەدا بێ ناوەرۆک بمانتەزێنێ و بمانگلێنێ، ڕێبەرانی کوردیش لە سەر مێزی دانوستان دەزانن چیان دەوێ و کێن و نوێنەری کێن…

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی