"an independent online kurdish website

 لە جەرەیانی پێشمەرگایەتی دا بە هۆکاری جۆراوجۆر کەسانێک وازیان لە پێشمەرگایەتی دێنا و خۆیان تەسلیم دەکردەوە بەشی هەرە زۆریان ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێ دەکرد


 و سەرقاڵی کاری ڕۆژانە و دابینکردنی بژیوی ژیانیان دەبوون و پشتیان لەو زەحمەتە نەدەکرد کە ساڵانێک لە پێناو گەلەکەیان کێشابوویان، بە دەگمەن کەسانێک هەڵدەکەوتن لە پێناو قازانجی مادی دەکەوتنە داوی ڕژیم لە پێناو پوڵ و پارە دەستیان بۆ هەر کارێکی دژی گەلی دەبرد.

لە ئاوایی بەلەجەر دوو کۆنە پێشمەرگەی کومەڵە و دێموکڕات بەناوەکانی حەمە و عوسمان ڕیزی حیزبەکانیان چێ دەهێڵن و خۆیان تەسلیمی ڕژیم دەکەنەوە، ماوەیەک ژیانی ئاسایی تێپەڕ دەکەن و سەرقاڵی کاری ڕۆژانەی خۆیان دەبن. دواتر لە گەڵ ئەفرادی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سەقز بۆ کاری هێنان و بردنی کەل و پەلی قاچاخ پەیوەندی دەگرن و دەبنە هاوکار و گوێڕایەڵ بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکانەی بۆیان دیاری دەکەن لە کۆکردنەوەی خەبەر و جاسوسی کردن لە سەر خەلكانی دەور و بەریانەوە دەست پێدەکەن دواتر بە موتوڕ دەکەونە گەڕان بە شوێنی دور و نزیک دا. زۆر جار خەڵکی ئەو شوێنانەی پێشمەرگەی بۆ دەچوون ئاگاداریان دەکردین کە عوسمان و حەمە هاتوون و لە پێ و شوێنی پێشمەرگەیان پرسیوە، لە درێژەی تێوەگلان لە خەیانەت و خۆفرۆشی دا ڕایەڵەی گەڕانیان بەرینتر کرد . دەست بردن بۆ هەر جەنایەتێکیان کردە پیشەی خۆیان، بۆ چاوترسێن کردن و تۆقاندنی خەڵک لە هاوکاری پێشمەرگەکان و هەروەها هاتنیان بۆ ڕیزی پێشمەرگە کەوتنە وێزەی کەس و کاری پێشمەرگەکان بێ حورمەتی پێ کردنیان. جارێکیان باوکی حەمەی گوڵ پەسەندی پێشمەرگەی مەڵبەندی دوو دەگرن زۆریان بێ حورمەتی پێکردبوو بە تکا و ڕجای مەلا و خەڵکی ئاوایی وازیان لێ دێنن.

پاشان دەستەیەک پاسدار و بەسیجی هان دەدەن دەچنە موچەی مام ساڵحی کەریمی نیا باوکی فەرماندەی خۆشناو و ئازا شەھید ئەحمەدی کەریم نیا و دەی خەنە کەپرەکەیەو پووش و پەڵاش لە بەر کەپرەکە ئاوڕ تێ بەردەدەن بە ھەزار بەدبەختی نەجاتی دەبێ.

بەو کارانەش واز ناھێنن دەچنە موچە و لەوەڕگەیەک لە خوار ئاوایی ئایچی کە باوکی شەھید عەباسی ئەردەڵان خاوەنی دەبێ . ئەویش برای شەھیدێکی حیزب کرێکاری دەبێ بە نێوی.(م – ک) لەو شوێنە کاری دروونی وێنجە و گیا و گژ دبێ. لە بەر ھەژاری و نەداری خێزانەکەشی لە گەڵ خۆی دەباتە کار و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان پێکەوە کار دەکەن.

حەمە و عوسمان بۆ ئەتکردنی بنەماڵەی شەھید و چاوترسێن کردنی کەس و کاری پێشمەرگەکان پشت ئەستوور بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم دەچنە ئەو شوێنە (م.ک) و خێزانەکەی لەوێ خەریکی کار کردن دەبن، زۆر بێشەرمانە و بە دوور لە ھەموو ویژدانێک دەست و لاقی (م.ک)دەبەستن و تەجاوەز بە خێزانەکەی دەکەن. ئەو کردەوە دزێوە دەنگێکی زۆری لە نێو خەڵک دا دایەوە، لە لایەک بە داخ بوون لەو کردەوە دزێو و قیزەونە.لە لایەکی دیکە چاوەڕوانی لە ھەڵوێستی حیزب بە رانبەر ئەو جەنایەتە.

بنەماڵەی شەھیدەکەمان لە نزیکەوە دەناسی کوڕە شەھیدەکەیان لە ھاوڕێ نزیک و هەرە بەتواناکانمان بوو دوای ئەوکارەساتە باوکی هات بۆ لامان و دەستی کردوە ملم و  بە ئاگاداری (خ. ش) و (ڕ . س) پێی وتم ئەحمەدێکم شەھید بووە، ئەحمەدێکم ماوە.دەبێ حیزب تۆڵەم بسێنێ، لە پەیامەکەی باش تێگەیشتم ناوی حەمە و عوسمانی خۆفرۆش و کردەوە دزێوەکانیانمان بە وڕدی نووسی بۆ دەفتەری سیاسی و داوای حوکمی قورسمان بۆ کردن.

ساڵێک دواتر بڕیاری حیزبمان بۆ ھاتەوە، کەوتینە گەڕان بە دوای زانیاری لە سەر شوێن و جێگا و ڕێگایان. لە بەفرانباری ساڵی ١٣٧٣ تەسلیمیەکەی کۆمەڵە،  حەمە لە شەڕێک دا لە ئاوایی تایربوغدەی سەقز بەدەستی پێشمەرگەکانی مەڵبەندی دوو کوژرا و کەلاکی لە مەیدانی شەڕ بە جێما. کاری حەمە تەواو بوو و بە سزای خۆی گەیەندرا.

بەڵام عوسمان مابوو دوای کوژرانی حەمە بڕێک یەک چاو ببوینەوە ھەموو ھەوڵی خۆمان خستە گەر عوسمانیش بە سزای خۆی بگات. عوسمان و بنەماڵەکەیمان باش دەناسی. خەبەڕمان بۆ نارد بێتە لامان پاکانە بکات گەر پاساوێکی بۆ کردەوەکەی هەیە و دەیەوێ نەکوژرێ،  وڵامی نەداینەوە. گیرمان نەدەکەوت. ھەڵکەوتویی ئاوایی بەلەجەڕیش جۆرێک بوو مەجبور نەبوایەی بۆ چوون نەدەبوو. ڕێکەوتی ٢٧/٤/١٣٧٥ لە گەڵ ھێزی ئاربابای بانە چووینە شیو و دۆڵ و دەڕەکانی دەشتی دارێ کە نزیکە لە گوندی بەلەجەڕ. بە ڕۆژ نەبوایە عوسمان بە شەو نەدەگیرا . وتمان دەرفەتێکی باشە کە ھیزی بانەشمان لە گەڵە بە ڕۆژی ڕوناک خۆ بکەین بە ئاواییی دا بەشکم عوسمان سەردانی ماڵی کردبێت.

بەرنامەمان دانا. دەستەیەک پێشمەرگە بۆ نزیک جادەی سەقز – بانە و چاوەدێری ڕێگەی سەرەکی. تیمێک پێکهاتوو لەم کەسانە (عەباس نامی بەرپرسی تیم- خالید شێخ ئەحمەدی- حامید عەبدەوی (قەناسە) حسەین شەریفی(سوور) بۆ پێ و شوێن هەڵگرتنی عوسمان) .

نزیک عەسرو ئێوارە بە دەم خۆرەوە بەرەو ئاوایی بەلەجەڕ ڕێکەوتین. خەڵکی ئەو موچانە هەر پێیان وابوو گروهی زەربەتی ڕژیمین شکیان بۆ پێشمەرگە نەدەچوو بە ڕۆژی ڕوناک بەرەو ئەو شوێنە بڕۆین، پێشمەرگەکانی پێشڕەو گەیشتنە سەر جادەی ئاسفاڵت و ڕێگەی سەرەکی سەقز – بانەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.

تیمەکە دەست بەکاربوون ماڵی عوسمان دەدۆزنەوە و خۆ دەکەن بە ماڵ دا. دەبینن کەسێک خەریکی نان خواردنە. ئەڵێن کارمان بە عوسمانە تۆ ئەوی ئەڵێ نا، ژنەکەی دێتە جواب و دەڵێ ئەمە ‌هێوەرمە، عوسمان لە ماڵ نیە، پاشان حامید قەناسە دەچێتە ژوور و عوسمان دەناسێتەوە و دەیگرن، ژنەکەی نازانێ پێشمەرگەن دەڵی تەلەفوون بۆ حاجی عومەر دەکەم و شکایەتتان لێ دەکەم (فەرماندەی جاشەکانی میرەدێ)، خالید پێی ئەڵێ نا تەلەفوون بۆ …. ناوی من دێنێ بکە ئێمە پێشمەرگەی دیموکڕاتین).  بۆ شەو لە گەڵ چەند هاوڕیێەک چووینە ماڵی حاجی مەمەند ئاغا و برا گەورەکەی عوسمان مان بانگ کرد. بە حوزوری ئەو کەسانەی لەوێ بوون پێم وت عوسمان ھەر چی بە دژی حیزب کردویە  وەک گوزارش دان و بە دوادا گەڕان ئەوا بەخشیمان، بەڵام لە سەر ئەو تەجاوەزە ئابەو شێوە بێشەرمانە ھیچمان لە دەست نایە جگە لە جێبەجێ کردنی بڕیاڕێک کە حیزب لە سەری دەیدات. دایکی ھات وتی ملوێنێک ئەدەم مەیکوژن. وڵامی ئەرێنی وەرنەگرت. ڕۆژێک دوای گیرانی واتە ٢٨/٤/١٣٧٥ بڕیاری حیزبی لە سەر جێبەجێ کرا و بە سزا گەیشت.

سپای پاسدارانی سەقز بە کەبکەبەو دەبدەبە ھەرا و هوریای لێ سازکرد و بە شەھیدی ڕێگەی ئیسلامیان لە قەڵەم داو لە ناشتنەکەی دا قسەیان لە سەر کرد. خەبەرەکە لە ناوچە بە باشی دەنگی دایەوە، خەڵکی ناوچە بە گشتی و بنەماڵەی شەھید و پێشمەرگەکان بە تایبەت پێی خۆشحاڵ بوون.کوژرانی ئەو دوو مۆرەی ڕژیم بووە دەرسی عیبرەت بۆ هەموو بەکرێگیراوانی ڕژیم لەو ناوچە کە بزانن ! * هێندێ پرس هەن کە حیزبی دیموکڕات هەرگیز لێان خۆش نابێ! جا زوو یا درەنگ *

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی