"an independent online kurdish website"

ڕۆژی 5ی ‌ئازار، ڕۆژی دەست پێکی ڕاپەڕین، بەشی یەکەمی ئەو بیرەوەرییە بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆش 31ی ئازار، ساڵڕۆژی کۆڕەوە میلیۆنیەکەی باشوری کوردستانە.


بە دوای ئازادکرانی شار و ئۆردوگاکانی باشوری کوردستان دا، کەشێکی خۆش باڵی بە سەر ناوچەکەدا کێشابوو. لێرەدا باسی ئازادکرانی گوندەکانی ناکەین، لەبەر ئەوەی هەموو گوندەکانی کوردستان لە لایان ڕێژیمی بەعسەوە ڕووخێندرابوون و خەڵکەیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملییەکان ڕاگوێزرابوون. دەوروبەری “بەردقسڵ”، ئەو شوێنەی ئێمەی لێ بووین، چەند ماڵێکی ئاوارەی لای ئۆردوگای”حاجیاوا” و شارۆچکەی “چوارقوڕنە” ی بۆ هاتبوو و بڕێک ئاوەدانتر ببۆوە. ئەو کاتانە بەسەر چووبوون کە ئێمە بە ناچاری دەبووایە هەموو شەوێک جێگۆڕکێ بکەین، تا دوژمن نەتوانێ پێ و شوێنمان هەڵگرێ و زەربەمان لێ بدات. لە ڕاستیدا ئەو کۆنەخانووانەی ئێمەش پێشتر بۆیان دەچووین، هەموویان بە ئاوارە کاتییەکان گیرابوون. بە هۆی بوونی ژماریەکی زۆری چەکداری خەڵکی باشوریش لە نێو ئاوارەکاندا، کە ئامادەیی هاوکاری و پشتیوانیان دەربڕیبوو، زیاتر هەستمان بە دڵنیایی دەکرد. ئەوان بەشی خۆیان ڕزگار کردبوو، ئامادەبوون هاوکاری ئێمەش بکەن تا پارێزگاری لە خۆمان بکەین.

هەوای ئەو دەورووبەرە زۆر سازگارتر لە پێشان بوو و خەڵک کەیف خۆشتر بوون. بە دوای ئازادکرانی شار و ئۆردوگاکاندا ، کە تا دەهات بەرینتر دەبۆوە و لە ئاکامدا بە ئازادکرانی کەرکوک کۆتایی هات، ئاوارەکانی لای ئێمەش تاق و لۆق خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان ئامادە دەکرد. هەر ڕۆژە ماڵێک یان دوو ماڵیان دەگەڕانەوە.

هاتوو چۆ بۆ لای ئێمەش هیچ بەربەستێکی لە سەر ڕێگا نەمابوو و بە ماشێن هاتووچۆ دەکرا. لە کۆمیتەی شارستان ڕا داوایان لێکردبووم بۆ چەند ڕۆژێک بچمەوە بۆ “بۆکریسکان” کە ئەودەم کۆمیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ لەوێ بوون. لە مانگی سەرماوەزی ئەو ساڵەوە نەمتوانیبوو لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی شارستاندا بەشداری بکەم. کۆبوونەوەکە زیاتر بۆ باسکردن لە سەر هەل و مەرجی دوای ئازاکرانی باشوری کوردستان بوو. دەرفەتەکان و تەنگ و چەڵەمەکانی دوای ئازاد بوون بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکڕات بوو.

هەردوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی شارستانیش، لە کۆمیسیۆنی “سیاسی نیزامی” ڕا داوایان لێکردم کە بچمە ئەوێ و بڕێک لە سەر وەزعی خۆمان لە ماوەی مانەوەمان لە “سونێ”، ۲٦ی سەرماوەز تا چەند ڕۆژ دوای ئازادکرانی باشوری کوردستان بکەم. هێشتا باسی سەرکەوتنی ڕاپەڕین دەکرا، بەڵام ترس و نیگەرانی لە دژکردەوەی ڕێژیمی بەعسیش لە ئاردابوو. شار و ئۆردوگاکان زۆر بە خێرایی ئازادکرابوون و لە هیچ شوێنێک بیر لە چۆنیەتی پاراستنی شوێنە ئازادکراوەکان نەکرابۆوە یان پێڕانەگەیشتبوون بیری لێبکەنەوە. هاوپەیمانان پێشیان بە فڕینی هێلیکۆپتێر و فڕۆکەی شەڕکەری ئێراقی نەدەگرت، بەمجۆرە دەستی هێزەکانی بەعسی بۆ هێرش بۆ سەر کوردستان ئاواڵە ببۆوە. ڕاپەڕینی باشوری ئێراق زۆر بە توندی سەرکوت کرابوو. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێی نیگەرانی بوو، زاڵبوونی هێزی شڕە بە سەر ڕاپەڕیندا بوو. بە جێگای پاراستن و بە کار هێنانەوەی ئەو چەکانەی، لانیکەم چەکی قورس و نیوە قورس، کە دەستیان بە سەردا دەگیرا، بەشێکی زۆری کەوتە دەست ئەو هێزە و بەرەو پشتی جبهە ڕاگوێزرا، یان تێک دەدران و بەجێ دەهێڵداران. ئەوەش کە بە ساغی دەکەوتە دەست پێشمەرگە کەسانی شارەزا بۆ کەڵک لێوەرگرتنیان زۆر کەمبوون. لە گەڵ ڕاگواستنی ئەو چەک و چۆڵ و دەستکەوتانەش چەکدارێکی زۆر-کە بەشی خۆیان دەستکەوتیان بووبوو- بەرەو پشتەوەی بەرەی شەڕ دەهاتنەوە. بەو هۆیەوە ژمارەی ئەوانە کە لە بەرەی پێشەوەی شەڕ مابوونەوە هەروا بەرەو کەمی دەچوو. بەرزبوونەوەی ژمارەی شەهید و برینداریش لە ڕیزی هێزی شەڕکەری بەرەی پێشەوە دەبووە هۆی کەمبوونەوە زیاتری هێزی شەڕکەر لە بەرەکانی شەڕ.

———-

دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە دەورووبەری کۆمیتەی شارستان و بە سەربردنی ڕۆژی ۱۳بەدەری ئەو ساڵە-یەکەم ۱۳ بەدەر لە کوردستانێکی ئازادی دوای ڕاپەڕیندا- لە گەڵ بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکان لە دەورووبەری بۆ کریسکان، گەڕامەوە بۆ بەردقسڵێ. ژمارەیەک لە ماڵە ئاوارەکان بەرەو شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان گەڕابوونە. ژمارەیەکی کەمیش کە مابوون، چاوەڕێ بوون زیاتر وڵات ئارام بێتەوە ئیجا بگەڕێینەوە. باس لە دەست پێکردنی دژکردەوەی هێزەکانی حکومەتی ئێراق لە کەرکوک و دەورووبەری دەکرا. باس لە هاوکاری ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران لە گەڵ ئەرتەشی ئێراق دەکرا.

تا دەهات ترسی خەڵک لە ئاوارەبوونەوە زیاتر دەبوو. ئەو بزەو زەردەخەنەی لە دوای ڕاپەڕینەوە لە سەر لێوی خەڵک پەیدا ببوو، کەمتر و کەمتر دەبۆوە. خەڵکی شارەکان هێندە بە خێرایی ماڵ و حاڵی خۆیان چۆل دەکرد و ڕێگای ئاوارەییان دەگرتە بەر، کە توانای خۆڕاگری بەرەکانی شەڕی لە گەڵ ئەرتەشی ئێراق لاوازتر دەکرد. هێشتا شەڕ لە لای کەرکوک بوو کە خەڵک لە شارەکانی دیکە دەستی بە چۆلکردنی ماڵ و حاڵێ خۆیان کردبوو.

بە هۆی ناڕوونی وەزعەکە و دابەزینی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بازاڕی “بێدەلان” و کەمبوونەوەی خواست”تقاضا”، لە سەرشتە زەروورییەکان وەک ئارد و ڕۆن و هێندێک کەل و پەلی دیکەی ڕۆژانە، بڕیارماندا هێندێک لەو کەل وپەلانە بکرین و عەمباری بکەین، تا لە کاتی پێویستدا کەڵکیان لێوەرگرین.

لای ئێمەش هەر زوو ژمارەیەک ماڵی ڕانیە و حاجیاوا دەستیان بە هاتن کرد. چەند بنەماڵەیەک هەر لەوانە بوون کە پێش چەند ڕۆژێک گەڕابوونەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. شەپۆلی هاتنی ئاوارەکان بە جۆرێک بوو کە ڕێگا و بانەکەکانی ئەو ناوچەیە تەواوی بە خەڵک داپۆشرابوو. هاوکات لە گەڵ بەرینتربوونەوەی شەپۆلی ئاوارەکان و دەربەدەربوونیان لە ئاستەمترین هەلومەرجەکاندا، هەوای ئەو ساڵەش نەهامەتیەکانی ئەو خەڵکەی زیاتر کردبوو. برسێتی، تینوێتی و سەرمای لە ڕادەبەدەر دەستیان دابۆ دەستی یەک تا ژیانی ئەو خەڵکە لەوەش کە هەبوو تاڵتر بکەن. ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ خۆیان توانای ڕۆیشتنیان نەبوو و بەرگەی ئەو هەل و مەرجەیان نەدەگرت و دەمردن ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو. مردنی منداڵانی شیرەخۆرە بە هۆی بێ توانایی دایکەکانیان لە تێرکردنیان یان نەخۆشی جۆراوجۆرەوە بوو. نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە، دابەزینی ئاستی پاک و خاوێنی لە نێو ئاوارەکاندا، هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زیاتر کردبوو. سەرەڕای ئەوانە سنورەکان یان باشتر بڵێین دەورووبەری مۆڵگە چۆڵکراوەکانی ئەرتەشی ئێراقیش بە ژمارەیەکی زۆر مین چێندرابوون. لادان لە ڕێگاکان کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوتەوە.

ژمارەی ئاوارەکان بە ڕادەیەک زۆر بوو، کە ڕێگای هاتنی ماشێنی بە تەواوی گرتبوو. بە هۆی ئەو شەپۆلە بەر بڵاوەی ئاوارە، ڕێگای هاتووچۆی ئێمە بە ماشێن، بۆ دەورووبەری دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی شارستان بە تەواوی بەسترابوو. ڕۆیشتنی ماشێن بە ڕادەیەک ئەستەم بوو، کە بۆ هەر شوێنێک بتویستایە بڕۆی بە پێ زووتر دەگەیشتیە جێ. شەپۆلی هاتنی ئاوارەکان وایکرد کە بە هۆی ترس لە هاتنەوەی هێزەکانی حکومەتی ئێراق بۆ سەر سنورەکان، بەشێکی زۆریان لە بیری دەربازبوون بەرەو کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەون. بە هۆی نەبوونی ڕێگای ماشێن لە نێوان شوێنی مانەوەی ئێمە و سنوری ڕۆژهەڵاتدا، خەڵکێکی زۆر ماشێنەکانیان بە هەرزانترین نرخ دەفرۆشتن. زۆرکەس باسیان لەوەدەکرد کە ئامادەبوون ماشێنێکی بەرازیلی بە کەرێک بگۆڕنەوە. لە ڕاستیشدا کەرێک باشتر لە ماشێن لەو هەل و مەرجەدا دەیتوانی کاری ئەوان ڕایی بکات.

بەشی 3

ژمارەیەک بنەماڵەی خەڵکی “بەردقسڵ” و ئەو ناوە، دوای ڕاگواستنی بنکەکانی ئێمە لە “سونێ و کونەمارێ” ڕا  بۆ ” بۆ کریسکان “، لە ترسی هێرشی حکومەتی ئێراق، بە ناچار ماڵەکانیان بۆ گوندەکانی سەرووتر وەک “شێنێ” و “قوڵە هەرمێ” و “گۆڕەشێر” ڕاگواستبوو.

چەند بنەماڵەیەک پەنایان بۆ خانووەکانی کۆمیتەی شارستان لە کونەمارێ برد بوو. خانووەکانی کۆمیتەی شارستان لە بنەڕەتدا وا دروستکرابوون تا بەرگەی تۆپ و خۆمپارە بگرن. دیواری زۆر پان و دارەڕێکردن بە داری زۆر ئەستور لە تایبەتمەندییەکانی بەشێک لەو خانووانە بوون. بە داخەوە ژیان لە کونەمارێ تەنیا خۆپاراستن لە تۆپبارانی ئێران نەبوو. ئێراق زۆرجار بە بیانووی جۆراوجۆر ئەو ناوەی تۆپباران دەکرد. دوای ڕاگوێزرانی بنکەکانی ئێمە درکەوتنی کەمترین ڕووناکی لەو ناوە دەکرا  تۆپبارانی ئێراقی بەدوادابێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی سەرەوە دەکرێ بگوترێ کە ژیانی خەڵکی ئەو ناوە چەندە ئاستەم بووە. تەنانەت دوای ڕاپەڕینیش خەڵکی ئەو گوندانە ژیانیان لە ژێر هەڕەشەی تۆپبارانەکانی ئێران دابووە.

بە گەڕانەوەی ئێمە بۆ بەردقسڵ، بەشێک لە ماڵەکانی ئەوێ تاق تاق هاتنەوە و ژیانێکی تا ڕادەیەک ئاسودەیان لە پەنای ئێمەدا دەست پێکردەوە. خەڵکی “بەرد قسڵ” هەموویان کوڕی حاجی خدری بەردقسڵێ بوون. ناوبراو ساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی ڕێک ئەو ڕۆژەی ئێران بڕیارنامەی ٥۹۸ی شۆڕای تەنایی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی “شوڕای امنیت سازمان ملل متحد”ی پەسەند کرد لە پێناو پاراستنی مڵک و ماڵەکەیدا لە ئاوری تۆپبارانی حکومەتی ئێڕان، گیانی لە دەست دا. (لە بەشی دوازدەهەمی نهێنیەکانی پشت کامێڕادا وردتر باسی ئەو ڕووداوە کراوە)

بوونی بنکەکانی حیزب لەوێ قاازانجی دوو لایانەی هەبوو ئەوان بە هۆی کرێبارکێشی و ئەو شتانە بۆ بنکەکانی حیزب قازانجیان پێ دەبڕا، حیزبیش لەوێ لە سنور نیزیک بوو و بە ئاسانی لە گەڵ خەڵک لە پێوەندیدا بوو و کەڵکیشی لە سروشتی ئەو ناوچەیە وەردەگرت. ئەوان ڵەوێ خاوەن مڵک و باغ و باغات بوون و بوونی ئەو هەموو پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزب لەو ناوە قورسایی زۆری بۆ ئەوان دروست کردبوو. سەرەڕای ئەوەش قەت نەبوو گلەییان لە پێشمەرگە هەبێ کە دەچنە نێو ڕەز و باخەکانیان. زۆر لە گەڵ پێشمەرگە ڕووخۆش و نەرم و نیان بوون. هیچکات کێشەیەک لە نێوان حیزب و ئەوان لە سەر ماڵ و مڵکی ئەوان نەهاتۆتە گۆڕێ. ژمارەیکی زۆر پێشمەرگە لەو دەورووبەرە و چوونی هێندێک جار لە ڕادەبەدەری ئەوان بۆ نیو باغ و باغاتی ئەو بنەماڵانە نەبۆتە هۆی توڕەبوونی ئەو بنەماڵانە لە پێشمەرگە. لێرەدا قسەیەکی “حاجی خدر” وەک نمونە دێنمەوە. “پێشمەرگان ترێیەکەیان خواردووە و تولە مێوەکەشیان شکاندوون، ڕەبی نەوشی گیانیان بێت.” تەنانەت لەو کاتەشدا حازر نەبووە سوکایەتی بە پێشمەرگە بکات. تەنانەت دەیانگوت لەو کاتەوە پێشمەرگە لێرە نەماوە بەرەکەتیش لای ئێمە نەماوە. ئەوان هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی ڕا تا ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی خوویان بە پێشمەرگەوە گرتبوو. لە تەواوی ئەو ماوەدا ئەو بنەماڵانە لە جێ متمانەترین بنەماڵەکانی دەورووبەری بنکەکانی حیزب بوون.

——-

سەردەشت لە لای ڕۆژئاواوە لە گەڵ شاری “قەڵادزێ” و لە لای باشورەوە لە گەڵ شارۆچکەی “ماوەت” لە باشوری کوردستان هاوسنورە. لە هەموو ئەو ناوچانەش ڕا ئاوارەکان ڕوویان لە شاری سەردەشت دەکرد. لێرەدا تەنیا باسی سنوری “قاسمەڕەش”، ئەو شوێنەی لە ئێمە نیزیک بوو دەکرێ، ئەگینا وەزعی زۆر شوێنی دیکەی سنوریش بەرەو

دوای کرانەوەی سنورەکان لە لایان ئێرانەوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ئاوارەکان بەرەو شاری سەردەشت و گوندەکانی دەورووبەری وەڕێکەوتن.بەڵام سەرەڕای ڕۆیشتنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارەکان، دەتگووت نەک هەر ژمارەی ئەو خەڵکە کە لەوێ گیرسابوونەوە کەمی نەکردووە، بەڵکو پێشیانەوە زیاد بووە. چەندە خەڵک دەڕۆیی هێندەش بەرەو ئەو ناوە لە ڕێگادابوو. ئەوانە کە پێشتر بەرەو سنور ڕۆیشتبوون و چاوەڕوانی دەربازبوون، نەیانتوانیبوو ماشێن و تراکتۆرەکانیان لە گەڵ خۆیان بەرن. یان بە نرخێکی زۆر هەرزان فرۆشتبوویانن، کە کەم کەس دەیکڕین یان هەروا بەجێیان هێشتبوون و دوای چەند ڕۆژێک لە لایان تاقمێک تاڵانچیەوە ئاداریان بە سەر پاداریانەوە نەدەما.

یەکەم ڕۆژەکانی هاتنی شەپۆلی ئاوارەکان، هێندە دیمەنی دڵتەزێن و ناخۆش دووبارە و چەند بارە دەبوونەوە، مێشک لە بەرامبەر ئاستی کارەساتەکەدا لە بیردکردنەوە دەوەستا. زۆر کەس-بە تایبەت ژنان- تەنیا بە جووتە نەعلێکەوە ماڵیان جێهێشتبوو، ئەویشێان دوای ماوەیەک ڕێگا ڕۆیشتن دانابوو و بە پێخواسی درێژەیان بە ڕێگا دەدا. تا ئەو جێگایە ڕێگاکان قیرەتاو بوون هەر باشتر بوو، بەڵام هەرچی زیاتر بەرەو سنورەکان دەکشان نەک تەنیا باسێک لە جادەی قیر نەدەما بەڵکو ڕێگاکان سەرەڕای نالەباری و چاڵ و قوڵی پڕبوون ڵە دڕک وداڵ، پارچەی گوللە تۆپ و خۆمپارە و تەقەمەنی دیکە. زۆرکەس بەو هۆیەوە لە پێ کەوتبوون و ببوونە بارێکی زیادی بە سەر کەسوکاریانەوە. باس لە پیر و پەککەوتە و منداڵانیش ناکرێ چەندە لە ئازاردا بوون. تا هەواڵی نیزیکبوونەوەی زیاتری ئەرتەشی ئێراق دەهات زیاتر خەڵک پەلەی بوو زووتر بگاتە سنوری تا خۆی ڕزگار بکات.

بە داخەوە نەک تەنیا لە خانوە کۆنەکان و کەلاوەی خانوە ڕووخاوەکاندا، بەڵکو لە هەموو زەویەکی کشتوکاڵیدا، لە بن هەر شاخێک و هەرلاپاڵێکدا، ماڵێک یان چەند ماڵ بە ناخۆشترین شێوە دەژیان. ئەوانە کە تۆزێک بەخت یاوەریان بایە، بڕێک نایلۆنێان پەیداکردبوو و بە ڕواڵەت بەرنوایەکیان پێ دروست کردبوو، تا خۆیانی پێ لە باران و سەرما بپارێزن. ئێمەش لەو نێوەدا توانیمان یارمەتی چەند ماڵێک بدەین. بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، کە لە مانگی ڕەشەمە و خاکەلێوەدا، هەوای ئەو ناوچەیە بەرەو خۆشی دەڕۆیی، ئەو ساڵە کەمتر ڕۆژێک هەبوو کە نەبارێ و سەرما نەبێت. لە گەڵ بارینەکەش هەوا زۆر لە ساڵانی پێشوو لەو دەمانەدا سارتر بوو. تازە وەزعی خەڵکی لای ئێمە لەو خەڵکەی کە لە کوێستانەکان بوون باشتریش بوو. لای ئێمەش هەر وەک دەورووبەری خۆمان تەواوی خانوەکان، تەویلەی وڵاغەکان، کەلاوەکان، سەربانەکان و زەویکانیش پڕ بووبوون. کار گەیشتبووە جێگایەک کە یەکێک لە ناسراوترین و دەوڵەمەندترین بنەماڵەکانی “قەڵادزێ”، بە دەستکەوتنی تەویلەیەک زۆریش ڕازی بن. ماڵی ئەو بنەماڵەیە سەردەمانێک شوێنی حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب، بە تایبەت لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا، بوو. ساڵانی دواتر، هەرجار هاتووچۆی ئەو بنەماڵەیەمان دەکرد، هاوکاری پێشمەرگەکانی حیزبیان لەو کاتە ناخۆشانەدا وەبیر ئێمە دێنایەوە.

لە نێو ئەو ئاپۆرایەدا دۆڵەمەند و فەقیر نەدەناسرانەوە. جگە لە شەپۆلی ئاوارەکان کە لە چەند ڕۆژی یەکەمی کۆڕەوەکەدا، توانیبوویان بە ماشێن خۆیان بگەیەننە ئەو ناوە، ڕۆژانی دواترکەس توانای دەربازکردنی ماشێنەکانی نەبوو. هەموو هەوڵی خەڵکەکە ئەوە بوو تەنیا کەسەکان دەرباز بکەن. کەسانێک کە تا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ژیانێکی خۆشیان بووبوو یان لانیکەم توانیبویان لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستن، ئێستا، بە تایبەت ئەوانەی لای بنکەکەی ئێمە، بە نانی ویشکی- ئەویش بە زەحمەت دەست دەکەوت- زۆریش ڕازیبوون. بە جامێکی بەتاڵ داوای تۆزێک ئاردیان دەکرد. بۆ وەرگرتنی تۆزێک نەوت بۆ چرا فانۆسێکی خراپ بوو بەڕیز لە بەر دەرگای بنکەیەکی کاتی ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزب دەوەستان تا بتوانن ڕووناکاییەکی هەرچەند کەمیش بێت بۆ منداڵە ساواکەیان دروست بکەن. هێندێک بنەماڵە تازە ئەو چرا خراپەشیان دەست نەدەکەوت. پێویستی پێڕاگەیشتنی نەخۆش و برینداری ڕێگاش، بە بەرەپێی بریندارەوە هەر باسی ناکرێت. ئیمکاناتی پێشمەرگەکان لەو هەلومەرجەدا زۆر سنوردار بوو و بە هۆی نەهاتنی ماشێنیش لە لای کۆمیتەی شارستان و نەخۆشخانە ڕا دەوا و دەرمانیشمان بە دەست نەدەگەیشت. بەڵام بڕیارمان دابوو-ئەوە بڕیاری گشتی حیزبیش بوو- بە پێی توانا یارمەتی ئەو خەڵکە بدەین، ئەوەش کەمترین شت بوو، کە لەو ڕێگایەوە دەمانتوانی بڕێک لە ئازارەکانی ئەو خەڵکە کەم بکەینەوە. کڕینی ڕادەیەکی زۆری خواردەمەنیش، بە تایبەت ئارد و ڕۆن و برینج لە کاتی ڕاوەستانی ئاڵوێر لە بازاڕدا هەر بەو مەبەستە بوو.

———

ماڵی مام نەبی کە نانیان بۆ پێشمەرگەکان دەکرد، داوایان کرد کە چارەیەک بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان بدۆزینەوە، کە یەک یەک و دوو دوو دێنە سەر تەندوور و داوای نان دەکەن. ئێمە سەرەتا پێمان ڕاگەیاندبوون، کە ئەوانی داوای نان دەکەن بیاندەنێ، ئێمەش دەتوانین بڕێک کەمتر بخۆیین تا ئەگەر بەو ڕادە کەمەش بێت، هاوکارییەکی ئەو خەڵکەمان کردبێت.خەڵک برسیانە، ئەگەر برسی نەبن داوای نان ناکەن. زۆر ژنی منداڵەبەر لە نێو ئاوارەکاندا دابوون کە چەند ڕۆژ بوو تێریان نەخواردبوو. ئەوە کاریگەری لە سەر سڵامەتی منداڵە شیرەخۆرەکانیشیان دادەنا. دوو سێ ڕۆژی یەکەم هەروا تێپەڕی و هەر کەس هاتە سەر تەندوور و داوای نانی کردبوو وەریگرتبوو. دوای چەند ڕۆژێک ماڵی مام نەبی داوایان کرد کە ئەگەر بەو شێوە بچێتە پێش ئێمە دەبێ شەو ڕۆژ هەر لە سەر تەنودوور بین و نان بکەین، هێشتاش پێڕاناگەیین. ئێمەش ژمارەیەکی زۆرمان ماڵی ئاوارە لە ماڵەوە هەن و هیچ خزمەتمان بۆ ناکرێن. دواتر پێشمەرگەرکان لە نێو خۆماندا وا ساغ بووینەوە، کە خەڵکەکە بێنە لای مقەڕی پێشمەگەکان ئارد و خوێیان بدەینێ بۆ خۆیان بیکەن بە نان. ئەوە تۆزێک قورسایی سەر نانکەرەکانی کەمتر کردەوە.

ئەوەی ئێمە لەو نێوەدا، زۆر بۆی بە پەرۆش بووین و حیزب دەرفەتی نەبوو لە لای ئێمە بیکات، فیلم و وێنەهەڵگرەگرتن لەو کارەساتە مرۆییە بوو. فیلمهەڵگرەکان بە هۆی بەر بڵاوی کۆڕەوەکە نەیاندەتووانی بێنە لای ئێمە. بۆ خۆم زۆر هەوڵمدا دووربینێکی فیلم هەڵگرتن بکڕم و فیلم هەڵگڕمەوە تا وەک بەڵگە دواتر بیدەم بە حیزب، بەڵام هەر چەند گەڕام دووربینم دەست نەکەوت. دیارە حیزب بڕیاری دابوو کە نابێ کادر و پێشمەرگەکانی حیزب دەرفەتەکە بە قازانجی شەخسی خۆیان بقۆزنەوە و کەل و پال بە هەرزانی لەو خەڵکە بکڕن. ئەوەی من دەمویست بیکەم بۆ بە بەڵگەیی کردنی ئەو کارەساتە بوو.دیارە فیلمەەگرەکانی دیکە زۆریان فیلمهەڵگرتەوە و هەر لە یەکێک لەو مەئمورییەتانەشدا بوو، کە کادری بەوەجی ڕاگەیاندنی حیزب “حەسەن کتابی” بێ سەروشوێن بوو.

 

درێژەی هەیە

نویترین هەواڵ و بابەت