"an independent online kurdish website

ئەنفال مەرگی لەسەرخۆی گەلێک بوو جار جارە لەسەر خۆو جاری دیش شێتانە , ئەو تراژیدیای مەرگە ١٩٦ ڕۆژی خایاند و درێژ بوەوە بۆ ناو ھەموو لایەنەکانی ژیانی ئەوانەی بەر شاڵاوەکەی کەوتن,



ئەوەشی بە ڕێکەوت ڕزگاری بوو لێی, دەردو مەینەتەکانی بەشێوەو شێوازی دی ئەنفالی کرد, شوێنەواری لەسەر سەرتاپای ژیانی ئەم گەلە لە دوای خۆی دانا, ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژەوە بۆ قەسابیکردنی لادێنشیینەکان کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە و سوتاندنی خاک و وێرانکردنی ئاوەدانی و وشککردنی سەوزایی و کانیی و نەھێشتنی مرۆڤێک بە ناوی ھاووڵاتی کوردستانەوە بە تایبەتیش کورد, سوپای عێراق لە سەرباز و جاش بە خەفیفەو مەفرەزە تایبەتییەکانەوە وەک حەزییایەکی چەند سەرەی ئەفسانەکان لە ھەرچوار لاوە پەلاماری تەواوی لادێکانی کوردستانیان دەدا, ئەوەی بەر کەوت و ڕِزگاری نەبوو لەو ڕۆژەوە قوتی داو ببڕیای ببڕای نەیانمان بینییەوە, ھەموو چرکە و لەحزەو سات و ڕۆژەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە شومە, مەرگەساتێکی ترسناک بوو بۆ خۆی, ڕۆژگارەکانی پاشیشی ژیانی ناو مەرگەساتەکانی تۆپزاو و نگرەسەلمان, چاڵ و پەناگای گولەبارانکردنی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان ھەموو مێژویەکی دانەبڕاون لە یەکتر , مێژوویەک بوو پڕ لە یاداوەری مەرگ و تاوان, جێی خۆیەتی یادی ھەموو ئەو تاوان و کارەسات و قوربانیانە بکرێتەوە کە لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەنجام درا, ئەوە مێژوییەکی ترسناک و پڕ تاوانە, ئەوەی لە ناوییا نەژیابێت, ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناکەکانی نەبینیبێت, ئەوەی ئێش و ئازارەکانی نەچەشتبێت, ئەوەی ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینەوەی خۆشەویستەکانی, ئەوەی بە پێی خۆی ڕزگار نەبووبێت , ناتوانێت وینەی چیرۆکەکانی ئەو مەرگە ساتە بکێشێت, ئاخر خەیاڵدانی بڕ ناکات و ناتوانێت وێنای کارەساتەکانی, ئێش و ئازارو دڕندەییەکانی بکێشێت , ئەمە لە خەونی شاعیرانە زۆر ئەولاتر و دوورترە, ئەوە جیھانی مەرگەساتی جینۆساید و کۆمەڵکوژییە کە ناوی ئەنفالە.
ھاوکات ناشتوانرێت ھەموو ڕۆژەکانی ئەنفال, بکرێت بە شین و شەیپوری یاداوەرییەکانی, چونکە فەزایەک بۆ ژیان , کاتێک بۆ بیرکردنەوە و ھەنگاو نان بۆ ئایندە و دواڕوژ, زەمەنێک بۆ ساڕێژکردنەوەی زامەکان و ھەڵسانەوە و دەستپێکردنەوەی ژیان, چرکە ساتێک بۆ ژیانی دوا ڕۆژ و زیندوبونەوە نامێنێت, لە بیرکردنەوەی یاداوەرییەکانیش مانای لە بیرکردنی تاوان , لە یاد کردنی خیانەت , لە بیر کردنی مێژووی تاڵ و شکستەکانی ڕابردوو دێت , گەلێکیش ڕابردووی کارەساتەکانی لە بیر بکات, مانای ڕازییە بە کوشت و بڕەکانی داھاتووش, مانای ملکەچ دەکات بۆ زەلالەت و قەسابیەکان, لەبیرکردنی یاداوەرییەکان یانی دەست ئاواڵە کردنی داھاتووە بۆ دوبارە بوونەوەی کارەساتە ترسناکەکان, یانی نرخ نەدانە بە زاکیرەکان, یانی ھاندانی دوبارە بونەوەی قەسابخانەکانە, بۆ ئەوەی داھاتوو, مەرگە سات و قەسابی کردنەکانی خۆمان لە یاد نەچێت, بۆ ئەوەی ئێسکەکانمان لە بیابان و ناو حەوزی تێزابەکان دەرکەینەوەو تف لە حەجاج و حەجاجیەکان و ھاورەفتارەکانیان بکەین, پێویستمان بەوە ھەیە لە ڕێگەی یاد کردنەوەی ئەنفالەوە خۆمان وەک گەلێکی بەردەوام لە پرسە و خەبات کەر بۆ دواڕۆژێکی ڕۆشن دانێین , گەلێک ئامادەیی ئەوەی ھەیە ڕابردووەکان خۆی بخوێنێتەوە بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو, ئێمە چاومان لە داھاتووە, بۆیە ڕابردوو دەخوێنیینەوە بۆ ئەوەی داھاتویەکی ڕون و گەش دابینبکەین بۆ نەوەکانی داھاتوو , دەنا دەزانین رابردوو بە خۆشەویستانمانەوە ناگەڕێتەوە, دەبێت نیشتمان لەسەر شوێنەواری گۆرستانەکانی ئەنفال بنیات بنێینەوە کە نەکرا , ھەرچەندە بوونی تاوانبارانی کورد لە ناومان بەردەوام ئازاری دەروونیمان زیاد دەکات و یادکردنەوەکانمان کاڵە کەنەوە, بەردەوام ئازارمان دەدەن, وەلێ بێ یادکردنەوەش تاوانباران رزگاریان دەبێت لەو رۆژەی تێیایدا نەفرەت دەکرێن, ئەو رۆژە بۆ تاوانباران و داڵدەدەران و گەندەڵکاران بووە دۆوەخی ئەنفال, لەو رۆژەدا دادگایەکی نا فەرمی دەکرێن, لەو رۆژەدا ئەنفالکراوان دێنەوە چیرۆکی ئەنفالکردنیان دەگێڕنەوە, بۆیە دیاریکردنی ئەو رۆژە گرنگ و پێویست بوو.

بۆ ١٤-٤
شێخ وەسانان و بادینان و سەردەشت یەکەم شارو ناوچە بوون, بەر لێدانی چەکی کیمییاوی کەوتن لە کوردستان, بەڵام ھەڵەبجە کرا بە ڕۆژی شەرمەزارکردنی چەکی کیمیاوی لە کوردستان, لە جیھانیش وەک یەکەم شاری قوربانیدەری چەکی کیمیاوی چووە مێژوەوە لە رێگای پەرتووکی گینزەوە, دەشمانەوێت بیکەین بە ڕۆژی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی لە ھەموو جیھان لە داھاتوو , چونکە قەبارەی زیانەکانی گەورەتر بوو لە ھەمووان و تاوانەکانی تر و ناسراوتر تربوو لەوانی پێشوتر و دواتر ھەر بۆیەشە خرایە پەرتوکی گینسەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە, ھەموو تاوانێکی مەزن لە سەر ئاستی گەل, پێویستە ڕۆژێک ھەبێت بۆ یادکردنەوەی, بوونی ڕۆژێکی وا گرنگە بۆ ناوەندیدان بە یادەوەریەکە, ھەروەھا گرنگیشە بۆ بەردەوام ھێشتنەوەی لە زەینی نەوەکانی داھاتوو و باشتر کردنی باری ژیانی ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە و قوربانین, ئەنفالیش بەھەمان شێوە دەبێت ڕۆژێک تیایدا دیاری بکرێت بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانە کە زیاتر لە ١٠% ی گەلەکەمانی تێدا کوشت و بڕکرا, نە یەکەم ڕۆژی و نە دوا ڕۆژی ئەو تاوانە, تیایدا ئەو زیانە گەورەیەی نەبووە تا دیاری بکرێن بەو ڕۆژە , گەورەترین قەبارەی کارەساتەکە لە پرۆسەی ئەنفالی گەرمیان ئەنجامدرا (دیاری کردنی ئەو ژمارانەی ڕژێم بۆ ئەنفالەکانی دیاریکردووە بە کارێکی باش نازانم , بەڵکە ئەنفالەکان پێویستە بە ناوی ناوچەکانیانەوە ناو زەد بکرێن).
ئەنفالی گەرمیان کە لە ڕۆژی ڕەشی ٧ نیسان یادی دامەزراندنی پارتی بەعس دەستی پێکرد و لە ٢٠-٤ کۆتایی پێھات, وەک بەعس ئاسا دڕندانەترین قۆناغی ئەنفالەکان بوو , ھەرچەندە لەم شاڵاوەیان بە لێدانی چەکی کیمیاوی دەستی پێنەکرد وەک زۆری ئەوانی دی ” لە تازەشار بەکار ھات “, کە سەرجەمیان بە لێدانی چەکی کیمیاوی دەستیان پێکرد , وەلێ پێدەشتەکانی گەرمیان ئەو جوگرافیایە نەبوو بۆ بەرەو ڕوبونەوەی سوپای بەعس و خیانەتی عەوامفریوانەی جاشەکان بونە ھۆی ئەوەی زیانەکان گەورە بن, لەگوندی تازە شار پێشمەرگەکانی ینک و حشع قوربانی گەورەیان دا, بەڵام نەتوانرا پێش بە ھێرشەکان بگرترێت , قەبارەی سوپای ھێرش بەر گەورەتر بوو لە توانای بەرەنگاربوونەوە , کە پێشر لە دوو پرۆسەی ئەنفالدا تێسرەواندنی کاریگەریان بەر کەوت, زیانی گەورەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لەپرۆسەی ئەنفالی گەرمیان و لە ڕۆژەکانی ١٣-١٤-١٥—٤-١٩٨٨دا بوو , بە تایبەتیش ڕۆژی ١٤-٤ , زیانەکانی ئەو ڕۆژانەی کارەساتەکە گەورەترین و زۆرترین زیان بوون کە بە سێیەک بۆ نیوەی کۆی قوربانیەکانی ھەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەکرێت , شەوی ١٣لەسەر ١٤ ی ٤ بازنەی ئابلوقەدانی خەڵک تەسککرایەوە, لە ملەسوورە زۆربەی خەڵکەکە تەسلیمکرانەوە , لە ڕۆژی ١٤ نیساندا لەھەردوو گوندی ملەسورەو کوڵە جۆی حاجی حەمەجان زۆربەی خەڵکی ناوچەکە پاش تەنگکردنەوەی بازنەی ئابلوقە لەسەریان ھەموویانیان کۆکردەوە و ئەنفالیانیان کرد, جاشەکان ڕۆڵی کارایان ھەبوو لە ئەنفالکردنی ئەو خەڵکە , بەو ھانیانیان دا تەسلیم بنەوە, لەو ڕۆژەدا نزیک بە ٢٠٠٠٠ خەڵکی ناوچەکە کە بەشی زۆریان ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە بوون کۆکرانەوە و بە ئیڤای سەربازی و تراکتۆرو ئۆتۆمۆبێلی ھاووڵاتیانی ئەنفالکراو گواسترانەوە بۆ قۆڕەتوو (قۆڕەتوو دەکەوێتە سنوری ناحیەی مەیدانی شاری خانەقین, ئەم ناوچەیە لە دوای ساڵی ١٩٧٤ ەوە تەعریب کراوە) . پاشماوەی جل وبەرگەکانیان تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش مابوون, بەم ھۆیەوە ١٤-٤ وەک ڕۆژێک تیایدا دڕندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال گەیشتە ترۆپکی تاوان ھەڵبژێردرا بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال, ڕۆژێک دەیان ھەزار ھاووڵاتی پاش ئابلوقە دان و قەتیسکردنەوەیان لە ناو بازنەیەکی تەسک لە لایەن جاشەکانەوە لە پێشیانەوە فەتاح بەگی جاف تەسلیم بە بەعسکرانەوە, بۆیە کاتێک ١٤-٤ دێتە پێشەوە دەبێت ناوی ئەو جاشانە لە پێشی پێشەوە بن بۆ دادگاییکردن , وە ملە سوورەش ئەو جێگەیە بێت تاوانبارانی جاشی لێ سزا بدرێت و تیایدا دادگایی بکرێن.

بڕیاری حکوومەت بۆ بە فەرمی ناسینی ١٤-٤ بە رۆژی ئەنفال
دیاریکردنی ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال ھەنگاوێکی گرنگ بوو لەسەر دیاریکردنی ڕاستە ڕێگایەکی درووست بۆ بە جینۆسایدناسینی ئەنفال و بە مێژووکردنی و باشتر کردنی باری ژیای بەجێماوەکانی قوربانییەکانی, کە ساڵانە لەو رۆژە لە رو ناوخۆ داخوازییەکانیان دێننە مەیدان, رو لە دەرەوەش مەزڵومیەتی گەلێکی جینۆسایدکراو بە جیھان دەناسێنن .
ھەموو کات زیان ھەتیوەو قازانج باوکی زۆرە , کە بۆیەکمجار داواکرا ١٤-٤ بکرێت بە ڕۆژی ئەنفال, تەلەفزیۆنی ماڵانی بۆ فرۆشرا , ڤیستیڤاڵەکانی تێکدرا , لافیتەی پێچرایەوە , کەسێک خۆی ناکرد بە خاوەندی , وەلێ کە ھەوڵی بێپسانەوە دەگات بە ئەنجام , لە ھەموو لایەکەوە یەکێک دەڵێت منم, نان و رۆنی پێوە دەخۆن, بازرگانی پێوە دەکەن و پارەی پێ پەیدا دەکەن, ھەموو کات خەڵکانی بەرژەوەندخواست و ھەلپەرست لە دوای ھەوڵەکان ئامادەن , بە قازانجی خۆیان دەسکەوتەکان بدورنەوە , بە تایبەت لە ئاوھەوایەکی وەک ئەمڕۆ کەیسی ئەنفال باشترین ڕێگایە بۆ بازرگانی پێوەکردن و وەرگرتنی پلە و پۆست.
دوای ١٩ ساڵ لە تاوانی ئەنفال , دوای ١٦ ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان , دوای ١٢ ساڵ لە نووسینەوەی یەکەم بەیانی فەرمی کە تیایدا داواکراوە ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال بناسرێت, ھەمان بەیان لە ڕۆژی خۆیدا لە ڕۆژنامەو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی بڵاوکراوەتەوە , دوای ئەوەی ترسی ھەڕەشەی کەس و کاری ئەنفالکراوەکان و شەرمەزاری بەرپرسان لە نەھێنانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی کەس و کارەکانمان تۆقاندیانی , لە بەرواری ٤-٤ -٢٠٠٧بڕیار لەسەر ئەوە درا ١٤-٤ بەڕۆژی ئەنفال بناسرێت:
” پیشنیوەرۆی دوینی ٤/٤/٢٠٠٧، ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و عومەر فەتاح جیگری سەرۆکی ئەنجومەن، لەتەلاری ئەنجومەنی وەزیراندا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.لەکۆبوونەوەکەدا رەزامەندیی لەسەر پرۆژەی بریاری دانانی رۆژی ١٤/٤ی ھەموو ساڵیک بەرۆژی ئەنفالکراوەکان وەرگیرا “.

چۆن ١٤-٤ بوو بە ڕۆژی ئەنفال
ئەو ڕۆژانەی ئەنفال جێی گرنگی پێدانی کەسو لایەنەکان نەبوو , شەڕ لەسەر کۆنفرانس و کۆنگرە و دەعوەتنامەکان و دەرچوون لە ڕاگەیاندنەکان لە ئارادا نەبوو, شان بادانی سەر شاشەکان بوونی نەبوو !!! , کێشەیەکی لە بیرکراوی بێ خاوەند و تا بڵێی بێکەس بوو , ئەوەشی کاری لەسەر دەکرد بە ئێسک پەرست ناودەبراو گاڵتەی پێدەکرا , ئەو باسکردن و کارکردنانەی ھەبوو پەرتوبڵاو بوو, لەو ڕۆژانەدا کۆمەڵێک چالاکوانی بە راستی خۆبەخش و رۆشنبیر و ھونەرموند و دلسۆزی ئەم گەلە , بە سکی برسی و ماندوەیەتی سەختی ژیانەوە , لە پاڵ نەبوونی و ھەژاری خەمی ئەنفالەکانیان لە کۆل نا و شەویان دایە دەم رۆژەوە بۆ بە مێژوو کردنی ئەم تاوانە و دیاری کردنی رۆژێک بۆ یاداوەریەکە وەک قەرەبوییەکی مەعنەوی کەسوکاری و نووسینەوەی مێژووەکەی , تاکو لەو ڕۆژەدا قورسایی بدرێتە یادکردنەوەی تاوانەکە , ساڵانە لە کات و ساتی خۆیدا یاد بکرێتەوە, ئەم یاداوەرییە نەمرێنرێت, لە بیری تاکەکانی گەلەکەمان بە زیندویی بمێنێتەوە و ببێتە ڕچەی ناساندنی لەئاستی جیھانیدا .
پێویستە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی کە ھەوڵەکانیان بەری گرت بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال , ناویان بچێتە مێژووی بەگژدا چونەوەی ئەنفال و ئەنفالچیەکان , منیش وەک ئاگادارێکی زۆرتر لە ھەر کەسێکی دیکە لە بەشێکی زۆری ئەو چالاکیانەو موبادری ھەوڵەکەو سەرپەرشتیکردنیان , چەند دێرێک لەم یادەوەرییە دەخەمە سەر کاغەز, بە داوای لێبوردن لە ھەموو ئەو ناوانەی بە بێ ھیچ ھۆکارێک لە یادیانم کردووە, تەنھا ھۆکاریش ئەوەیە ئاگاداری کارو چالاکیەکانیان نەبوومە یان ئاگادارم و ناویانم لە یاد کردووە , چونکە تاوانە ڕەنجی کەسانێک لە سەرەتادا بۆ بەمێژوو کردنی ئەنفال ھەوڵیان داوە و ڕەنجیان داوە, چەندە ھەوڵەکەیان بچووکیش بێت لە یاد بکرێن , بەری ڕەنجی کەسانی دی , ھەوڵ و ماندوبوونی کەسانی دی ئەگەر لەگەڵیانیشدا نەبیت لە یادبکرێت.
پاش گەڕانێکی وورد بە ناو ڕۆژنامەکانی دوای ڕاپەڕین , ئەوەی کەوتە بەر سەرنجم , یەکەم وتار لە سەر ئەو رۆژە نووسرابێت و تەئکیدی لەسەر کرابێت کە ببێتە رۆژی ئەنفال لە داھاتوودا بە ڕێز کاک ” ڕ. خ ” لە کوردستانی نوێ ژ ٦٦ ی ١٤-٤-١٩٩٢ دا نووسیویەتی , کە دوایی بۆم دەر کەوت ناوی بەرێزی کاک ڕەحمان خانییە لە شاری دەربەندیخان, ھەروەھا دووەم بابەت لە پەرتووکی تونی مەرگ کە بەڕێز زیاد عەبدڕەحمان “نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا” نووسیویەتی ھاتووە (( (c.d.a.w.e) لە ساڵی ١٩٩٣ ھەمان ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی یادکردنەوەی ھەڕەشەکانی ئەنفال داناوە ویادی کردەوە, لە ھەمان ڕۆژی ساڵی ١٩٩٤ یش دا یادی ئەو ڕۆژە لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە گەرمیان کرایەوە , پێدەچێت ئەو ڕۆژە لە داھاتوودا ببێتە یادی قڕ کردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد ( پەرتووکی تونی مەرگ –ل٩) لێرەوە نووسەر ئەگەرێک دادەنێت بۆ بوونی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد وەک دووەم ھەوڵ, نەک بە کردنی بە ڕۆژی ئەنفال( کتێبی تونی مەرگ یەکەم ھەوڵی گەورەو مانفیستۆی کارکردن بوو بۆ ئەنفال و ئازایانە ناوی ئەنفالچیەکانی بڵاو کردەوە بۆیە سەرەتایەکی ئازایانەو جێگای ستایشە) .
وەلێ کاک شێخ سدیق لێکۆڵەر و چالاک لە بواری پرسی ئەنفال دەڵێت : لە ١٤-٤-١٩٩٣ بە پشتگیری لیژنەی پارێزگای کەرکووکی حیزبی شیوعی کوردستان و مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو یادە کرایەوە لە ئۆردوگای سمود (ڕزگاری ) , لیژنەی ئامادەکار بریتی بوون لە : شێخ سدیق , دڵشاد تاڵەبانی , ھێمن کەرکووکی “سەبوور ” ئەو یادە ڤیستیڤاڵێکی گەورە بوو , بەشێک لە چالاکیەکانی بریتی بو لە: ئەنجامدانی ڕێپێوانێک لە ناو ئۆردوگاکەوە بۆ بەردەم قوتابخانەیەک , ڕێپێوانەکە بە تراکتۆر و ئۆتۆمۆبێل نمایشی تاوانی ئەنفال بوو, لەبەردەم قوتابخانەکە وتاری لایەنەکان خوێنرایەوە, ڕۆژی دواتریش لە کەلار پیشانگایەک بەو بۆنەیەوە کرایەوە .
ڕۆژنامەکان ئەو ڕۆژانە باشترین بەڵگە نامەن بۆ ئەوەی بزانین ئەم ھەوڵانەی دراون بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال چەند کاریگەر بونەو جێگای خۆیان گرتوەو گەیشتوونە بە جێی مەبەست و توانیویانە ئەو داواکارییە بسەپێنن.
ڕۆژنامەکانی کوردستان تاکو ساڵی ١٩٩٥ ئەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی ئەنفال نەناساندووەو ھیچیان لەبارەوە نەنوسیووە, وەک شایەدحاڵێکی زیندووی تاکە راگەیاندنی مونەزەم لەو رۆژگارەدا, با پێکەوە بۆ راستی بۆچونەکەمان چاوێک بە چەپکێک ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەوکاتانە بخشێنین .
کوردستانی نوێ ژمارە٦٦٠ ی بەرواری ١٤-٤-١٩٩٤, لە مانشێتەکەیدا ھاتووە ( بەیانامەی م س ینک بە بۆنەی کۆچی دوایی ھەڤاڵ ڕەسوڵ مەمەند ) , ئیتحادی ژمارە ٧٥ ی بەرواری ١٦-٤-١٩٩٤ یش ھەمان بابەتە مانشێتەکەی.
الاتحادی ژمارە ١٢٧ بەرواری ١٥-٤-١٩٩٥ لە مانشێتەکەی ھاتووە , (امریکا قلقە علی حقوق الانسان خێوێا فی اقلیم الکردی بترکیا).
ڕۆژنامەی یەکگرتوو ژمارە ٨٦ ی بەرواری ١٢-٤- ١٩٩٦ لە مانشێتەکەیدا ھاتووە: ( فرە زمانی و فرە ڕەگەزی نیشانەی گەورەیی خودان و دەبێ بپارێزرێن , ڕیسوا بێت سیاسەتی جینۆساید و قڕ کران ).
کوردستانی نوێی ژمارە ٦٦ ی بەرواری ١٤-٤-١٩٩٢ لە مانشێتەکەی ھاتووە: (سەرکەوتنێک لەگەڵ ڕژێم بەھای ئەو کاغەزەی نابێت کە لە سەری مۆر دەکرێت ).
کوردستانی نوێ ژمارە ٩٦٢ بەرواری ١٤-٤-١٩٩٥ مانشێتەکەی بریتی بوو لە: (لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکەی ئەکیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەی فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی عێراق پەسەند دەکات) (ھەرچەندە لەم ژمارەیەدا بابەتی زۆر لەسەر ئەنفال لە لاپەڕەکانی ناوەوە بڵاو کراوەتەوە , لە ناویشیاندا بەیاننامەی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان لەسەر ١٤-٤ و چالاکیەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان )ی تێدایە, کوردستانی نوێی ژمارە ١٢٦٢ ڕۆژی یەک شەمەی بەرواری ١٤-٤-١٩٩٦ لە مانشێتەکەیدا ھاتووە (تەنھا بە دادگاییکردنی ئەنفالچییەکان ڕوحی شەھیدانمان شاد دەبێت).
ئاڵای ئازادی ژمارە ٦٨ ی بەرواری ١١-٤-١٩٩٣ دا لە مانشێتەکەی ئەمەی خوارەوە ھاتووە : بە سەرخستنی دەست پَشخەری pkk, بەرنامەی ھاوبەش و ھاوکاری سیاسی , ئەرکێکی نەتەوایەتییە .
بەڵام لە ئاڵای ئازادی ژمارە ١٦٦ ی بەرواری ١٦-٤-١٩٩٥ دا ھاتووە (ئەنفال بەڵگەی خۆڕاگری میللەتەکەمان و دڕندەیی دوژمنانە ).
لە بۆ پێشەوەی ژمارە ١٨ ی نیسانی ١٩٩٥ (با یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی بەرپاکردنی بزووتنەوەی شورایی جەماوەری بۆ کۆتایی ھێنان بەشەڕ و برسێتی , ھاوکات بابەتێکی بچوک لە سەرەوە نوسراوە بە ناوی (کارەساتی ئەنفال و وەحشییەتی ناسیۆنالیزم).
ھەرچی ڕۆژنامەی برایەتی ژمارە ١٩٢٠ بەرواری ١٤-٤-١٩٩٤ ە لە مانشێتەکەی ھاتووە (ھێژا مسعود بارزانی لە پرسەی خوالێخۆشبوو رسول مامەند ئامادە دەبێت), ھەرچەندە پەیامی برایەتی لەسەر تاوانی ئەنفالە, بەڵام ھیچ ئاماژەیەک بە بەرواری ١٤-٤ وەک ڕۆژی ئەنفال نەکراوە . بەڵام لە ڕۆژنامەی ووڵاتی بەرواری ١٥-٤-١٩٩٦ ژمارە ١٥١ دا ھاتووە (یادی ئەنفالەکان ھاندەرێکە بۆ سوور بوون لەسەر خەبات). ھەرچی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستانی ژمارە ٢ ی ساڵی ٤٨ ی ساڵی ١٩٩٢ ھاتووە(پڕۆژەی بەڵگەنامەی بەرنامەی..) , ھەرچی ژمارە ٩٤ی بەرواری ١٢-٤-١٩٩٣ ھاتووە (ھەلومەرجی کوردستان وا دەخوازێ کە بە پەلە ھەوڵی بەستنی کۆبونەوەی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی بدرێ) , لێ لە ڕێگای کوردستانی ژمارە ١٠٤ ی بەرواری ١٩-٤-١٩٩٤دا ھاتووە (بە بۆنەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەکان پێویستە بایەخێکی زیاد بە ١٨٢٠٠٠ ئەنفالکراوو کەس و کارەکانییان بدەین).
سەرباری ئەوەی بابەتی ڕێگامان لەسەر ئەنفالە , وەلێ ڕێگای کوردستانی ژمارە ١٥٢ ی بەرواری ١١-٤-١٩٩٥ لە مانشێتەکەی ھاتووە (١٤ ی نیسان ساڵگەردی ئەنفالە شوومەکان و ڕەمزی گەورەترین تاوانی سەدام دژ بە گەلەکەمان )(ڕۆژی ١٤ نیسان ڕۆژێکی ھەرگیز لە یاد نەچووە لە بیرو ھزری رۆڵەکانی گەلەکەمان , ئەم ڕۆژە ھێمایەکە بۆ گەورەترین تاوان کە ڕژێمە شۆفینیستیەکەی سەدام دژ بە گەلەکەمان ئەنجامی دا ). بەم جۆرە دەبینیین لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە لە مانگی نیسان باسی ئەنفال کراوە , بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە جەخت لەسەر دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال کراوەتەوە لە ھەفتەنامەی رێگای کوردستان, لە ھەموو رۆژنامەکانی ئەوکات زیاتر گرنگی بە پرسەکە داوە.
لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە ژێر درووشمی (دیاریکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوەکان) کۆمیتەی باڵای یادکردنەوەی ڕۆژانی ئەنفال لە یادی ٦ ەمین ساڵەی کارەساتی ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالە بەدناوەکانی بەعس, لە ڕۆژانی ١٤-١٥-٤-١٩٩٤ زنجیرە چالاکییەکی لە کەلار و سمود ئەنجامدا , لیژنەی سەرپەرشتی یادەکە لە لایەن مەڵبەندی کەرکوکی ینک و ھاوڕێیانی حشکع- کەرکووک و یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان سازدرا بوو (کوردستانی نوێ ١٨-٤-١٩٩٤ ژمارە ٦٦٣).
لێرەدا پێویستە ئەوە ڕابگەیەنین لە ساڵانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ , بە داواکاری ئێمە لە ڕاگەیاندنەکان ١٤-٤ وەک ڕۆژی ئەنفال ناسێنرا و چووە مانشێتەکانەوە , پاش سەردانیکردنی ھەر ھەموویان.
کاک سەردار عەبدللە یەکێک لە چالاکوانانی ئەوکاتی ئەنفال پێی راگەیاندم : بۆ سالی دواتر مەبەستی ساڵی ١٩٩٦ ە , کە بینیمان لە ١٤-٤ لە ھەولێر یادی ئەنفال بە بەرفراوانی کرایەوە , ئێمەش لەوە بە دواوە سور بوین لەسەر دیاریکردنی ١٤-٤وەک رۆژی ئەنفال .
نابێت ئەوەش لە یاد بکەین لە ئایاری ساڵی ١٩٩٤ شانۆگەری وەرزێکی شووم لە شاری ھەولێر پێشکەشکرا کە بەڕێزان فەخرەدین گەرمیانی و خاڵە حەمرین (یادی بەخێر) و لالۆ ڕەنجە و کۆمەڵێک دڵسۆزی دیکە ڕۆڵیان تێیدا ھەبوو , گوزارشتی لە تاوانی ئەنفال دەکرد , وەلێ بە ئامانجی دیاریکردنی ١٤-٤ نەبوو بە ڕۆژی ئەنفال و ھاوکات لەو ڕۆژەشدا نمایش نەکرا.
بانگەوازی ڤیستیڤالی یەکەمی ئەنفالەکان لە ١٢-٣ بۆ ئەنجام دانی یەکەم ڤیستیڤال لە ھەولێر بڵاو کرایەوە , کە لە ١٤-٤ ڤیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی یەک ھەفتە لە ھۆلی مدیا بەردەوام بوو, ئەم بەرێزانە رۆلیان لە ئامادە کردن و سەرکەوتنی یدا ھەبوو((محمد ملا سدیق –لالۆ رەنجدەر –سەدرەدین خۆشناو-فاتیح شەیدا-کەریم غەفور ” کەریمۆک” –قادر نادر-فریاد ھیرانی-ئاشتیە سور و ھاوسەرەکەی” دارا و پایزە” ” رۆژنامەی ئەمڕۆ” , محەمەد مشیر- ھاوار مستەفا- سۆزان مامە- بدرالدین سالح- نیھاد دزەیی- کەریم سەرکەش-ھەردی سەردەم –دەشتی سەردەم – فەلاح حەسەن –عادیل قەشقە- -مامۆستا رەحیم-عوسمان عمر( عوسمانی خەتم ) -رزگار مام بۆرە- مامۆستا فرھاد خالید-نھاد جامی –تەحسین فایەق-ئاوارە خان-کەریم مەلا-مامۆستا کمال غەمبار- ھونەرمەند محەمەد ئیسماعیل- پارێزەر دلێر محەمەد شەریف -سەلاح مەزن- مامۆستا عەبدالرەحمان سدیق- ئازاد سلێمان و رەوان شاد ھاوکار و ھێمن حەساری و شەفیق حاجی خدر و کنێر جەمیل و شەوقی دارەتوو و جەماڵ شوشە و عەدنان کۆچەر و ……..ھتد .ھەروەھا بەرێزان رزگار شوانی و رزگار حەساری و فواد سدیق لە رێگای کوردستان و کاک ستران عبدللە و کاک دلشاد عبدللە و ئیسماعیل عەبدالکەریم لە کوردستانی نوێ و کاک غازی حەسەن و ئیدریس شەیداھۆ و کاک بێکەس حەمەد قادر لە ئاڵای ئازادی بەشداری کاریگەریان کرد لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانیانەوە , بەوەی کاریگەریان لەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان دانا بۆ ئەوەی ١٤-٤ وەکو ڕۆژی ئەنفال بناسن و گرنگی پێبدەن و مانشێتی لەسەر دابنێن وێڕای لە چالاکیەکانیشدا رۆڵیان ھەبوو .
بۆ سالی دواتر واتا ١٩٩٦ , جگە لەو بەرێزانەی ناویان لە ڤیستیڤاڵی یەکەمدا ھاتووە , بەرێزان سەرھەد تۆفیق –شوان داودی –غازی حەسەن- گرفتار کاکەیی- ھەردوو مامۆستای ھێژاو تێکۆشەر خالید دلێر و سەعید ناکام و محەمەد ساڵەیی و ھەندرێن حەمەدەمین شەقڵاوەیی و پاڵەی خالید دلێر و ھیوا ناسیح و ئەسکەندەر جەلال و فەرحان و خالید کاوێس و ئازاد و ,,,, ھتد بەشدار بوون , ئەو ساڵە بە داواکاری ئێمەو بە ھاوکاری بەرێز کاوە نادر پارت و رێکخراوە سیاسی و رۆشنبیریەکان دەیان بەیاننامەیان لە ٧-٤ ەوە دەرکرد بە بۆنەی ١٤-٤ و ناساندنی وەک ڕۆژی ئەنفال , لەوە بە دواوە ئیتر ١٤-٤ وەک رۆژی ئەنفال بو بە ئەمری واقیع چ لە بواری سیاسی یان جەماوەری .
ساڵی ١٩٩٥ یەکەم بەیاننامە بە بۆنەی ١٤-٤ ڕۆژی ئەنفال, ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان” من نوسیمەوە” دەرکرا, دواتر دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیان دەرکرد وەک دووەم بەیاننامە بۆ ئەنفال دەرکرابێت, ھەرچەندە لە بەیاننامەکەی یەکگرتوودا ھاتووە (ئێمە لە ئاوا ڕۆژێکدا کە یادی ئەو کارەساتە بێ دینی یە دەکەینەوە ,داوا لە ھەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنمان دەکەین, کە وەک تاوانە جینۆسایدییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و , جەنگە جیھانییەکان و ,کارە بە کۆمەڵ کوژییەکانی ستالین و ھیتلەر , لە قەڵەمی بدەن و ,گڵاوی نیازی ڕژێم لە بەکارھێنانی وشەی (ئەنفال)ڕسوا بکەن و, وشەو زاراوەیەکی بۆ بەکار بێنن کە ڕێسی پیلانی ھەڵوەشێنێتەوە – بەشێک لە بەیاننامەی مەکتەبی ڕاگەیاندن بە بۆنەی یادی کارەساتی بەناو ئەنفالەوە – یەکگرتوو ژمارە ٣٧ ) , دیارە ئەم ھەوڵەش لە لایەکەوە دڵسۆزییە بۆ پرۆسەکە , لە لایەکی دیکەوە بەشێک بوو لە نەخشەکانی پارت و لایەنە ئیسلامیەکان بۆ سڕینەوەی وشەی ئەنفال و بەکارنەھێنانی و مانەوەی بە پیرۆزی لە کۆمەڵگای کوردیدا و نە چەسپینی لە گەڵ تاوانەکەدا, کە بە بڕوای ئەوکاتی ئەوان لەگەڵ بەھا ئاینیەکاندا ناھاتەوە .
ساڵی ١٩٩٦ بەھۆی سەرکەوتن و دەنگدانەوەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان ھەوڵەکان گەورەترەوە بوون , بە ھەوڵ و کۆششی ڕێکخراوی ئاوارە و ئەنفالەکان لیژنەی سەرپەرشتی لە ھەولێرو شەقڵاوە دروست کرا , ھەروەھا داوا لە حزب و ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیرییەکان کوردستان کرا , بەیاننامە بەبۆنەی ١٤-٤ دەربکەن و لافیتە لەو یادەدا ھەڵواسن , بۆ ئەوەی شاری ھەولێر سیمای ئازییەت باری گشتی بە خۆوە بگرێت , لە ساڵی ١٩٩٦ لیژنەی کاری ھاوبەشی حیزبە کوردستانیەکان لە ١-٤ ەوە بەیاننامەی ھاوبەشیان دەرکرد لەسەر ١٤-٤ و ناساندنی وەکو ڕۆژی ئەنفال , کە لە ٧ حیزبی کوردستانی پێک ھاتبوون , سەرباری ئەم لایەنانەی خوارەوە : بزوتنەوی موسڵمانانی کوردی فەیلی –سەرکردایەتی شۆڕگێڕ -–حزبی اتحادی تورکمانی–کۆمەڵەی جوێلۆجی کوردستان-یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان-حزبی سۆسیالستی کوردستان-یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان-دەستەیەک لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی گەرمەسێر . سەرباری ئەوەی دەیان پارت و ڕێکخراوی سیاسی لافیتەیان بە داواکاری ئێمە لەناو ڤیستیڤاڵەکەو شەقامەکانی ھەولێر و بەردەم بنکەو بارەگاکانیان ھەڵواسی, ئەو بایاننامانەش بە سوپاسەوە بە داواکاری ئێمە دەرکراون, بە پێ بارەگا بە بارەگا بەندە زۆر جاریش لە گەڵ مامۆستا بەدرەدین گەڕاوین و پاڕاوینەتەوە تا بە دوی داواکارییەکانمانەوە ھاتن.
لە بواری ڕاگەیاندندا ڕۆژنامەکانی ووڵات , ئاڵای ئازادی , یەکگرتوو , پاڵە مانشێتەکەیان ئەوساڵە لەسەر ئەنفال بوو , ڕێگای کوردستانیش سەرتاپای بە ڕەش دەرچوو و مانشێتەکەشی لەسەر ئەنفال بوو .
ئەم بروسکەی پشتگیریانەش گەیشتنە ڤیستیڤاڵەکە : ( دەستەی ڕۆژنامە نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی تورکمانی-مکتب سیاسیی– تیپی شانۆی نیشتمان-مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-حزب الاخا تورکمانی –مکتب سیاسی– بزاڤی خوێندکارو لاوانی کوردستان-سکرتاریەتی باڵا– حیزبی ڕزگاری کوردستان-مەکتەبی سیاسی -–مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یەکێتی پێشەنگانی کوردستان-کۆمەڵەی جەنگاوەرانی پێشەنگی کوردستان- کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان-یەکێتی بێکارانی کوردستان-کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان-ڕێکخراوی جیھانی بۆداکۆکی کردن لەمافی مرۆڤ(ئەمینداری گشتی)-بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-ھەولێر—کۆمەڵەی نەتەوەیی کورد-مەڵبەندی چوار—کۆمیتەی ڕێکخستنی ھەولێری حیزی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق—کۆمەڵەی فەرھەنگ و ئاوەدان کردنەوەی باڵەکەیاتی—یەکێتی ژنانی کوردستان-مەکتەبی سکرتاریەت—ئەنجومەنی پارێزەرانی کوردستان—تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ—بزووتنەوی دیموکراتی گەلی کوردستان—کۆمەڵەی زیندانیە سیاسیەکان—مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی جوتیارانی کوردستان—خوێندکارانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان—کۆمیتەی پارێزگای ھەولێری حیزبی شیوعی کوردستان—کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی شاری ھەولێر—کۆمیتەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی ی ن ک—خوێندکارانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان—ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان—لەشکری ١٦ دەشتی ھەولێر ینک—تیپی شانۆی حەمرین—کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان—ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە کوردستان (کوردستان ۆچ)—ناوەندی ھەولێری پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان –ڕادیۆی ڕێگای کوردستان—ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان—ڕێکخراوی ڕەوتی بەلشەفیک—یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستان).
ئەم لایەنانەی سەرەوە ناویان ھاتووە , زۆربەشیان بە ھەڵواسینی لافیتە لە دەرەوەی ھۆڵی ڤیستیڤاڵ بەشداریان کرد , شاری ھەولێر تا ئەوکاتە ھیچ بۆنەیەکی وای تێدا نەکرابوو , بەو ئەندازەیە لافیتەی تێدا ھەڵبواسرێت , بە درێژایی چەندین کم بەملاو ئەولای ھۆڵی میدیادا , سیمای ئازییەت باری گشتی بەخشی بە شار ئەو چەند رۆژە.
ئەم لایەنانەی خوارەوەش تەنھا لافیتەیان لە ڤیستیڤاڵەکەدا ھەبوو : ( بیرۆی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان- ڕۆژنامەی ووڵات-ڕۆژنامەی شمس وەتەن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی کرێکارانی کوردستان-لیژنەی پارێزگای کەرکوکی حیزبی شیوعی کوردستان-یەکێتی ئافرەتانی زەحمەتکێشان-لقی ھەولێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی کوردستان مەکتەبی سیاسی-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک- کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی گەرمەسێر –مەکتەبی مافی مرۆڤی ی ن ک-یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان) , ھەروەھا ئەم ھونەرمەندانەش بە تابلۆ بەشدارییان کرد لە پیشانگای کورد قڕان : (جوھەر محەمەد خدر-دارا محەمەد عەلی-دلێر محەمەد شەریف—سلێمان شاکر—سەربەست عومەر—سۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵلە سەراج-فیسەڵ عوسمان-کامران – ڕزگار فقێ عبداڵلە-ئازاد ئەنوەر-گرفتار کاکەیی)(چارەنووس ژمارە ٢ –حوزەیرانی ١٩٩٦) *.
دیارە ئاماژەم بە زۆر ناو دا , کەسانی تێدا بوو وەک بەدرەدین حەمەساڵەح و کاک نیھاد دزەیی و سەرھە تۆفیق زۆر ماندوو بوون , کەسانی دیکەش بەشداریەکی ڕەمزیان کرد, پشتیوانییەکی مەعنەوی بوون بۆ یاداوەرییەکە .
ھەرچەندە ڤیستیڤاڵی دووەم یاساغکرا و ڕێگە لە ئەنجامدانی گیردرا لە شاری ھەولێر ( بەھۆی بەرپرسانی ئەوکاتی دەزگای روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک , ئەو یادکردنەوەیەشیان لێمان بە رەوا نابینی و دژ بە دیاریکردنی ١٤-٤ بوون بە رۆژی ئەنفال) , وەلێ کە مەمنوع کرا زیاتر مەرغوب بوو و دەنگدانەوەی زیاتری بوو, ڤیستیڤاڵە کارتۆنیەکەی ئەوانیش دەیان جار ئیمکاناتی زیاتری بۆ تەرخان کرابوو چۆڵ و ھۆڵ کەم کەس بە لایدا چوو, لەسەر پارەش بووە شەڕیان) , بە داخەوە زۆری ئەو چالاکییانەی بۆ ئەو بوارە دەکرێن تا ئێستا شەفاف نین و لە پاڵ ئەو یاداوەریانەوە گیرفانەکان پڕە کرێن, تا ئەوکات رێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان چالاکترین رێکخراوی مەدەنی و جەماوەری بوو لە کوردستان وەلێ یەک فلس بودجەی نەبوو ھەموو کارەکانی لەسەر گیرفانی بەندە بوو.
گرنگ ئەوەیە پەیامەکانی یادەکە چەسپی و لە کۆتاییدا ڕۆژێک دیاریکرا بە ڕۆژی ئەنفالکراوەکانمان کە ١٤-٤ بوو دیریکرا, لەو ڕۆژەدا خەم و داواکارییەکانمان یەک دەخەین, بە چاو بۆ ئازیزانمان دەگرێین, بە بیر ڕێگایەک دەدۆزینەوە بۆ بە بە مێژووکردنی, بە دەست و دەنگێکی بەرزیش ئازایانە دەڵێین سەرجەم تاوانکاران بێجیاوازی بۆ بەردەم دادگا, پەیامەکانی ١٤-٤ لە بەجینۆساید ناسینی ئەنفال و بە دادگایی گەیاندنی تاوانباران و باشتر کردنی باری ژیانی قوربانیان ھەر دەگاتە بەر, بە ھاتنە مەیدانی بنەماڵەی قوربانیان.
لە کۆتادا دەمەوێت رابگەیەنم بۆ ئەنجامدانی یاداوەرییەکە , ڤیستیڤاڵی یەکەم یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و حیزبی شیوعی و ینک” حاکم قادر” ھاوکاری مادییان پێشکەش کرد, بۆ دووەمیش ھەمان دوو حیزب و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ” بەرێز فوئاد مەعسوم”, ڤیستیڤاڵی شەقڵاوەش پارتی دیموکرات مەسرەفی کێِشا ئێمە دەستمان لە پارەکەی نەدا, ڤیستیڤاڵی یەکەم زۆربەی خەرجییەکانی لە ئەستۆی بەندە بوو, ھاوکارییەکان کەم بوون, پارەو داھاتەکانی زۆر شەفافانە وەرگرتران و خەرجکران, مامۆستایەکی دەست پاک رەوانشاد خالید دلێر سەرپەرشتی دەکرد, بە دەستنوێژیشەوە دەستی لە پارەکان نادا, لە شەقڵاوەش مامۆستا رەوان شاد مامۆستا سمکۆ ناکام ھەمان تەسەروفی دەکرد, تەنھا بە چاوەکانیان ئاگاداری بوون روحیان شاد, دەتوت دوژمندارییان لە گەڵ شتێک ھەیە ناوی پارەیە, سەرجەم ھاوڕێیانی دیش ھەمان تەسەروفیان ھەبوو, بەسکی برسییەوە کارەکانیان رادەپەڕاند.

بۆ دیتنی وێنەکان و یەکەم کۆبونەوە بۆ سازدانی یەکەم ڤیستیڤاڵی ئەنفال و سەرجەم بابەتەکە بە پ د ف ئێرە کلیک بکەن 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی