"an independent online kurdish website

لە شەڕو تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی دوژمن ئەو کاتانەی کە پێشمەرگە بۆی نەدەگونجا خۆی گەڵاڵەی شەر دابڕێژێ و ئیبتکاری عەمەل بە دەستەوە بگرێ،


هێندێک جار پێچەوانەکەی ڕووی دەدا و دوژمن دەستی پێش دەخست. لەو کاتانەدا ئاکامی شەڕەکە لە قازانجی پێشمەرگە نەدەشکایەوە.

تەبێعەتی شەڕیش هەر وایە، هێزێک هەر چەند بە تواناش بێت ناتوانێ هەموو کات لە هەموو شەڕەکاندا سەرکەوتنی تەواو مسۆگەر بکات. شەڕی شاخی ڕووش لە ناوچەی سەقز یەکێک لەو تێکهەڵچونانە بوو کە نەمان توانی لە ئاستی چاوەڕوانی تەواو دا بین و ڕژیم شەڕێکی سەختی بە سەر دا سەپاندین.

کادر و پێشمەرگەکانی مەڵبەندی دووی کوردستان لە ڕێکەوتی ٨/٨/١٣٦٥ (1986) لە درێژەی تێکۆشانی حیزبی لە ناوچە جیاوازەکانی مەڵبەندی دوو (سەقز / هەوشار / دیواندەرە) چووینە ئاوایی خورمتا لە ناوچەی سەرشیوی سەقز، ئەو کات بەرپرسی مەڵبەند کاک حەکیم ڕەزایی بوو، پلەی تەشکیلاتی کاک حەکیم ئەندامی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکڕات بوو . کاک شاپوور فیروزی فەرماندەری هێز بوو، بەڵام لەو کاتەدا لە گەڵمان نەبوو، جێگرەکەی کاک عەلی ئەشرەف مەجیدیان سەر پەرەستی و فەرماندەهی هێزی دووی ڕیبەندانی لە ئەستۆ بوو، بۆ نان خواردنی شەو و پشوو دان بە سەر ماڵەکانی ئاوایی خورمتا دا دابەش بووین. نیازمان وابوو تا مەلا بانگ دانی بەیانی لە ئاوایی بمێنینەوە و دواتر بڕۆینە دەر و گوند چۆڵ کەین، هێندێک کێشە لە ئاوایی لە نێوان دانیشتوانەکەی ڕووی دابوو، چەند کەسێک لە خەڵکی خورمتا وتبویان قەرارە سۆزی دەوڵەت بۆ حەلی ئەو کێشە بێنە ناودێ، بۆ قایم کاری بێجگە لە نیگابانەکانی دەوری ئاوایی عەلی ئەشرەف تیمێک پێشمەرگەی بە بەرپرسایەتی عەلی ئەمینی (عەلیە ڕەش) لە سەعاتی دووی نیوە شەودا ناردبووە شاخەکانی پشتی گوندەکە .

بە هەڵکەوت لە گەڵ عەلی ئەشرەف و شاڕوخی تایر نەسەب لە سەعاتی یازدەی شەو لە سەربانی ماڵێک لە ناوەڕاستی ئاوایی خورمتا ڕاوەستا بووین مانگا شەوێکی خۆش بوو. کورد گوتەنی زەنگیانەت لە بەر بگرتایەتەوە، تایر نەسەب ڕووی لە ئێمە کرد و وتی ! لەو تیرەگە شانەی ڕوبەڕومان چەند چەکدارێکم دیوە! شوێنەکە بڕێک دوور بوو بۆ لێک کردنەوەی چەکدار و بێ چەک عەقڵ نەی دەبڕی، عەلی ئەشرەف زەردەیەکی گرت و وتی لەوانەیە گوێدرێژ و وڵاخ و شتی وا بووبێ! دواتر دەچنەوە بۆ لای کاک حەکیم و ئەوانی دی دەگێڕنەوە زۆر بە شاڕوخ پێدەکەنن. ئەویش دەڵێ (نەمردین کەری موسەلەحیشمان دی) جگە لە من باقی ئەندامانی مەڵبەند هەموو لە یەک ماڵ دا بوون.

کازیوەی بەیانی گوێ بیستی چەند ڕەگباڕێک بووین لە لای کەمینەکانی سەر شاخ. قسەکەی تایر نەسەب بە ڕاست گەڕا، چاوە تیژەکانی لە حوکمی دوربین دابوون، عەلیە ڕەش لە شاخەوە پەیوەندی بە عەلی ئەشرەفەوە دەگرێ و پاشان بە گەرم بوونی تەقە تەماس نامێنێ، گروهە زەربەتەکانی سپای پاسداران لە سەقزەوە هاتبوون و خەیاڵی گرتنی شاخی پشتی ئاواییان هەبوو، وادیار بوو لە سەر بوونی ئێمە لەو ناوە ئاگادار بوون، ئەگینا بۆ کێشەیەکی بچوکی خەڵکی ئاوایی بەو نیوە شەوە ئەو شاخ و بەرزایی گرتنەی ناوێ، وردە وردە تەقە گەرم بوو پێشمەرگەکان لە ماڵ هاتنە دەر و بە گورجی خۆمان پێچایەوە, تا خۆمان ڕێک خست کات درەنگی کرد هەوا تەواو ڕووناک بوو،  فریای گەیشتن بە شوێنی دوور نەدەکەوتین، وا ساخ بوینەوە بەرەو شاخەکانی ئاوایی (وەرێ نانی) و(شاخی ڕووش) بڕۆین و خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین، عەلی ئەشرەف، موزەفەری کەریمی و چەند پێشمەرگەیەک بۆ کۆمەکی کەمینەکان دەنێرێ بەڵام پێش گەیشتنیان کەمینەکان دێنە خوار و ئەوانیش لە گەڵ خۆیان دەگێڕنەوە ئەو گڕە شاخە دەکەوێتە دەست هێزەکانی دوژمن.

شوێنی شەڕمان لە مەجبووری هەڵبژارد فریای هیچ کوێی دیکە نەدەکەوتین، لە شاری سەقزەوە نزیک بوو،  بۆیە دوژمن لە پەستا بۆ هێنانی هێزی زیاتر دەست بە کار بوو، هەر چوار لامان بە شاخ و داخیەوە ڕێگەی ماشین ڕەوی هەبوو، ئەوە لە قازانجی دوژمن و لە زەرەدی ئێمە شکایەوە، ڕێکەوت ٩/٨/١٣٦٥بە سەر دوو بەرەی شەڕ دا دابەش بووین.

یەکەم.  ڕیزە شاخەکانی پشتی ئاواییەکانی وەرێنانی و سەڵتەکەڵتوو.

دووهەم.  شاخی ڕووش لە شاری سەقزەوە دیارە و بە سەر زۆر شیو و دەر و دۆڵ و چەندین گوند و هەر وەها شاری سەقز و پادگان و جادەی سەقز-بانەدا دەڕوانێ .

دوژمن لە هەر چوار لامانەوە ئەم شوێنانەی لێ گرتین.

ئاواییەکانی ! / کەس نەزان / وەرێنانی / خورمتا / سەڵتەکەلتوو / هێجانان / قشڵاخە چکۆلە / وێڕای زۆربەی بەرزایی و شاخ و دۆڵێک کە سەر بەو گوندانەن .

سەعاتی نۆی سەر لە بەیانی بە تۆپ و خومپارە و کاتیوشا باران لە خوار ئاوایی وەرێنانی بە چڕی هەموو سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کردە ئاماج، دواتر و بە هێزی پیادە بۆ گرتنی سەنگەرەکان پەلاماریان هێنا، هەموو جار تێک دەشکا و دواتر تۆپخانەی دەخستەوە کار. لە زۆر شەڕدا بەشدار بووم بەڵام ئاگری تۆپخانە و کاتیوشا و خومپارەبارانی لەو شێوەم بە کەمی دیوە، بێ پسانەوە لە هەوڵی نابود کردنمان دا بوون، فیداکاری و ورەی بەرزی پێشمەرگە ڕێگەی نەدا یەک سەنگەریش داگیر بکەن .

ئەوە لە حاڵێک دا بوو بەشێکی بەرچاو لە پێشمەرگەکانمان چەند رۆژ پێشتر بۆ کارێکی تایبەت بەرەو نزیک شاری سەقز ناردبوون، لە کاتی ئەو شەڕە دا ئەوان لە نزیک ئاوایی مامەشا هەڵکەوتوو لە پەنای پادگانی شاری سەقزدا بوون جادەی سەقز – بانە لە نێوانمان دابوو ، نەیاتوانی بەشداری لە شەڕەکە دا بکەن و لە دورەوە چاویان لە مەیدانی شەڕەکە دەکرد.

لە کاتژمێر نۆی بەیانی تا نزیک نۆی شەو شەڕ درێژەی کێشا، چوار هێلی کۆپتێر بەنۆبە و بە بەردەوامی سەنگەرەکانی ڕاکێت باران دەکردین. لە هەر چوار لاوە هێرشمان دەکرایە سەر. پێشرەوی دوژمن محاڵ بوو. کاک عەلی ئەشرەف لە سەر پێشنیاری کاک حەکیم چەند جار هەوڵی دا لە قۆڵێکەوە پێشڕەوی بکەن و لە دامێنی شاخی ڕووش سەنگەرەکانی پاسداران بگرن و لە تۆپخانەکە نزیک ببنەوە بەڵام شوێنەکە ڕووتەن بوو بۆ ئێمە ئیمکانی پێشڕەوی نەبوو قورسایی شەڕەکەش زیاتر لە سەر ئەو شەڕگەیە بوو.

بە هۆی ئاگری قورسی تۆپخانە لە تەماسی فەرماندەکانەوە هەستمان بە برینداربوونی بەشێک لە هاوڕێکانمان دەکرد. لە بیرمە کاک تەیمور لە کاک حەکیمی ڕەزایی پرسی حەیدەر(هەوشاری) لای تۆیە؟ کاک حەکیم لە وڵامدا وتی ئەرێ بە قوربانی حەیدەر بم گەر حەیدەر و نەجمە (زورئەسنا) نەبن من دەتوانم لێرە دانیشم! لە درێژەی شەڕ دا زۆر جار دوژمن هەوڵی داگیر کردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی دووپات و چەند پاتە دەکردەوە، بەڵام بێ سوود بوو، هەر بۆیە هەموو هەوڵی خۆی خستە سەر ئاوربارانی بێ پسانەوەی چەکە قورسەکانی لە لای پادگانی شاریشەوە بە تۆپی دوور هاوێژ ئاور بارانیان دەکردین.

عەلی ئەشرەف کە فەرماندەهی شەڕەکەی دەکرد بریندار بوو و دەست و لاقی بە قەناسە پێکرا، پاشان لە نزیکی من و عوسمان کەس نەزانی،  حەمە هەژار برینی قورسی هەڵگرت. لە درەنگ وەخت سدیقی قۆجە بە سەختی بریندار بوو، ساڵح میرزایی شەهید بوو, بێسیمێکی یاشام پێ بوو باقی بێسیمەکانی دیکەی کۆنتڕۆڵ دەکرد و گوێ بیستی قسە و باسی هەموو هاوڕێیان دەبووم ڕادەی شەهیدەکان چوار کەس و بریندارەکان گەیشتنە دە کەس، کوژراوی دوژمن 30 کەس مەزەندە کرا.

کاک تەیمور چەند جار بە بێسیم بانگی کاک حەکیمی کرد وڵام نەبوو مەشکووک کەوتین، پاش ماوەیەک کچە پێشمەرگەی بە غیرەت مێهری بە بێسیمەکەی کاک حەکیم قسەی کرد و زانیمان کاک حەکیم شتێکی لێ بە سەر هاتووە ، عەلی ئەشرەف پێش بریندار بوونی خۆی دەگەیەنێتە لای کاک حەکیم و دەبینێ کە پڕێشکی خومپارە لە پشت چاوی دراوە و  بەداخەوە شەهید بووە.

درێژەی بابەت لە بەشی دووهەم

وێنەکان ! بەشێک لە پێشمەرگەکانی بەشداری شەڕەکە و شاخی ڕووش و ئاوایی خورمتا و شەهیدەکان نیشان دەدات.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی