"an independent online kurdish website"

دوژمن هەموو شوێنی دوور و نزیکی شەڕەکەی بە هێزی نیزامی تەنی بوو تا شەو نەتوانین دەرباز بین و لە کەمینمان بخات.

 تەنانەت هەموو گەون و پوش و پەڵاشی شاخ و دەرەکانی دەور و بەری ئاور تێ بەردابوون بە تایبەت (کەلی گەوناوی) بۆ ئەوە بە هۆی شەوقەکەیەوە شوێن پێی دەرباز بوونمان بزانێ. حەمە‌هەژار بەدەم ناڵەی برینەکەیەوە پێی وتم سەرم بخەرە سەر ڕانت بەحاڵ قسەی بۆ دەهات برینەکەی قورس بوو پاش ماوەیەک  بەداخەوە چاوەکانی لە سەر یەک دانا و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

پێشمەرگەکانی پشتی ئاوایی وەرێنانی جەنازەی کاک حەکیم یان شاردبوەوە بەڵام بە سەرە نەیزە نەدەکرا ئەو شوێنە ڕەقانیە هەڵکەنی و باش حەشاری بدەی، هەر بۆیە بۆ بەیانیەکەی دوژمن جەنازەکەیان دۆزیبۆەوە و بردبویانە شاری سەقز، جەنازەی حەمە هەژاریشمان بۆ دەرباز نەبوو ، کاک عەلی ئەشرەف و سدیقی قۆجەمان بە برینداری لە گەڵ خۆمان برد، باقی بریندارەکان برینەکانیان زۆر قورس نەبوو، پاش کەمێک ڕێگە بڕین گەیشتینە پشت ئاوایی هێجانان، سەدیق قۆجەش  بەداخەوە لە ڕێگەدا شەهید بوو، هەر لەوێ لە نێو تۆقە دارێک دا جەنازەکەیمان حەشاردا .

 

برینی عەلی ئەشرەف قورس بوو بەڵام غیرەتی لە تاقەت بەدەری هەر باس ناکرێ، یەکەم جاری بریندار بوونی نەبوو ،بەڵکوو هەشتەمین جار بوو بریندار دەبوو ! جارێک لە بەر قورسی برینەکەی نێردرایە وڵاتی فەڕانسە، پاش ساڕێژ بوونی برینەکەی گەڕایەوە سەنگەری بەرگری گەل، عەلی ئەشرەف لە فەرماندە کارامەکانی ٥٩ عەمەلیاتی هیزی بیستوونە لە هەرکوێ سەنگەری دەگرت مەگەر سەنگەر جووڵابا ئەگینا کشانەوە لە مەزەبی دانەبوو. تا دڵ دەخوازێ ئازا و چاو نەترسە، بە سەر هێسرێکەوە بوو داوای ئاوی لێکردم، وتم نات دەمێ خەتەرە، دەت کوژێ ، وتی کورە خۆم بە قەد دوکتورێکی لێ ئەزانم بم دەرێ خەمت نەبێ بەقسەم نەکرد.

لە گەڵ ئەو تیمەی بۆ مەئموریەت چوبوون تەماسمان گرت و لەوەزعی خۆمان ئاگادارمان کردن و ئەوانیش هاتنەوە لامان و لە نێوان ئاوایەکانی هێجانان و قەبەغڵوو یەکمان گرتەوە.

ئەمجار بەو هەمووە ماندوویی و شەکەتیە لە دەس دانی کاک حەکیم و حەمە و سدیق و ساڵە و دە بریندار، جا وەرە لە دەس ئەو هەمووە کەمین و خەتەریاتە خۆت ڕزگار بکە. شەو درەنگە و دەور و بەری دووی نیوە شەوە و لە ١٥ کیلۆمیتری شاری سەقزین و دوژمن بە غەنیمەتی دەزانێ، بە دوامانەوەن بۆ زەربە لێدانی زیاتر، دەبێ چی بکەین؟ و چۆن بکەین تووشی دەرگیری زیاتر نەبین؟

بەرپرسی یەکەمی مەڵبەندەکەمان شەهید بووە و فەرەماندەی یەکەمی هێزەکەمان بریندارە لە ئەندامانی مەڵبەند من (سەید ئەحمەد حوسێنی) و کاک تەیمور و شاروخی تایر نەسەب مابوینەوە، لە گەڵ کاک تەیمور مستەفایی و هەر دووک شاڕوخ کۆبونەوەیەکمان بەست، هەر چی سەرمان دێنا و دەبرد نەمان دەتوانی بۆ شوێنی دوور دەرباز بین (شاڕوخی تایر نەسەب پێی وابوو دەبێ بچینە پشتی مێرگە نەخشینە و شێخ چۆپان مەگەر بە هیلی کۆپتێر بگەشتینایە) ئاوایی مازوارە لە نزیکمان بوو پێشمەرگە بە کەمی ڕێی لە مازوارە دەکەوت ، بەڵام بە تیم ئێمە دەچوین و هەم من و هەم مام ڕەحمان خەڵکەکەمان دەناسی. بەر لە پێشمەرگایەتیش بەشێک لە خەڵکی مازوارەم دەناسی .  جارێک کە بە تیم لە مازوارە مابوینەوە بڕێک نوسراوە و ڕۆژنامەی کوردستانی زمانحاڵی حیزبمان دابوو بە کەسێک بیانگەیەنێتە شوێنێک، منداڵێکی بچوکی مەدەرەسەییان هەبوو، بە دزی باوکیەوە ڕۆژنامەیەک دەخاتە کیفەکەی دەیباتە مەدرەسە، هەر کە دەچێتە کلاسی دەرس ڕۆژنامەکە دەداتە دەست مامۆستاکەی و ئەڵێ ئاغای مودیر! ئا لەم کتێبەمان پێ بڵێ ! ئەمە خۆشترە لە کتێبەکەی خۆمان، ئەمشەو کاک …بۆی هێناوم، مامۆستاش لە دەستی وەر دەگرێ و دەبینێ ڕۆژنامەی کوردستانی حێزبی دیموکڕاتە، هیچ ناڵێ دواتر باوکی منداڵەکە بانگ دەکات و بۆی دەگێڕێتەوە و ئاگاداری دەکات وریای ئەو جۆرە کارانە بن ، دیارە مامۆستا ئێمەی لە نزیکەوە دەناسی و پایگاش لەناو دێ نەبوو هیچ گرفتێک لەو بابەتە ڕووی نەدا.

پێشنیارم بە هاوڕێکانم کرد باشترین گوزینە ئەوەیە بە سەر ماڵەکانی مازوارە دا دابەش ببین، هەر چەند زۆر خەتەر بوو، گەر دوژمن هەستی بکردایە گومانی تێدا نەبوو دەرچونمان محاڵ بوو، هەم لە شار نزیک بوو، هەم لە پەنا جادە ئیسفاڵتی سەقز- بانە بوو . هەم دوژمن بە هێزی پۆشتەو پەرداخی شەڕەوە لە نزیک و بەدوامانەوە بوو . هەم ئێمە شەکەت و ماندوو بووین و دە بریندارمان پێ بوو، لە گەڵ هەموو ئەو ئەگەرانە بە پێشنیارەکە ڕازی بوون لەوێ بمێنینەوە کاک تەیمور لە کەسە خاوەن بڕیار و بەغیرەتەکان بوو.

لە نزیک ئاوایی مازوارە پێشمەرگەکانمان بە سەر چەند تیم دا دابەش کرد و لە گەڵ مام ڕەحمان بە دوو قۆڵی تیم بە تیم دەمان بردن بە ماڵەکانمان دەناساندن و دەمان وت ئەمانە پێشمەرگەی حیزبن و رفێقی ئێمەن و لێیان دڵنیا بن. لەو وەزعەدا، فەرهادی غەفاری بە هیچ جۆرێک نەدەچووە ماڵ، هەر چی لێمان ئەپرسی بۆ ناچی؟ هیچی نەدەوت، هەرچی کردمان بە خاتر و خوایش نەچووە ژوور! ( لەو کاتە ئاستەمانەدا دێموگۆپاڵ لە دیموکراسی چاکترە) بەو جۆرە دە دوازدە ماڵێک پێشمەرگەیان بەرکەوت مازوارە هەر ٢٥ بۆ ٣٠ ماڵێک دەبوو.

لە شێرە کوڕانی مازوارەیی لە هەر چوار دەوری ئاوایی خۆیان مان کردە نیگابان و خۆمان لە ماڵەکاندا ماینەوە، هەر جووڵەیەک بوایە فەوری ئاگاداریان دەکردین، بۆ بەیانی هەموو دەورو بەرمان پڕ بوو لە پاسدار، مازوارە یەک بەردیشی لێ نەبوو گەر تووشی شەڕ بوایەین سەنگەری لێ بگرین مەگەر بە خەڵکەکەمان بووتایە تکایە ماڵە کان تان چۆڵ کەن با نەکوژرێن و ئازادمان کەن کە بەهۆی ئێمەوە ماڵ وێران دەبن.

ماشینێکی پاسدارەکان لای نێوەڕۆ بەرەو ئاوایی هات و ئاگاداریان کردین بەڵام نەهاتە ناو ئاوایی و بڕێک نزیک بۆەوە هەڵوێستەیەکیان کرد و گەڕانەوە دواوە، وەک نوشتەی چاوەزارمان بۆ نوسرابی! هەموو شوێنیان پشکنی غەیری ئاوایی مازوارە، دوژمن بیری لەوە نەدەکردەوە لەو بنەو پاڵە بمێنینەوە پێیان وابوو دوور ڕۆشتوین.

تیمێک پێشمەرگە لە ماڵێک دەبن و ماڵێکی دیکەش کە پێشمەرگەی لێ دەبێ کچێکیان دەنێرن بۆ ئەو ماڵە، وابزانم پێشمەرگەکان داوای سیگاریان کردبوو، لەوێ شاڕوخی تایر نەسەب بە کچەکە دڵێ نابێ بگەڕێیتەوە بۆ ماڵی خۆتان! ئەڵێ بۆ ؟ پێی ئەڵێ ئێمە پێشمەرگەین تۆ ئێمەت دیوە ئاشکرا دەبین ، هەقت نیە بڕۆی! ئەویش ئەڵێ کاکە! ماڵی ئێمەیش پڕیەتی لە پێشمەرگە لە بەر ئەوان هاتووم داوای سیگاریان کردوە بۆیان دەبەم. بەمجۆرە پاشەکشە بە شاڕوخ دەکا و پاشان دەڕوا.

ئێوارە داهات و دوژمن لە بەرزاییەکان پاشەکشەی کرد و بەرە و ناوشاری سەقز گەڕایەوە ، ئێمەش لە ماڵەکان هاتینە دەر بریندارەکان لە لایەن بەشی دەرمانی خۆمانەوە برینەکانیان تیمار کرابوون، مالەکان لیباسی خوێناوی بریندارەکانیان بۆ شۆردین، میوانداری چاکیان لێ کردین و کۆڵەپشتیەکانیان بۆ پڕ کردین لە نان و پێخۆر و کاتی خوا حافیزی بە گۆزە و پووت و سەتڵ ئاویان لە بەر پێ و شوێن پێی پێشمەرگەکان دەڕشت بە نیشانەی بێ وەی بوون و بە سڵامەت دەرچوون.

وەک چۆن خاک وزە و هێز دەبەخشی بە گژ و گیا و دار و دەوەن ، خەڵکی مازوارەش بەو شێوە هێز و وزە و ورەیەکی نوێیان بە بەر ئێمەدا کرد. ئەو میوانداری و زەحمەت پێوە کێشانەی خەڵکی مازوارە و باقی شوێنەکانی دیکەی ناوچەی سەقز شایانی کڕنۆش بۆ بردن و چەمانەوەیە لە ئاست هیمەتی بەرز و ڕەوشتی جوانی کوردانەیان .

حەکیمی ڕەزایی ڕێبەرێکی لێهاتوو ، سیاسیەکی بە هەتوان، مودیرێکی لێزان و شۆڕەسوارێکی تا بڵێی میهربان بوو. بە لەدەسچوونی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات ڕێبەرێکی جێ متمانە، حیزبی دێموکڕات تێکۆشەرێکی ماندوو نەناس و مەڵبەندی دوو بەرپرسێکی خاکی و خەڵکی یان لە کیس چوو.

سدیقی قۆجە کادرێکی تێکۆشەری ناوچەی هەوشار و شۆڕشگێڕێکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر و دڵپاک بوو.

حەمە هەژار نمونەیەک لە پێشمەرگەی ئازا و فیداکار، لە ئاخرین هەناسەکانی ژیانی داوای لێکردم سەری بخەمە سەر ڕانم بە بەجێ هێنانی دوا وتەکەی گیانی پێشکەش بە نیشتمان کرد.

ساڵەی میرزایی پێشمەرگەیەکی ئازا و چاو نەترس و ڕۆح سووک بوو شۆڕشگێڕێک لە ناوچەی دیواندەرە لە هیچ فیداکاریەک لە پێناو گەلەکەی درێغی نەدەکرد.

 

سڵاو لەو ڕۆژانەی داهاتوو بۆ گەلەکەمان دروست دەکەن.

نویترین هەواڵ و بابەت