"an independent online kurdish website

چەند وتەیەک ڕوو بەو کەسانەی کە کوردن بەڵام چەکی ڕێژیمی داگیرکەریان لەشان کردووە و بەو هۆیەوە لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا ناسناوی (جاش) یان بەباڵا بڕاوە


 و لەوەش زیاتر لەبەر ئەوەی ئەرکیان دژایەتی نەتەوە و نیشتمانی خۆیانە، بەلای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە وەک (خۆفرۆش) ناودێر کراون.

بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی دەبینین کە درووستبوونی سیستەمە فەرمانڕەواکان و سەرهەڵدانی بزووتنەوە ناڕازی و دژبەرەکان بە قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیون و نزیک بە هەموو نەتەوەو پێکهاتەکانی ئێستای سەرڕووی زەوی لەو پڕۆسەیەدا بەشدار بوونە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە تێکڕای گرووپە ئێتنیکیەکان یان ئایینەکان لەهەوڵی پێکهێنانی هاوبەشییەک و خڕبوونەوە لە دەوری سیستەمێکی بەڕێوەبەری هاوبەشدا تێکۆشاون.

کوردیش وەک نەتەوەیەکی گەورە لە جوگرافیایەکی بەرفراوانی پێکهاتە ئاڵۆزدا لەو تێکۆشانە بێبەری نەبووە بەڵکوو هەوڵی زۆریشی داوە بۆ گەیشتن بە درووست بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی. کەچی بەداخەوە تا ئێستاش کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێن.

وڵاتی کوردستان و خاکەکەی، لە دێرزەمان و تەنانەت بەر لەسەرهەڵدانی زۆر لە ئایینەکانیش شوێنی نێشتەجێبوون و ژیانی کوردەکان وچەند پێکهاتەیەکی دیکەی بەڕێژە کەمتر لە کورد بووە.

گەورەترین نەهامەتی و کارەساتی کە بەسەر کوردستان و سەربەخۆییەکەیدا هاتووە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥١٤ ی زایینی دوای ئەوەی کوردستان دەبێتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئیمپڕاتۆری سەفەوی و عوسمانی دواجار بەشێوەیەکی کرداری خاکی وڵاتی کوردستان لەنێوانیاندا دابەش دەکرێت و سەرەنجام ئەو ڕێکەوتنە لە ساڵی ١٦٣٩ ی زاییندا بە فەرمی کرا.

لەوەش کارەساتبارتر بە دوای شەڕی یەکەمی جیهانیدا و لە ناو یاری دەوڵەتە زلهێز و بەرژەوەندیخوازەکانی ئەوسەردەمدا، بەداخەوە وڵاتی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی دەستکرد و دوژمنی سەرسەختی کورددا دابەش دەکرێتەوە. ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی تا پرسی کورد لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا ئاڵۆزتر و سەختتر بکات و لەوکاتیشەوە پێشێلکردنی مافە سیاسی و مرۆڤییەکانی کورد کەوتۆتە چوارچێوەی یاسایییەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا چاوپۆشی لێکراوە و لێدەکرێ.

لە بەرامبەردا ڕۆڵە دلێر و بەهەڵوێستەکانی گەلی کورد بە درێژایی ئەو مێژووە دەرهەق بە زوڵم و ستەمی داگیرکەران و دوژمنانی نەتەوەییمان بەربەرەکانێیان کردووە و قوربانییان داوە. بۆ نموونە هەر لە دەوڵەتی مادەکانەوە تا میرنیشینەکان و سەرەنجام لەدایکبوونی کۆمارە مێژوویەکەی کوردستان و لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان،

لەبۆ ڕزگاری نیشتمان و گەڕانەوەی شکۆی کورد و دابینبوونی ئازادی و سەربەستی خۆی لە خەبات و قوربانیدان سڵی نەکردۆتەوەو لەو ڕاستایەدا دەیان ڕووباری خوێن لە بەر جەستەی دایکی نیشتمان ڕۆیشتووە کە دەریایەکی سووری لەمێژوودا بۆخۆی تۆمار کردووە.

بۆیە ڕەوتی شۆڕش و بەرەنگاری دژ بە داگیرکەران بە هێزی بازوو و هزری تیژی لاوانی بەهەست و شۆڕشگێر دەڕواتە پێش و بەردەوامی دەبێ. بێ گومان کە لە پێناوی بەردەوامی شۆڕش و خەباتیشدا قوربانی دراوە و لەداهاتووشدا بێ قوربانی نابێ.

ئێمەی کورد لەمێژە لەوە گەیشتووین کە بۆ گەیشتن بە ئازادی دەبێ ئەو نرخە بدەین و لە خوێندان باکمان نەبێ. لەمێژە لەڕێبەری گەورە و نەمرمان دوک تۆر عبدالرحمن قاسملووەوە فێربووینە کە لە سەرکەوتندا لەخۆبایی نەبین و لە نسکۆدا دەستە وەستان نەبین. بۆیە کام کۆستی گەورەیە ناتوانێ ئەژنۆی ورەمان شل بکات و کام زام قورسە ناتوانێ هەنگاوی ئومێدمان پێ شل بکات. لەو ڕوانگەیەوەیە کە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا خۆیان ڕێکدەخەن و بە شانازییەوە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی پڕ لە سەروەری شەهیدان دەبن. ڕەنگە ڕەمزی هەرمانی نەتەوەییشمان هەر ئەوە بێ.

دوژمنی داگیرکەر و ستەمکار زۆر باش لەو ڕاستییە تێگەیشتووە کە نەتەوەی کورد لە ئاست خاک و نیشتمانەکەیدا چەوسانەوە و سەردانەواندن قبوڵ ناکات و بە شانازییەوە لە پێناویدا گیانفیدای ی دەکات. هەربۆیە پەنا دەباتە بەر سیاسەتی ئاژاوە و دووبەرەکی و هاندانی خەڵک بۆ خیانەت و براکووژی. سیاسەتێک تا ئێستا زۆربەی داگیرکەرانی جیهان بەگشتی و

دوژمنانی کورد بەتایبەتی بەکاریان هێناوە و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی لێک ترازانی پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ و بەلاڕێدابردنی خەباتی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازییان داوە. ئەو سیاسەتەش بەداخەوە لە پلەی یەکەمدا ڕوو لە هاوزمان و هاونەتەوەی نیشتمانە کە کوردەکانن.

لەوبارەوە هیچ گلەیەک و چاوەڕوانییەک لە دوژمنی داگیرکەر ناکرێ کە چۆن لەگەڵ ئێمە ڕەفتاردەکات، کەچی ئەوەی جێی تێڕامان و پرسیارە ئەوەیە کە چۆن کەسێکی هاوزمان و هاونەتەوە، بە چ باوەڕێکەوە و بۆ چ مەبەستێک دەچێتە باوەشی دوژمن و پشت لەنەتەوە ونیشتمان دەکات؟ جێی سەرسوڕمانە کە کەسێک پەندی وەرنەگرتبێ لە مێژووی نەتەوەکانی دیکە کە کەسانی خیانەتکار بە نیشتمان و نەتەوە دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لەدادگای گەلدا بەسزای تاوانەکانی خۆیان گەیشتن و ئێستا ئەویش هەمان هەڵەی ئەوان دووپات دەکاتەوە! ئاشکرا و ڕوونە کە پێشمەرگە بۆ بیروباوەڕەکەی تێدەکۆشێ و لەهەموو خۆشییەکی ژیان دەستهەڵدەگرێ و بۆ دەستەبەری ژیانێکی سەربەرزانەی کوردانە هەموو سەختی و تاڵییەکی ڕێی خەبات تەحەموول دەکات و تەنانەت گیانی خۆشی لە پێناوی کوردستاندا دەبەخشی.

لەبەرامبەر ئەو هەیبەت و سام و شکۆیەی پێشمەرگەدا کە دووژمنی بەچۆکدا هێناوە، شتێک بەناوی (جاش)سەرهەڵدەدات و ڕووداوی نەخوازراوی خیانەتی بەدوادا دێت.

جاش و خیانەت دوو ڕووی یەک (دراو)ن کە دەبێتە ناسێنەری ئەو کەسەی کە بۆتە چاوساخ و ڕێ پاککەرەوەی دوژمنێک کە بەدرێژای ی مێژوو دژ بە پیرۆزییەکانی جەنگاوە، دوژمنێک کە هەوڵی قەڵاچۆکردن و تواندنەوەی نەتەوەکەتی داوە و هەر بەردەوامیشە، دوژمنێک کە شووناسی نەتەوە و نیشتمانەکەت دەشێوێنێ، دوژمنێک کە زێدی باب و باپیرانتی خاپوورکردووە و ئیستاش بە تاڵان دەیبات، جاش و خیانەت دووی ڕووی دراوێکن کە دووژمن دەیکاتە دار و دەست بۆ ئەوەی کەسانێک تا خوێنی هاوزمان و هاونەتەوە و دراوسێی خۆیانی پێ بڕێژن، دوژمن ئەو دراوە دەداتە کەسانێک تا سیخوڕی لەسەر هاوڕێ و خزمانی خۆی بکات، دووژمن ئەو د راوە دەداتە کەسانێک تا کەڕامەت و ویژدانیان خەوشدار بکات و لە کۆمەڵگادا دوورەپەرێزیان بکات، دووژمن بەو دراوە کەسانێک دەکڕێ تا سەروەری خاک و پیرۆزییەکانی نیشتمان هیچ بەهایەکی بەلایانەوە نەمێنێ.

دووژمن هەمان ئەو دووژمنەی کە نایهەوێ زمانی دایکوباوکی خۆت فێری منداڵەکانت بکەی، ئەو دووژمنەی کە ناهێڵی جلووبەرگ و دابونەریتی کوردانەت ئازاد بێ، دووژمنێک کە بەهەموو توانایەوە کولتوور و مێژووتی چەواشە کردووە و بە چاوێکی سووک تەماشات دەکات!

تێفکرینی ناوێ کە چ شوورەییەکە ئەو دراوە لە باخەڵی کەسانێکدا هەبێ، بەڵکوو پرسیار ئەوەیە چۆن مرۆڤ دەتوانێ ئەوەندە بێ ئیرادە و بێ هەڵوێست بێ کە بۆ دەسکەوتنی چەند دراوێک داهاتووی منداڵەکانی و هوویەتی خۆی کە کوردبوونە بخاتە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و بە نانی جاشایەتی خیانەت لە ڕەچەڵەک و ناسنامەی باب و باپیرانی خۆی بکات!؟

دەسکەوتی جاشبوون تەنها و تەنها دەسکەوتێکی کاتی و مادییە و لە وەرگرتنی چەند دراوێک لە دووژمن بە تامی خیانەت و براکوو ژی تێناپەڕێت. ئامانجی دووژمن لەو کا رە دوو شتە، یەکەم ئەوەی کە لەو ڕێگەیەوە ئیرادەی کەسانێک دەخەسێنێت و لەهەموو بەها ئەخلاقی و مرۆڤییەکانیان دەشواتەوە. دووهەمیش ئەوەی کە بەهۆی ئەو کەسانەوە بازنەی دژایەتی و شە ڕخوا زی خۆی لەگەڵ گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەو رەتر دەکات و تۆو ی دووبەرەکی و براکووژی دەچێنێت.

دەکرێ ئەوجاریش بپرسین ئاخۆ ئەو کەسەی ئامادەیە جاش و خیانەت بە باڵای ببڕێ ، بیری کردۆتەوە کە دووژمنی خوێن ڕێژ و د ڕندە لە داگیرکردنی خاک و پێشێلکردنی ماف و شکاندنی شکۆ و کەرامەتی ئێنسانی تۆی تاک و کۆی کورد درێخی ناکات و لە با ری یاسای بە ئەرک و لەبوا ری ئایینی بە تەکلیف لەسەر خۆی بەواجب دەزانێ، چۆن دەتوانی متمانەی پێ بکەی کە لە داهاتوودا بەو بەڵێنانە وەفادار بێت کە پێی داوی؟!

بەداخەوە ئەو دیاردەیە لەمێژساڵە هەیە و دەوڵەتانی داگیرکەری زاڵ بەسەر کوردستاندا هەروا زیاتر پەرەی پێدەدەن. بە گۆڕینی سیستەم و دەوڵەتەکانیش دژایەتی وڵاتی کوردستان و نەتەوەی کورد هەروەک خۆیەتی و ئەوەش نیشاندەری ئەو بیرە تاریک و دواکەوتوویەیە کە پێیان وایە کورد نابێ خاک و وڵاتی خۆی هەبێت و مافی بەتەنیا ژیانی نییە. بۆیە رێژیمە یەک لەدوای یەکەکان لە ئێراندا بکەران و قاتڵانی ڕێبەران و سەرکردە ناودا رەکانی کوردن وەک سمکۆی شکاک، پێشەوا قازی محەممەد، دووکتور قاسملوو، دووکتور شەڕەفکەندی و دەیان و هەزار ڕۆڵەی دڵسۆز و فیداکاری ئەم نیشتمانە گڕگرتووە.

سەرەڕای هەموو ئەوانە وەرگرتنی دراوی جاشایەتی ڕەوایی دانە بە فەرمانی فتوای جیهادە بەدناوەکەی پیری جەماران ئاخوند خومەینی (لە ٢٨ی گەلاوێژی 1358 ی هەتاوی) لە سەر کورد، هەروەها هاوبەش بوونی تاوانکارە لە هێرشەکانی داگیرکردنەوەی کوردستان دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، چاوساخییە بۆ ژێ -سێ و قەمە بە دەستەکانی قوم و تاران بۆ سەر دەیان شار و گوندی ڕۆژهەڵات لە وێنەی قارێن و قەڵاتان کە تەنانەت ڕوحمیان بەمناڵ، پیر و مامۆستای ئایینی قورئان لە سەر دەستیش نەکرد، هەموویان خەڵتانی خۆین کردن.

ئەمانەی تۆ خزمەتیان پێدەکەی و دراویان لێوەردەگری هەر هەموویان دووژمنی قەستەسەری نەتەوە و نیشتمانی تۆن!؟

شاعیر وتەنی:

هەموو ڕۆژێ دەگەڵ کازیوە ئەنگوت دەچم بۆ ڕاوێ

لەسەرئەو حاڵەڕا بێ قەدر و حورمەت

قەفەز جێگای منە بێدان و خزمەت

ئەگەر ڕۆژێکی کەو نەکرێن قەڵاچۆ

ئەبێ لێیدا ڕنن باڵ و پەڕوو پۆ

کە بۆ فەوتانی هۆزت تێدە کۆشی

دەژیندا چۆن ئەبینی خێرو خۆشی

لێرە دایە ئەو کەسانە دەبێ بیر لە خۆشی و ئارامی دەروونیان بکەنەوە. دەبێ لە بیری ئەوە دابن لەوە زیاتر لە کۆمەڵگادا بەچاوی سووک سەیر نەکرێن و کار و کردەوەکانیان بەجۆرێک بێت کە ویژدانیان ئاسوودە بکات و شەوان بە ئارامی بخەون.

دەبێ خۆیان ببینن و لەگەڵ خۆیان بدوێن کە بۆچی ئاوا لە زەلکاوی خیانەتدا نوقم بوونە؟ بۆچی لە کاروانی پێشکەوتن و نیشتمان پەروەری و کوردایەتی بەجێماون؟ لە خۆی بپرسێ تاکەی ڕووزەردی دراوسێ و هاووڵاتیانی خۆی بێت؟! هەموو ئەو کوردانەی کە لە باوەشی کۆما ری ئیسلامی ئێرانەوە دژی نەتەوە و وڵاتی خۆیان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان

دراوی (جاشایەتی) وەردەگرن باشترە گوێ لەو ئامۆژگارییە بەنرخانەی پێشەوای کوردان ( قا زی محەممەد) بگرن کە دەفەرموێ:

رۆڵەکانم وەسیەتتان بێ باوەڕ بە دوژمن مەکەن…پاشان ئەو بەشەی فەرمودەکانی رووی لە ئێوەیە کە دەڵێ کاتی ئەوە هاتووە تۆزی پاشکەوتوویی لە خۆت داماڵی و ڕێگای پێشکەوتن بگریەبەر و شوێنێ لە جیهانی شارستانیەتدا بدۆزەوە و چی دیکە پاشکۆ و چاو لە دەست مەبە. بۆ چەند ڕۆژێک ژیانی بێقیمەتی ئەم دنیایەی خۆتان مەفرۆشن بە دووژمن، چوونکە دووژمن دووژمنە و جێگەی باوەڕ پێکردنێک نییە. خیانەت بە یەکتر مەکەن، نە خیانەتی سیاسی، نەگیانی و ماڵی و ناموسی، چوونکە خیانەتکار لای خودا و مرۆڤ سووک و تاوانبا رە! خیانەت بە ڕووی خیانەتکاردا دەگەڕێتەوە لە کۆتاییدا“.

ئەو ئامۆژگاریانە دەبێ ئەو کەسانە ڕاچڵەکێنێ و وریایان بکاتەوە لە کار و کردەوەکانیان. ئەو کەسانە کە بەڕەچەڵەک کوردن و بەخواستی خۆیان ناسناوی (جاش) یان هەڵبژاردووە هەر بە خواستی خۆشیان دەتوانن دەستبەرداری بن و وازی لێ بێنن.

ئەو کەسانە دەبێ بەرلەوەی لەبەر دەم دادگای گەل بە شەرمەزاریەوە بوەستن و سزا بدرێن، دەبێ بۆخۆیان بەخۆدا بچنەوە و کردەوە و هەڵوێستەکانی خۆیان بخەنە ژێر پرسیار و هەڵیسەنگێن. دەبێ لە ئێستاوە تالەوە زیاتر درەنگ نەبووە ویژدانی خۆیان دادگایی بکەن تا لەداهاتوودا سزاکانیان کەمتر بێت.

ئاخر گەل چۆندادگایی ئەو کەسانە ناکات کە ئامادەن سێرە لە سینگی پڕ لە ئەوینی شۆڕشگێران و پارێزەرانی نیشتمان بگرن؟ چۆن ئەو کەسانە داگایی ناکات کە لە شەوی تاریکدا بۆتە ڕێپاکەرەوەی دووژمن و بۆ سەر سەنگەری پێشمەرگە چاوساخییان بۆ دەکات؟

چۆن گەل دەتوانێ سکاڵای دایکانی شەهیدان چاوپۆشی لێ بکات و دادگاییتان نەکات؟ ئاخر ئێوە هەر دەبێ دادگایی بکرێن کاتێک گوێ دەگرن لە قاقای دووژمنێک کە بە پۆستاڵەوە پێ لە سەر لەشی بێ گیانی هاوزمان و هاونەتەوەتان دادەنێ و بە عەقل و خیانەتی تۆ شاگەشکە دەبێ؟

تۆ کە بە بارەقەڵایەک و مەبلەغێک پارە ویژدانی خۆت دەفرۆشی، لە ئاستی خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لە پێناو ڕزگاری و گەڕانەوەی ئێرادەی گەل، کە ڕامەت، شکۆ و سەروەری تۆدا گیان دەبەخشن چ وەڵامێکت دەبێ لە بەردەم دادگای گەلدا؟

ئەوەش باش دەزانی کە پێشمەرگە و شۆڕش زۆرجارر لێبووردە بوونە و لە کردەوە و هەڵوێستەکانت ئاگاداریان کردوویەتەوە، بەڵام بەردەوامیت لە دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و سیخوڕی کردنت لەسەر پێشمەرگەکانی کوردستان و خەڵکی نیشتمانپەروەر داهاتوویەکی نادیار و نەخوازراوت بۆ دێنێتە پێش کە بۆ هەمیشە سەرشۆڕ وناوزڕاو لەسەر زاران دەمێنییەوە.

تۆ ڕەنگە چاوت بە ڕوخساری دایکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری نەتەوە و نیشتمان هەڵنەیەت بەڵام دەزانی لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا کەسانی وەک تۆ کە خزمەتکاری دووژمن و دەوڵەتی داگیرکەریان کردووە دادگایی دەکرێن و کۆمەڵانی خەڵکیش بە ئاشکرایی و شانازییەوە گوڵی سوور لە بەرۆکی دایک و باوکی شەهیدان و بنەماڵەکانیان دەدەن و جلوبەرگی ئاڵوواڵا دەپۆشن، ئا لەو کاتەدایە بنەماڵە و کەسوکارت کە هەمیشە لەسەر کردەوەکانی تۆ خەڵک لۆمەی کردوون هەست بە شەرمەزاری دەکەن و بەرگی ڕەشت بۆ دەپۆشن. هەر ئەو هەستە وایان لێدەکات لەژیان و ڕابردووی تۆ نەفرت بکەن، تەنانەت ڕۆژی دێ لەحەسرەتان خۆ لە تۆ بێبەری بکەن.

کەوابوو لەمێژە گوتویانە زەرەر لەنیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە. تۆ کە چەکی ڕێژیم هەڵگرتووە و شەڕی پێشمەرگە و شۆڕشی پێدەکەی، ئێوە کە دراو و پووڵ لە دووژمن وەردەگرن و جاسووسی لەسەر بنەماڵەی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان دەکەن، ئەو کەسانەی کە تەسلیمی خواستەکانی ڕێژیم بوونە وتەماح پێش چاوی گرتوون و شار بەشار و دێ بە دێ وەپێش پاسدار دەکەون و چاوساخی دەکەن، ئێوە کە خەڵک پێتان دەڵێ جاش و متمانەتان پێ ناکەن، ئێوە کە هەست بە ئارامی ناکەن و دەزانن دەبێ باجی تاوان و خیانەتەکانتان بدەنەوە، تەنها و تەنها یەک ڕێگاتان هەیە کە دەتوانێ لە زەلکاوی خیانەت ڕزگارتان بکات.

ئەویش دەبا دەماری غیرەتتان ببزوێ بە هەڵکێشانی ئاخێک ویژدانتان وەخەبەر بێ و نەفرەت بکەن لە پاداشتی دووژمن و ڕوو بەنەتەوە و نیشتمان وەفاداری خۆتان بسەڵمێنن و دەست لە نێو دەستی برای راستەقینەت بنێ و دژ بە داگیرکەر پێکەوە هاوکار بن تا شۆڕش سەرکەوێت و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەدەستی پێشمەرگە لە هەموو کوردستان بشەکێتەوە. واز لەو کردەوە نەشیاو و قێزەونە بێنن و بەری گەل و نیشتمانەکەتان هەڵبژێرن با خەسار و زیانەکانی کورد لەوە زیاتر نەبن و براکووژی جارێک بۆ هەمیشە بنبڕ بکرێ و خەونی دووژمن و کۆماری ئیسلامی داگیرکەریش لەگۆڕ بنرێ. دڵنیابن بەو کارەتان ویژدانی ئازار چێشتوی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەشتان بە هەڵکێشانی هەناسەیەکی راحەت پشوویەکتان دێتەوە بەرو بە سەربەرزیەوە لەنێو کۆڕی جەماوەردا سەر هەڵدەبڕن و ئیدی هەست بە شەرمەزاری و ڕووزەردی ناکەن. ئەوسا دڵنیابن ئێوەش دەکەونە نێوباوەشی گەرمی گەل.

گەل لێبووردەیە و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەیە.

بە قەولی سەعدی:

مراد ما نصیحت بود و گفتیم

حوالت با خودا کردیم و رفتیم

بابەتی پەیوەندی دار

مستەفا هیجری پەیامێکی ڕوو لە بەکرێگیراوان و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم بڵاو کردەوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی