"an independent online kurdish website"

چۆن لە ڕابردوو لە بەرد کەلایان دروست دەکرد (هەڵمات) وبەردێکی کارخۆشیان ئەدۆزیەوە و دەیانگرت بە دەستەوە و بە ئامێریک ئەوەندەیان دەکوتا، تا کارخۆش و خڕ دەبوو،


دواتر بە کاغەز پەرداخ ساف و لووسیان ئەکرد، سەرئەنجام ئەبو بە (کەلا بەرد) یا ( بەردە کەلا) ئەمجار لە بەر ئەوەی قورس بوو بە دوو قامک مێشینیان پێ دەکرد و بە کاریان دێنا، لە ناوچەی سەقزیش بڕێک لەو ناوانەی وا دوور و دریژ بوون یا خۆش ڕاوێژ نەبوون بۆ ئاخاوتن ! سەر و گوێلاکیان تیک دەکرێتەوە و بە کار خۆشی و ئاسانی نێو دێر دەکرێن بۆ نمونە ( عەبە – عەزە – سالە – قالە – خولە- مەحموو – حەمە – بلە – مسەفا و زۆر ناوی دیکەی لەو بابەتە بە سادەیی و بە سانایی لە کاتی ئاخاوتن دا بەکار دەهێنرێن

موحەمەد ناومان زۆر بوون بەڵام بەم شێوەمان نێودێر دەکردن بۆ نمونە ، حەمە گردەکۆ- حەمە دڵسۆز- حەمەی حوریانی – حەمەی گوڵپەسەندی – حەمە خان – حەمە ساحێبی- حەمەی بیگلەری- حەمەی ناسری- حەمەی خاکسار – حەمەی سەلیمی و زۆر حەمە ناوی تریش.

بنکەمان لە قەسڵان بوو شۆفێریکیان بۆ ناردیین بۆ ماشێنی تویوتاکەمان کە کاری تەداروکاتمان پێ دەکرد، وتیان خەڵکی ناوچەی شنۆیە، تازە هاتبوو لێمان پرسی ناوت چیە؟ وتی موعەمەدی ڕۆستەم داستان (بۆ ڕۆستەم پاڵەوانی ئەفسانەیی نەبێ ) قەتم شۆرەتی وا نەبیستبوو، هەر چی تماشای قیافەیم دەکرد،  کوڕێکی قەد شمشاڵی جوان چاک، بەڵام بۆ ڕۆستەم نەدەبوو، لە دڵی خۆما وتم جارێ ئەوە ڕۆستەمەکەی فت، پاشان وتم باشە ئێمە هەموو سەرو گوێلاکی حەمەکانی خۆمان قرتاندوە هی ئەم هەروەک ئاوی خواردنەوە وایە.

ماشێنی تویوتامان بە زۆری بۆ کارو باری تەداروکاتی بنکەکانمان بە کار دێنا، بە پێی بەرنامە بەشی تەداروکاتی ئۆرگانەکان، لە گەڵ موعەمەدی (موحەممەد) ڕۆستەم داستان دەچوونە شارەکانی دەربەندیخان،  جارو بار سلێمانی و هێندێک جاریش کەلار بۆ دابین کردنی تەداروکاتی خواردەمەنی و هەر چی تریش کە پێویست بوایە.

نەزم و تەرتیبێکی باشمان بۆ کاری ساڵۆن و ئاشپەز خانە هەبوو، هەموومان لە یەک ساڵۆن نانمان دەخوارد، یەک خواردن وەکو یەک و بە یەک پێوانەی ئاشپەزەکانمان، حەوتوی دوو ژەم گۆشت بۆ هەموان، بە گوێرەی بەرنامەی چێشت لێنەرەکان گرفتێکی ئەوتۆمان لە کارەکان دا نەبوو، سەرەڕای ئەوەی لە خەباتێکی سەخت دابوین، بەڵام لە بنکە سابیتەکانیش بەرنامەی جۆراو جۆرمان بەڕیوە دەبرد، کلاسی سیاسی ، دەورەی جۆربەجۆر، کۆبونەوەی مانگانە، تەنانەت ماوەی چەند ساڵ بەرنامەی کێبرکێی فوتباڵێشمان هەبوو، چەند تیمی فوتباڵ لە هەموو ئورگانەکان کێبەرکێیان بەڕێوە دەبرد (جارێک تیمی کۆمیتەی ڕەبەت لە گەڵ تیمێکی دیکە کێبەرکێیان دەبێ، کاک ئەحمەد نەستانی فەرماندەری هێزی زمزیران دەڵێ تماشا کەن پێشمەرگە بە قسەی فەرماندە هێزەکەیان ناکەن کەچی بە یەک فیتووی (فیقەلە) هەموو لە مەیدانی فوتباڵ یەک جێ ڕە‌ق ڕادەوەستن .

کات هات و ڕۆیشت ناومان لێ کورت کردوە و ئیتر کەس نەی دەوت (موعەمەدی ڕۆستەم داستان ) و هەموان هەر پێمان ئەوت حەمەی داستان. خۆشی وردە وردە عادەتی گرت (ئەویش بە شێوە زاری ئێمە جار و بار بزەیەکی دەهاتێ هیچی نەدەوت)، تا بڵێی ئینسانێکی ڕۆح سووک و قسە خۆش و دەم بە پێکەنینە، بەڵام جار و بار لە فکر ڕۆ دەچوو، کە بە ماشینەکەی لە دەربەندیخانەوە دەهاتینەوە بۆ قەسڵان، لە بیری دەچوو لابدا بۆ قەسڵان و بنکەکانی خۆمان، ملی ڕاستە ڕێگەی دەگرت و گازی دەدا پێشمەرگە لە دواوە بە مشت ماشینیان دادەگرت لە حاستی سەری حەمەی داستان! کاکە بۆ کوێ دەچی؟ ئەوە ڕێگەی کەلارە تا هۆش خۆی دەهاتەوە چەند کیلۆمیتر لە شوینی مەبەست دوور دەکەوتینەەوە، جاڕیکیان دەسگایەکی بچوکی لە ماڵەوە دانابوو بە کارەبا کاری دەکرد وتم ئەوە چیە؟ وتی: وێدیۆیە، وتم نام دەیتێ بڕێک فیلمی پێ چاو لێبکەم؟ وتی: فەرموو، ویدیۆم برد و هەر چیم کرد هیچی لێ حاسڵ نەدەبوو، بانگم کرد وتم: کاک حەمە خۆ هیچ ناهێنیێ؟ ئەمە چ جۆرە وێدئۆیەکە؟ پێکەنی وتی: وەڵا دەزگای هەڵکردنەوەی نەوارە، ببەخشە.

دەستی لە شت وەردەدا سەری لە وەستایەتی دەخورا، بە مشوور بوو کاری فیلم بەرداریشی دەکرد لە ناوچە لە گەڵمان بوو، هەموو شەڕەکانی فیلم لێ هەڵدەگرتن، لە ناو ئاور بارانی دوژمن دا دوربینی لە سەر شان بوو، وای لێهات بووینە ئاو ماڵ، زۆربەی ئێواران لە دیواری نێوان حەوشەکانمان پێکەوە قسەمان دەکرد.

ڕژیمی عێراق بەرەو هەڵدێر دەچوو، قەڵایەکی گەورە لە نزیک قەسڵان بوو جێگای فیرقە و لیوای عێراقی بوو، ئەوان ئەو شوێنەیان چۆڵ کرد و خەڵک کەوتنە تاڵان و بڕۆی کەل و پەلی ناو قەڵا، لە دەفتەری سیاسیەوە پەیام بۆ هەموو ئورگانەکانی حیزبی ناردرابوو، نابێ دەست بۆ هیچ کەل و پەلێکی حکومەتی عێراقی بەرن و بۆتان نیە دەستان لە تاڵان کردنی بنکە و بارەگاکانی حکومەتی عێراق دا هەبێ، زۆر جار بەشێک لە پێشمەرگەکان دەیان وت باشە ئەو هەموو چەک و چۆڵە بە بەر چاوی ئێمە بە تاڵان دەبرێ بۆ حیزب نایەلێ بچێن بڕیک لەو چەک و فێشەک و شتانە بێنین؟ بە هەر حاڵ لەو بارەوە بڕیاری حیزب توند بوو ئێمەش بە جوانی پەیڕەویمان لێ دەکرد نەزم و نیزام و دیسپلینێکی نیچمە پۆڵایینمان هەبوو.

حەمەی داستان دەیوت باشە کاکە بۆ نەچێن بەشی حیزب بێنین؟ منیش بڕیاری حیزبم پێ دەوت بە دڵی نەبوو، ڕۆژێک لە ماڵەوە دانیشتبووم لە پڕ گوێم لە گرم و هۆڕێکی سەیر بوو، دەر پەڕیم! تماشام کرد حەمەی داستان لە حەوشەی خۆیان دوو موتوڕ برقی داناوە و یەکی هەڵ کردوە، هەر دووک تازە کار پێ نەکراو بوون، ڕە نگێکی زەرد و جوانیان هەبوو، وتم ئەوە چیە؟ وتی وەڵا موتور برقن! وتم مەگەر نەیانوت کەل و پەل مەهێنن؟ وتی کڕێومن، پارەم پێ داون، پاشان وتی: لێم گەڕێ برقت بەش دەدەم . حەمە موتوڕی خستە کار و لامپێکی بە منیش دا و دواتر کارەبای بەشی ساڵۆنی نان خواردنیش دا و تەلەوێزیۆنمان پێ خستە کار و خێر و بەرەکەت ڕووی تێ کردنی، لە بیرمە یەکەم جار کە تیڤی مان هەڵکرد عومەر کەندەسوورەیی کچێکی بچوکی هەبوو بە ناوی حەیات، قەت تیڤی نەدیبوو، پێشمەرگەیەکی زۆر لە ساڵۆن بوون و چاوەڕان بوون بۆ یەکەم جار تیڤی بخەینە کار و چاوی لێ بکەن، لەو هەل و مەرج و کاتەدا زۆر شتێکی باش بوو، (هەل و مەرج جۆرێک بوو هەم برقمان نەبوو هەم بۆ ئاویش وەزعمان باش نەبوو) لەو شوینە تەلەویزیۆنی ئێران باش وەردەگیرا و هەر کە تەنزیمیان کرد و کەوتە کار، یەکەم کاناڵی ئێران مەلایەک بە عەمامەی سپی دەرکەوەت، کچەی فەقیر کە مەلای بینی یەک بە خۆی هاواری کرد وتی: ئەی باوکە ڕۆ، هەموومان دەستمان کرد بە پێکەنین قەت شتی وای نەدیبوو زۆر ترسا، کردنەوەی تەلەویزیۆن بە قاقای پێکەنینی پێشمەرگەکان دەست کرا بە چاولێکردنی.

ئەوەنەی نەبرد ناوبانگی موتوری حەمەی داستان گەیشتە دەفتەری سیاسی، خەبەریان بۆ نارد کە بچێ بۆ دەفتەر زۆر دەترسا، وتی بە ترسەوە چووم و گەیشتمە دەفتەر وتیان موهەندیس خەیاتی کاری پێتە!؟ ئەچێتە لای موهەندیس بە ئارامی لە حەمە دەپرسێ؟ (شنیدم موتور برق خوبی داری) بیستوومە موتورێکی باشت هەیە؟ وڵام دەداتەوە بەڵێ دوانم هەیە، ئەڵێ دەی باشە ئێمە لێرە دانەیەکمان پێویستە بۆمان بێبنە، حەمە دەیوەت بێوتایە هەر دوکیشیان بێنە هەر ئامادە بووم بەو شەرتەی تووشی سزا دان نەبم، دواتر موتورە گەورەکەیانی بردە بەشی موخابەراتی حیزب و چووکەکەش بۆ ماوەیەکی دور و درێژ ئیمەی حەساندوە، بە تایبەت بۆ ساڵۆنەکە زۆر باش بوو دیارە هەردوکیشمان لە نزیکی یەک پێێ حەسابوینەوە.

 بەلامەوە سەیر بوو نە حەمە ناوی خێزانی دێنا و نە خێزانیشی ناوی حەمە (حەمە بە خێزانی ئەوت کچی چاک! خێزانیشی بە حەمەی ئەوت کوڕی چاک)، ئێستاکەش لەڕیزی دیموکڕات دا زۆرن ! کچی چاک و کوڕی چاک.

تێبینی . ( لە ھێندێک شوێن موحەممەد بە موعەمەد دەردەبڕن)

نویترین هەواڵ و بابەت