"an independent online kurdish website"

 سه‌ره‌رای سه‌رقاڵی رۆژانه‌و گیروگرفتی ژیان، به‌ خۆشیه‌وه‌ توانیم یه‌كه‌مین و نوێترین به‌رهه‌می دۆست و هاورێی خۆشه‌ویستم كاك هاوڕێ حه‌دادی له‌ رێگای تۆری جیهانی ئێنترنێت و له‌سه‌ر ماڵپه‌ری ئامازۆن بكڕم.


په‌رتووكه‌كه‌ گه‌یشته‌ ده‌ستم كه‌ به‌رگه‌كه‌ی به‌ ئاڵای كوردستان نه‌خشێنراوه‌.

نووسه‌ر چیرۆك و به‌سه‌رهاتی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ وردی و به‌ شێوازێكی رۆژئاوایی بۆ خوێنه‌ر ده‌گێرێته‌وه‌و له‌م رێگایه‌وه‌ خه‌ڵكی بیانی و نه‌وه‌ی نوێ به‌ خه‌بات ڕابردوو و ژیانی ئێستای كۆمه‌ڵی كورده‌واری ئاشنا ده‌كات‌.

نووسه‌ر كه‌ لاوێكی پێگه‌یشتووی ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵه‌، له‌ نێو بنه‌ماڵه‌یه‌كی سه‌وداسه‌ری ئازادی و ئه‌ندامی حیزبی دێموكرات دا چاوی به‌ ژیان هه‌ڵێناوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردوه‌ كه‌ نووسه‌ر بۆ خۆی نه‌ك له‌ شاری سه‌رده‌شت كه‌ زێدی باوباپیرانیه‌تی، به‌ڵكو له‌ باشووری كوردستان چاوی به‌ ژیان هه‌ڵێناوه‌.

هاوڕێ وێرای بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تاكانی ساڵی ١٩٩٠دا، هاتۆته‌ ئه‌مریكاو له‌ ولایه‌تی مه‌ین نیشته‌جێ بوه‌و خوێندنی سه‌ره‌تایی، دواناوه‌ندی و زانكۆی له‌ ئه‌مریكا ته‌واو كردوه‌و زانستی سیاسه‌تی خوێندوه‌.

به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و راستییه‌ی كه‌ باوكی هاورێ پێشمه‌رگه‌ بوه‌و له‌ پێشمه‌رگایه‌تیش دا مامۆستای شۆرش بوه‌، ده‌توانین بڵێین كه‌ ئه‌م رابردوه‌ له‌سه‌ر بیرو هزری هاوڕێ كاریگه‌رو شوێنه‌دار بوه‌.

به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌كی بۆ نووسینی په‌رتووكه‌ له‌وێرا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ كه‌ هاورێ ساڵی ٢٠١٠ بۆ یه‌كه‌مین جار سه‌رفه‌ری ئێران و دواتر چۆته‌ رۆژهه‌لاتی كوردستان و له‌وێ بۆنی خاكی نیشتمانی كردوه‌؛ هاوكات هاوڕێ تووشی چه‌ند رووداێك هاتوه‌ كه‌ داموده‌زگای كۆماری ئیسلامی به‌ هۆی رابردووی شۆڕشگێرانه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ بۆیان ساز كردوه‌و له‌ ئاكام دا ئه‌م سته‌مه‌ش بۆته‌ هه‌وێنی نووسینی ئه‌و په‌رتووكه‌ به‌ نرخه‌ كه‌ هاورێ پێشكه‌ش به‌ سوره‌یای دایكی و كه‌ریمی باوكی كردوه‌و له‌م رێگاوه‌ هه‌وڵی داوه‌ كه‌ ستایشی زه‌حمه‌ت و ماندوو بوونی ئه‌وان بكات و به‌ بیریان بێنێته‌وه‌ كه‌ رابردووی خه‌باتگێرانه‌ی ئه‌وان كه‌ بۆ ئازادی كوردستان تێكۆشاون و له‌م رێگادا زه‌حمه‌ت و چه‌رمه‌سه‌ری زۆریان دیتوه‌، بۆ هاوڕێی خوێنده‌وارو گه‌وره‌بووی ئه‌مریكا، هه‌رده‌م جێگای شانازی و سه‌ربه‌رزییه‌.

په‌رتووكه‌كه‌ له‌ قه‌باره‌یه‌كی مامناوه‌ندی دا چاپ كراوه‌و‌  ٢١١ لاپه‌ره‌یه‌.

وێرای پیرۆزبایی له‌ هاورێم هاوڕێ حه‌دادی، هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی زیاتری بۆ ده‌خوازم و دڵنیام كه‌ هاوڕێ ده‌سمایه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان و له‌ داهاتوودا شاهێدی كاری گه‌وره‌تر و شوێندانه‌رتری لێده‌كه‌ین.

نویترین هەواڵ و بابەت